رەزا شوان: تاوانێکی کە لە زنجیرە تاوانەکانی تورکیا لە دژی کورد.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بێدەنگی و چاونقاندنی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە تایبەتیش نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ئاستی ئەو تاوانە قێزەوەنانەی تورکیای رەگەزپەرست و تیرۆریست و خوێنڕێژ، کە بە شێوەیەکی زۆر دڕندانە لە دژی گەلی کوردمان بە گشتی و لە دژی خەڵکی سڤیلی کورد ئەنجامی دەدەدات.. هێندەی تر بۆتە هاندان بۆ تورکیا بۆ درێژەدان بە تاوانەکانیان لە دژی گەلی کوردمان لە هەر شوێنێکی کوردستان دا بێت.. بە ئاشکرا تورکیا پێشێلی یاسا نێودەوڵەتییەکان و مافەکانی مرۆڤ دەکات، ئەو تاوانانەی کە دەرحەق بە کورد کردوونی و دەیکات، تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگ و تاوانی کۆمەڵکوژین، دەبوایایە مافەکانی مرۆڤ داوایان بکردایە کە رژێمی رەگەزپەرست و تاوانباری تورکیا لە سەرووی هەموویانەوە، خوێنڕێژ و گەورە تیرۆریست، ئەردۆگانی سیکۆپاتی لەسەر ئەم تاوانانی لە کورد و لە سوریا و لە لیبیا دەکات، دادگایی بکرێت. بە داخەوە کە بێدەنگن، پەیمانی ناتۆش پشتی تورکیا دەگرێت و لەم تاوانانەدا بەشدارن.
لە نیوە شەوی، شەوی رابردوو ( 15/یۆنیۆ/ 2020 ) هەژدە فرۆکەی جەنگی تورکیا لە جۆری (ئێف شانزە)، بە ناوی شاڵاوەکانی (چـڕنووکی هەڵۆ) بە بیانووی بێ بنەمای بوونی بنکەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان، زیاتر لە سی هێڕشیان کردە سەر کەمپی ئاوارەکانی مەخەموور و نەخۆشخانەی شەنگال و ماڵی هاوڵاتیان لە برادۆست و بناری قەندیل و خواکورک و زاب و لە چیای شەنگال، بە رۆکێت بۆردوومانی ئەو شوێنانەیان کرد، تێکڕا زیاتر لە بیست ناوچەی باشووری کوردستانیان بۆردوومان کرد، تەنانەت لە شاری قامیشلووی رۆژئاوای کوردستان، گوێیان لە زرمەی رۆکێتەکان بووە. چەندین هاوڵاتی بریندار بوونە. تورکیا هەموو منداڵێکی ناو لانکی کوردیش بە پەکەکە دادەنێ. گەر کورد لەسەر مەریخیشدابن، بەردەستیان بکەوێت دەیکوژن. ئەوان دار و بەردی کوردستانیش بە پەکەکە دەزانن.. ماوەیەک پێش ئێستا لاوێکی عەرەبی سوریا لەلایەن پۆلیسی تورکیاوە لە تورکیا کوژرا. لە پۆلیسیان پرسی بۆ ئەم بێتاوانەتان کوشتووە؟!
لە وەڵامدا وتیان: وامانزانی کە کوردە!
لە ئەردۆگانی خوێنڕێژ دەپرسین، ئایە کەمپی ئاوارەکانی مەخموور و نەخۆشخانەی شەنگال و ماڵەکانی هاوڵاتیان لە برادۆست و بناری قەندیل و شەنگال و مەخموور دا، بنکەکانی پەکەکەن؟! نەخیر زۆر باش ئەوە دەزانن، وەکو وتمان ئێوە مەبەستان کومەڵکوژی و رەشەکوژی کوردە و دەست لە هیچ کوردێک ناپارێزن.
