عیماد عه‌لی: له‌نیوان گه‌نده‌ڵی شاسوار و ده‌سه‌ڵاتی كوردستاندا.

كه‌س نیه‌ باوه‌ڕی به‌وه‌ نه‌بێت كه‌ شاسوار عه‌بدولواحید هه‌ر هیچ نه‌بێت فریودانی شه‌رعی له‌بۆندی رێكه‌وتنی پشه‌كه‌كانی چاڤیلاند كردووه‌ و غه‌دری له‌زۆر خه‌ڵك كردووه‌، به‌ تایبه‌تی خێزانی هه‌ژاری وا هه‌یه‌ كه‌ […]
سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

كه‌س نیه‌ باوه‌ڕی به‌وه‌ نه‌بێت كه‌ شاسوار عه‌بدولواحید هه‌ر هیچ نه‌بێت فریودانی شه‌رعی له‌بۆندی رێكه‌وتنی پشه‌كه‌كانی چاڤیلاند كردووه‌ و غه‌دری له‌زۆر خه‌ڵك كردووه‌، به‌ تایبه‌تی خێزانی هه‌ژاری وا هه‌یه‌ كه‌ زێڕی ماڵ و منداڵی بۆ به‌شداری كردن له‌و پشكانه‌دا فرۆشتووه‌. هه‌مووان ده‌زانن كه‌ له‌و كاته‌دا له‌مانگی هه‌نگوینی و سه‌رده‌می قازانجگۆڕكی بوو له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و ده‌سه‌ڵاتی زۆنی سه‌وزی ئه‌و ده‌مه‌، بۆیه‌ له‌ ناو رێكخستن و راگه‌یاندنی ئه‌و كاته‌ی خۆیانه‌وه‌ پروپاگه‌نده‌ی پیاو چاكی و خواپه‌رستی و راستگۆییان بۆ ده‌كرد، به‌ڵام دواتر له‌به‌ر ناكۆكی سیاسی و ئابووری و یه‌كتربڕی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانیان دژایه‌تی یه‌كتریان كرد و دواتر بوون به‌دوژمنی یه‌كتر. ئه‌وه‌ی روونه‌ كه‌ خودی شاسوار خۆی به‌ ته‌نها راسپۆتین نیه‌ بتوانێت ئاوا ئه‌و فێڵانه‌ بكات و به‌به‌رزه‌كی بانانه‌وه‌ بۆی ده‌ربچێت و هیچ كه‌سێك نه‌توانێت دادگایی بكات، بۆیه،‌ ئاشكرایه‌ كه‌ ئه‌م كه‌ڵه‌گاییه‌ی ئه‌م سه‌رمایه‌داره‌ هه‌زار هۆكاری تێدایه‌ و به‌هێزترین بۆچون كه‌ خه‌ڵكی قسه‌ی له‌سه‌ر بكات ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌سترۆیشتووی خاوه‌ن به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ ئه‌م پیاوه‌دا خۆی مه‌ڵاس داوه‌ و پشتی گرتووه‌، بۆیه‌ وا به‌ بێمنه‌تی قسه‌ ده‌كات و باكی به‌ هیچ نیه‌. له‌ هه‌مان كاتدا له‌ كاتێكدا كه‌ حكومه‌ت نزیكه‌ له‌ ئیفلاسبوون، موچه‌ی موچه‌خۆران نادرێت ئه‌و پاره‌یه‌كی زۆری قه‌رزی حكومه‌تی لایه‌ و (كه‌سیش لێره‌ له‌م زۆنه‌) پێی ناڵێت به‌ری چاوت ئه‌برۆی پێوه‌یه‌. ئه‌وه‌ی ئاشكراشه‌ كه‌ له‌م زۆنه‌ كاری خۆی ده‌كات و هه‌موو كاره‌كانی ئه‌گه‌ر فرتوفێڵیش بێت له‌م ناوچه‌یه‌ جێبه‌جێ ده‌كات .
له‌ به‌رامبه‌ردا، ده‌سه‌ڵاتی كوردی، كه‌ به‌خۆی نغرۆی گه‌نده‌ڵیه‌ و نادادی و نا روونكاری وا یكردووه‌ كه‌ سه‌دان جار به‌قه‌د شاسوار پاره‌ی ئه‌م میله‌ته‌ی به‌ راسته‌وخۆ بێت یان ناراسته‌وخۆ به‌ فیڕۆ داوه‌ و ده‌یان گه‌نده‌ڵی ده‌سترۆیشتوو به‌ فتروفێڵی شه‌رعی و پاره‌سپیكردنه‌وه‌ و په‌یوه‌ندی ژێڕ به‌ژێڕ ده‌یان قات پاره‌ی زیاتر له‌م شاسواره خواردووه‌ و بووه‌ به‌ ملیۆنێر و ته‌نانه‌ت ملیاردێرێش به‌سه‌ر ئه‌م میله‌ته‌ داماوه‌ و كه‌سیش باسی ناكات. ته‌نده‌ر و ته‌نده‌ده‌ر كاری و هاوبه‌شی ده‌سه‌ڵات و مه‌قاوڵ و بازرگان و به‌فیڕۆدان و ناردنه‌ده‌ره‌وه‌ی پاره‌ی زه‌به‌لاح و كڕینی موڵك و عه‌قار له‌لایه‌ن گه‌نده‌ڵكارانی ده‌سترۆیشوو و بازرگانان و خه‌ڵكانی ده‌ربار له‌ سه‌رجه‌م كونوقوشبنێكی جیهان شایه‌تی گه‌نده‌ڵیه‌كی نهێنی و ته‌نانه‌ت ئاشكرای زۆرن له‌م هه‌رێمه‌ بێ كه‌سه‌دا.
ئێستا كه‌ له‌م قه‌یرانه‌ داراییه‌دا وا حكومه‌ت نزیكی مایه‌پوچبوونه‌، تازه‌ ده‌سه‌ڵات خه‌ریكه‌ به‌دوای قه‌رزی كۆنه‌وه‌یه‌ و ئه‌وه‌ش به‌ رێگه‌ی ناعه‌داله‌تی و هاندانی خه‌ڵك و به‌كارهێنانی راگه‌یاندن و فشاری سیاسی كه‌ به‌خۆی له‌به‌ر مه‌رامی سیاسی پێش دادپه‌روه‌ری ده‌رده‌كه‌ویت و تاك لایه‌نه‌ فشاری دروستی كردووه‌. به‌ڵێ بێ متمانه‌یی وایكردووه‌ كه‌ هیچ كه‌س باوه‌ڕی به‌م حكومه‌ته‌ نه‌بێت، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به‌ راستیش له‌ هه‌وڵی سه‌پاندنی دادپه‌روه‌ریدا بێت و له‌ كڕۆكی كاره‌كانی نیاز پاكیش بێت و مه‌به‌ستی گه‌ڕانه‌وه‌ی مافی خه‌ڵك بێت.
