عیماد عه‌لی: وه‌زیره‌ وه‌رزێره‌كانی حزب.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

له‌م ماوه‌یه‌ وه‌زیرێك نه‌ك به‌ پێچه‌وانه‌ی هه‌ڵوێستی سه‌ركرده‌كه‌ی، به‌ڵكو به‌ نه‌رمونیانیش رای تایبه‌تی خۆی له‌سه‌ر بابه‌تێكی نه‌ته‌وه‌یی به‌ جۆرێك ئاشكراكردبوو كه‌ نه‌دژی حزبه‌كه‌ی بوو و نه‌ش له‌گه‌ڵیدا بوو، كه‌ خاوه‌نكاری ده‌سترۆیشتوو پێی زانیبوو بانگ کرابوو، به‌شێوه‌یه‌ك مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا كردبوو كه‌ ره‌شه‌‌با به‌ ده‌واری شڕی نه‌كردبێت. وه‌زیری داماویش بۆ قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌ی ئه‌و باره‌ به‌ ئاشكرا و له‌ راگه‌یاندندا، ئه‌وه‌ی له‌ خودی بیروبۆچونی خۆیدا باوه‌ڕی پێنه‌بوو رایگه‌یاند و خۆی له‌و نه‌هامه‌تیه‌ رزگار كرد.

ئه‌مه‌ چی ده‌گه‌یه‌نێت؟
* نا یه‌كگرتووی رابۆچونی نێوخۆی حزب و جیاوازی ستراتیجی له‌مه‌ڕ پرسه‌كان و بونی كادری هه‌مه‌چه‌شنی بیرو فكری جیاواز له‌ نێو حزبه‌كاندا.
* وه‌زیری و پله‌وپۆست ته‌نها بۆ لایه‌نه‌ مادیه‌كه‌یه‌ و پشودرێژی و سه‌برگرتن قبوڵكردنی زه‌لیلی و شكۆشكاندن له‌لایه‌ن فه‌رمانره‌وایانی حزبه‌كانی تریشه‌وه‌، ته‌نانه‌ت نه‌ك به‌ته‌نها بۆ ده‌سترۆیشتوانی حزبه‌كانی خۆیانه‌وه‌، له‌ پیناو ماده‌یه‌ نه‌ك خزمه‌ت وه‌ك ده‌ڵێن.
* ئه‌وه‌ی بیرو پره‌نسیپ و فه‌لسه‌فه‌ هه‌یه‌ به‌ رێژه‌ی ره‌هایی له‌ لایه‌ن ئه‌و حزبانه‌وه‌ نه‌ماوه‌ و ته‌نها وه‌كو كۆمپانیایه‌ك مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ل پرس و پێشهاته‌كان ده‌كه‌ن له‌و نێوه‌نده‌شدا كاروباری وه‌زیر و گزیر و وه‌رزێره‌كانیان.
* به‌ پێچه‌وانه‌ی ئدیعاكانیان ره‌فتار ده‌كه‌ن و به‌ناوی دیموكراسی ئه‌وپه‌ری دكتاتۆریانه‌ له‌گه‌ڵ ژێره‌ده‌سته‌كانیان ده‌جوڵێنه‌وه‌ و زمانی سه‌رده‌م لای ئه‌مانه‌ به‌ قوفڵی به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌ت و پاره‌په‌رستی كڵۆم دراوه‌.
* حزب جێگه‌ی په‌رله‌مان و حكومه‌تی گرتۆته‌وه‌ و سه‌رجه‌م بریاره‌كان پێشوه‌خت له‌ حزبه‌وه‌ ده‌ره‌دچێت و ئه‌ركی په‌رله‌مانتار و وه‌زیری وه‌رزێر ته‌نها جێبه‌جێ كردنه‌.
* كۆمپانیاچێتی جێگه‌ی هه‌موو حزبایه‌تیه‌كی راسته‌قینه‌ی گرتۆته‌وه‌ و له‌م باره‌وه‌ كوردستان و حزبه‌كانی ده‌سه‌ڵات، داهێنانیان كردووه‌.
* ئه‌وه‌ی پاره‌ و هێزی لایه‌ سه‌رۆك و سكرتێر و فه‌رمانده‌ی حزبه‌ و فه‌رمانی عه‌سكه‌ری به‌ناوی بڕیاری سیاسیه‌وه‌ ده‌رده‌كات.
* كادران ده‌سته‌مۆن و به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك راو رای جیاواز و ره‌خنه‌ و ره‌خنه‌ له‌خۆگرتن باسوخواسی نه‌ماوه‌ و ته‌نها باس له‌ قازناجه‌ مادیه‌كانی كۆمپانیاكه‌یه‌ و به‌س.
* ئه‌م ره‌فتار و بیروبۆچونه‌ ناحزبیانه‌ پله‌ به‌ پله‌ و به‌په‌ك ئاستی به‌رپرسیاریتی بۆ خواره‌وه‌ شۆر بۆته‌وه‌. كادر هه‌بووه‌ هه‌زار و یه‌ك جوێنی به‌سه‌ركردایه‌تی و كه‌سی یه‌كه‌می حزبه‌كه‌ی داوه‌ گوایه‌ له‌ مه‌بده‌ئی ئه‌و حزبه‌ه‌ی لایداوه‌، دوای ده‌ست به‌سه‌رشاندا هێنانی و كڕینی سه‌یاره‌یه‌ك، وا باسی ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ تادوێنی دژی بووه‌ كردووه‌ كه‌ شان له‌ شانی جیفارا ئاسا ده‌دات و خه‌باتی راسته‌قینه‌ لای ئه‌وه‌، یان ره‌خنه‌ی له‌ بندیواری گرتووه‌ و پله‌كه‌ی خۆی له‌خواره‌وه‌یه‌ و سێ بندیواری هه‌یه‌، واته‌ دوفاقیزم و ڕاڕایی و بێ فكری سه‌رجه‌م كادرانی ئه‌م حزبانه‌ی گرتۆته‌وه‌ و هه‌ر یه‌ك به‌ پله‌یه‌ك.
بۆیه‌ ده‌كرێت بڵێین ئه‌م وه‌زعو شێوه‌ی حزبایه‌تیه‌ وایكردووه‌ كه‌ كادر ببێت به‌ كاوڕ و وه‌زیر ببێت به‌ وه‌رزێر و سه‌ركرده‌ ببێت به‌ سه‌ریگرته‌ و حزبیش نه‌مێنێت و كۆمپانیای بازرگانی جێگه‌ی بگرێته‌وه‌ و حسابات جێگه‌ی گفتوگۆ بگرێته‌وه‌ و ململانێی سودبینینی بڕی مادی جێگه‌ی مللانێی راسته‌قینه‌ی سه‌رده‌مانه‌ بگرێته‌وه‌ و ئه‌وه‌ی نه‌زان و پاشه‌ڵ پیس و ناشاره‌زایه‌ به‌هۆكاری پێوه‌ری نوێ كه‌ خۆنزیكركردنه‌وه‌ و مه‌رایی و فرتوفێڵ و خستنه‌ ژێر پێی هه‌موو به‌هاكانه‌، له‌ نێو حزب و ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تیشدا له‌سه‌رووی هه‌مووانه‌وه‌یه‌.