ئەوە تاوانانەی تورکیا ئەنجامی دەدات، تاوانی پاکتاوی نەژادین و دەیانەوێت ناسنامەی نەتەوەیی کورد بسڕنەوە.. تا ئەمڕۆش دان بە بوونی پەنجا ملیۆن کورد دا نانێن. لە کام شەڕی نێودەوڵەتیدا، لە شەوێکدا، هەژدە فڕۆکە بە جارێک و سی هێڕش کراوەتە سەر هاوڵاتیان و بە رۆکێت ماڵەکان و کەمپەکان و نەخۆشخانەکان بۆردوومان کراون؟؟
بێگومان ئەمە تاوانێکی کوتوپڕ نییە، دەبێت چاوەڕوانی تاوانی گەورەتریش لە تورکیای فاشستی بکەین.. لە رۆژی یەکشەمە ( 14 / یۆنیۆ / 2020) بەڕێوەبەری هەواڵگری سەربازی تورکیا ( هاكان فیدان ) بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵای سەربازی، سەردانی عێراقی کرد، لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێرق و بەرپرسانی باڵای سەربازی عێراقدا، کۆبوونەوە، دەشڵێن هاکان فیدان لەگەڵ خودی سەرۆک وەزیرانی عێراق مستەفا کازمی کۆبوونەتەوە، فیدان و کازمی پەیوەندییان بە یەکەوە هەیە، لەو کاتەوە کە مستەفا کازمی سەرۆکی گشتی هەواڵگری عێراق بوو. هاکان فیدان ئاگاداری عێراقی کردۆتەوە کە هێڕش دەکەنە سەر باشووری کوردستان. گەرچی عێراق خۆی لێ گێل دەکات و نوکووڵی دەکات کە فیدان لەگەڵ کازمیدا دانیشتووبێت.. ئەوە راستییەکە و دوو کەس لە سەری ناکۆک نین. کە سەردانی هەر بەرپرسێکی تورکیا بۆ عێراق و بۆ ئێران یا بە پێچەوانەوە، بۆ پیلان دانان لە دژی گەلی کورمان، سەردانی دەکەن و چاویان بە یەکتری دەکەوێت.
بە داخەوە بە رەزامەندی دەسەڵاتدارانی باڵای هەردوو حیزبی دەسەڵاتداری باشووری کوردستان و حکومەتی هەرێم.. شارەکانی (هەولێر، دهۆک، سلێمانی، کەرکووک، سۆران، زاخۆ، مەخموور، شەنگال) پڕبوونە لە میت و ئیتیلاعات و پاسداران و لە سیخوڕ و هەواڵگری تورکیا و ئێران. بۆ سیخوڕیکردن و تیرۆرکردنی تێکۆشەران و چالاکوانان و دڵسۆزانی گەلەکەمان.
شەرمەزاری و رسواییە بۆ حوکموتی کوردستان و پەرلەمانی کوردستان و هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار، کە کەمترین هەڵوێست، ئەوەیە، تەنها بە بەیاننامەیەکیش ناڕەزاییان دەرنەبڕی و پرۆتیستۆی ئەم تاوانەی تورکیایان نەکـرد.. چۆن شتی وا دەکەن؟!
کەناڵە تەلەفزیۆنییە بەکرێگیراوەکانی تورکیاش، لە باشووری کوردستان دا، وەکو پێشتر بە شەرمەزارییەوە باسی دەکەن، هەر وەکو پێشتر دەڵێن، فرۆکەکانی تورکیا بارەگاکانی پەکەکەیان بۆردوومان کرد. دەک رووڕەش و شەرمەزاربن.
رەش پێستەکان لە ئەمریکا و لە زۆربەی وڵاتانی جیهان، ئێمەی کوردی لە کوردستان، ناڕەزایی خۆمان بەرانبەر بە کوشتنی (جـۆرج فلۆیـد) دەربڕی و بە توندی سەرکۆنەی ئەم تاوانە رەگەزپەرستییەمان کرد.. ئەی بۆ گەلان و دەوڵەتان لەسەر کۆمەڵوژی و رەشەکوژی و تیرۆرکردنی بە هەزاران جـۆرج فلـۆیدی کورد، دەنگیان هەڵنابڕن و خۆپێشاندانی ناڕەزایی سازناکەن، بەرانبەر بە رەگەزپەرسترین و تیرۆریسترین میللەت و دەوڵەت لە جیهاندا، کە تورک و تورکیایە.؟! گەر ڤایرۆسی کۆرۆنا (كۆڤید نوزده‌) لە وڵاتی چینەوە بڵاوبووبێتەوە، ئەوا چەندین ساڵە ڤایرۆسی رەگەزپەرستی لە تورک و تورکیاوە بڵاوبۆتەوە.
پێویستە نەتەوە یەکگرتووەکان، تاوانەکانی ئەردۆگانی سەرۆکی (ئیخوانوشەیاتین) لە کوردستان و سوریا و لیبیا رابگرن، تورکیا و ئێران هۆی ئاژاوە و ناسەقامگیری و شەڕن لە کوردستان و عێراق و سوریا و لیبیا و یەمەن و لوبنان و شوێنانی کە.
داوا لە رۆڵە دڵسۆزەکانی گەلەکەمان دەکەین، لە کوردستان و لە هەندەراندا، ناڕەزایی خۆیان دەربڕن و بە تووڕەیی و توندی پرۆتیستۆی ئەم تاوانەی تورکیا بکەن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت