شەیما عەدنان: گەلی باشوری کوردستان پێویستە داگیرکاریی قەبوڵ نەکات.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

وەکو هەموان دەزانن کە لە 15ی حوزەیرانەوە دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا، ئۆپەراسیۆنی سەر باشوری کوردستان و شەنگالی دەست پێکردوە و، چەندین ناوچەی تۆپ باران کردوە و، ژمارەیەک هاوڵاتی سڤیل لە ناوچە جیاجیاکاندا شەهید بوون. ئەمەش ڕاسەتوخۆ لە دوای ئەوە هات کە هاکان فیدان سەرۆکی دەزگای هەواڵگری میتی تورکی لە سەردانێکدا لەگەڵ حکومەتی بەغداد کۆبونەوە، وەکو دیارە هەردوو حیزبی دەسەڵات لە ماوەی ساڵانی سیستمی حوکمڕانیاندا هاوکارو هاوخەمی دەوڵەتی تورکیا بوون لەپێناو بەرژەوەندیە تایبەتیەکانی خۆیاندا. بەڵام ئەمجارەیان نیەتی حکومەتی بەغداد بەشێوازێکی ڕوون دەرکەوت کە ئەوەش ڕەزامەندی دەربڕیووە لەسەر پیلانەکانی تورکیا بەرامبەر باشوری کوردستان.
ئەوەی ئەردۆگان دەیەوێت گەورەکردنی ستاتیۆی تورکیایە لەچوارچێوەی میساقی میللی دا، لەکاتێکدا لای هەمووان ڕوون و ئاشکرایە کە ئامانجی دەوڵەتێکی فاشیستی وەکو تورکیا، دروست نەکردنی کوردستانی گەورەو خوێن مژینی گەلی کوردە تا ئاستی نەمانی گەل و نەتەوەو خاکی کوردان.
جا دەوڵەتی تورکیا له‌گه‌ڵ داعش و به‌ره‌ی نوسره‌و ئه‌حرار شام و سوڵتان مورادو ئه‌و چه‌تانه‌ ‌دابێ، چاوه‌ڕێی چی لێده‌كرێ جگە لە داگیرکاریی. بەڵام ئەوەی جێگای داخە کاریی هەریەکە لە دوو حیزبی دەسەڵات هاوکاریی کردن و سیخوڕی کردنە بۆ ئەردۆگان و لە ژێر ناوی پەکەکە خۆڵ بە چاوی گەلی باشوری کوردستان دەکەن. کە گوایە پەکە لە باشورە بۆیە تورکیا هێرشی سەر باشوری دەست پێکردوە، ئەگەر ئەم دووحیزبەی دەسەڵاتی بەناویی حکومەتی هەرێم نەبێت، تورکیا هیچ شەڕێکی پێناکرێت نە لەڕووی فکریەوە نە سەربازی، ئەوە پارەی مووچەخۆران و نەوت و گازەکەی باشوری کوردستانە پاشەکەوت دەکرێت و دەنێردرێتە خەزێنەی تورکیا.
ئەم دەسەڵاتەی ئێستا خۆی ناوناوە حکومەتی هەرێم، جگە وابەستە بوون بە دەوڵەتانی داگیرکەر هیچی تریان پێناکرێت. بەڵگەش بۆ ئەمە هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی مێژووە. ئەو عەقڵیەتەی کە ئێستا هەیە لەباشوری کوردستان بەرهەمی سیستمی حوکمڕانی کوردیە، تاکو ئێستا کار لەسەر تەسلیم بوونی تاکی کورد و و پشت بەستن بەدەوڵەتانی داگیرکەران کردوویانە بەخوو. تا ئەم عەقڵیەتە نەگۆڕێت و گەل هۆشیار نەبێتەوە ڕاپەرین لە هەمبەر دەسەڵات دروست نابێت،
بۆیە پێویستە گەلی ئێمە چیتر داگیرکاری قەبوڵ نەکات و ڕاپەڕینێکی سەرتاسەری دژ بەم دەسەڵاتە ئەنجام بدات، بۆ ئەوەی لەچوارچێوەی سیستەمێکی خۆبەڕێوەبەریدا خۆیان کۆکەنەوە و خۆیان ڕێکبخەن، چونکە تا ئەم دەسەڵاتە بمێنێت داگیرکاریش بەردەوام دەبێت و ڕێگا چارەسەری بۆ هیچ قەیرانێک نادۆزرێتەوەو هیچ گوڕانکاریەک ڕوونادات.