بۆیه‌ خه‌ڵكی مافخوراو حه‌قی خۆیه‌تی به‌ دادپه‌روه‌رانه‌ مافی خۆی وه‌رگرێته‌وه‌ و غه‌دری لێنه‌كرێت و سزای فێلبازان بدرێت ، به‌ڵام كۆمه‌لێك پرسیار له‌مباره‌وه‌ ده‌كرێت و پێویسته‌ دسه‌ڵات به‌خۆی وه‌ڵامیان بداته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی خاوه‌ن ماف متمانه‌ی پێبكات و به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك باوه‌ڕی پێبكات كه‌ حكومه‌ت له‌ پێناو ئه‌و فشار ده‌كات و ئه‌وییش پشتگیری بكات:
* ئایا زوڵم و زۆری و غه‌در له‌ خه‌ڵك ته‌نها له‌ لایه‌ن شاسواره‌وه‌ روویداوه‌ و كه‌سێكی دیكه‌ نیه‌ له‌م كوردستانه‌ گه‌نده‌ڵكاریی زۆرتری له‌ شاسوار كردبێت و به‌ ساخته‌چێتی و فرتو فێل پاره‌و مافی ئه‌م میله‌ته‌ی خواردبێت؟
*حكومه‌ت ده‌توانێت هۆكاری هه‌ڵتۆقینی له‌ناكاوی ئه‌و هه‌موو ملیاردێره‌ بۆ خه‌ڵك باس بكات و بڵێت ئه‌مه‌ت له‌كوێ بوو، بۆ ئه‌وه‌ی ماتمانه‌ بۆ خۆی بگێڕێته‌وه‌؟
* ئه‌گه‌ر شاسوار ره‌خنه‌ی نه‌گرتایه‌ و خۆی به‌ ئۆپۆزسیۆن له‌قه‌ڵه‌م نه‌دایه‌ و را\گه‌یاندنه‌كه‌ی فزه‌ی لێ نه‌هاتبا، ده‌سه‌ڵات ئه‌و فشاره‌ی ده‌كرد؟
* بۆچی ده‌سه‌ڵات باسی سه‌رجه‌م گه‌نده‌ڵكاران له‌ زاخۆوه‌ بۆ خانه‌قین ناكات و ساخته‌چیه‌كان ده‌رناخات و ته‌نها و وه‌ك به‌ ئاشكرا دیاره‌ به‌مه‌به‌ستی سیاسی باسی شاسوار به‌ ته‌نها ده‌كات؟
* بۆچی باس له‌و به‌رپرسه‌ ملیاردیڕانه‌ ناكات كه‌ به‌ فرتوفێڵی زه‌قی ئاشكرا و ته‌نها له‌به‌ر ده‌سه‌ڵاتی فراوانیان توانیویانه‌ له‌ رێگه‌ی ئیستغلیلال كردنی پۆسته‌كانیان ده‌وڵه‌مه‌ند بن ؟
* بۆچی كه‌سێك له‌و به‌رپرسانه‌؛ چی له‌كاتی پۆست وه‌رگرتن یان له‌كاتی به‌رپرسیارێتی حزبی ئه‌ستۆپاكی خۆیان ده‌رناخه‌ن و كه‌س ناڵێت بۆچی ئه‌وه‌ ناكه‌ن و به‌ گه‌نده‌ڵیش حساب ناكرێن؟
* بۆچی ده‌سته‌ی ده‌ست پاكی هه‌رێم ده‌سته‌مۆ كراوه‌ و تا ئێستا هیچ رۆلێكی نیه‌ و خه‌ڵكی ملكه‌چ به‌ڕێوه‌ی ده‌بات و گومان له‌ خودی خۆشیان هه‌یه‌؟
بۆیه‌، ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتی كوردستان ده‌یه‌وێت خه‌ڵك متمانه‌ی پێ بكات و حه‌قوحقوقی خه‌ڵك وه‌ربگرێته‌وه‌، با به‌یه‌كه‌وه‌ و به‌یه‌ك پاكێج پشتخانی چۆنێتی هه‌ڵتۆقینی سه‌رجه‌م ملیاردێره‌ تازه‌كان به‌ خاوه‌ن پۆسته‌ باڵا حكومه‌ی و حزبیه‌كلنیشه‌وه‌ ئاشكرا بكات، ئه‌وسا میله‌ت باوه‌ڕی پێده‌كات و فشاره‌كانی حكومه‌ت له‌سه‌ر شاسوار ته‌نها به‌ مه‌به‌ست و ئامانجی سیاسی نازانێت و له‌وباوه‌ڕه‌دا ده‌بێت كه‌ سبه‌ینی راگه‌یاندنه‌كه‌ی شاسوار بكه‌وێت به‌شانوباڵا هه‌ڵدانی ده‌سه‌ڵات، هه‌مان ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ شاسواری لێ نابێت به‌ حه‌زره‌تی مه‌سیح و به‌ ده‌ست و داوێن پاك و نه‌زیه له‌قه‌ڵه‌م نادرێت، به‌هه‌مان شێوه‌ی خه‌ڵكی تری ده‌سترۆیشتووی خاوه‌ن بڕیاری گه‌نده‌ڵ.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت
عیماد عەلی

ئەرشیڤی بەڕێز: عیماد عەلی