خالید مەجید فەرەج: قوتابخانەی فرانکفۆرت.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

لە بیستەکانی سەدەی رابردوودا لەبارو دۆخێکی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی ئەوکاتەی ئەڵمانیای پێدا تێپەر دەبوو، قوتابخانەیەکی فەلسەفی کە رێبازی رەخنەگەری کردبوو بەبەرنامەی کار و فیکری خۆی، لەسەر دەستی پۆلێک لە فەیلەسوف و ئەکادیمەکانی ئەو دەمەی ئەڵمانی و غەیری ئەڵمانیدا دروست بوو. بۆیە ئەوناوەیشی لێنرا، چوونکە پەیمانگای لێکۆڵینەوەکانی کۆمەڵایەتی لەفرنکفۆرت کردبوو بە ناوەندی خۆی و تا ساڵی 1968 بەردەوام بوو. ساڵی 1932 گۆڤارێکی بەناوی ( لێکۆڵینەوە کۆمەڵایەتیەکان) کە زمانحاڵی قوتابخانەکە بوو دەرکرد. دەڵێن فەزڵی سەرەکی دروست بوون و ئیدامەو کڕینی پێداویستی و هەتا موچەی فەرمانبەرانیشی بۆ (فليكس ج. فايل) ی مارکسی جولەکە دەگەرێتەوە، کە کوڕی پیاوێکی بازرگان بوو، لەئەرجەنتینەوە هاتبوون بۆ ئەڵمانیا بڕوانامەی دکتۆرای لە و وولاتە هێنابوو.
لەیەکەم گوتاریدا و بەبۆنەی کردنەوەی پەیمانگاکە، کارل گرۆتنبێرگ ئوستادی قانون و زانیاریە سیاسیەکان لە زانکۆی ڤیەنا، کەوەکو یەکەمین بەرێوەبەری دەست نیشان کرا. بەئاشکرا جۆرێک لە سۆزی بۆ مارکیسیزم دەردەبرێ و دژایەتی خۆی بۆ سیستمە کۆمەڵایەتی و ئابوریەکە ئاشکرا دەکات. بەڵام دەڵێ: ئەو سۆزەی بۆ مارکسيزم بەواتا حیزبیەکە نییە، بەڵکو بەواتا زانستیە ئەکادیمیەکەیە. ماوەی سەرۆکایەتی ئەو بۆ پەیمانگاکە کە بەقۆناغی یەکەم ناو دەبرێ، لە 1929 دا کۆتایی دێت. قۆناغی دوووەم لە سەرۆکایەتی (هۆرک هایمر)ەوە دەست پێدەکا و جیا لەقۆناغی یەکەم کە بە مارکیسزمی سەلەفی درابووە قەڵەم، بەقۆناغی کامڵ بوونی پەیمانگاکە ناودەبرێت. هەرچەندە هۆرکهایمەر نکوڵی لەوە نەبوو کە لەرووی تیۆریەوە پرۆژەی پەیمانگەکەی ماتریالیزمی مێژووییە، بەڵام لەووتاری دەستبەکاربونیدا لە پەیمانگەکە کە بەناونیشانی (حاڵەتی ئێستای فەلسەفەی کۆمەڵایەتی و ئەرکەکانی پەیمانگەی لێکۆڵینەوەی کۆمەڵایەتی) فەلسەفەی کردە بابەتی سەرەکی تیۆری رەخنە ئامێزی کۆمەڵایەتی. شایەنی ووتنە ئەو گۆرانکاریانەی کە بەسەر تێڕوانینی مارکسیانەی پەیمانگەکەدا هێنای گۆرانکاری بنەرەتی نەبوون، بەڵکو پلە بەپلەیی بوو. بەپێچەوانەوە ئەو پارێزگاری لە زۆربەی گریمانە مارکسیەکانی بەرێوەبەری پێشو دەکرد. بەڵام لەگەڵ گۆرانکاریەکی وورد وەکو بەدەستی جەراحێکی شارەزا کرابێت، بۆ نموونە ئەو دەیگوت راست نییە بوترێ ئابوری تەنیا واقیعی هەقیقیە. ئەو بەتەنیا گرنگی بەلایەنی فەلسەفی نەدا، بەڵکو گرنگیەکی زۆریشی بە لێکۆڵینەوە دەرونیەکان دا، بەتایبەتی شیکاریە دەرونیەکانی فرۆید و جارێکی کە خوێندنەوەیان بۆ دەقی فرۆیدی لەبەر رۆشنایی گۆرانکاریەکانی کۆمەڵگەی پیشەسازی کرد، و هەروەها کاریگەری نیشانەکانی حەزو هەڵچونی لاشعوری و پێگەی جنس لەمیکانیزمە نوێکانی جوڵاندنی حەز و پەیوەندی بە پرۆسەی بەرهەم هێنانەوە هەروەها لەو واتا نوێیانەی کە خۆشەوسیتی خۆی تیا بەرجەستەدەکات. بەو شێوەیە رابەرانی قوتابخانەی فرانکفۆرت، شیکاری دەرونیان کرد بەپەیرەوێک بۆ لێکۆڵینەوە لە کێشەکانی تاک، کە لەکۆمەڵگەی سەرمایەداریدا سەری هەڵدا.
قوتابخانەی فرانکفۆرت پەنای بۆ ئەو پەیرەوە برد کە باوەڕی بە فرەیی (تعدد) بەشەکانی زانست و مەعریفەت هەیە، و بەردەوام بۆ پێوەرە نوێکان و رەخنەی ریشەیی لەپێناوی پێکهێنانێکی کۆمەڵگەیەکی عەقلانی (مەبەسەت ئەقڵی مەوزوعی رەخنگر) دەگەرا، ئەو قوتابخانەیە چەند دۆزێکی ووروژاند، گرنگترینیان تێروانین بۆ فەلسەفەی کلاسیکی (کانت و هیگل) بەجۆرێک کە تەقلیدی و ئایدیالیستیەو چیتر دەرقەتی تێگەیشتن و شیکاری بۆ کۆمەڵگە سەرمایەداریە نوێکان نایەت، و ناتوانێ بەرەنگاری کێشەکانی کۆمەڵگا ئەوروپی و رۆژئاواییەکان ببێتەوە. بۆیە دەبێ زانستە کۆمەڵایەتیەکان جێگەی فەلسەفە بگرێتەوە. هابرامس داوای کرد کە دەبێ فەلسەفە ووردترو زانستیتر بێت، و بەرگی شێوە تەجریدیەکەی کە لەمەتەڵ دەچێت داماڵێت، و لە زانستە ئینسانیەکان و کۆمەڵایەتیەکانی وەکو ئەنثرۆپۆلۆجیا (زانستی مرۆڤ) و زانستەکانی ئابوری و کۆمەڵناسی و دەرونی وشیکاریی دەرونی نزیک ببێتەوە. بەوشێوەیە قوتابخانەی فرانکفۆرت ویستی فەلسەفە لەبورجە عاجیەکەیەوە بێنێتە خوارەوە بۆ ناو ژیانی واقیعی و خەمە سیاسیەکانی مرۆڤ و کۆمەڵگە.
ئەوەش وای کرد کە فەیلەسوفەکانی فرانکفورت بانگەشە بۆ ئاراستەیەکی چەپگەرایی مارکسی بکەن و رەخنەیان لە کۆمەڵگە رۆژئاواییە سەرمایەدارەکان دەگرت و ئەقڵ و ئەقڵانیەتیان بە مەحز ئامرازێک (وەسیلەیەک) دادەنا، بەڵام هابرماس گوتی: نابێ فەلسەفەو عەقڵانیەتی رۆشنگەری( تەنویری) بەبیانوی ئەوەی کە ئەوروپای گەیاندۆتەوە فاشیزم و نازیست (تەجاوەز) بکەین. ئەوەی کەدەبێ تێی بپەڕێنین فەلسەفە خۆی نییە، بەڵکو ئەو ناسازییەیە کەلەنێوانی فەلسەفەو زانستدا هەیە.
زۆر لە ڕووداوی مادی کاریگەریان لەسەر قوتابخانەی فرانکفۆرت هەبوو، لەوانە هەڵایسانی جەنگی جیهانی یەکەم و بەرپابوونی شۆڕشی بەڵشەفی و نوشست هێنانی شۆڕش لەئەڵمانیا و بەئاکام نەگەیشتنی بزوتنە سۆسیالیزمە رادیکاڵەکان لەئەوروپای رۆژئاوا و دەرکەوتنی ستالینیزیم لە یەکێتی سۆڤیەت و سیستمە فاشی و نازیەکان لە ئیتالیاو ئەڵمانیا و هەیمەنەتی سیستمی سەرمایەداری و بەهێز بوونی توانا ئابوری و ئایدۆلۆجیەکانی و، بەتایبەتی دوای دەرچونی لە قەیرانە ئابوریە بەهێزەکەی کە لەسیەکانی سەدەی بیستەمدا توشی هات. هەروەها ئەو قەیرانە ئابوری و کۆمەڵایەتی و دەرونیەی کە بەهۆی مردن و ێرانکاریەکانی جەنگی جیهانی یەکەمەوە دروست بوون و، لەدایک بوونی یەکەم دەوڵەتی سۆسیالیزم لەئەوروپا ساڵی 1917 دامەزراندنی کۆماری فایمار ساڵی 1919. ئەمانە چەندین دابەشبوونی سیاسیان لە ریزەکانی چەپی ئەوروپیدا دروست کرد، کاریگەری گەورەیان لەسەر دروست بوونی ئەو قوتابخانەیە هەبوو. هەژموونی فکری سەرمایەداریی لیبرالیزم بەسەر فەلسەفەی رۆژئاوادا، بۆ ماوەیەکی درێژ مرۆڤی کرد بە کاڵایەک یان شتێک کەبە هۆیەوە ئامانجەکانی خۆی بێنێتە دی بۆیە تاکی لە سەروی کۆمەڵگەو دەوڵەتەوە دانا.
وەکو کاردانەوەیەک بۆ ( استغلال) ی بۆرجوازیی کە دەستی بەسەر سەرمایەدا گرتبوو، بزوتنەوەی شیوعیەت و ئاراستەی سۆسیالیزم دروست بوو، کە دەوڵەتی کرد بە خاوەنی سەرمایە و مڵکداری شەخسیی. ئاکامەکەی ئەمەیش غیابی تاکی لێکەوتەوە، ئازادیەکانی پێشێل کران و مڵکەکەی لێ زەوت کرا وای لێهات لەدەوڵەتێکدا کە کرێکار بەرێوەی دەبا توشی ئیغتیرابێکی( نامۆ بوون) دیکە ببێ. دەڵێن ئەم هۆکارانە وای کرد کە ئەو قوتابخانەیە وەکو کاردانەوەیەک بۆ پاشاگەردانیەکەی فیکری لیبرالیزم و ئاراستەی سەرمایەداری و ئەو چەق بەستنەی (جمود) کە شیوعیەت دروستی کرد، لەدایک ببێ. ئەو قوتابخانەیە هەر لەو کاتەوە تأکیدی لەسەر پوچەڵی ئەو بەڵێنەی کە درابوو دەکرد، کەوا پێشکەوتنێکی بێسنوور لەئاکامی کۆنترۆڵکردنی سروشت و فرەیی مادی و ئەوپەڕی بەختەوەری و ئازادی تاکە کەسی بێقەیدو شەرت، کە خەونی نەوەکانی سەرەتای سەدەی پیشەسازی و (تەنویر) رۆشنگەری بوون دێتەدی. بەپێجەوانەوە مرۆڤ بو بە دانێک(دیش) لە ئامێری بیرۆکراسی و سیستمی ئابوری و حکومەتەکان و دەزگا راگەیاندنەکانیان، کە ئاراستەی هەست و فکرو زەوقی دەکەن و لەبری هێنانە دی بەختەوەری، کۆمەڵگەی سەرمایەداری مرۆڤی نامۆ کرد لەوەش زیاتر لە مرۆڤایەتی دەرچوو و بوو بە شتێک بێ هەست و ئیرادە.
نوسەرو فەیلەسوفی ئەڵمانی (ئەمەریکی) هربرت مارکوز کەیەکێک بوو لەکۆڵەکەکانی قوتابخانەی فرانکفورت، و دواتر بەهۆی هاتنی نازیەکان بۆ سەرحوکم و داخستنی قوتابخانەی فرانکفورت کە تۆمەتبار دەکرا بەوەی تەوجوهێکی مارکسیانەی هەیە، لەئەڵمانیاوە چو بۆ سویسراو لەوێوە بۆ ئەمەریکا. لەکتێبی مرۆڤی تاک رەهەندا کە ساڵی 1964 نوسیویەتی: رەخنەیەکی بەر فراوان لەهەردوو سیستمی سەرمایەداری هاوچەرخ و کۆمەڵگەی شیوعی یەکێتی سۆڤیەت دەگرێت و بەبەڵگەوە بەرزبونەوەی هاو تەریبی شێوە نوێکانی چەوساندنەوە لەهەردو کۆمەڵگەکەیا تۆمار دەکات. هەروەها لاواز بوونی گیانی شۆرشگێرانە لە رۆژئاوا. ئەو دەڵێ: کۆمەڵگەی پیشەسازی پێشکەوتوو پێداویستیە نا هەقیقیەکانی خولقاند و بە بەکارهێنانی ئامرازەکای راگەیاندن و ریکلام و ئیدارەی پیشەسازی و شێوەکانی بیرکردنەوەی هاوچەرخ وای کرد، تاکەکان کرد بچنە پاڵ سیستمی ئێستای بەرهەمهێنان و بەکار بردن. ئەوەش عالەمێکی تاک رەهەندی بۆ بیر و هەڵسوکەوت دروست کرد، کە ئامادەیی و توانای بیر کردنەوەی رەخنە گرانە و بەرهەڵستکاری بۆ ئەو دۆخە لاواز کرد. مارکۆز هانی قبوڵ نەکردن (رەفز)ی سەرتاسەری لەکتێبەکەیدا دەدا و ئەوە بە تاکە بەرهەڵستکاری دادەنێ بۆ شێوەکانی دەست بەسەراگرتنی گشتگیر (شامل) لەلایەن سەرمایەداریەوە. هەروەها شیکاری بۆ چینی کرێکاری پیشەسازی لەکۆمەڵگەی سەرمایەداریدا، و شێوە نوێکانی جێگیربوونی سەرمایەداری وادەکا، گومان لە بەڵگە نەویستەکانی مارکسیزم کە باس لە شۆرشی پرۆلیتاریا و نوقڵانەکەی بۆ حەتمیەتی قەیرانی سەرمایەداری دەدا بکات. بەپێجەوانەی مارکسیەتی (ئەرتۆدۆکسی) سەلەفی، مارکۆز پشت بە هێزە پەرتەوازە کەمینەکان و هەروەها نوخبەی رۆشنبیری رادیکاڵ، وەکو هەوڵێک بۆ جۆشدانی بیرو هەڵسوکەوتی بەرهەڵستکار لە رێگەی هاندانی بیرکردنەوەی بەرهەڵستکاری و رادیکاڵی نەیار دەبەستێت. ئەو دەڵێ بیرۆکراسی لەو وڵاتانەی گوایا مارکسین، هەر وەکو ئەوانەی کە سەرمادارین دژ بەئازادیە. هەر لەو کتێبەیدا دەڵێ: رۆڵی مێژوویی چینی بۆرجوا و کرێکار پێکەوە کۆتاییان پێهات. تەنها یەک هێزی پەنهان و زاڵ هەیە کە حوکمی رێرەوی ئەو دوو چینە دەکات، ئەویش عەقڵانی زانستی تەکنیکیە. چینێک نەماوە بەرهەڵستکار بێت، چینی کرێکاریان لەرێگەی رازی کردنی بەهەندێک دەست خۆشانەی مادی بەکاربەرەوە ( استهلاکی) (ئیستیعاب) لەخۆ گرتووە، ئەم بیرو باوەڕەی مارکۆز بەدەمەوە چونێکی خێرای لەکۆتاییەکانی شەستەکاندا لەئەمریکاو ئەوروپا بەخۆیەوە بینی و خوێندکاران لەو ووڵاتانە دەستیان کرد بە پرۆتستۆکردنی سیستمی سەرمایەداری.
هوکهایمرو ئەدرنو رەخنەیان لە کۆمەڵگەی بۆرجوازی هاوچەرخ دەگرت، گوتیان عەقڵانیەت تەوەجوهێکی زانستی لەگەڵدایە کە زاتی مرۆڤ مەحو دەکاتەوە، مرۆڤ لەکۆمەڵگەی بۆرجوازیدا دەستەمۆ کراوە. ئەوەش ئاکامی شارستانی مرۆڤ و پێشکەوتنی پیشەسازیە، هەروەها سۆسیالیزمیش هەمان رۆڵ دەبینێت. لەکتێبەکەیاندا بەناوی (جەدەلی رۆشنگەری) عەقڵیان کرد بە دووبەشەوە:
یەکەم/ (عەقڵی بابەتی، مەوزوعی، یان رەخنەگر) و جۆریی.
دووەم/ (ئەقڵی ئامێری تەکنیکی وەیان شکلی، زاتی).
ئەوان دەڵێن ئەقڵی رەخنەگر مافی رەفز کردنی لەلایەن دەسەڵاتەوە لێ زەوت کراو بۆ بەرژەوەندی خۆی ئیحتیوای کرد و بە تێپەربوونی ساڵان ئەقڵی مەوزوعی رەخنەگر پاشەکشێی کردو مەیدانەکەی لەبەر بەژەوەندی عەقڵی ئامێری پێ جێهێڵرا، چونکە ئەقڵی ئامێری (میکانیکی) هیچ بایەخێک بە بەها ئەخلاقیەکان نادا تەنیا یەک مەسەلەی لاگرنگە ئەویش گەران بەدوای باشترین ئامرازو رێگادا بۆ جێبەجێکردنی بیرۆکەیەک بەبێ گوێدانە ئاکامە ئەخلاقیەکانی لەسەر مرۆڤ.
دوای ئەو مارکۆز ئەم بیرو بۆچونەی برەوپێدا و، ئەو وای دەبینی کە هونەرو هەموو چالاکیەکی داهێنەر لەدەرەوەی ریزبەندی چینەکاندایە. زیاتر دەڵێ: کۆمەڵگەی پیشەسازی کۆمەڵگەیەکی تاک رەهەندە، بەو واتایەی کە هەموو چینەکان تیادا لەیەک دەچن بۆیە هیچ چێنێک لەو چینانە ناتوانێ شۆڕشگێر بێت. ئەو وای بۆ دەچێ کە چینی کرێکار بەجۆرێک لەگەڵ سەمایەداریدا یەکانگیر بوون کە کۆتاییەو جیابوونەوەیان مەحاڵە. بەڵام ئەو هێزەی ئامادەی شۆڕشە لەکۆمەڵگەی پیشەسازیدا، لەو توێژانە پێک دێت کە لەدەرەوەی چینەکانی کۆمەڵگەن واتا لێی دابراون ئەوەی لەوەشدا یارمەتی دەدا، خوێندکار و رۆشنبیرەکانە. دەڵی نابێ رۆشنبیر لەبورجە عاجیەکەیدا بمێنێتەوە دەبی بێتە خوارەوەو بۆ ناو جەنجاڵی واقیع و کێشەکانی.
لەقۆناغی یەکەمی بانگەشەی تیۆری رەخنەگرانەی قوتابخانەکەدا، رەخنەکان ئاراستەی گۆمەڵگەی پیشەسازی و سیستمە تەکنوکراتەکەی بوو. ئەوەش بەشێک بوو لە خەبات دژی سەرمایەداریی و هەروەکو لەتیۆریەکەی مارکس داهاتبوو، وایان دەزانی تەقاندنەوەی ئەو ناسازیانە سۆسیالیزم دە‌ێنێتە کایەوە.
بەڵام لەقۆناغی دووەمیداو دوای سەرکەوتنی نازیەت کە قۆناغی مەنفایە، گرنگیان بە رەخنەگرتن لەسیستمە سیاسی و سەقافیەکان داو، رووی خۆیان لە بیرۆکەی ململانێی چینایەتیەوە کە واتای خۆی بەهۆی لەخشتە بردنی هوشیاری چینی کرێکارەوە وون کرد. گەیشتنە کۆ دەنگی ئەوەی کە ململانێی چینایەتی و ناسازی کۆمەڵایەتی، دەبێ سەرەتا لەسەر ئاستی فکر بەهۆی رەخنەو رەخنە لەخۆگرتنی بەردەوامەوە چارەسەر بکرێت، نەک بەو رێگا کلاسیکیانەی کە مارکسیزم دیاری کردبوون، ئەوان دەیان گووت ئەمە رەتدانەوەی مارکسیزم نییە، بەڵکو تێگەیشتنێکی نوێیە لەبەر رۆشنایی بارو دۆخی کۆمەڵگەی پیشەسازی نوێ کەوای کرد کۆمەڵگە نامۆ بێت.
هەر بۆ نمونە ئەوان لەرەخنەیاندا سەبارەت بە مارکسیزم و دۆگمای ستالینی ( دەمارگیری بۆ بیروباوەڕێک بەجۆرێک کە هەموو رایەکی موخالیف رەت دەکاتەوە) لێکدانەویەکی زیرەکانەیان هەبوو. ئەوان دەڵێن: لای مارکس هۆشیاری کۆمەڵایەتی ئەبێ بەدووبەشەوە:
1- شێوەکانی هۆشیاری ئایدۆلۆجی.
2- شێوەکانی هۆشیاری(مەوزوعی) بابەتی. کە دەکاتە ( زانستەکان، فەلسەفە کە تێۆریەکی بابەتی تەرح دەکا هەروەکو مارکسیزم کە جەخت لەسەر شیکاری ئابوری و مێژووی دەکا، واتا پشتی دەگرێ و بەهاکەی بەرز رادەگرێت).
ئەوەی تیۆریە رەخنەئامێزە بەکێشەی دادەنا لەم تەرحەدا، ئەوەیە کە مارکس تأکید لەوە دەکاتەوە کە هیچ مەعریفەتێک بێ بەرژەوەندی نابێت، بەواتا هەر مەعریفەتێک زانستی بێت یان ئایدۆلۆجی مەرجدارە بەوەی کە دەبێ بەرژوەندیەکی لەدواوە بێت و لەپێناوی چەن بەهایەکی دیاری کراودا داکۆکی لێبکات. بەڵام مارکس لەتیۆریەکەیدا تەنها ئاماژە بە بەرژەوەندی گەلێکی کۆمەڵایەتی دەدا کە بەتایبەتی دەبینێت، وەکو بەرژەوەندی چینایەتی( بەرژەوەندیەکانی قازانج و ئامرازەکانی بەرهەم هێنان). بەپێی مارکس ئەمانە مەرجی پێویستن هیچ گۆرانکاریەک بێ ئەمانە روونادات. بۆیە گریمانەی تیۆری بەرژەوەندیە کۆمەڵایەتیەکان دادمان نادات لەتێگەیشتنی گواستنەوە لە هوشیاری ئایدولۆجی بۆ هۆشیاری مەوزوعی. سەرەرای ئەوە زانست و فەلسەفە کۆکن لەسەر ئەوەی بەرژەوەندی گشتی (کەونی) هەیە، واتا ئەو بەرژەوەندیە بەدەر لەوەی کە هی چینەکەی خۆیەتی یان نا، شتێکی ماقول دەبێ بۆ تاک واتا بەرژەوەندیەک هەیە کە سەرو بەرژەوەندیەکانی چینێکی دیاری کراو بێت و ماقوڵ بێت. ئەم خوێندنەوەیە مارکس و ئەنجلز خۆیان دەگرێتەوە، چونکە ئەوان کە لەکاتێدا سەر بە چینی بۆرجوا بوون، بەڵام تەرحەکەیان ئاراستەی چینێکی کە بوو واتا لەبەرژەوەندی چینێکی کەبوو. لێرەوە دەتوانین بڵێن کە مەعریفەت هەمو کاتێک لەپێناوی بەرژەوەندیەکدا دروست نابێ. خۆ ئەگەر وای دابنێین کە تیۆریەکەیان مەوزعیە ئەوەش دەبێتە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە بەرژەوەندی چینایەتی جۆری هوشیاری دیاری ناکات.
هۆرکهایمەرو هەڤاڵانی لەقوتابخانەی فرانکفۆرت کۆک بوون لەسەر ئەوەی کە تێوری رەخنەئامێز بکەن بە بیرۆکەی مەرکەزیان، دەیان گووت لەسەرمانە بێ ووچان رەخنە لەکۆمەڵگە بۆ کوشتنی مەفاهیمە تەقلیدیەکانی بگرین.
مارکۆزە کە بەباوکی چەپی نوێ ناودەبرێ دەڵێ: مرۆڤ لەسەر هەق دەبێ کەباسی شۆرشی ڕۆشنفکریی بکا، ئەگەر رەخنەکە ئاراستەی سەرانسەری دامەزراوە کۆمەڵایەتیەکە بێت بە ئەخلاقیشەوە. ئەو رێگەیەی کە لە سەرمانە بیگرینە بەر رێگەی هەڵوەشاندنەوەیەکی خێرایە کە هەموو لایەنەکان بگرێتەوە.
لەشەستەکانی سەدەی پێشودا تیۆریە رەخنە ئامێزەکەی قوتابخانەی فرانکفۆرت، بوو بەسەرچاوەی ئیلهام بۆ چەپەکانی ئەوروپاو ئەمەرێکای باکور، پێکەوە لە ژێر چەتری چەپێکی نوێدا کە رێبازی نوێ بۆ شۆڕش و روخاندنی سەرمایەداری بەکاردێنێ.
زۆر بزوتنەوەی جۆراو جۆر دروست بوون لەوانە عەدالەتی کۆمەڵایەتی، و ژنان، و پێشکەوتووخوازە نوێکان، و پۆست کۆلۆنیالیزمم. ئەمانە هەموو سەر بە مارکسیزمی سەقافی بوون.
جیاوانی نێوان مارکسیزمی سەقافی(کلتوری) و کلاسیکی یان چەپی کۆن و نوێ ئەوەیە کە مارکسیزمی کلاسیکی باس لە کێشەی چینایەتی نێوان بۆرجوا و پرۆلیتاریا دەکا، ئەوانەی هەیانەو ئەوانەی نیانە. بەڵام مارکسیزمی سەقافی وای بۆ دەچی کە ئەو کێشەیە لەنێوان زاڵمەکان و زوڵم لێکراواندایە، ئەوانەی ئیمتیازاتیان هەیەو ئەوانەی نیانە. دەستەواژی کەمینەکانی خستە جێی دەستەواژەی چینی کرێکار و ململانێی رەگەزیی(عنصری) خستە جێی ململانێی چینایەتی.
ناکرێ رۆڵی یان کاریگەری فیکری رۆزا لکسمبوگ ئەگەر بەشێوەیەکی ناراستەوخۆش بێت لەسەر بیرمەندان یان ئاراستەی ئەو قوتابخانەیە فەرامۆش بکەین.رۆزا بیرمەندو فەیلەسوفێکی بەرەچەڵەک پۆڵەندی بوو دواتر رەگەزنامەی ئەڵمانی وەرگرت، سەرەرای رەخنەکانی لەسەرمایەداری و خەبات لەپێناوی سەرکەوتنی کرێکاردا کە گیانی خۆی لەپێناودا دانا، رەخنەی توندیشی لەسەر تیۆریەکەی لینین گرت کە دەیگوت حیزبی شیوعی ئامرازی دەستی پرۆلیتاریایە بۆ بەدیهاێنانی دیکاتۆریەتی پرۆلیتاریا. بنەمای رەخنەکەی ئەو ئەوەبوو کە ئەو کارە پرۆسەی دیموکراسی وێران دەکات کە بەتاکە رێگەی دادەنابۆ بەدیهێنانی حوکمی پرۆلیتاریا واتا ئەو باوەڕی بەسەپاندن نەبوو، بەڵکو بە حوکمی زۆرینە کە تاکە رێگای بۆ گەیشتن بەو ئامانجە، میکانیزمی هەڵبژاردنە. ئەو دەیگوت ئازادی نابێ تەنها بۆ سەرکردایەتی و ئەندامانی حیزب بێت، دەبێ بۆ رای موخالیفیش بێت. ئەمەیش وەکو لای سەرەوە ئاماژەمان پێدا پێچەوانەی تەرحەکەی لینینە کە بانگەشەی بۆ دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا دەکرد.
خۆلاسەی ئەم باسە دەکرێ بڵێین مارکسیزمە مەبدەئیەکەی قوتابخانەی فرانکفۆرت لەسەر رەخنە لەو پەیوەندیە نامۆیانە درست بووە کە بوونەتە هۆی نامۆ بوونی مرۆڤ، لە کۆمەڵگە سەرمایەداریە پیشەسازیەکان کە لەسەر شمولیەت و عەقڵانیەتی (تەکنیکی و کارگێری) هەڵدەستێ، و ئیدعای پێشکەتن خوازی و رۆشنگەریان دەکرد و شانازیان بە کۆنترۆڵکردنی سروشت و مرۆڤایەتی بەیەکەوە لە رۆژهەڵاتی شیوعی و رۆژئاوای سەرمایەداری دەکرد. ئەوان سەرمایەداریان بە کارەسات دەزانی و بە گابەردێک لەرێگەی هەر ژیانێکی مرۆڤیی رەسەنداو دەیانگوت هیواکانی بەژیانێکی ئازادو بەختەوەر دەکوژێت بۆیە هەر کارێکی ئیسلاحی بەپێی ئەوان بێهودەبوو بۆ گۆڕینی ئەو سیستمەو داوای شۆڕشی سەرتاسەریان دەکرد دژی بە بت کردنی کاڵاکانی و عەقڵانیەتەکەی و ئیدعای رۆشنگەریەکەیی. ئەوان واتا بیرمەندانی قوتابخانەی فرانکفۆرت بەوە تأکیدیان لەسەر مارکسی بوونی خۆیان دەکردەوە کاتێک باسیان لەنامۆ بوونی مرۆڤ لەو سیستمانەدا دەکرد، پشتیان بەستبوو بە دەستنووسە فەلسەفی و ئابوریەکانی مارکس کە لەکاتی لاوێتیدا لەپاریس ساڵی 1844 نوسیبوونی و، سەرەتای سەدەی بیستەم دۆزرانەوە. باسی لەنامۆ بوونی مرۆڤ لە کۆمەڵگە سەرمایەداریەکاندا دەکرد.

ماذا تعرف عن مدرسة فرانكفورت ؟ – عبير الأطرش
مدرسة فرانكفورت- احمد محمد علی
ماركس ومدرسة فرانكفورت: من حلم الثورة إلى هاجس النقد. ربوح البشیر
حماد حسن، النظرية النقدية لمدرسة فرانكفورت
عبدالغفار مکاوي ..النظرية النقدية لمدرسة فرانکفورت