رەزا شـوان: چەند بیرەوەرییەک دەربارەی شەهید عەبدولڕەحمان زەبیحی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

عەبدولڕەحمان زەبیحی ” عولەما ” تێکۆشەر و شۆڕشگێڕ و سیاسەتمەدار و رۆشنبیر و نووسەر و زمانەوان و فەرهەنگسازێکی زۆر بە توانا بوو. دڵسۆزێکی کەم وێنەی گەلی کوردمان بوو، کوردستان پەروەرێکی راستی تا سەر ئێسقان بوو، شۆڕەسوارێکی جەربەزە و ماندوونەناسی کەڵەمێرد و چاونەترس و کۆڵنەدەر و هەمیشە نەسرەوت و وچانەدەر بوو. هەموو ژیانی و هەموو کاتێکی بۆ خزمەتی گەلی کوردمان و کوردستانی نیشتمانی پیرۆزمان تەرخان کردبوو. مێژوویەکی پڕ لە شکۆداری و شانازی هەیە.
(عەبدولڕەحمانی سۆفی مینەی کڵاودروو) لە ساڵی ( 1920 ) لە شاری مەهاباد، لە دایک بووە. خوێندنی سەرەتایی لە شاری مەهاباد تەواو کردووە. لە ساڵی ( 1935) دا، لە شاری (ورمێ) لە رۆژهەڵاتی کوردستان دا، بڕوانامەی خوێندنی ناوەندی وەرگرتووە.
بە منداڵی لە لای مامۆستا (مه‌لا قادری موده‌ڕیسی) پەرتووکی (گوڵستان) ی سەعدی و وانەی (جه‌بر) ی خوێندووە. مامۆستا مەلا قادر مودەریسی هەستی کوردایەتی لە هـزر و هۆش و دەروونی زەبیحی دا رواند.
عەبدولڕەحمان زەبیحی منداڵێکی زیرەک و بلیمەت بوو. لە بارەی زیرەکییەوە، شاعیری ناسراوی کوردمان (هه‌ژار موكریانی: 1921ـ 1991) لە پەرتووکی (چێشتی مجێور) دا، له‌ لاپه‌ره‌ ( 18 – 19) دا، لەژێر ناوی” بەڵای گیانم” دا دەڵێ:
“رۆژێک وەک بەڵای ناگەهانی منداڵێکیان هێنا حوجرەکە، بە تەمەن لە من باوخۆشتر و بە باڵا لە من کورتە باڵاتر بوو. یەکێکی سووری چاوزیت، لێم بوو بە عـیزرائیل، دەبوایە ئەویش گوڵستان بخوێنێ. هەتیو ئەوەندە زیرەک بوو کە نەبێتەوە. من بە هەزار گێرە و نێرە دوو خەتم رەوان دەکرد، ئەو پەڕە و دوو پەڕەی تێ دەپەڕاند. وەک ئاگری قودرەتی وابوو. جا وەرە زللـە و چەپۆک بخۆ؛ کە بۆ ئەو هێندە و هێندەی رەوان کردووە و تۆ هەر منجە منجت دێ؟! هەر لەبەر خۆمەوە لە خوا دەپاڕامەوە ئەو بەدفەڕە بمرێ و لە کۆڵ دنیا بێتەوە. ناوی ئەویش عەبدولڕەحمانی کوڕی سۆفی مینە بوو. کە لە دواڕۆژدا بە ناوی (زه‌بیحی) ناسرا. زەبیحی وەک من فەقێی دایمی و رەسمی نەبوو؛ دەرسی دەخوێند و دەگەڕایەوە ماڵە خۆی. وردە وردە پێکەوە بووینە ئاشنا و لە دەرسی گوڵستان یاریدەی دەدام و ئەو ئاشناییە پتر لە پەنجا ساڵ دەوامی کرد”
عەبدولڕەحمان زەبیحی بێجگە لە زمانی کوردی، بە باشیش زمانی: فارسی و تورکی و عەرەبی و ئینگـلیزی و فەرەنسی و ئەرمەنی، دەزانی.
عەبدولڕەحمان زەبیحی هەر بە گەنجی تێکەڵاوی بزووتنەوەی کوردایەتی بوو. یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی (ژ.ك : ژیانه‌وه‌ی كورد) له‌ لە رۆژی ( 25 / گەلاوێژ/ 1942) دا لە مەهاباد دایان مەزراند. تا هەڵوەشاندنەوەی زەبیحی سکرتێری ئەو کۆمەڵەیە بووە.
زەبیحی دامەزرێنەری گۆڤاری (نیشتمان) یش بوو، کە بڵاوکراوەیەکی نهێنی (ژ. ك) بوو. زەبیحی نووسینانەکانی کە لە رۆژنامەی (کوردستان: ئۆرگانی پارتی دیموکراتی کوردستان) لە رۆژهەڵاتی کوردستان، و لە گۆڤاری (نیشـتمان) دا، بە ناوی نهێنی (بێـژه‌ن) ەوە بڵاوکردوونەتەوە. شایەنی باسیشە و کەم کەسیش ئەوە دەزانێت، کە عەبدوڕەحمان زەبیحی یەکەم کەس بوو کە ناوی مانگەکانی ساڵی بە کوردی دانا.
زەبیحی بەشداری لە کارەکانی (كوماری كوردستان) دا کردووە. لە دوای رووخاندنی کۆماری کوردستان، هاتۆتە باشووری کوردستان.. دوایش رووی لە رۆژئاوای کوردستان کردووە، رۆڵێکی گەورەی هەبووە لە هاندانی دامەزراندنی (پارتی دیموكراتی كورد) له‌ رۆژئاوای کوردستان لە ساڵی ( 1957 ) دا. دووبارە گەڕاوەتەوە بۆ باشووری کوردستان.
عەبدولڕەحمان زەبیحی لە ساڵی (30 / دێسەمبەر/ 1957) دا، چووە بۆ وڵاتی میسر بۆ ئەوەی لەگەڵ (یه‌كێتی خوێندكارانی كورد ـ لە میسر) پێکەوە یاداشتێک دەربارەی مافخوراوی و چەوسانەوەی کورد بدەن بە کۆنگرەی نێونەتەوەیی بە نێوی ( كۆنگره‌ی گه‌لانی ئاسیا و ئه‌فریقا) کە لە قاهیرەدا بەسترا بۆ نەتەوە ژێردەستەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، کە خاوەنی قەوارەی سیاسی نەبوو، بە داخەوە کە عێراق و سوریای دوو دەوڵەتی رەگەزپەرستی داگیرکەری کوردستان، رێگربوون لە بەشداریکردنی کورد. ناوەندی کۆنگرەكەش هەر لە قاهیرەدا بوو. هێچ چارەیەک نەما، ئەوەنەبێت، کە یاداشتەکەیان بە زمانی عەرەبی و ئینگلیزی و فەرەنسی چاپکرد و لە ناو کۆنگرەکەدا دایان بە ئەندامانی کۆنگرەکە.. دوایش لە رێی پۆستەوە یادداشتەکەیان ناردیان بۆ بەشێکی زۆری سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیرانی دەوڵەتان.
زەبیحی لە دوای ساڵی ( 1979 ) گەڕاوەتەوە بۆ رۆژهاڵاتی کوردستان. بەڵام جارێکی دیکە گەڕاوەتەوە بۆ باشووری کوردستان. لە دوای ئاشبەتاڵییەکەی شۆشی ئەیلوول،
زەبیحی چووە بۆ بەغـدا، سەرقاڵی دوو پرۆژە گەورەی نووسین بوو. یەکەمیان (کۆمەڵەی ژێکاف) و دووەمیان (قامووسی زمانی كوردی) کە (٢٨) بەرگ بوو، بە داخەوە کە تەنها دوو بەرگی لێ چاپکردن، داگیرکەرانی شۆفێنی و رەگەزپەرست لە ساڵی ( 1980 ) دا، لە کاتی گەڕانەوەی بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان، لە نێوان باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان دا، کە ئەو دوژمنی سنووری دەستکردی نێوان کوردستان بوو. لە هەل و مەرجێکی ئاڵۆزدا، دوژمنانی کورد بێسەر و شوێنیان کرد. کە تا ئەمڕۆش گۆڕونە.
عەبدولڕەحمان زەبیحی، بێ جیاوازی لە هەر شوێنێکی کوردستان دا، دەرفەتی بۆ هەڵکەوتووبێت درێژەی بە خەبات و بە کوردایەتی داوە.. نووسەر (عه‌لی كه‌ریمی) دەڵێت:” فەرقی بەوە نەدەکرد کە ئەندامی کام حیزب و کام بەشی کوردستانە، سەردەمێک لە ریزی پێشەوەی کۆمەڵەی (ژ.ك) و سەردمێک لە ناو پارتی دیموکراتی کوردستان لە باشوری کوردستان، سەردەمێکیش لە ناو پارتی دیموکراتی کورد لە رۆژئاوای کوردستان دا خزمەتی بزووتنەوە و دۆزی کوردی کردووە. ئەو هەتا مردیش یەک رۆژێ ژیانی خۆی سەرفی ژن و مناڵ، کەسوکار، پارە و ماڵی دونیا نەکرد و هەمووی بۆ کوردایەتی تەرخان کرد. ئەو بە هەمووانی سەلماند کە کوردستان بە هەر چوار قوژبنییەوە موڵکی ئەو کوردەیە کە خەباتی بۆ دەکات و بەس”
لە ساڵی ( 1963 ) دا، من قوتابی بوو لە پۆلی سێی ناوەندی لە کەرکووک، ئەندامی ناوچەی لقی کەرکووکی یەکێتی قوتابیانی کوردستان و ئەندامی ناوچەی کەرکووکی یەکێتی لاوانی کوردستان بووم. هێڕشێکی بەربڵاوی سوپای دڕندەی عێراق و گاردی نەتەوەیی (الحرس القومي) و جاشە تاڵانکەرەکانی عەرەب، کە سەر بە رژێمی پارتی بەعسی عەرەبی شۆڤێنی و رەگەزپەرستی دەسەڵاتدار بوون، وەکو گورگی هار، لەژێر دروشمی ” سەر بۆ ئێمە و ماڵ بۆ ئێوە”دا، پەلاماری شار و شارۆچکەکانی باشووری کوردستان دەستی پێکرد. رەشبگیری بوو.. تا ئێستاش کورد بە (ساڵێ بەعسییەکان) ناوی دەبەن.. ناچار هەموو ئەندامانی ناوچەی قوتابیان و لاوان و پارتی دیموکراتی کوردستان، کەرکووکمان بەجێهێشت و خۆمان گەیاندە بنکەکانی پێشمەرگە لە ناوچەی شوان و جەباری و قەرەحەسەن. ئەندامانی کەرکووکی هەرسێ ناوچەکە روومان لە بنکەکانی دێیەکانی (خاڵەبازیانی) لە قەرەحەسەن و (چنگنی) و (شێرده‌ره‌) لە جەباری کرد.. دوایی کار و بەرپرسێتیان بە هەریەکەمان سپارد.
من لە بنکەی چنگنی کرام بە بەرپرسی ئازۆقەی ناوچەی قەرەحەسەن.. کە دێ بە دێ دەگەڕام و لە جووتیارەکانم دەپرسی: ئەمساڵ چەند تەغار گەنم و چەند تەغار جۆتان بەرهەم هاتووە. لە هەر( 10 ) قزناغ دا، قزناغێکی بۆ پێشمەرگە بوو، دەیان گەیاندە کۆگاکۆکراوەکانی دێی و خاڵەبازیانی دێی شێخ جـیری لە ناوچەی قەرەحەسەن.
ئەندامانی لقی ( 3 ) کەرکووکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بنکە (شێردەرە) بوون. هاوڕێی خۆشەویستم، کۆچکردو کاک (محەمەد موکری: 1945 – 2012 ) کە ئەندامی یەکێتی قوتابیانی کوردستان بوو. من هێشتا حەڤـدە ساڵم پڕەوە نەکردبوو، محەمەد موکری ساڵێک لە من گەورەتر بوو، ئەو لە بنکەی شێردەرە بوو، رۆژی چووم بۆ لای، بینیم لە تەنیشتی پیاوێکی ئەسمەری کورتەباڵای خڕەوە کە رانک و چۆغەیەکی رەنگ خۆڵەمێشی لەبەردا بوو دانیشتووە. هەردووکیان لێنووس (ده‌فته‌ر) و پێنووسیان بەدەستەوە بوو. دوای چاک و چۆنی لەگەڵ موکری دا، لێم پرسی: ئەو پیاوە کێیە؟ موکری وتی: ئەوە مامۆستا (عولەما) یە بەرپرسی لقی کەرکووکی پارتی دیموکراتی کوردستانە. من پێشتر ناوی عولەمام بیستبوو کە بەرپرسی لقی کەرکووکە. بەڵام تا ئەو کاتە نەیم بینیبوو. موکری بردمی و منی پێ ناساند. محەمەد موکری لاوێکی سوور و سپی باڵابەز بوو. کوڕێکی زیرەک و دڵسۆز و هیمن و هاوڕێ دۆست بوو.
لەو رۆژەوە مامۆستا عولەمام ناسی هەندێ جاریش بە (عیسا زه‌بیحی) ناویان دەبرد.
رۆڵی محەمەد موکری لەگەڵ زەبیحی (عوله‌مادا ) دا، ئەوبوو، زۆر جار زه‌بیحی بە زاری بابەتێکی رستە بە رستە دەوت و موکرییش قسەکانی بە نووسین دەنووسینەوە.
رۆژێک کە چوومەوە بۆ لای محەمەد موکری، پێشمەرگەیەکی پاسەوانی بنکەی شێردەرە داوای لێکردم کە نامەیەکی بۆ مامۆستا عولەمای بەرپرسی لقی کەرکووک بۆ بنووسم، داوای یارمەتی لێدەکات.. منیش نامەیەکی جوانم بۆ رازاندەوە، دەستخەتیشم جوانە و تا رادەیەک شارەزاییم لە جوانووسی دا هەیە. کە داواکەی برد و دایە دەستی مامۆستا عولەماوە.. لە پێشمەرگەکەی پرسی: ئەمە کێ بۆتی نووسیوە؟ پێشمەرگەکە ئاماژەی بە من دا. مامۆستا عولەما بانگی کردم و وتی: شێوازی نووسینەکەت و دەستوخەتەکەتیش زۆر جوانن.. لەوانەیە دەفتەرێکت بدەمێ و بەم جوانییە بۆمی بنووسیتەوە. منیش وتم : بەسەر چاوم، گەر ئێستا لە لاتە بمدەرێ دەیبەم و هەفتەکەی تر بۆ دێنمەوە. وتی: بە تەمام کەمی دەستکاری بابەتەکانی بکەم، کەی تەوام کرد ئەدەمی. دوایی من گوێزرامەوە بۆ بنکەی قەرەداغ کە لە خانووە گەشتیارییەکانی قۆپی قەرداغ دا بوو. ئیتر نە محەمەد موکری و نە مامۆستا عولەمام نەبینییەوە.
بەڵام لە ساڵی (1971) تا ساڵی (1973). چەنـد جارێک لە کەرکووک موکـریم بینی. لە دواییدا محەمەد موکری بوو بە کەڵە چیرۆکنووس و رۆمانووس و وەرگێڕێکی ناسراوی گەلەکەمان. لە شاکارە رۆمانەکانی موکری (سه‌گوه‌ڕ، هه‌ره‌س، ئه‌ژدیها، تۆڵە، نێچـیر) بە تایبەتی رۆمانی (سەگوەڕ) ەکەی هەرایەکی گەورەی نایەوە.. بە داخەوە کە مەرگ بواری نەدا. ئەگینا محەمەد موکری پرۆژەی نووسینی زیاتری لە توانا و لە باردا بوو.. هێشتا زۆری پێمابوو.
حەزەدەکەم ئەوش بڵێم، کە لە ساڵی (1965) دا، دووبەرکی و شەڕی براکوژی کورد لە شۆڕشی باشووری کوردستاندا سەری هەڵدا، من وازم لە قوتابیان و لە لاوانیش هێنا. چونکە لەگەڵ دووبەرەکیدا نەبووم و نیـم و هەرگـیز ناشبم.
وشەی (به‌روار) یش لە جیاتی (رێكه‌وت) یا (مێژوو) بۆ یەکەمین جار مامۆستا زەبیحی بە هەڵە بە کاری هێناوە، دانی بەو هەڵەیەدا ناوە و چیرۆکەکەی دەگێڕێتەوە کە چۆن بە هەڵە بە کاری هێناوە.. دوایی هەڵەکەی راست کردۆتەوە و داوای لێبووردنی کردووە. کەچی تا ئەمڕۆش زوربه‌ی نووسەرانی کوردمان لەسەر ئەو هەڵەیە دەڕۆن و وشەی (بەروار) لە جیاتی (رێکەوتی) یا (مێژوو) به‌كارده‌هێنن، وشەی بەرواری ناوی شارۆچکەی (به‌رواری) یە لە پارێزگای دهۆک. کە نووسەری نامەیەک لە بەرواری ناوی شارەکەی و مێژووی نووسینی نووسیبوو، خەڵکی وا تێگەیشبوون کە بەرواری به‌ واتا مێژووی نووسینی نامەکەیە. لەو رۆژەوە ئەو هەڵەیە بە کاردەهێنرێت.
لە رۆژی (2/ یۆلیۆ/2017) دا، لە شاری هەولێر پەردە لەسەر پەرتووکی( ره‌تدانه‌وه‌ی کۆسمۆپۆلیتیزم) لە نووسینی مامۆستای نەمر (عەبدولڕەحمان زەبیحی) لادرا. کە لە ساڵی (1957) دا نووسیوێتی.. بابەتی ئەم پەرتووکە وەڵامدانەوەیەکە بەو کەس و لایەنانەی کە کورد بە نەتەوە نازانن و وەک عەشیرەت و خێڵ پێناسەی بۆ دەکەن.
پێمخۆشە هەر بۆ خۆشی خوێنەران دوو نوکتەی نێوان شەهید (مه‌لا جەمیل رۆژبەیانی: 1913ـ2001) و مامۆستا زەبیحی (عولەما) تان بۆ بگێڕمەوە. مەلا جەمیل رۆژبەیانی لە ساڵی (1963) دا، وەکو کادرێکی نزیک لە پارتی دیموکراتی کوردستان ـ پارتی نەبووـ بە سواری ماینێک دێیە ئازادکراوکانی ناوچەی کەرکووک دەگەڕا و قسەی بۆ جووتیارەکان دەکرد و هۆشیاری دەکردنەوە.. رۆژێک مەلا جەمیل دەچێت بۆ دێیەک، کوڕێکی لاو بە پیرییەوە دەچێت و دەڵێ:”مامۆستا عولەما بەخێربێی” مەلا جەمیل بە زەردەخەنەیەکەوە وەڵامی دایەوە و وتی :”کورە مـن عولەمـا نیـم مـن عولەنێـرم”
رۆژێکی دیکەش، مەلا جەمیل رۆژبەیانی و عەبدولڕەحمان زەبیحی بەرانبەر یەکتری دانیشتبوون و قسەیان دەکرد.. لەو کاتەدا “مێشـەکەرانە” یەکی گەورە بە دەوری مەلا جەمیل دا دەسوڕێتەوە.. مەلا جەمـیل بە زەردەخەنەیەکەوە بە مێشەکەرانـەکە دەڵێت:
“لـێـت تێکـنەچێ ئـەوەی بەرانبـەرمـە”
بە داخەوە بە پیلانێکی نەگریس، کە لە لایەن فەرمانگەی ئەمنی رژێمی بەعسی عەرەبی رەگەزپەرستەوە داڕێژرابوو، زۆڵە کوردی خۆفرۆش جێبەجێی کرد. لە رۆژی (27/ئادار/2001) بە شێوەیەکی زۆر دڕندانە و نەمەردانە، مەلا جەمیل رۆژبەیانیان لە ماڵەکەی خۆی لە شاری بەغـدا شەهیدیان کرد.. تەرمەکەیان بۆ کەرکووک هێنایەوە و لەم شارە کوردستانییەی زێدیدا، بە رێوڕەسمێکی شایستەدا بە خاک سپێرا.
مەلا جەمیل رۆژبەیانی زانایەکی مەزن و بلیمەت و مێژوونووسێکی وردبین و نووسەر و توێژێنەر و وەرگێڕێکی زۆر بە توانا، زمانی عەرەبی و فارسی و تورکی دەزانی. خاوەنی چەندین پەرتووکی چاپکراوی هەمەجۆرەیە، بە زمانی کوردی و عەرەبی و کۆمەڵێک پەرتووکی روونووسکراویشی تەواو نەکردبوون یا هێشتا چاپنەکراون.
هەزار دروود لە گیانی پاکی عەبدولڕەحمان زەبیحی و مەلا جەمیل رۆژبەیانی و محمەد موکری و سەرجەم شەهـیدانی کورد و کوردستان بێت.
بە داخەوە کە تا ئەمڕۆش وەکو پێویست، ئاوڕێکی ئەوتۆ لە زەبیحی و لە رۆژبەیانی نەدراوتەوە، ئەوەی کە بۆیان کردوون زۆر کەمترن لە ئاستی خزمەتی ئەم دوو کەڵە بلیمەت و تێکۆشەری کوردمان، کە شایەنی زۆر لەوە زیاترن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت