کاوسێن بابەکر: مێزی نیشتمان با هەموان کۆکاتەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کێشەو گرفتەکان لەچەندین لاوە وەک ڕەشەبا رویان لە کوردستان و ئاڵاکەی کردووە، دەستەکانیش لەگرتنی ئاڵادا شل و نایەکگرتون، مێژووی دورو نزیکیشمان پێمان دەڵی نایەکگرتویی و پەرتوبڵاویی هۆکاری سەرەکی داگیرکاری و نەبوونی دەوڵەتە. هەر ئەو پەرش و بڵاویە ئازایەتی وەبەر دوژمنان ناوە تا تەماح لە نیشتمانەکەمان بکەن و ئەوەندەی ماویشە کە ئیدارەیەکی چکۆلەمان تێدا بنیاتناوە بیڕوخێنن و داگیری بکەنەوە. کێشەی نێوان پارتەکانیش هیچ نیە جگە لە بەرژەوەندی تەسکی حزبی و کاڵبونەوەی نیشتمان و نەتەوەخوازی، کە نیشانەکانی دوورکەوتنەوە لەیەکتری و نزیکبونەوەیە لە دوژمنان و ناحەزانی کورد کەوای لێکردون تۆپباران و هێرشی زەمینی و ئاسمانی لەلایەن تورکیاو ئێرانەوە بەردەوام بێ بەتایبەت تورکیا.
لە ساڵی 2015 – 2018 بەپێی ئاماری وەزارەتی پێشمەرگە 397 جار بەفڕۆکەو 425جار بەتۆپباران 288گوندی هەرێمی کردۆتە ئامانج و، 165 هاوڵاتی بریندارو شەهید کردووە. ئێستاش بەهێرشێکی گەورەترو چڕتر دەستی پێکردۆتەوە، لەو هێرشانەش وادەخوێنرێتەوە ئامانجی هەر پێکاکا نەبێ، بەڵکو ئامانجی خوڵقاندنی کەشێکی نائارام و جەنگ بێ بۆ: هێنانەوەی سوپای عێراق بۆ سنورەکان و دروستکردنی شریتێکی کۆنترۆڵکراو بەهێزەکانی خۆی کە هەر ئێستا 30بنکەی هەیەو زیادکردنیان هەر لە سلۆپیەوە تاکۆتایی زنجیرە چیای قەندیل لەپشتی ڕەزگەو مارەدووە کە هێزە چاودێریە سنوریەکانی ئێران دەست پێدەکا. لەوناوەدا عێراق ئەگەر ژێربەژێریش ئاگای لێ نەبێ بۆ داشکاندنی داواکانی کورد لەدانوسانەکاندا زۆر نیگەران نییە جگە لەوەی عێراق خۆی لەدۆخێکی وادا نیە چ لەڕووی سیاسی و چ لەروی ئابوری و سەربازی بتوانێ سنورێک بۆئەم دەستدرێژیانە دابنێ.
هەر ئەم دۆخە خراپەی ئابوریش هۆکاریکی دیکەیە کە نەتوانێ دانوسانەکانی لەگەڵ هەریم بەئامانج بگەیەنێ، پێ دەچێ دانوسانەکان لەکاتێکی بەسەرچودا بەڕێوە بچن، بەڵام بۆ ئامادەباشی بۆ هەموو ئەوانە تاقە یەک چارەسەر هەیە ئەویش توندوتۆڵکردنەوەی ڕیزی نیشتمانیەو وازهێنانە لەحزبایەتی ئەگەر بۆ تاقە جارێکیش بێ، با نیشتمان و نەتەوە ببنە مێزی کۆکرنەوەی پارتەکان و هەموو بەرژەوەندیە کەسی و حزبیەکان وەلانێن و بەیەکگرتوویی بەرەوڕووی سەرجەم ئەو هەڕەشانە ببنەوە و شاندی هەمەجۆر بۆ کاری دیپلۆماتی لەگەڵ زلهێزەکان و دەوڵەتانی ناوچەکە پێکبهێنن دەتوان بەم یەکگرتوویە هەم چاکسازیەکان تەواو بکەن و هەم هێزی پێشمەرگە بەهیزبکەنەوەو هەم عێراق بجوڵێنن هاوکاری پێشمەرگە بکات بۆپاراستنی سنورەکان و ناچارکردنی تورکیا بەکشانەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت