بەهرۆز جەعفەر: دیوەکەی تر لە دەستوەردانەکانی تورکیا.

لە ساڵی ( 1990 ) ەوە تا ئەمساڵی ( 2020 )ە، ئەنقەرە هیچ پەیوەندییەکی جێی بایەخی لەگەڵ بەغدا نەبوە. بە مانایەکی تر لە دوای جەنگی دووەمی کەنداوەوە، ئەوە یەکەمین جارە […]
سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

لە ساڵی ( 1990 ) ەوە تا ئەمساڵی ( 2020 )ە، ئەنقەرە هیچ پەیوەندییەکی جێی بایەخی لەگەڵ بەغدا نەبوە. بە مانایەکی تر لە دوای جەنگی دووەمی کەنداوەوە، ئەوە یەکەمین جارە تورکیا دەرفەتێکی وا گەورەی بۆ هەڵ ئەکەوێ کە سێ سەرۆکایەتی عێراقی هاتوە هەمویان نزیکن لە تورکیاوەو، بگرە هیچ بەرژەوەندییەکی کوردو عێراق لە پێش چاو ناگرن لەبەرانبەر ئەردۆگاندا. لەماوەی ساڵی ( 1990 بۆ 2003) کە پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ سەددام حوسەین بچڕا زیانە ئابورییەکانی تورکیا لەو ماوەیە بە ( 54 ) ملیار دۆلار خەمڵێنراوە. کە ئەمریکا لە ساڵی ( 2003 ) ڕژێمی بەعسی لە عێراق ڕووخاند، تورکیا دژبو، نەوەک لەم ڕووخانەی سەددامدا کورد ببن بە دەوڵەت. بۆیە تورکیا نەک هەر پەیوەندی لەگەڵ عێراق نەما بەڵکو تا ساڵی ( 2006 ) فایلی عێراق لای سوپا بو نەک وەزارەتی دەرەوەی تورکیا. هەروەها لەگەڵ ئەمریکاش پەیوەندییەکانیان ئاڵۆز بو لەبەر هۆکاری جیاجیا، یەکێک لەوانە ساڵی ( 2004 ) ژمارەیەک ئەندام و ئەفسەری میت لە فولکەی خاڵەحاجی لە شاری سولەیمانی لەلایەن ئەمریکیەکانەوە دەستگیرکران کە بۆ تیرۆرکردنی « عەبدولڕەحمان مستەفا» پارێزگاری ئەوکاتی کەرکوک هاتبون.
لەدوای ساڵی ( 2006 ) یشەوە تورکیا پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان ( بەدیاریکراوی پارتی دیموکراتی کوردستان) ئاسایی کردەوە. حکومەتی عێراق ماوەی ( 8 ) هەشت ساڵ بەهۆی نزیکی نوری مالیکی لە ئێرانەوە تورکیای پشتگوێ خست. بە درێژایی ماوەی ( 2006 بۆ 2017 ) بەهێزترین پەیوەندی تورکیا لەگەڵ (پ،د،ک) بوە لە هەرێمی کوردستان ئەوەش بەهۆی مەلەفی پەکەکە، ساخکردنەوەی کاڵای تورکی لەهەرێمی کوردستان، وە پرسی ڕاکێشانی هێڵی بۆڕیی کوردستان – جەیهان، کە لە ساڵی ( 2014 ) ەوە نەوتی تەق تەق و تاوکێ و خورمەڵە ئەگوێزێتەوە (بێ پرسی حکومەتی مەرکەزیی بەغدا) دوای ئەو ماوەیەش حەیدەر عەبادی بو بە سەرۆکوەزیران هەمان سیاسەتی مالیکی گرتەبەر بەرانبەر تورکیا.
ئێستا هەموو جیهان بگەڕێ ئەردۆگان هاوڕێیەکی نزیکی نییە، کەچی بەرهەم ساڵەح سەرۆکە کوردەکەی عێراق نەک هاورێ بەڵکو خۆی کردوەتە زینی بەرپێی تورکیا لە بەرئەوەی کورسیەکەی پارێزراو بێت!. بەرهەم ساڵەح نەک هەر بێدەنگە، بەڵکو هەماهەنگی جێ بەجێ کردنی ئەرکەکانی تورکیایە لە عێراق و لە قەندیل، دوور نیە پرسی ڕۆژئاوای کوردستانیش لە ڕێگەی سەردانەکەی مەزڵوم کۆبانێ وە بۆ بەغدا نەفرۆشێت!.
دوای ئەو موستەفا کازمی بەهۆی ئەوەی پێش ئەوەی ببێتە سەرۆکوەزیران بەرپرسی دەزگای هەواڵگریی عێراق بوە، نزیکیەکی زۆری لەگەڵ سەرۆکی میت « حاقان فیدان» هەیە لە تورکیا. هەروەها بەرهەم ساڵەح لەڕێگەی سەرۆکە سووننەکەی پەرلەمان ملیاردێرێکی گەورەی کوردەوە سەرقاڵی ئەو غازەن کە بەمدواییە لە ئەنبار دۆزرایەوە ئەوەش لە بەرژەوەندی تورکیا.
بۆمباران و هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر قەندیل، بۆ کەمپی مەخمور، دوای سەردانی مەزڵوم کۆبانێ بۆ بەغدا، بەدوایدا سەردانی هاکان فیدان بۆ بەغداد هات. لە کۆتاییدا هەرێمی کوردستان لەلایەک بەهۆی بۆردومانی ناوچە قەندیل نشینەکان و سەرئێشەی کەمپی مەخمورەوە، لەلایەکی ترەوە بەهۆی ئەوەی پارتی دیموکرات وەک پێویست مامەڵە لەگەڵ بەرهەم ساڵەح ناکات، هەر لەبەغداوە بە پاڵپشتی کازمی دەستیان داوەتە پیلانێکی هەرێمیی و نێوخۆیی بۆ بنکۆڵکردنی کیانی هەرێمی کوردستان. ئەوەش لەڕووی ئابوریی و ئەمنیەوە هەرێمی کوردستان ملکەچ بە تورکیاو عێراق ئەکەن تاوەکو یەکێکیان هەڵبژێرێت.
فاکتەرێکی دیکەی هێرش و ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا لەناوچەکە ئەوەیە، تورکیا پێویستی بەوەیە ناوبەناو ئەوە بیری ڕای گشتی نێۆخۆیی خۆی بدات کە هادەپ و پەکەکە پەیوەندیی ئۆرگانی و تەواوەتیان هەیە، ئەوە هادەپ بڕیاری داوە ڕێپێوانێکی گشتگیر بکات بۆیە ئێمەش پێویستە هێرش بکەینە سەر قووڵایی ستراتیجی بەرانبەرەکەمان کە قەندیلە.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت
بەهرۆز جەعفەر

ئەرشیڤی بەڕێز: بەهرۆز جەعفەر