زەبەنگ بەهادین: کۆرۆنا دەسەڵاتی نەخۆش دەکوژێت؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سەرەتای سەرهەڵدانی کۆرۆنا جیاوازیەکی بەرچاو دەرکەوت بە خەسڵەت و سیفاتەکانی ئەم فایرۆسە نوێیەوە. لە گرنگترین سیفاتەکانی ئەم فایروسە ئەوەیە کە بە ئاسانی کار دەکاتە سەر کەسانی بە تەمەن، هەروەها کەسانێک کە نەخۆشی درێژ خایانیان هەبێت. راستە فایروسەکە تەمەن ناناسێ وەک هەموو تەمەنەکان توشی ئە پەتایە دەبن، بەڵام رێژەی کوشتنی کە سانێک کە نەخۆشی درێژ خایانیان هەبێت زیاترە. رەنگە فایرۆسەکە ئەگەر کەسەکەش نەکوژێ ئەوا تەواو ماندوی بکات و بۆ ماوەیەکی زۆر لە ژێر چاودێری تەندروستیدا بیهێڵێتەوە، ئەم قسانە لێکۆڵینەوەی زانستی بۆ کراوە و وەک راستی خراوەتە روو.
ئایا کۆرۆنا بەس ئەو کەسانە دەوێرێ کە نەخۆشی درێژخایا نیانی هەیە یان ئەو دەسەڵات و حکومەتانەش ماندو دەکات و دەکوژێ کە نەخۆشی درێژ خایانیان هەیە؟
کامانەن دەسەڵاتی نەخۆش، ئەو دەسەڵاتانەی هیچ پرۆگرام و بنەمایەکی زانستیان نییە بۆ بەرێوەبردن، دەسەڵاتە گەندەڵەکانی کە سەرچاوەی داهات و سەرفیاتیان شاراوەیە؟ ئەو دەسەڵاتانەی لەسەر چەواشە و تەزویر بە کۆیلە کردن و کرینەوەی کەسەکان دروست بوون؟ دەسەڵاتێک کە ساڵانێکی زۆر کەسانی ئەکادیمی و زانستی پەنجە دەخەنە سەر نەخۆشیەکانیان و خاڵە لاوازەکانیان نیشان ئەدەن؟. بەڵام ئەم دەسەڵاتە یا کەسەکان تیرۆر دەکا یان دەیانکرێتەوە یان گوێیان بۆ ناگرێت و پەراوێزیان دەخات. ئەم جۆرە دەسەڵاتانە لە هەموو قەیرانێکدا دەکەونە شەلە شەل و ووردە ووردە هەموو گیانی دەسەڵاتەکە دەبێتە برین، لەبەر ئەوە بجوکترین قەیران برینەکانی دەکولێنێتەوە، ئەو برینانەی ساڵانێکی زۆرە لە بری چارەسەر تەنها بەنجی دەکەن. ساتێک ئەم دەسەڵاتانە برینێکی نوێیان لێدێت لە بری سارێژ کردنی بە پەرۆیەکی بۆگەن برینەکە دادەپۆشن یان رەنگە بۆ ماوەیەک برینەکە بەنجی بکەن و ئازار شکێنێکی بەنێ، هەرگیز بیریان لەوە نەکردۆتەوە چۆن برینەکە لە رەگەوە سارێژ بکەن. بۆیە دەرنجام کاتێک فایرۆسێکی کوشندە بڵاو دەبێتەوە وەک فایرۆسی کۆرۆنا، ئەو کات وەک چۆن فایرۆسەکە کاریگەری زۆرتری دەبێت بۆ ئەو کەسانەی نەخۆشی درێژ خایانیان هەیە، بە هەمان شێوە فایرۆسەکە کاریگەری زۆری دەبێت لەسەر ئەو دەسەڵاتانەی کێشە و کەموکورتی و نەزانی بەرێوەربردن و گەندەڵی درێژ خایانیان هەیە. ئەوەی ئەم دەسەڵاتانە دەهێڵێتەوە بۆ ماوەیەک ئومێدە، ئومێد بە سارێژ کردنی برینەکان بە چارەسەرکردنی نەخۆشیەکانی دەسەڵاتەکە.
هەمیشە لای خەڵک بونی ئومێد دەرگایەکی ڕووناکە بە رووی دەسەڵاتی گەندەڵدا کراوەتەوە بەهیوای چاکبونی ئەو دەسەڵاتە. بەڵام کاتێک ئومێد نامێنێ ئیتر مردن ترسی نامێنێ لای تاکەکان ئەمەش بە دڵنیای کارەسات بە دوای خۆیدا دێنێت. هەموو دەسەڵاتەکانی جیهان تاو نا تاوێک کۆمەڵێک کاری باش یان چاکسازی دەکەن لە پێناوەی هێشتنەوەی ئومێد لای میللەتەکەیان بۆ چارەسەری نەخۆشیە درێژ خایەنەکانی حوکمرانی بۆ ئەوەی میللەت نەگاتە ترۆپکی بێئومێدی، چونکە ئەوان باش دەزانن بێئومێدی چ وێرانەیەکە و چ وێرانکەرێکیش.
لە دۆخی ئێستادا کورونا پەل و پۆی دەسەڵاتە نەخۆشەکان دەشکێنێ و هێدی هێدی دەیخات بە زەویدا بێ ئومێدی تاکیش هێندەی کە دۆخەکە ئاڵۆز دەکات. بۆیە رەنگە کۆرۆنا وەک چۆن کۆتای بە ژیانی کەسە نەخۆشە دريژ خایانەکەن دێنێت بە هەمان شێوە کۆتای بە دەسەڵاتی دەسەڵاتە نەخۆشە درێژ خایەنەکان بێنێت. ئەو دەوڵەتانەی خاوەن سیستمی حوکمرانی و دیموکراسیەتی راستەقینە و هۆشیاری جەماوەری بوون، ئاسانتر چاک دەبنەوە لە کۆرۆنا بە پێچەوانەی ئەوانەی گەندەڵ و دز و خۆ سەپێنن یان چاکبونەوەیان درەنگ دەبێت یان مەرگیان نزیکتر دەبێتەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت