قوته‌یبه‌ فازڵ: كۆرۆنا و زیندان.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

ماوه‌ی زیاتر له‌ شه‌ش مانگه‌ جیهان به‌ ده‌ست په‌تای كۆرۆناوه‌ گرفتاره‌، ژماره‌ی تووشبوانی ڕۆژ به‌ ڕۆژ له‌ زیاد بووندایه‌، ڕۆژانه‌ هه‌واڵی مه‌رگی تووشبوانی كۆرۆنا سه‌ردێڕی زۆربه‌ی ڕۆژنامه‌ و گۆڤار و سه‌ره‌تای هه‌واڵی كه‌ناڵه‌كانی ڕاگه‌یاندنی داگیر كردووه‌.
سات به‌ سات گۆڕانكاری له‌ ڕێكاره‌كانی خۆپارێزی و هه‌نگاوه‌كانی چاره‌سه‌ر ده‌كرێت، ئه‌م ڤایرۆسه‌ هێنده‌ یاخیه‌ كه‌ ته‌واوی زاناكان و توێژه‌رانی سه‌رسام كردووه‌، به‌ زمانی كوردی خۆمان زۆر نه‌گریس و ناڕه‌سه‌نه‌.
وڵاتانی دونیا بۆ پاراستنی هاوڵاتیانیان له‌و په‌تایه‌ زۆر ڕێكاریان گرته‌ به‌ر له‌ قه‌ده‌غه‌ی هاتووچۆ و كه‌ره‌نتینه‌ و چۆڵ كردنی شوێنه‌ گشتی و گه‌شتیاریه‌كان و شوێنه‌ بازرگانیه‌كان و… هتد، له‌ به‌شێكی زۆری وڵاتان به‌ شێكی به‌رچاو له‌ زیندانه‌كانیشیان نیمچه‌ خاڵی كرد و ده‌رفه‌تێكی تری ژیانیان به‌ زیندانیه‌كان دایه‌وه‌ پاش گرتنه‌ به‌ری چه‌ند ڕێكارو یاسایه‌كی گونجاو، كۆرۆنا بۆ زیندانیه‌كان بوو به‌ فریشته‌یه‌كی موژده‌ هێن و میوانێكی ڕۆح سووكی نێو ئه‌و زیندانانه‌.
له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ كۆرۆنا جگه‌ له‌ زیانه‌ ته‌ندروستیه‌كه‌ی زیانێكی زۆری ئابووریشی به‌ سه‌رجه‌م كایه‌كانی ژیان گه‌یاند هه‌زاران خاوه‌ن سه‌رمایه‌ی زه‌به‌لاحی بۆ ژێر هێڵی سفر په‌لكێش كرد، زۆرێك له‌ كۆمپانیاكانی تووشی داڕمان كرد داڕمانێك كه‌ هه‌رگیز نه‌توانن بچنه‌وه‌ ئاستی زه‌مه‌نی پێش كۆرۆنا، به‌ڵام زۆربه‌ی وڵاتانی جیهان بۆ پاراستنی هاوڵاتیانیان و تێپه‌ڕاندنی په‌تاكه‌ به‌ كه‌مترین زیان ئاسانكاری و پێداویستی ژیانی هاوڵاتیانیان دابین كرد.

خاڵی جه‌وهه‌ری كه‌ من لێره‌دا ده‌مه‌وێت ئاماژه‌ی پێ بده‌م ئه‌وه‌یه‌:
ئایا حكومه‌تی خۆمان له‌م هه‌رێمی كوردستانه‌ تا چه‌ند گوزه‌ران و پاراستنی هاوڵاتیانی خۆی له‌م قه‌یرانی كۆرۆنایه‌ پاراستووه‌؟
به‌ داخه‌وه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان چه‌ندێك هاونیشتمانیان ترسیان له‌ په‌تاكه‌ هه‌یه‌ ده‌ هێنده‌ بێ مووچه‌یی و بێ كاری و په‌ككه‌وتنی كار و باری ڕۆژانه‌ زیانی پێ گه‌یاندوون، لێره‌ خه‌ڵكی سه‌رسام ماون خۆیان بپارێزن و له‌ ماڵ بمێننه‌وه‌ یاخود به‌ دوای په‌یدا كردنی پاروویه‌ك ناندا گوێ به‌ هیچ نه‌ده‌ن.
