خالید مەجید فەرەج: قوتابخانەی فرانکفۆرت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە بیستەکانی سەدەی ڕابردوودا لەبار و دۆخێکی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی ئەو کاتەی ئەڵمانیای پێدا تێپەڕ دەبوو، قوتابخانەیەکی فەلسەفی کە ڕێبازی ڕەخنەگەری کردبوو بە بەرنامەی کار و فیکری خۆی، لەسەر دەستی پۆلێک لە فەیلەسووف و ئەکادیمییەکانی ئەو دەمەی ئەڵمانی و غەیری ئەڵمانیدا دروست بوو. بۆیە ئەو ناوەشی لێ نرا، چونکە پەیمانگای لێکۆڵینەوەکانی کۆمەڵایەتی لە فرانکفۆرت کردبوو بە ناوەندی خۆی و تا ساڵی 1968 بەردەوام بوو. ساڵی 1932 گۆڤارێکی بەناوی ( لێکۆڵینەوە کۆمەڵایەتیەکان) کە زمانحاڵی قوتابخانەکە بوو دەرکرد. دەڵێن فەزڵی سەرەکی دروست بوون و ئیدامە و کڕینی پێداویستی و هەتا مووچەی فەرمانبەرانیشی بۆ (فلیکس ج. فایل) ی مارکسی جولەکە دەگەڕێتەوە، کە کوڕی پیاوێکی بازرگان بوو، لە ئەرجەنتینەوە هاتبوون بۆ ئەڵمانیا بڕوانامەی دکتۆرای لە و وڵاتە هێنابوو.
لە یەکەم گوتاریدا و بەبۆنەی کردنەوەی پەیمانگاکە، کارل گرۆتنبێرگ ئوستادی قانوون و زانیارییە سیاسییەکان لە زانکۆی ڤیەنا، کەوەکو یەکەمین بەڕێوەبەری دەست نیشان کرا. بەئاشکرا جۆرێک لە سۆزی بۆ مارکسیزم دەردەبرێت و دژایەتی خۆی بۆ سیستەمە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکە ئاشکرا دەکات. بەڵام دەڵێت: ئەو سۆزەی بۆ مارکسیزم بە واتا حیزبییەکە نییە، بەڵکوو بە واتا زانستییە ئەکادیمییەکەیە. ماوەی سەرۆکایەتی ئەو بۆ پەیمانگاکە کە بە قۆناغی یەکەم ناو دەبرێت، لە 1929 دا کۆتایی دێت. قۆناغی دووەم لە سەرۆکایەتی (هۆرک هایمر)ەوە دەست پێ دەکات و جیا لە قۆناغی یەکەم کە بە مارکسیزمی سەلەفی درابووە قەڵەم، بە قۆناغی کامڵ بوونی پەیمانگاکە ناو دەبرێت. هەرچەندە هۆرکهایمەر نکۆڵی لەوە نەبوو کە لەڕووی تیۆرییەوە پرۆژەی پەیمانگاکەی ماتریالیزمی مێژوویییە، بەڵام لە وتاری دەستبەکاربوونیدا لە پەیمانگاکە کە بە ناونیشانی (حاڵەتی ئێستای فەلسەفەی کۆمەڵایەتی و ئەرکەکانی پەیمانگای لێکۆڵینەوەی کۆمەڵایەتی) فەلسەفەی کردە بابەتی سەرەکی تیۆری ڕەخنە ئامێزی کۆمەڵایەتی. شایەنی گوتنە ئەو گۆرانکاریانەی کە بەسەر تێڕوانینی مارکسیانەی پەیمانگاکەدا هێنای گۆرانکاری بنەڕەتی نەبوون، بەڵکوو پلە بە پلەیی بوو. بەپێچەوانەوە ئەو پارێزگاری لە زۆربەی گریمانە مارکسیەکانی بەڕێوەبەری پێشوو دەکرد. بەڵام لەگەڵ گۆرانکاریەکی ورد وەکوو بەدەستی جەڕاحێکی شارەزا کرابێت، بۆ نموونە ئەو دەیگوت ڕاست نییە بگوترێت ئابووری تەنیا واقیعی هەقیقیە. ئەو بەتەنیا گرنگی بە لایەنی فەلسەفی نەدا، بەڵکوو گرنگیەکی زۆریشی بە لێکۆڵینەوە دەروونییەکان دا، بەتایبەتی شیکارییە دەروونییەکانی فرۆید و جارێکی کە خوێندنەوەیان بۆ دەقی فرۆیدی لەبەر ڕۆشنایی گۆرانکاریەکانی کۆمەڵگەی پیشەسازی کرد، و هەروەها کاریگەری نیشانەکانی حەز و هەڵچوونی لاشعوری و پێگەی جنس لە میکانیزمە نوێیەکانی جووڵاندنی حەز و پەیوەندی بە پرۆسەی بەرهەم هێنانەوە هەروەها لەو واتا نوێیانەی کە خۆشەویستی خۆی تێدا بەرجەستە دەکات. بەو شێوەیە ڕابەرانی قوتابخانەی فرانکفۆرت، شیکاری دەروونیان کرد بە پەیڕەوێک بۆ لێکۆڵینەوە لە کێشەکانی تاک، کە لە کۆمەڵگای سەرمایەداریدا سەری هەڵدا.
قوتابخانەی فرانکفۆرت پەنای بۆ ئەو پەیڕەوە برد کە باوەڕی بە فرەیی (تعدد) بەشەکانی زانست و مەعریفەت هەیە، و بەردەوام بۆ پێوەرە نوێیەکان و ڕەخنەی ڕیشەیی لەپێناوی پێکهێنانێکی کۆمەڵگەیەکی عەقلانی (مەبەست ئەقڵی مەوزوعی ڕەخنگر) دەگەڕا، ئەو قوتابخانەیە چەند دۆزێکی ورووژاند، گرنگترینیان تێڕوانین بۆ فەلسەفەی کلاسیکی (کانت و هیگل) بە جۆرێک کە تەقلیدی و ئایدیالیستیەو چیتر دەرەقەتی تێگەیشتن و شیکاری بۆ کۆمەڵگە سەرمایەدارییە نوێیەکان نایەت، و ناتوانێت بەرەنگاری کێشەکانی کۆمەڵگا ئەورووپی و ڕۆژئاواییەکان ببێتەوە. بۆیە دەبێت زانستە کۆمەڵایەتیەکان جێگەی فەلسەفە بگرێتەوە. هابرامس داوای کرد کە دەبێت فەلسەفە وردتر و زانستیتر بێت، و بەرگی شێوە تەجریدیەکەی کە لە مەتەڵ دەچێت دابماڵێت، و لە زانستە ئینسانییەکان و کۆمەڵایەتیەکانی وەکوو ئەنثرۆپۆلۆجیا (زانستی مرۆڤ) و زانستەکانی ئابووری و کۆمەڵناسی و دەروونی و شیکاریی دەروونی نزیک ببێتەوە. بەو شێوەیە قوتابخانەی فرانکفۆرت ویستی فەلسەفە لە بورجە عاجییەکەیەوە بهێنێتە خوارەوە بۆ ناو ژیانی واقیعی و خەمە سیاسییەکانی مرۆڤ و کۆمەڵگە.
ئەوەش وای کرد کە فەیلەسووفەکانی فرانکفۆرت بانگەشە بۆ ئاراستەیەکی چەپ گەرایی مارکسی بکەن و ڕەخنەیان لە کۆمەڵگە ڕۆژئاواییە سەرمایەدارەکان دەگرت و ئەقڵ و ئەقڵانیەتیان بە مەحز ئامرازێک (وەسیلەیەک) دادەنا، بەڵام هابرماس گوتی: نابێت فەلسەفە و عەقڵانیەتی ڕۆشنگەری( تەنویری) بە بیانووی ئەوەی کە ئەورووپای گەیاندۆتەوە فاشیزم و نازیست (تەجاوەز) بکەین. ئەوەی کەدەبێ تێی بپەڕێنین فەلسەفە خۆی نییە، بەڵکوو ئەو ناسازییەیە کەلەنێوانی فەلسەفە و زانستدا هەیە.
زۆر لە ڕووداوی مادی کاریگەریان لەسەر قوتابخانەی فرانکفۆرت هەبوو، لە وانە هەڵایسانی جەنگی جیهانی یەکەم و بەرپابوونی شۆڕشی بەڵشەفی و نوشست هێنانی شۆڕش لە ئەڵمانیا و بە ئاکام نەگەیشتنی بزووتنەوە سۆسیالیزمە ڕادیکاڵەکان لە ئەورووپای ڕۆژئاوا و دەرکەوتنی ستالینیزیم لە یەکێتی سۆڤیەت و سیستەمە فاشی و نازییەکان لە ئیتاڵیا و ئەڵمانیا و هەیمەنەتی سیستەمی سەرمایەداری و بەهێز بوونی توانا ئابووری و ئایدۆلۆجیەکانی و، بەتایبەتی دوای دەرچوونی لە قەیرانە ئابوورییە بەهێزەکەی کە لە سییەکانی سەدەی بیستەمدا تووشی هات. هەروەها ئەو قەیرانە ئابووری و کۆمەڵایەتی و دەروونییەی کە بەهۆی مردن و ێرانکاریەکانی جەنگی جیهانی یەکەمەوە دروست بوون و، لە دایک بوونی یەکەم دەوڵەتی سۆسیالیزم لە ئەورووپا ساڵی 1917 دامەزراندنی کۆماری ڤایمار ساڵی 1919. ئەمانە چەندین دابەشبوونی سیاسییان لە ڕیزەکانی چەپی ئەورووپیدا دروست کرد، کاریگەری گەورەیان لەسەر دروست بوونی ئەو قوتابخانەیە هەبوو. هەژموونی فکری سەرمایەداریی لیبرالیزم بەسەر فەلسەفەی ڕۆژئاوادا، بۆ ماوەیەکی درێژ مرۆڤی کرد بە کاڵایەک یان شتێک کەبە هۆیەوە ئامانجەکانی خۆی بهێنێتە دی بۆیە تاکی لە سەروی کۆمەڵگەو دەوڵەتەوە دانا.
وەکوو کاردانەوەیەک بۆ ( استغلال) ی بۆرجوازی کە دەستی بەسەر سەرمایەدا گرتبوو، بزووتنەوەی شیوعییەت و ئاراستەی سۆسیالیزم دروست بوو، کە دەوڵەتی کرد بە خاوەنی سەرمایە و موڵک داری شەخسیی. ئاکامەکەی ئەمەش غیابی تاکی لێکەوتەوە، ئازادییەکانی پێشێل کران و موڵکەکەی لێ زەوت کرا وای لێ هات لە دەوڵەتێکدا کە کرێکار بەڕێوەی دەبات تووشی ئیغتیرابێکی( نامۆ بوون) دیکە ببێت. دەڵێن ئەم هۆکارانە وای کرد کە ئەو قوتابخانەیە وەکوو کاردانەوەیەک بۆ پاشاگەردانییەکەی فیکری لیبرالیزم و ئاراستەی سەرمایەداری و ئەو چەق بەستنەی (جمود) کە شیوعییەت دروستی کرد، لە دایک ببێت. ئەو قوتابخانەیە هەر لەو کاتەوە تأکیدی لەسەر پوچەڵی ئەو بەڵێنەی کە درابوو دەکرد، کەوا پێشکەوتنێکی بێسنوور لە ئاکامی کۆنترۆڵکردنی سروشت و فرەیی مادی و ئەوپەڕی بەختەوەری و ئازادی تاکە کەسی بێ قەید و شەرت، کە خەونی نەوەکانی سەرەتای سەدەی پیشەسازی و (تەنویر) ڕۆشنگەری بوون دێتەدی. بەپێجەوانەوە مرۆڤ بوو بە دانێک(دیش) لە ئامێری بیرۆکراسی و سیستەمی ئابووری و حکومەتەکان و دەزگا ڕاگەیاندنەکانیان، کە ئاراستەی هەست و فیکر و زەوقی دەکەن و لەبری هێنانە دی بەختەوەری، کۆمەڵگەی سەرمایەداری مرۆڤی نامۆ کرد لەوەش زیاتر لە مرۆڤایەتی دەرچوو و بوو بە شتێک بێ هەست و ئیرادە.
نووسەر و فەیلەسووفی ئەڵمانی (ئەمریکی) هربرت مارکوز کەیەکێک بوو لە کۆڵەکەکانی قوتابخانەی فرانکفۆرت، و دواتر بەهۆی هاتنی نازییەکان بۆ سەر حوکم و داخستنی قوتابخانەی فرانکفۆرت کە تۆمەتبار دەکرا بەوەی تەوجوهێکی مارکسیانەی هەیە، لە ئەڵمانیاوە چوو بۆ سویسرا و لەوێوە بۆ ئەمریکا. لە کتێبی مرۆڤی تاک ڕەهەندا کە ساڵی 1964 نووسیویەتی: ڕەخنەیەکی بەر فراوان لە هەر دوو سیستەمی سەرمایەداری هاوچەرخ و کۆمەڵگەی شیوعی یەکێتی سۆڤیەت دەگرێت و بە بەڵگەوە بەرزبوونەوەی هاوتەریبی شێوە نوێیەکانی چەوساندنەوە لە هەرد و کۆمەڵگەکەیا تۆمار دەکات. هەروەها لاواز بوونی گیانی شۆڕشگێڕانە لە ڕۆژئاوا. ئەو دەڵێت: کۆمەڵگەی پیشەسازی پێشکەوتوو پێداویستییە نا هەقیقیەکانی خولقاند و بە بەکارهێنانی ئامرازەکانی ڕاگەیاندن و ڕیکلام و ئیدارەی پیشەسازی و شێوەکانی بیرکردنەوەی هاوچەرخ وای کرد، تاکەکان کرد بچنە پاڵ سیستەمی ئێستای بەرهەمهێنان و بەکار بردن. ئەوەش عالەمێکی تاک ڕەهەندی بۆ بیر و هەڵسوکەوت دروست کرد، کە ئامادەیی و توانای بیر کردنەوەی ڕەخنە گرانە و بەرهەڵستکاری بۆ ئەو دۆخە لاواز کرد. مارکۆز هانی قبووڵ نەکردن (ڕەفز)ی سەرتاسەری لە کتێبەکەیدا دەدا و ئەوە بە تاکە بەرهەڵستکاری دادەنێت بۆ شێوەکانی دەست بەسەردا گرتنی گشتگیر (شامل) لەلایەن سەرمایەدارییەوە. هەروەها شیکاری بۆ چینی کرێکاری پیشەسازی لە کۆمەڵگای سەرمایەداریدا، و شێوە نوێیەکانی جێگیربوونی سەرمایەداری وا دەکات، گومان لە بەڵگە نە ویستەکانی مارکسیزم کە باس لە شۆڕشی پرۆلیتاریا و نوقڵانەکەی بۆ حەتمیەتی قەیرانی سەرمایەداری دەدا بکات. بەپێچەوانەی مارکسیەتی (ئەرتۆدۆکسی) سەلەفی، مارکۆز پشت بە هێزە پەرتەوازە کەمینەکان و هەروەها نوخبەی ڕۆشنبیری ڕادیکاڵ، وەکوو هەوڵێک بۆ جۆشدانی بیر و هەڵسوکەوتی بەرهەڵستکار لە ڕێگەی هاندانی بیرکردنەوەی بەرهەڵستکاری و ڕادیکاڵی نەیار دەبەستێت. ئەو دەڵێت بیرۆکراسی لەو وڵاتانەی گوایا مارکسین، هەر وەکوو ئەوانەی کە سەرمایەدارین دژ بە ئازادییە. هەر لەو کتێبەیدا دەڵێت: ڕۆڵی مێژوویی چینی بۆرجوا و کرێکار پێکەوە کۆتاییان پێ هات. تەنیا یەک هێزی پەنهان و زاڵ هەیە کە حوکمی ڕێرەوی ئەو دوو چینە دەکات، ئەویش عەقڵانی زانستی تەکنیکییە. چینێک نەماوە بەرهەڵستکار بێت، چینی کرێکاریان لەڕێگەی ڕازی کردنی بە هەندێک دەست خۆشانەی مادی بەکاربەرەوە ( استهلاکی) (ئیستیعاب) لە خۆ گرتووە، ئەم بیر و باوەڕەی مارکۆز بەدەمەوە چوونێکی خێرای لەکۆتاییەکانی شەستەکاندا لە ئەمریکا و ئەورووپا بە خۆیەوە بینی و خوێندکاران لەو وڵاتانە دەستیان کرد بە پرۆتستۆکردنی سیستەمی سەرمایەداری.
هوکهایمرو ئەدرنو ڕەخنەیان لە کۆمەڵگەی بۆرجوازی هاوچەرخ دەگرت، گوتیان عەقڵانییەت تەوەجوهێکی زانستی لەگەڵدایە کە زاتی مرۆڤ مەحو دەکاتەوە، مرۆڤ لە کۆمەڵگای بۆرجوازیدا دەستەمۆ کراوە. ئەوەش ئاکامی شارستانی مرۆڤ و پێشکەوتنی پیشەسازییە، هەروەها سۆسیالیزمیش هەمان ڕۆڵ دەبینێت. لە کتێبەکەیاندا بەناوی (جەدەلی ڕۆشنگەری) عەقڵیان کرد بە دوو بەشەوە:
یەکەم/ (عەقڵی بابەتی، مەوزوعی، یان ڕەخنەگر) و جۆریی.
دووەم/ (ئەقڵی ئامێری تەکنیکی وە یان شکڵی، زاتی).
ئەوان دەڵێن ئەقڵی ڕەخنەگر مافی ڕەفز کردنی لەلایەن دەسەڵاتەوە لێ زەوت کراو بۆ بەرژەوەندی خۆی ئیحتیوای کرد و بە تێپەڕبوونی ساڵان ئەقڵی مەوزوعی ڕەخنەگر پاشەکشەی کردو مەیدانەکەی لەبەر بەرژەوەندی عەقڵی ئامێری پێ جێ هێڵرا، چونکە ئەقڵی ئامێری (میکانیکی) هیچ بایەخێک بە بەها ئەخلاقییەکان نادات تەنیا یەک مەسەلەی لا گرنگە ئەویش گەران بەدوای باشترین ئامراز و ڕێگادا بۆ جێبەجێکردنی بیرۆکەیەک بەبێ گوێدانە ئاکامە ئەخلاقییەکانی لەسەر مرۆڤ.
دوای ئەو مارکۆز ئەم بیر و بۆچوونەی برەو پێدا و، ئەو وای دەبینی کە هونەر و هەموو چالاکییەکی داهێنەر لە دەرەوەی ڕیزبەندی چینەکاندایە. زیاتر دەڵێت: کۆمەڵگەی پیشەسازی کۆمەڵگەیەکی تاک ڕەهەندە، بەو واتایەی کە هەموو چینەکان تێدا لە یەک دەچن بۆیە هیچ چینێک لەو چینانە ناتوانێت شۆڕشگێڕ بێت. ئەو وای بۆ دەچێت کە چینی کرێکار بە جۆرێک لەگەڵ سەرمایەداریدا یەکانگیر بوون کە کۆتاییەو جیابوونەوەیان مەحاڵە. بەڵام ئەو هێزەی ئامادەی شۆڕشە لە کۆمەڵگای پیشەسازیدا، لەو توێژانە پێک دێت کە لە دەرەوەی چینەکانی کۆمەڵگەن واتا لێی دابڕاون ئەوەی لەوەشدا یارمەتی دەدا، خوێندکار و ڕۆشنبیرەکانە. دەڵێت نابێت ڕۆشنبیر لە بورجە عاجیەکەیدا بمێنێتەوە دەبێت بێتە خوارەوە و بۆ ناو جەنجاڵی واقیع و کێشەکانی.
لە قۆناغی یەکەمی بانگەشەی تیۆری ڕەخنەگرانەی قوتابخانەکەدا، ڕەخنەکان ئاراستەی گۆمەڵگەی پیشەسازی و سیستەمە تەکنوکراتەکەی بوو. ئەوەش بەشێک بوو لە خەبات دژی سەرمایەداریی و هەر وەکوو لە تیۆرییەکەی مارکس داهاتبوو، وایان دەزانی تەقاندنەوەی ئەو ناسازیانە سۆسیالیزم دەهێنێتە کایەوە.
بەڵام لە قۆناغی دووەمیدا و دوای سەرکەوتنی نازییەت کە قۆناغی مەنفایە، گرنگیان بە ڕەخنەگرتن لە سیستەمە سیاسی و سەقافیەکان دا و، ڕووی خۆیان لە بیرۆکەی ململانێی چینایەتییەوە کە واتای خۆی بەهۆی لە خشتە بردنی هۆشیاری چینی کرێکارەوە ون کرد. گەیشتنە کۆ دەنگی ئەوەی کە ململانێی چینایەتی و ناسازی کۆمەڵایەتی، دەبێت سەرەتا لەسەر ئاستی فیکر بەهۆی ڕەخنەو ڕەخنە لەخۆگرتنی بەردەوامەوە چارەسەر بکرێت، نەک بەو ڕێگا کلاسیکیانەی کە مارکسیزم دیاری کردبوون، ئەوان دەیان گووت ئەمە ڕەتدانەوەی مارکسیزم نییە، بەڵکوو تێگەیشتنێکی نوێیە لەبەر ڕۆشنایی بار و دۆخی کۆمەڵگەی پیشەسازی نوێ کەوای کرد کۆمەڵگە نامۆ بێت.
هەر بۆ نموونە ئەوان لە ڕەخنەیاندا سەبارەت بە مارکسیزم و دۆگمای ستالینی ( دەمارگیری بۆ بیروباوەڕێک بە جۆرێک کە هەموو ڕایەکی موخالیف ڕەت دەکاتەوە) لێکدانەوەیەکی زیرەکانەیان هەبوو. ئەوان دەڵێن: لای مارکس هۆشیاری کۆمەڵایەتی دەبێت بە دوو بەشەوە:
1- شێوەکانی هۆشیاری ئایدۆلۆجی.
2- شێوەکانی هۆشیاری(مەوزوعی) بابەتی. کە دەکاتە ( زانستەکان، فەلسەفە کە تیۆرییەکی بابەتی تەرح دەکات هەر وەکوو مارکسیزم کە جەخت لەسەر شیکاری ئابووری و مێژووی دەکات، واتا پشتی دەگرێت و بەهاکەی بەرز ڕادەگرێت).
ئەوەی تیۆرییە ڕەخنەئامێزە بە کێشەی دادەنا لەم تەرحەدا، ئەوەیە کە مارکس تأکید لەوە دەکاتەوە کە هیچ مەعریفەتێک بێ بەرژەوەندی نابێت، بە واتا هەر مەعریفەتێک زانستی بێت یان ئایدۆلۆجی مەرجدارە بەوەی کە دەبێت بەرژەوەندییەکی لەدواوە بێت و لەپێناوی چەند بەهایەکی دیاری کراودا داکۆکی لێ بکات. بەڵام مارکس لە تیۆرییەکەیدا تەنیا ئاماژە بە بەرژەوەندی گەلێکی کۆمەڵایەتی دەدا کە بەتایبەتی دەبینێت، وەکوو بەرژەوەندی چینایەتی( بەرژەوەندییەکانی قازانج و ئامرازەکانی بەرهەم هێنان). بەپێی مارکس ئەمانە مەرجی پێویستن هیچ گۆرانکاریەک بێ ئەمانە ڕوونادات. بۆیە گریمانەی تیۆری بەرژەوەندییە کۆمەڵایەتیەکان دادمان نادات لە تێگەیشتنی گواستنەوە لە هۆشیاری ئایدولۆجی بۆ هۆشیاری مەوزوعی. سەرەڕای ئەوە زانست و فەلسەفە کۆکن لەسەر ئەوەی بەرژەوەندی گشتی (کەونی) هەیە، واتا ئەو بەرژەوەندییە بەدەر لەوەی کە هی چینەکەی خۆیەتی یان نا، شتێکی ماقووڵ دەبێت بۆ تاک واتا بەرژەوەندییەک هەیە کە سەر و بەرژەوەندییەکانی چینێکی دیاری کراو بێت و ماقووڵ بێت. ئەم خوێندنەوەیە مارکس و ئەنجلز خۆیان دەگرێتەوە، چونکە ئەوان کە لە کاتێکدا سەر بە چینی بۆرجوا بوون، بەڵام تەرحەکەیان ئاراستەی چینێکی کە بوو واتا لە بەرژەوەندی چینێکی کەبوو. لێرەوە دەتوانین بڵێن کە مەعریفەت هەموو کاتێک لەپێناوی بەرژەوەندییەکدا دروست نابێت. خۆ ئەگەر وای دابنێین کە تیۆرییەکەیان مەوزعیە ئەوەش دەبێتە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە بەرژەوەندی چینایەتی جۆری هۆشیاری دیاری ناکات.
هۆرکهایمەر و هەڤاڵانی لەقوتابخانەی فرانکفۆرت کۆک بوون لەسەر ئەوەی کە تیۆری ڕەخنەئامێز بکەن بە بیرۆکەی مەرکەزیان، دەیان گووت لەسەرمانە بێ وچان ڕەخنە لەکۆمەڵگە بۆ کوشتنی مەفاهیمە تەقلیدیەکانی بگرین.
مارکۆزە کە بە باوکی چەپی نوێ ناودەبرێت دەڵێت: مرۆڤ لەسەر هەق دەبێت کەباسی شۆڕشی ڕۆشنفکریی بکات، ئەگەر ڕەخنەکە ئاراستەی سەرانسەری دامەزراوە کۆمەڵایەتیەکە بێت بە ئەخلاقیشەوە. ئەو ڕێگەیەی کە لە سەرمانە بیگرینە بەر ڕێگەی هەڵوەشاندنەوەیەکی خێرایە کە هەموو لایەنەکان بگرێتەوە.
لە شەستەکانی سەدەی پێشوودا تیۆرییە ڕەخنە ئامێزەکەی قوتابخانەی فرانکفۆرت، بوو بە سەرچاوەی ئیلهام بۆ چەپەکانی ئەورووپا و ئەمریکای باکوور، پێکەوە لە ژێر چەتری چەپێکی نوێدا کە ڕێبازی نوێ بۆ شۆڕش و ڕوخاندنی سەرمایەداری بەکار دەهێنێت.
زۆر بزووتنەوەی جۆراوجۆر دروست بوون لە وانە عەدالەتی کۆمەڵایەتی، و ژنان، و پێشکەوتووخوازە نوێیەکان، و پۆست کۆلۆنیالیزمم. ئەمانە هەموو سەر بە مارکسیزمی سەقافی بوون.
جیاوازی نێوان مارکسیزمی سەقافی(کلتوری) و کلاسیکی یان چەپی کۆن و نوێ ئەوەیە کە مارکسیزمی کلاسیکی باس لە کێشەی چینایەتی نێوان بۆرجوا و پرۆلیتاریا دەکات، ئەوانەی هەیانە و ئەوانەی نیانە. بەڵام مارکسیزمی سەقافی وای بۆ دەچیت کە ئەو کێشەیە لەنێوان زاڵمەکان و زوڵم لێکراواندایە، ئەوانەی ئیمتیازاتیان هەیە و ئەوانەی نیانە. دەستەواژەی کەمینەکانی خستە جێی دەستەواژەی چینی کرێکار و ململانێی ڕەگەزیی(عنصری) خستە جێی ململانێی چینایەتی.
ناکرێت ڕۆڵی یان کاریگەری فیکری ڕۆزا لۆکسمبوگ ئەگەر بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆش بێت لەسەر بیرمەندان یان ئاراستەی ئەو قوتابخانەیە فەرامۆش بکەین.ڕۆزا بیرمەند و فەیلەسووفێکی بە ڕەچەڵەک پۆڵەندی بوو دواتر ڕەگەزنامەی ئەڵمانی وەرگرت، سەرەڕای ڕەخنەکانی لە سەرمایەداری و خەبات لەپێناوی سەرکەوتنی کرێکاردا کە گیانی خۆی لەپێناودا دانا، ڕەخنەی توندیشی لەسەر تیۆرییەکەی لینین گرت کە دەیگوت حیزبی شیوعی ئامرازی دەستی پرۆلیتاریایە بۆ بەدیهێنانی دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا. بنەمای ڕەخنەکەی ئەو ئەوە بوو کە ئەو کارە پرۆسەی دیموکراسی وێران دەکات کە بە تاکە ڕێگەی دادەنا بۆ بەدیهێنانی حوکمی پرۆلیتاریا واتا ئەو باوەڕی بە سەپاندن نەبوو، بەڵکوو بە حوکمی زۆرینە کە تاکە ڕێگای بۆ گەیشتن بەو ئامانجە، میکانیزمی هەڵبژاردنە. ئەو دەیگوت ئازادی نابێت تەنیا بۆ سەرکردایەتی و ئەندامانی حیزب بێت، دەبێت بۆ ڕای موخالیفیش بێت. ئەمەیش وەکو لای سەرەوە ئاماژەمان پێدا پێچەوانەی تەرحەکەی لینینە کە بانگەشەی بۆ دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا دەکرد.
خۆلاسەی ئەم باسە دەکرێت بڵێین مارکسیزمە مەبدەئیەکەی قوتابخانەی فرانکفۆرت لەسەر ڕەخنە لەو پەیوەندییە نامۆیانە دروست بووە کە بوونەتە هۆی نامۆ بوونی مرۆڤ، لە کۆمەڵگە سەرمایەدارییە پیشەسازییەکان کە لەسەر شمولیەت و عەقڵانیەتی (تەکنیکی و کارگێری) هەڵدەستێت، و ئیدعای پێشکەوتنخوازی و ڕۆشنگەریان دەکرد و شانازیان بە کۆنترۆڵکردنی سروشت و مرۆڤایەتی بەیەکەوە لە ڕۆژهەڵاتی شیوعی و ڕۆژئاوای سەرمایەداری دەکرد. ئەوان سەرمایەداریان بە کارەسات دەزانی و بە گابەردێک لەڕێگەی هەر ژیانێکی مرۆڤیی ڕەسەنداو دەیانگوت هیواکانی بە ژیانێکی ئازاد و بەختەوەر دەکوژێت بۆیە هەر کارێکی ئیسلاحی بەپێی ئەوان بێهوودە بوو بۆ گۆڕینی ئەو سیستەمە و داوای شۆڕشی سەرتاسەریان دەکرد دژی بە بت کردنی کاڵاکانی و عەقڵانیەتەکەی و ئیدعای ڕۆشنگەریەکەیی. ئەوان واتا بیرمەندانی قوتابخانەی فرانکفۆرت بەوە تأکیدیان لەسەر مارکسی بوونی خۆیان دەکردەوە کاتێک باسیان لە نامۆ بوونی مرۆڤ لەو سیستەمانەدا دەکرد، پشتیان بەستبوو بە دەستنووسە فەلسەفی و ئابوورییەکانی مارکس کە لە کاتی لاوێتیدا لە پاریس ساڵی 1844 نووسیبوونی و، سەرەتای سەدەی بیستەم دۆزرانەوە. باسی لە نامۆ بوونی مرۆڤ لە کۆمەڵگە سەرمایەدارییەکاندا دەکرد.

ماذا تعرف عن مدرسة فرانكفورت ؟ – عبير الأطرش
مدرسة فرانكفورت- احمد محمد علی
ماركس ومدرسة فرانكفورت: من حلم الثورة إلى هاجس النقد. ربوح البشیر
حماد حسن، النظرية النقدية لمدرسة فرانكفورت
عبدالغفار مکاوي ..النظرية النقدية لمدرسة فرانکفورت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت