کاوسێن بابەکر: کامیان تویتەکەی کاک لاهور یان بەیاننامەکەی مەکتەبی سیاسی؟

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

یەکێتی بەهەورازو سەرەوژێری زۆردا گوزەری کردووە، بەڵام هەرگیز کەشە دێموکراسیەکەی ناوخۆی تێکنەداوە، هەر بۆیەش وەک دێموکراسی ترین ئاڕاستەی سیاسی لەئاستی عێراقدا ماوەتەوە. ئەم مشتومڕەی ئەم دواییەی ناو یەکێتی بەگشتی و مەکتەبی سیاسی و هاوسەرۆکەکان بەتایبەتی هیچ نیە جگەلەنمونەیەکی زیندوی ئەو کەشە دێموکراسیە کە ئەگەر لەحزبێکی تردا ڕوبدەن بەدڵنیاییەوە بۆلێواری لێکترازان خلۆر دەبیتەوە.
کە باسی هەڵەکەی یەکێتی دەکەن کە لەشەووڕۆژێکدا دووبەیاننامەی دژبەیەک دەردەکات ئەوە بەرئەنجامی دووشتە؛
یەکەم/ کۆنگرەی چوارەم کۆنگرەی گۆڕانکاری و هەستانەوەی یەکێتی بوو, هەرچەند هەموو ئامانجەکانی نەپێکا, بەڵام هەنگاوی راستی هەڵهێناوە. کەچی تائێستاش پارتی باوەڕ بەگۆڕانکاریەکە ناکەن و سورن لەسەر ڕێچکە کۆنەکە کە خۆگونجاندنە لەگەل ئەمری واقیع کە برابەشی و برابچوکیە لەگەل پارتی.
دووەم/ هێشتا مەکەتبی سیاسی و هاوسەرۆکان ڕانەهاتون پێش ڕوداو کۆبونەوە بکەون و هەڵسەنگاندن بۆ ڕوداوو پێشهاتەکان و ڕاوێژ لەگەڵ کادیرە شارەزاکانیان بکەن پێش هەنگاوە کردەییەکان. وەک ئەم موچە بڕینە! دەبوایە ستافی حکومەت بڕیاری مەکەتەبی سیاسی گەیاندبا کە لەگەڵ خەم و کێشەکانی خەڵک بێ نەک بچێتە ژێرباری ئەو هەڵە گەورەیە، کەخۆدزینەوەیە لە چاکسازی ڕاستەقینە، لەپێداچونەوە بە داهاتەکان، گومرگەکان، کۆمپانیا عەنتەرەکانی خۆیان، نەوتو پاڵافتگەکان کەهەر هی خۆیانن، قەرزەکان، پارەدزراوەکان، ڕێکەوتننامەی 50 ساڵە، ئەو هەزاران نۆکەر و خزمەتگوزارو خوڵام و باخەوان و بندیوارو.. کەبەناوی پێشمەرگە دایانمەزراندون.. و هەزاران میکانیزمی تر…
کاتێکیش بەدرەنگەوە مەکتەبی سیاسی کۆدەبنەوەو لەهەڵەکە تێدەگەن، هێندە درێژە بە گفتوگۆکان دەدەن شەوفریای دوا بڕیار ناکەون، ئەو بڕیارەی کەدراویشە کۆدەنگی لەسەر نەبووە، بۆیە ئەم تویتەی کاک لاهوری بەدوادا هات بۆ ڕاگرتنی بەیاننامەکە تاگەڕانەوەی وەفدەکەی کاک قوباد لەبەغداو کۆبونەوەی سەرکردایەتی کە باڵاترین دەستەڵاتی یەکێتیە، دوا بڕیار دەدا لەو بارەیەوە. کەبەڵنیاییەوە لەقازانجی موچەخۆران و چاکسازیەکی هەمەلایەن و ڕاستەقینە دەبێ.