زەبەنگ بەهادین: یان لە کۆڵمان ببنەوە، یان لە کۆڵ خۆتانمان کەنەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سی دانە ساڵە بەرگەی هەموو نەهامەتیەکمان گرت، لە نەبونی لە شەری براکوژی لە تاڵانکردنی ووڵات لە خزم خزمێنەوە، لە ناشرینکردنی نیشتیمان و سرینەوەی هەستی نەتەوایەتی، بەرگەی سەرمای زستانی بێ نەوت و گەرمای هاوینی بێ کارەبامان گرت، بەرگەی کۆچی گەنجان و تەرمی گەراوەی ئیجەمان گرت، رۆژی خۆش باوەر بویین بەوەتان و رۆژی خۆمان دایە دەست ئەمەتان، هەردوو لاشتان هەر دەمان دەن بە شوو، یەکێکتان ئەهات ئەمان ووت ئەم بروا ئەوی دێ بێت باشتر ئەبێت، بەڵام خراپتر ئەبوو، ئاواتمان ئەخواست کۆنەکە بێتەوە ئەویش لەمەوە فێلبازتر ئەبوو. ئەو میللەتەین کە دەبێت بە ئاڵتون لەسەر دەروازەی شارەکانمان بنوسین هەموو ساڵێ خۆزگەم بە پار، ئەبێ هەر بڵێین هەزار رەحمەت لە کفن دزی پێشوو، قومارتان کرد بە چارەنوسمان، داهاتوتان هەرزان فرۆش کرد، ئەوەی هەشمان بوو لە دەستان داین، کاتێک کەرکوکتان رزگار کرد لە نێوان دڵ و قودس بەشتان کرد، ئەتانزانی هەرگیز قودس ناکەوێتە دەست عەرەب وا کەرکوکیش ناکەوێتە دەست کورد زوو لە دەستاندا، فێری ئەوە بوون کە مرۆڤ بە دڵی دەستکرد دەژی ووتان لە کەرکوک گەرێ ئەو دڵەمان ناوێ.
چی ماوە پێمان بکەن ، واتان لە خەڵک کرد ئاوات بە عەرەب بخوازێ تا مووچەی باتێ، واتان لە توشبویەکی کیمیای کرد گەردنی سەدام ئازاد بکا، واتان لە گەنجێک کرد نیشتیمان بە پارویەک نان بگۆرێتەوە، پێکەنینتان نەهێشت لە سەر لێوەکان تەنانەت پێکەنینەکانی خۆشتان دەستکردن، ئێوە یا کە رێککەوتن هەمووی دەبەن یا کە رێکنەکەون ئێمە ئەتۆقێنن، خۆ ئەشزانم نە گوێمان بۆ ئەگرن نە شتێکمان ئەخوێننەوە جا بۆیە ئەڵێم شتێک بکەن یان ئێوە لە کۆڵمان ببنەوە یان ئێمە لە کۆڵ خۆتان بکەنەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت