کامەران چروستانی: سکاڵایەک.!

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کە منداڵ بووم لەگەڵ هاوڕێکانم لەناو کۆڵانە تەسکەکانی مەڵکەندیدا ڕاماندەکرد و دەنگی قاقای پێکەنینمان، سافیی ئاسۆی ناخ و ڕۆحمان، بێباکیمان لەم ژیانە، پاکژیی دید و تێڕوانینمان بۆ هەموو دەوروبەر بێسنوور بوو، وام دەزانی ژیان هەروا ئەو قاقایەیە کە لەناو ناخمەوە دەردەپەڕی، ئەو جیهانە بێڕتوشەیە کە دەیبینم و تیایدا دەژیم.
لەو کاتەدا وام دەزانی تۆ وەک دایکم میهرەبانیت، دەمپارێزیت، بە دەممەوە پێدەکەنیت، لەناو ئامێزی خۆشەویستیی خۆتم دەگریت.
وەلێ نەمدەزانی ژیانیش زللـەی خۆی هەیە، گەلێک جاریش فرمێسک لە چاوان دەبارێنێت، نەمدەزانی کە لەگەڵ قاقای سەردەمی منداڵیمدا ژێرخانی ناخ پڕ دەبێت لە هاواری کەڵەکەبووی ڕۆژگارەکان، نینۆکی پۆرتکاوم چنگەکڕێی نشێوی ڕووداوەکانی پێوە دیار دەبێت، نەمدەزانی کە ژیان ئەو جیهانە بێگەردە نییە، کە لە ناخی منداڵێتیدا وێنەیمان کێشا بوو.
کات هات و کات ڕۆیشت
دەستەکان هەر بەرز دەکرانەوە، هەر دەست بوو ماڵئاوایی لە دەست دەکرد، دەستێکی تر بەرەو گۆڕێک ملی دەنا، دەستەکەی تر قوڕی دەپێوا، هاوارەکان زیادیان دەکرد، قیژە زریکەی منداڵەکان گوێی ناخی مرۆڤی کەڕ دەکرد، فرمێسک وێنەی خەمی دوو چاوی قەتیسماوی دەکێشا، لێوەکان جارێک خەمبار، جارێک لەرزۆک، جارێک گەرمای نوگرە سەلمان وشکی دەکرد، جارێکی تر سەرمای قەندیل هەڵی دەلەرزاند، قاچی ئەم منداڵ و ئەو پیرەمێرد و پیرێژنە بەرگەی باری قورسی ئەو بایەشوومەی ژیانی نەدەگرد، بە گومانەوە، بە ترسەوە هەنگاو دەنێن، بەرەو ئەو تاریکیی شەوە زەنگەی کە ژیان لە نیوەرۆژدا بۆی هێناون.
هەر ئەو کاتەش وام دەزانی هاوار و قیژەی ئەم هەمووانە دەتجوڵێنێت، پەنجەیەکی دادپەروەرانە دەبزوێنیت، وام دەزانی ئەو دەنگانە دەگەنە لات، هەنگاوێک دێیت بەرەو هەنگاوی مردنی ئەو زارۆکانە دەستێک بۆ دەستی لاوازی ئەو پیرانە دەکێشیت، دیسانەوە وام دەزانی تۆیش وەک دایکم میهرەبانیت دەمپارێزیت، بە دەممەوە پێدەکەنیت، لەناو ئامێزی خۆشەویستیی خۆتم دەگریت.
کاتێک هەوری ڕەشی ڕووداوەکان بوو بەو دێوەزمەی لێی دەتۆقاین، کاتێک هەنگاوەکان بەرەو گۆڕێکی ژیان دەنران، کاتێک دایک نەیدەتوانی ببێت بەو ڕەشماڵەی منداڵەکانی لەژێریدا ئارام بگرن، کاتێک باوک خۆی رادەستی مەرگ دەکرد، هاوارێکیش بۆ دۆزەخێکی ناوەختە ناخی هەمووانی دەتاساند، لێوی مۆرهەڵگەراوی کۆرپەیەکیش کەعبەی مرۆڤایەتی دەهاژاند، پیرێژنێک بە حەسرەتی دوا بینینی ڕۆڵەیەکی ونبوویەوە دوا هەناسەی خۆی ڕەوانەی ئاسمانی حەوتەم کرد و منداڵێکی چاوگەشی دونیانەدیو لەناو باوەشی دیواری داڕماوی خانووەکەیاندا ماڵئاوایی لەم دونیا سۆزانییە کرد، هەر ئەو کاتە دیسانەوە پرسیمەوە: ئەرێ ئاساییە دەنگی ئێمەتان پێ نەگات؟ ئەی تۆ بڵێیت لە ڕێگەدا لە خاڵێکی پشکنیندا قیژەی ئەم هەموو عەشاماتەیان نەگەڕاندبێتەوە؟ ئەی هاواری منداڵە فریشتەکان چییان لێ هات؟ چ شمشێرێک لەت و کوتی کردن؟ ئەی نزای ئەو دایەکی سنگی خۆی بۆ کوڕەکەی دادڕی چی لێ هات و بەرەو کوێ سەری خۆی هەڵگرت؟ ئێ خۆ من وام دەزانی تۆیش وەک دایکم میهرەبانیت دەمپارێزیت، بە دەممەوە پێدەکەنیت، لەناو ئامێزی خۆشەویستیی خۆتم دەگریت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت