ناودار زیاد: ئازادیی دەربڕین کۆت و بەند قبوڵ ناکات.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

دەربارەى پرسى ئازادیى قسەى زۆر کراوە و بەردەوامیش قسە دەکرێت، دەکرێت ئەمە بەهۆى ئەوەوە بێت کە مەسەلەى ئازادیى بەسەرچوون و پیربوون و مردن و کۆنبوونى نییە، تەنانەت بیرمەندان و فەیلەسوفان و شۆڕشگێڕان چ لە ئێستادا و چ لە داهاتوودا خۆیان بە جەنگاوەرى ڕێگاى ئازادیى دەزانن، بۆیە تاکو مرۆڤ و ژیان مابێت پرسى ئازادیش بە زیندوویى دەمێنێت. قسەیەکی بەناوبانگی (ڤۆڵتێر) (1964- 1778)هەیە دەڵێت: تەنانەت باوەڕم بە وشەیەکیشت نییە، بەڵام ئامادەم تا مردن بەرگری لە مافی وتنت بکەم”، ئەم وتەیەی (ڤۆڵتێر) ھەڵگری واتا و دەلالەتی ڕوون و ئاشکرایە دەربارەی کڕۆک و جەوهەری داکۆکیکردن لە مافی ڕادەربڕین و، هزر و بۆچوونی دژ و پێچەوانە. ئەوە دەرهاویشتە و بەرئەنجامێکی سروشتی و مرۆییە کە ئێمە دونیابینی و تێڕوانینی جیاواز و هەمەجۆرمان هەیە، چونکە مرۆڤەکان هەریەکەیان خاوەن عەقڵ و هۆش و بیرى سەربەخۆ و ئازادی خۆیانن. سروشت بە هەر مرۆڤێک عەقڵێکی بەخشیووە، ئەم عەقڵە بەرهەمەکانی لە خودی خۆیەوە چەکەرە دەکات و سەوز دەبێت. کەواتە دیدگای جیاوازی تاکەکان کۆک و هاوئاهەنگە لەگەڵ سروشت و گەردووندا. بۆیە گوزارشتکردن لە هەموو دەرهاویشتەکانی بەرهەمی عەقڵ و بیرکردنەوە مافێکی سروشتیی و مرۆییە و، زمان و قسەکردنیش یەکێکە لە ئامڕازەکان بۆ پیادەکردنی ئەو مافە.
ئازادی هزر و بیروڕا بەو پێیەی یەکێکە لە بنەماکانی دیموکراتیی و، دروشمی هەرە گرنگ و لەپێشی سەرجەم ڕێچکە و ڕێباز و بزاوتەکانە، بۆیە لە سەرووی هەر بکەر و بابەتێکەوەیە بەربەست و خەفەی بکات. حکومەت و حیزب و کولتور و ئایینەکان یەکەم درز و قڵیشیان لەوێوە تێکەوتووە کە پاوانەکانی هزری جیاوازیان پەرژین کردووە و ڕێگرییان لە بیرکردنەوەى پێچەوانە کردووە و مافى قسەکردنیان سنوردار کردووە. لە کاتێکدا ڕەچاوکردن و پەیڕەوکردنی ئەو مۆڕاڵ و ئاکارانەی موڵکی گەردوون و سروشت و مرۆڤایەتیین ئەرکێکی دەستلێبەرنەدراون. ئەو مۆڕاڵ و ئاکارانەش موڵکى هیچ ئایین و ئایدۆلۆژیا و نەتەوە و فەلسەفەیەک نین، بەڵکو بەرهەمی ڕێپێوانى شارستانێتى مرۆیین، لە سەرووى هەموویانەوە ئازادى ڕادەربڕین و بیرکردنەوە دێت.
مرۆڤ لە میانەی قسەکردن و خستنەڕووی بۆچوونی خۆیدا جگە لەوەی نابێت تۆمەت و بوختان هەڵبەستێ و سوکایەتی و تەشهیر بە ئەوانى تر بکات، ئەوا ناچار نییە پابەندی هیچ کۆت و بەندێک بێت. کەوایە لەم هەمەجۆری و فرەیی و هەمەڕەنگییەوە بنەماکانی لێبوردەیى و ڕێزگرتن لە بیروڕاى بەرامبەر لەدایک دەبێت. بە واتایەکی دیکە ئازادی بیرکردنەوە و دەربڕین و قسەکردن کاتێک لەدایک دەبێت کە تۆ ڕێزت لە بیروباوەڕ و هزر و ڕوانگەکانى کەسى بەرامبەرت گرت بە هەموو ئەو شتانەوە کە لەگەڵ تۆدا ناکۆک و دژ و پێچەوانە و جیاوازە.
دەشێت بە ئاسانى ڕێسا و ڕێوشوێن و چوارچێوە بۆ هەر چەمک و تێگە و باوەڕ و بەها و پێدراوێکى دیکەى مرۆیى و کۆمەڵایەتى دابنرێت، بەڵام ئازادى هزرین و ڕادەربڕین ڕێسا و یاسا و چوارچێوە قبوڵ ناکات، لەم سۆنگەیەوە دەبینین لە پانتایى گشتى هەرێمى کوردستاندا قسەى زۆر لەسەر ئەوە دەکرێت ئازادى قسەکردن و ڕادەربڕین گەیشتووەتە ئاستى پاشاگەردانى و زۆر- وێژیى، بەتایبەت لە ڕووبەرى سۆشیال میدیادا. دەکرێت بڵێین ئەمە لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کۆمەڵگاى کوردى هێشتا سڵ لە وتنى ڕاستى و، هەڵڕشتنى ناخ و، گوزارشت لەخۆکردن دەکاتەوە، هێندەى هەیە ناکرێت هەموومان وەک یەک و فەیلەسوفانە و بە قووڵى گفتوگۆى هەر شتێک بکەین، ناکرێت وا دابنرێت هەموومان بەشێوەیەکى تەواوعەقڵانییانە دەبێت ڕاى خۆمان دەرببڕین، چونکە ئەگەر بڕیار وایە ئازادى ڕادەربڕین هەبێت ئەوا دەبێت بەلاتەوە ئاسایى بێت کەسێک تۆ ڕەتبکاتەوە و پێچەوانەى تۆ بڕوانێت، دەبێت ڕێگا بەوە بدرێت کەسێک بە توڕەیى و بە حەماسەوە هەڵوێستى بەرامبەر بە دیاردەیەک دەرببڕێت، لە پانتایى گشتیدا گەورە و بچوک، نەزان و زانا، ڕاست و چەپ و، سور و شین بەبێ جیاوازى و بە یەکسانى مافى بەشدارییکردنیان هەیە، بێ ئەوەى تۆمەت و بوختان بەم و بەو بکەیت کە سەر بەم لایەن یان ئەو لایەنە و، باوەڕى بە چى هەیە و، چۆن دەژیت و، دڵبەندى و ئینتیماى بۆ کێ هەیە، یاخود سەر بە کام گروپ و چین و توێژ و ڕەگەز و نەتەوە و پارتى سیاسییە.