چینێكی تری له‌ بیر كراوی هه‌رێمی كوردستان خه‌ڵكانی نێو زیندان و به‌ندیخانه‌كانه‌ كه‌ له‌ ئێستادا پڕ كراون و ڕۆژانه‌ش خه‌ڵكی تازه‌یان بۆ ده‌نێردرێت، نه‌بوونی ده‌وام و داخستنی دادگاكان كاری زۆربه‌یانی ڕاگرتووه‌، له‌م په‌تایه‌دا زۆربه‌ی وڵاتانی جیهان ئاسانكاری ته‌واوی له‌ یاساكاندا كردووه‌ تا كه‌مترین زیندانی هه‌بێت له‌ زیندانه‌كاندا و كه‌مترین به‌ریه‌ككه‌وتن دروست ببێت، به‌ڵام جێی داخه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان ڕۆژ به‌ ڕۆژ یاساكان توندتر ده‌كرێنه‌وه‌، من له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نیم تاوانكاران ئاسانكاریان بۆ بكرێ، به‌ڵكو پێویسته‌ هه‌میشه‌ یاسا به‌ سه‌روه‌ری بمێنێته‌وه‌ به‌ڵام له‌ هه‌مانكاتدا په‌ككه‌وتنی دادگاكان كاری سه‌رجه‌م زیندانیانی سه‌خت كردووه‌ و بودجه‌یه‌كی زه‌به‌لاحی ئه‌م هه‌رێمه‌ش له‌ زیندانه‌كاندا خه‌رج ده‌كرێت كه‌ ئه‌مه‌ش بارگرانیه‌كی تره‌ بۆ سه‌ر بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان.
له‌م كاته‌دا كه‌ حكومه‌تی هه‌رێم یاسای چاكسازی ڕاگه‌یاندووه،‌ به‌ڵام زۆر جێی سه‌رنجه‌ به‌ ته‌نها خاڵێكیش هیچ ئاماژه‌یه‌كی به‌ زیندانیه‌كان نه‌داوه‌، له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ ئه‌وه‌ بۆ ماوه‌ی زیاتر له‌ چوار مانگه‌ سه‌ردانی كردن و هه‌موو جۆره‌ چالاكیه‌كی نێو زیندانه‌كان قه‌ده‌غه‌ كراوه‌ به‌ هۆی په‌تای كۆرۆناوه‌ ئه‌مه‌یان جێی ده‌ستخۆشیه‌ بۆ پاراستنی گیانی زیندانیان.
له‌ ئێستادا كه‌ ته‌وژمی دووه‌می په‌تاكه‌ زۆر به‌ سه‌ختی هه‌رێمی كوردستانی گرتوه‌ته‌وه‌ و به‌ندیخانه‌كانیش بێ ئه‌ندازه‌ پڕ بوونه‌ له‌ زیندانی پێویسته‌ په‌رله‌مانی كوردستان و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان به‌ ڕێكاری یاسایی ورد چاوێك به‌ دۆخی زیندانه‌كاندا بگێڕن و بڕیارێكی سه‌رده‌میانه‌ بۆ ئه‌و زیندانیانه‌ ده‌ربكه‌ن و ده‌رفه‌تێكی تری ژیانیان پێ بده‌نه‌وه‌، پێویسته‌ زۆر به‌ په‌له‌ ئاوڕێكی جددی له‌م لایه‌نه‌ له‌ بیركراوه‌ بدرێته‌وه‌ كه‌ به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ده‌بێته‌ هۆی ئاشتكردنه‌وه‌ی به‌شێكی زۆری هاوڵاتیان و گه‌ڕانه‌وه‌ی خه‌رجیه‌كی زۆری بودجه‌ش ده‌بێت بۆ سه‌ر خه‌زێنه‌ی حكومه‌ت.