حەسەن بارام: کوردستان تەنھا موڵکی خەڵکەکەیەتی.. نەک ئەم حیزب و ئەو حیزب.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ماوەیەکە ھەندێک ئەندام پەرلەمان و بەرپرس و کادرە مشەخۆرەکانی ئەم حیزب و ئەو حیزبەڵۆکەـ زۆر بێشەرمانە و دوور لەھەموو بەھاو ڕێزێک، کەوتونەتە لێدوان و چاوپێکەوتنی ھەلەق و بەلەقەوە، بەناوی حیزب و پۆستەوە، ڕۆژانە بێ ئاگا لە ئەرک و پیش و ئیتکی قسەکردن، سەرقاڵی موزایەدەن بەناو کورد و کوردستانەوە.
ھەندێکیان بانگەشە بۆ ھەڵوەشاندنەوەی ئەم ھەرێمە دەکەن و ھەندێکی ئیزنی بەشێکیتر دەدات و ئەڵێت: ئەگەر ئەم واقیعە تاڵە سەپاوەتان بەدڵ نیە بچن لەدەرەوەی ھەرێم بژێن، لەلایەکیترەوە ھەروا حیزبە و ماف بەخۆی دەدات بچێت لەگەڵ داگیرکەران ڕێککەوتن بکات و ھەڕاجی ئەم نیشتیمانە بکات!
ئەرێ دەپرسم ئێوە کێن و بەنیازن ئەم ھەرێمە چی لێ بکەن؟ ئەرێ خیانەت و براکوژی و تاڵانكردنی سامانی ئەم وڵاتە و دەست تێکەڵکردن لەگەڵ دوژمن و داگیرکەران بەس نیە؟ ئەرێ ھەڕاج کردنی کوردستان و بەتاڵانکردنی بەس نییە؟ ئەرێ برسیکردن و بێ موچەکردنی خەڵکی خێر نەدیوی ئەم ھەرێمە بەس نییە؟
ئێستایش ھاتون و لێرە و لەوێی وەکالەتان داوە بەکادرە مشەخۆرەکانتان تاکو سوکایەتی زیاتر بکەن و لەبەرانبەر دەنگی ناڕازی خەڵکدا تۆمەت بفرۆشنەوە بەدەنگی ھەق و ڕاستی!
ئاخر لەکوێی دونیادا فەرمانڕەوایەتی و ڕێبەرایەتی و دەسەڵاتدارێتی وەک ئەمەی ئێوە ھەیە، جا بەوەشەوە ناوەستن و وەک ئەوەی ئەم کوردستانە تاپۆی ھەندێکتان بێت، وا خەریکە بەڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، سەرەتا بەگوتار و ئینجا بەکردەیی کار بۆ ئەوە دەکەن ئەوەی وەکو ئێوە بیر نەکاتەوە، لەم ھەرێمە تەرحیلی بکەن، ئاخر ئەگەر سیاسەتی ھەڵە و شکستخواردوی حیزبگەلێک و ھەندێک بەناو سیاسی و فەرمانڕەوا نەبوایە، کێ ھەیە لەنیشتیمانی خۆی وەڕەس و بێزار بێت؟
وریا بن ئەم نیشتیمانە تاپۆ و ویراسەی ھیچ حیزب و کەسایەتیەک نییە، بەڵکو موڵک و تاپۆی خەڵکەکەیەتی، بیستومانە خائین و تاڵانچی و دز و گەندەڵ وڵات بەدەر دەکرێن، بەڵام گەل لەسەر ئەم نیشتیمانە ھەر بەزیندووێتی دەمێنێتەوە، ئەگەر برسی و بێ پارە و حاڵیش بێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت