خالید مەجید فەرەج: پۆپۆلیزم (شەعبەوی).

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

ئەسڵی ئەم ووشەیە(Populism) لە (people) واتا لە گەلەوە هاتووە و گوزارشتە لە ئایدۆلۆجیایەک، یان فەلسەفەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی کە تەقدیسی گەل دەکاو بە گەنجینەی حیکمەتی دادەنێ، دەڵێ: ئەگەر گەل لەسەر رایەک کۆبوونەوە، مەحاڵە ئەو رایە هەڵە بێت.
لەرووی مێژووییەوە پۆپۆلیزم لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەهەمدا ساڵی 1870 لەروسیا، بەو بزوتنەوە فەلاحیە دەگوترا، کە لەژێر کاریگەری سۆسیالیزمەکاندا خەباتیان بۆ رزگارکردنی خۆیان لە جەوری خاوەن زەوی دەکرد. هەر لەو دەمەدا لەئەمەریکاش نارەزایی میللی لە دێهاتەکانی ئەو ووڵاتە، دژ بەبانکەکان و کۆمپانیاکانی هێڵی شەمەندەفەر بەرپاببوو.
بەرێوبەری گۆڤاری کریتیک( واتا رەخنە)، فیلیب روجێ دەڵێ: ئەو ووشەیە لەهەموو جێگەیەک هەیە، بەڵام بەبێ پێناسە. لەلێدونێکیدا بۆ گۆڤاری فرانس پرێس، دەڵێ: هەتاوەکو ئەمرۆش دیاری کردنی واتای ئەو دەستەواژەیە زۆر قورسە. چونکە قسەی زۆر لەسەرەو گوزاشت لە چەند دیاردەیەک دەکا، کە جێگەی خیلافە.
ئۆلیڤێ ئایهل پسپۆری بیرە سیاسیەکان لە پەیمانگەی زانستە سیاسیەکان لە گرۆنۆبل، وای بۆدەچێ کە ئەستەمیی دیاریکردنی واتای ئەو ووشەیە، دەگەرێتە بۆ ئەو واتا تەماوییەی کەهەیەتی. ئەو زیاتر دەڵێ ئەو دەستەواژەیە زیاتر بۆ ئیدانەکردن یان وەکو تەوهین بەکاردێت، نەک وەکو روونکردنەوەیەک لەسەر رێرەوێک، بەڵام وەکو دەستەواژەیەک دەتوانێ جێگەی دەستەواژەکانی وەکو نەتەوەیی، یان رک لە بیانیی و شۆفێنیزم بگرێتەوە.
فەرهەنگی (بوتی) چاپی 2013 خۆی لەو وەلا خستنە لە پێناسەی پۆپۆلیزم لادەداو ئاوا پێناسەی دەکا: (گوتارێکی سیاسیە رووی لەئاراستەی چینە میللیەکانە و رەخنە لە رژێم و بەرپرسیاریەتی نوخبەکان دەگرێ).
بەڵام ئولیڤیە ئایهل ئەم پێناسەیە بە تەماوی وەست دەکات و دەڵی: دەقیق نییە، چونکە چینەکانی ناوەراست لەگەڵ لە حیزبی ئازادی لەنەمسا، بەقەدەر چینە میللیەکان لەخەمی ئەم دیاردەیەو ئامانجەکانیدا بوون. ئەودەیەوی بڵێ گوتاری پۆپۆلیزم تەنها ملکی چینە میللیەکان نییە، ئەوەتا ئەوحیزبەش کەنوێنەرایەتی چینی ناوەراست دەکا، هەمان گوتاری هەیە.
لەساڵی 1954 دا زانای کۆمەڵناسیی ئەمەریکی ئیدوارد شیلز لێکۆڵینەوەیەکی بڵاو کردەوە، تیادا دەستەواژەی پۆپۆلیزمی وەکو وەسفێک بۆ ئەو ئاراستانەی کە دژی نوخبەی کۆمەڵگەی ئەمەریکین، بەکار هێنا. دوای ئەوە ئەو ووشەیە بەبێ رێکەوتن لەسەر واتایەکی دیاری کراو بۆی، بڵاو بۆوە. ئەو دەڵی: هەموو سیاسەتێکی پۆپۆلیزمی کەسێکی خاوەن کاریزما سەرکردایەتی دەکات، بەمەرجێک توانای گوتاردانێکی وای هەبێ کە جەماوەر بخاتە جۆشو خرۆش، و چارەسەرێک کەبەروکەش ئاسانە بۆ کێشە ئاڵۆزەکان پیشنیاز بکات. ئەو نوخبەیەی کە پۆپۆلیستەکان دژین بەتەنها سیاسی نین، بەڵکو نوخبەی ئابوری و رۆشنبیری و کۆمەڵایەتیش دەگرێتەوە ، ئەوان وەکو یەک چەپکی بەیەکەوە بەستراوی گەندەڵ دەیان بینن، و بەبەرپرسیاریان دەزانن لە خراپی باری ژیانی گەل و دەیانەوێ رایان ماڵن. دیارە راماڵین بەواتای لەبەر یەک هەڵوەشاندنەوەی دامو دەزگاکان نییە، چونکە ئەوان سیستمی سیاسی حیزبی رەت ناکەنەوە، بەڵکو دەڵێن: حیزبەکانی ئێمە جیاوازن لەحیزبەکانی دیکە، بەواتایەکی تر پۆپۆلیستەکان خۆیان بە ئەڵتەرناتیڤی ئەحزابی راهین دەزانن، کە کە شکستیان هێناوە.
بۆ وەبیر هێنانروە هیتلەر سەرکردەیەکی پۆپۆلیزمی پلە یەک بوو، واتا بەپشتیوانی ورەزامەندی گەل ببوو بە شەخسی یەکەم لەئەڵمانیا، بەڵام ئەوکارەساتە گەورەیەی بەسەر گەلی ئەڵمانیاو دنیادا هێنا.
مارک فلۆربای لەزانکۆی بریستون ی ئەمەریکی، دەڵێ : پۆپۆلیزم واتا گەرانی ئەوسیاسیانەی کە کاریزمایەکیان هەیە، بەدوای پاڵپشتێکی میللی راستەو خۆدا، لەگوتارێکی گشتیدا کە تەحەدای دامەزراوە تەقلیدیەکانی پێدەکات.
بەرای ئێمە ئەم پێناسەیەی دواییان زیاتر لەراستیەوە نزیکە، چونکە لەزۆر بۆنەو جولانەوەی میللیدا کەدژ بەناعەدالەتی کۆمەڵاتی بەرپابوون. بینیومانە ئەو تەرحە سیاسەتمەدارانە گوتارەکەیان رێک هێناوەتە سەر نەزمی گوتارە میللیەکەو لەپەنایدا ئەجندای خۆیانیان پی دەربازکردووە.
ئایا پۆپۆلیزم بەشێکە لە راست رەو ؟ فلۆربای ئەوە رەت دەکاتەوەو دەڵێ دەکرێ لە چەپیش بێت، نمونەشی بۆئەوە سەرۆکی فەنزویلای پێشو هوگو شافیزە.
ئۆلیفیە ئایهل دەڵی: ئەو دەستەواژەیە بەتایبەتی دەکاتە بزوتنەوە چەپەکانی ئەمەریکای لاتین. بەڵام رۆجێ دەڵێ لە ئەوروپا پۆپۆلیزم واتا بزوتنەوە راست رەوەکان، یان راست رەوە رادیکاڵەکان . ئەو زیاتر دەڵێ: میللی سیفەتێکی چەپگەراییە هەروەکو دەستەواژەی بەرەی میللی، بەڵام پۆپۆلیزم قەت چەپ نەبووە . لەفەرەنسا بەوکەسە دەڵێن کە بە مەبەستی سیاسی یاری بە بیرورای خەڵک دەکا. لەگوتاری چەپی رادیکاڵدا وەکو حیزبی بودیموس لە ئیسپانیا پۆپۆلیزمی تارادەیەکی زۆر تیادا هەست پێ دەکرێت. بەڵام جیاوازی نێوان چەپ وراستی پۆپۆلیزم ئەوەیە، کە گوتاری چەپ دژایەتی بۆ بیانی وکۆچبەرانی تیادا نییە.
لەروی مێژووی سەرهەڵدانیەوە دەڵێن لەسەردەمی یۆنانی کۆنەوە، لەسەروبەری سەرکەوتنی دیماگۆگیەکانەوە ( دیما ووشەیەکی یۆنایە بەواتای گەل .گۆکی واتا ئیش کردن) بەڵام واتا سیاسیەکەی ئەو – رێگایانەیە کە سیاسیەکان دەیگرنە بەر بۆ خەڵەتاندنی گەل بۆئەوەی بێنە سەر دەسەڵات- دەڵین کاتێک کە دیموکراسی لەئەسینا توشی شکست هات، بەهۆی سەرکەوتنی دیماگۆگیەکانەوە لە نمونەی( کلیون) وای لە ئەفلاتۆن قوتابیەکەی ئەرستۆ کرد، کە بەچاوی نزم سەیری عەوام و ئەو ئاکامەی کە لەحوکمی عەوام دێتەدی بکەن . لەسەردەمی ئیمپراتۆریەتی رۆمانەکانیشا هەندێک لە ئیمپراتۆرو ئەفسەرە باڵاکان توانای رەوان بێژی خۆیان بۆ جوڵاندی کۆمەڵانی خەڵک وکار کردن لەعاتیفەیان بەکار دەهێنا، بۆ گەیشتن بەمەرامی خۆیان و دروست کردنی حوکمێکی ئیستیبدادی. دەڵێن یۆلیۆس قەیسەر نمونەی هەرە دیاری ئەو حاکمە پۆپۆلیزمانەی ئەو سەردەمەیە.
لەرۆژهەڵاتی ناوەراستیشدا لەژێر کاریگەری میراتی ئاینی و کە تەحریمی هەڵگەرانەوە لە سوڵتان وهەروەها بڵاو بوونەوەی جەهل، گەل بە حوسنو رەزای خۆی رۆڵی رەعیەتی دەبینی و بە موتلەق ملکەچی حاکم بوون، ئەویش لەپێناوی پاراستنی حوکمەکەی خۆیدا سودی لە ژێرخانە کۆمەڵایەتیە تەقلیدیەکە وەکو عەشیرەت وخێڵ وەردەگرت و ئیدامەی بەو جەهلە دەدا لەناو ریزەکانی گەلدا، بۆ پارێزگاری کردن لەو ئاراستەیەی کە بەردەوامی بە عەوام دەدات ملکەچی عادەت وعورفە کۆمەڵاتیەکان بێت . بۆیە دەبین زۆر لە مێژوو نووسانی ئەو ناوچەیە راهاتبون لەسەر وەسف کردنی گەل، بە عەوام و شوان وبازاڕیی. بەرانبەر بەوانیش نوخبەکە دەوەستێتەوە، کە شایەنی سەرۆکایەتی وپێشرەوی و سوڵتان وعیلم و حەڵکردنی کێشەکانن . بەڵام ئەمە وەکو ئەوروپا نەچوبووە ژێر پێناسەی بنەما دامەزراوەییە جێگیرەکان وەکو ( نوبەلا ، کەهەنوت، پیشەگەرەکان،جوتیارەکان) لە رۆژهەلات پشتی بە ئیعتیبارە خێزانی و خێڵەکیەکان بەستبوو.
لە سەردەمی رینیسانسداو دواتر رۆشنگەری (الأنوار) ئەوروپی و سەرکەوتنی تازەگەریدا، شۆرشی فەرەنسی سیفەتی عامەی گەلی (عەوام) لە سەیرکەری روداوە سیاسیەکانەوە کرد بە بکەریان، بێگومان ئەمە پێچەوانەی فەلسەفەی شۆرشەکانی بەریتانیاو ئەمەریکا بوو، کە پارێزگاریان لە پێکهاتە بۆرجوازیەکرد و لەگەڵ خەتی شۆرشەکانیاندا گونجانیاندن ،بەڵام شۆرشی فەرەنەسی چارەسەرێکی رادیکالانەی پۆپولیزمیانەی گرتەبەر و زەمینەی دابڕانی لە گەڵ میراتە کلتوریی و سیاسیە کۆنەکەدا خۆش کرد. بەڵام بەهۆی جیاوازی بەرژەوەندیەکانی هەڤاڵانی دوێنێوە کەوتنە مل پەراندنی یەکتری ، دواتر رێگە خۆش بوو بۆ دیکاتۆریەتێکی نوێ، کە بە هیمەتی ئەوگەلە دەسەڵاتی لەپادشاکەی کە لەرێگەی مافی ئیلاهیەوە، حوکمی رەهای دەکرد سەندەوە.
لەسیەکانی سەدەی بیستدا وبەتایبەتی لەئەمەریکای لاتینی، بەهۆی سیاسەتی خراپ وگەندەڵکاریەکانی حکومەتەکانەوە پۆپیلیزم دەرکەوت . لەوڵاتانی عەرەبییش لەکۆتایی چلەکانی سەدەی پێشودا، سیاسەتەکانی پۆپۆلیزم لەگەڵ سەر هەڵدانی ئایدۆلۆجیەتی ناسریی لەمیسر، لەژێر سەرکردایەتی جمال عەبدولناسردا، زۆر بەتوندی عەقڵو هۆش دڵی جەماوەری تەنیبوو هەر بۆ نموونە، کاتێک ئەو ووڵاتە بەدەستی ئیسرائیل توشی شکستە گەورەکەی ساڵی 1967 هات، ناسر گوتارێکی هەست بزوێنی ئاراستەی عەوام کرد، تیادا بەشێوەیەکی زۆر سۆز بزوێن دەست لەکار کێشانەوەی خۆی راگەیاند . بێگومان ئەوە روویدا کەخۆی دەیویست، سەرانسەری میسر پەرینە سەر جادەو کۆڵانەکان و مەیدانە گەورەکان ،هەموو بەیەک دەنگ هاورایان دەکرد: ( ئێمە سەربازی تۆین جەمال گیان). سەیرەکە لەوەدا بوو گەل شانازی بەوەوە دەکرد، سەربازی کەسێک بێ کە تازە دۆرانێکی گەورەی بەسەر میسردا هێناوە . بەڵام تاقی کردنەوەکەی میسر نەختێک جیاواز بوو، بەدەر لە ئاپۆرای عەوام کە کۆڵەکەی پۆپۆلیزمە زۆر لەرۆشنبیران و بزنس مانەکانی ئەو ووڵاتەش گەرمتر لە جەماوەرە هەژارەکە ببوون بە ناسری. بەرای بەندە ئەوە دەگەرێتەوە بۆ گوتارە نەتەوایەتیەکەی نەک عەدالەتە کۆمەڵاتیەکەی چوونکە چلەکان و پەنجاکان و شەستەکانی سەدەی پێشو، هەرەتی بازاری گوتاری نەتەوایەتی بوو لەرۆژهەلاتی ناوەراست، بەتایبەتیش ووڵاتە عەرەبیەکان کە ناسر رابەرایەتی دەکرد.
لە ئۆکوادۆر عبداللە بوکرم لەنیوان 1996-1997 دا حکومەتێکی لە هەژارەکان دروست کرد، لەهەمان کاتیشدا چواردەوری هەموو دەوڵەمەندە قورسەکانی ئەو ووڵاتەبوون، هەروەها هۆگو شافیز لەفەنزویلا توانی شەپۆلی نارەزایی گەل لە گەندەڵی و خراپی تەبەقەی سیاسی ئەو ووڵاتە یەک بخا.
پۆپۆلیزمی چەپ کەدوای جەنگی جیهانی لە ئاسیاو ئەفریقا بوو بە مۆدێل و بەرێگای کۆدێتای عەسکەری، لەژێر تایتلی ئەفسەرە ئازدیخواکانەوە لەزۆر لەووڵاتانە دوای سەربەخۆ بوونیان هاتنە سەر حوکم وئەدەبیاتی مارکسی بە (( دیموکراسیە شۆڕشگێرەکان وەسفیان دەکردن)، و دەیان گووت بۆ سەربەخۆیی ئابوری وسیاسی گیانی خۆیان بەخت کردووە و بەبێ تێپەر بوون بەقۆناغی سەرمایەداری، بە واتا میللیەکەی واتا (بەقەڵەمباز) بەسەر سەرمایەداریدا وبەپشتیوانی یەکێتی سۆڤیەت و کیتلەی سۆسیالیستی پشت وپەنای میللەتانی ئازادی خوا سۆسیالیزم بنیات دەنێن. بێگومان ئەم گوتارە شۆرشگێرانەیە نزیکەی سێ دەیە ناوچەکەی گرتبۆوە.
ناسریەکان لەمیسر یەگرتووی هێزە کانی گەلی ئیشکەریان پێک هێنا، بەعسیەکانی سوریاو عێراق بۆ گەیشتن بەوئامانجە یەکگرتووی هێزەکانی کرێکارو جوتیارو ووردە کاسبکارو عەسکەریەکان بەگوێرەی سیستمێکی سیاسی کە ناویان لێنابوو دیموکراسی میللی، بەرانبەر بە دیموکراسی لیبرالیزم کە لە رۆژئاوا پەیرەو دەکراو ئەوان واتا پۆپیلیزمە عەرەبەکان باوەڕیان پێی نەبوو، بەبیانوی ئەوەی کە دیموکراسی لیبرالیزمی رۆژئاوایی لەگەڵ کەڵچەری ئێمەدا نایەتەوە، دەبێ حوکمی گەل بەگوزارش لە بەرژەوەندیەکان وئیرادەیەوە بێت بێگومان ئەو خەباتەش دەبێ لەژێر سێبەری موبارەکی سەرکردایەتیە پێشەنگە خاوەن کاریزماکەیا بێت. ئەوان ژیانی حیزب وحیزبایەتیان جگە لە حیزبی رابەر پی قبوڵ نەبوو دەیان گووت حیزبایەتی نەتەوە پەرت دەکا.
پۆپۆلیزم وا خۆی مەترح دەکرد کە گوتارێکی شۆرشگێرانەیە بەرەنگاری هەیمەنەی نوخبە دەبێتەوە. بۆنموونە ووشەگەلێکی لەمەڕ : (ئێمە لەنا جەرگەی گەلەوە هاتووین و بۆ گەلین ، ئێمەین کە دەرسێکی وای ئەو نوخبە گەندەڵە دادەیەن کە بیانکات بەعیبرەت بۆ ئەم زمانەو هەموو زەمانەکانی تر) بەکار دێنن. ئەوان رکیان لەزانست ومەعریفەت دەبێتەوەوە و دەڵێن تاقی کردنەوەو مومارسەکردن باشترین وانەیە، ئەوەی گەل رۆژانە بەچاوی خۆی دەیبینێ و هەستی پێدەکات، جیاوازە لەوەی کە لەناو کتێبەکاندا بیرمەندە زۆر بڵێ کان دەینوسنەوەوە لەکۆرو سیمینارەکاندا بەگوێی خەڵکانیدا دەدەن. دەڵێن ئەوانە هەر لەبەرزاییەکان ژیاون و قەت رۆژێک دانەبەزیون بۆ سەر شەقام تابزانن داخۆ ئەو خەڵکە چۆن دەژین!.
ئەوان گوتاری سۆزدار بۆ بزواندنی هەستی جەماوەر، دەخەنە بری بەتیۆری هۆنینەوە و مەعریفەت. ئەوەش بۆیە دەکەن تاوەکو بگەنە خەڵک و رەزامەندیان بەدەست بهێنن، بەواتایەکی دیکە ئەوان هەرچی پەیوەندی بە زاستەوە هەبێت، دەربارەی کێشە کۆمەلایەتی وئابوری و سیاسیەکان وەلای دەنێن و گوتاری جەماوەر ئەوەی دەوێ، دەکەن بە دروشمیان.
لێکۆڵەرەوەی فەرنسی بییر ئەندرێ تاگییف دەڵێ: هەڵە دەکەین ئەگەر پۆپۆلیزم لەگەڵ دیماگۆگیەت هاوشان بکەین. ئامانجی دیماگۆگی خەڵەتاندنی خەڵکی دیکەیە، بەلام پۆپۆلیزم بە خەڵەتاندنی خۆی دەست پێدەکات..ئەو دەڵی پۆپۆلیزم چەند خاسیەتێکی سەرەتایی هەیە . یەکەمین: شۆرشە دژی نوخبە . دوو : ئیدیعای ئەوەدەکا کە سیاسەت کارێکی ئاسانە و هەموو کەس پەی پێدەبات .دەڵێن ئەوەی کەدەڵی ئاڵۆزەو ئیشی عەوام نییە نوخبەکانن ،بۆ ئەوەی هاوڵاتیە ئاساییەکان لەدەرەوەی دروست کردنی بڕیاردا بمێننەوە. بییر دەڵێ : زۆربەی جەماوەری پۆپۆلیزم نەخوێنەوار وهەژارەکانن بەتایبەتی لەناوچە شارستانیەکان ئەو توێژەن کە مارکس پێی دەگوتن پرۆلیتاریای شر یان بنی کۆمەڵگە.
لەسیستمە شمولیەکاندا کە دیکتاتۆر حوکم دەکا، پۆپۆلیزم لەشێوەی چەپڵەدا بۆ سەرکردەیەک کە لەهیچ شتێکدا سەرکەتوو نەبووە، خۆی دەنوێنێت. ئەوان لەدەوری گوتارێکی ئایدۆلۆجۆی ناسیونالیستی یان ئاینی وەکو ئەفیونیان درابێتی وبێهۆش کەوتبن، کۆ دەبنەوەو وئەوانیش بەبزواندنی عاتیفەیان دۆراندنەکانیان لێ دەکەن بەسەرکەوتنی نیشتمانی.
نمونەی دیاری پۆپۆلیزم لەدوای جمال عەبدولناسری میسر ،حافز ئەسەد لەسوریاو سەدام لەعێراق، کە سواری هەستی نەتەوایەتی وهەست کردن بەناعەدالەتی کۆمەڵایەتی عەوام بوون و دروشمی حیزبیان بەخەتەێکی خۆش بە پرنسیپەکانی سۆسیالیزم و جیهانێکی عەرەبی یەکگرتبوو درەوشاندبۆوە، هەتا گەیشتن بەئیجادکردنی سیستمێکی فاشیزم کە بۆبەرقەرار کردنی خودی دیکتاتۆرو هیچی دیکە، کە لەبری دەنگی جەماوەر تەنها پشت بە دەزگا نهێنیەکان ببەستن. هەروەها ئەردوغان کە ساڵی 2012 بەڵێنی بە ئۆپۆزسیۆنی سوری دا بەو زوانە لە مزگەوتی ئەمەوی لە دیمەشق دوای روخاندنی بەشار ئەلئەسەد نوێژ دەکەن بەلام ئەوە رووی نەدا.
نمونەیەکی دیکەی زیندوی پۆپۆلیزم هیگۆ شافیزە کە بەگوتارە چەپرەوە حەماسیەکانی، جەماوەری لەدەوری خۆی بەبەڵێنی بەزاندنی ئیمپریالیزم و نەهێشتی ئاسەوارەکانی لە هەژاری و جیاوازی چینایەتی کۆکردبۆوە، بەڵام ئەو بەلێنە جەمارەیە حەماسیانە، لەسەر ئەرزی واقیع ئاسەوارێکی وای نەبوو.
هەرچی پۆپۆلیزمی راسترەوە لەئەوروپا پێناسەی گەل لەروی نەژادیەوە دەکات، ئەوان دەڵێن لەبەر ئەوەی کە دەوڵەت تایبەتە بە نەتەوەیەکی دیاریکراو، بۆیە دەبێ وەزعی کەمینەکان یان قبوڵ کردنی کەمینەکان بە پلەیەکی کەمتر بێت ئەگەریش بیانەوێت بەیەک چاو سەیر بکرێن، دەبێت ئاوێتەی کەڵچەری نەتەوەکە ببن و داوای یەکسانی لەناوەوەی کەڵچەرەدا بکەن، نەک لەدەرەوەیدا بمێننەوەوە داوای یەکسانیش بکەن ئەو دوو شتە بەیەکەوە دەست ناکەون. ئەوان واتا پۆپۆلیزمی راست رەو نەژادیین ( نەتەوەیی) بۆ ناوەوەی ووڵات، نیشتیمانیشن بەڕوی دەرەوەدا. واتا سەربەخۆیی وڵاتانی خۆیان لەروی ئابوری وسیاسیەوە لامەبەستە. بۆ نموونە یەکگرتوی ئەوروپاو مەرجەکانی رەفز دەکەن. بەڵام پۆپۆلیزمی چەپ رەو تەنها بەهاولاتی بوون بەمەرجی یەکسانی بوون دادەنێ و باوەڕی بە فرەیی (تعدد) کەڵچەرەکان هەیە.
براگماتیەکەی راست رەوی پۆپۆلیزم لەرۆژئاوا هیچ کایەیەکی بۆ چەپ نەهێشتۆتەوە، وەکو دەڵێن مانۆری تێدا بکا و ئەو کارتە براوانەی کە بەدەستیەبووە لێ سەندۆتەوە. چەپ لەئەوروپا کەلە ژێر ناونیشانی سۆسیالیزمی دیموکراسیدا کار دەکەن و وابەستەی پرنسیپەکانی دیموکراسی یەکسانین. نەیارەکانیان دەڵێن ئەم بیروباوەڕانە بۆ نزیکەی نیو سەدە تاقی کراونەتەوە ونەیان توانیوە دەرەقەتی ئەوگۆڕانکاریە قوڵانە بێن، کەبەسەر بنکە کۆمەڵایەتیە تەقلیدیەکەیاندا ( کرێکارو چینی ناوەڕاست) هاتوون . ئەو چینانە ووردە ووردە پێگەی کۆمەڵایەتی خۆیان لەژێر کاریگەری سیاسەتە لیبرالیزمەکان و سنوورە کراوەکان و وابەستە نەبوونیان بە نیشتمانیەوە وون کردوە. هەروەها بزوتنەوەکانی چەپ لەبایەخی سەرهەڵدانی پۆپۆلیزمیان کە نەعلەتی لە دامەزراوە تەقلیدیەکان و نوخبەکانی دەکردو داوای داخستی سنورەکانیان دەکرد و جارێکی کە گەرانەوە بۆ گۆشەگیری نیشتمانی و نەتەوایەتی، لەگەڵ ئەوترسە ئەمنیەی کە لەئاکامی کردنەوەی سنور بۆ شاڵاوی پەنابەران دروست بووە، کەم کردبۆوە و بەهەندیان وەر نەدەگرت . بۆیە چیدی بیروباوەڕەکانی چەپی تەقلیدی لەمەر کرانەوەو جیهانگیری و پێشوازی لە پەنابەران جێگەی قبوڵ نەبوو لای دەنگدەران. لەبەریتانیا هەردوو حیزبی کرێکاران و پارێزگاران کە چەپ وراستی ژیانی سیاسی لە و ووڵاتە پێک دێنن سەدەها هەزار ئەندامیان وازیان هێنا وزۆر رێرەوی پۆپۆلیزمی لەو وڵاتە سەریان هەڵداو هاتنە دەرەوەی بەریتانیا لەیەکگرتووی ئەوروپا، لەگەڵ داخستنی دەرگا بەرووی پەنابەرانداو دانانی باجی زۆر لەسەر کاڵای هاوردە لەپێناوی پاراستنی پیشەسازی ناو خۆو بەروبوومی کشتوکاڵی، سەرەکی ترین داواکانیان بوو.
دەربارەی کیشوەری بەساڵا چوو ( ئەوروپا)، دەوترێ راستە کە بەدوو جەنگی جیهانی وێرانکەردا تێپەربووەو کەبەهۆیەوە زۆر لەهێزە ئابوری سیاسیەکەی خۆی لەدەست دا، بەڵام هەرگیز پێگە فیکریە خەلاقەکەی کە بەردەوام پێگەی وەکو لانکەی تازەگەری  کە رەگەکانی بۆ ئەو شکۆیە دەگەرێتەوە کە لە رۆحی رابوردووی خۆیدا هەڵیگرتووە، وون نەکردووە. بەڵام مخابن دیاردەکانی نەخۆشی پۆپۆلیزمی ووردە ووردە بەسیمایەوە دەبینرێت ،بە دەلیلی ئەوەی کە هەڵبژاردنەکان و پێکهاتەی دەسەڵات لە ئیتالیا ونەمسا و مەجەرو سوید وئاکامەکانی هەڵبژاردنی پارلەمانی ئەوروپی دەری دەخەن، بۆیە ترسی ئەوە پەیدابووە پۆپۆلیزم بتوانێت دڕ بە هێزە سیاسیەکانی دیکە بداو بێتە ریزی پێشەوە و گەر دەست بەسەر موقەدەراتی سیاسی وئابوری وکۆمەلایەتی ئەوروپادا بگرێت کارەساتی لێ دەکەوێتەوە.
نمونەی هەرەدیاری ئەو دیاردەیە برلسکۆنی سەرەک وەزیرانی ئیتالیای پێشووە کە بەهۆی خراپ بەکارهێنانی ئیدارەو گەندەڵیەوە هەر دو حیزبە تەقلیدیەکەی ئەو ووڵاتە ( دیموکرات مەسیحی و سۆشیالیتیەوە) کە بۆماوەیەکی درێژ بەنۆرە حکومی ووڵاتیان دەکرد باڵانسی خۆیان لەدەستدابوو. ئەو لەدوو دەرگاوە لە نەوەدەکانی سەدەی پێشوەوە تێکەڵی سیاسەت بوو سەرمایەگوزاری میدیا و وەرزش کە ماوەیەکی زۆر یانەی ئەی سی میلانی کریبوو   بە گوتارێکی نوێ و بەبەڵێنی گەراندنەوەی مەزنیی وسەروەریە دێرینەکان وجارێکی کە گەشاندنەوەی ئیتالیا ، چوار جار بووە سەۆک وەزیرانی ئەو ووڵاتەو وای لێهات ئەو قۆناغە ناونرا بە قۆناغی برلسکۆنی دوای خۆیشی کاریگەری هەرلەسەر ژیانی سیاسی ئیتالیا ماوە، ئێستا فراکسیۆنێک لەو وولاتە حوکم دەکەن، کە درێژکراوەی قوتابخانەکەی برلسکۆنین وبەڵام بە جورعەیەکی زیاتر لە پۆپۆلیزمی و توندرەوتر. هەرچەندە برلسکونی تەمەنی 82 ساڵی تێپەراندووە کۆڵی نەداوەو ئەندامی پارلەمانە نوێکەی ئەوروپایە.
پرسیارێک دەڵێ ئایا دونالد ترامپ پۆپۆلیزمە ؟
فلوربای دەڵێ : بەڵێ ئەو دەیەوێ تەماع بخاتە بەردەم پیاوو ژنە ئەمریکیە لەبیرچۆوەکان، واتا عامەی گەل.
ئایهل و روجێ ئەوە رەت دەکەنەوە دەڵین هەڵمەتەکەی ترامپ پێش هەموو شتێک هەڵمەتی راستە توندرەوەکەی ئەمەریکا بوو، بەڵام شێوازی گوتاری پۆپۆلیزمی گرتبووە بەر.
بەڵام ئەوەی کە ئاشکرایە لەئەمریکا، بزوتنەوە راسترەوەکان بێزاری مییلیان لە خراپی باری ئابوری قۆستەوەو و داواکاریەکانیان بۆ داخستنی سنوورەکان بەروی کۆچبەراندا دەمەزەردکردەوە، ئەوەیش سەدایەکی باشی لای چینە ناوەراستەکە هەبوو، کە لە پلەبەندی کۆمەڵاتیدا رۆژ بەرۆژ بەرەو لای خواروە وهەژاری دەچوو. ئەمە وای کرد ملیاردێرێکی وەکو ترامپ کەلەدەرەوەی تەبەقە سیاسیەکەی ئەمریکا و هەتا حیزبەکەی خۆیشی (جەمهوری) بوو، بێتە پێشەوەو بە بەختوکەدانی غەریزەکانی عەوامە توڕەکە، بەگوتاری ئەمەریکا دەگێرێتەوە بۆ سەروەریەکانی رابردوو، لەرێگەی سەپاندنی باج لەسەر هاوردەو وگێرانەواوەی ئەو پیشەسازیانەی کە بەدوای دەستی کاری هەرزاندا ووڵاتیان بەجێ هێتشتبوو و دروست کردنی دیواری نێوان ئەمەریکاو مەکسیک بۆ رێگرتن لەهاتنی کۆچ بەران، و دەرکردنی کۆچبەرە نا شەرعیەکان ( ئەوانەی ئیقامەیان نییە). بەشێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو توانی بچێتە کۆشکی سپی.
لەفەرەنساش راست رەوی رادیکال جان ماری لوبان بەهەمان شێوە سواری شەپۆلە پۆپۆلیزمەکە بوو و بە بەڵێنەکانی زیاد کردنی کرێی کارو و پاراستنی پیشەسازی ناوخۆیی وبەرگرتن لە کۆچ بەران ودانانی باج لەسەر هاوردەکردن ،ترسی خستە دڵی حیزبەکانی دیکەوەو لەهەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەو ووڵاتەدا ساڵی 2002 گەیشتە قۆناغی دووەم.
رایەک هەیە دەڵی سەرکەوتنی شەپۆلی پۆپۆلیزم لەئەوروپا و ئەمەریکا، بەچەپ و راستیەوە، هەرەشە لە تەقلیدەکانی دیموکراسی و گۆرینەوەی ئاشتیانەی دەسەڵات لەرێگەی سندوقەکانی دەنگدانەوە، دەکات. دەڵێن پۆپۆلیزم ئیلغای بەرانبەری لە رۆحی خۆیدا هەڵگرتووە، ئەوان لەگوتارەکانیان دا بەئاشکرا کۆمەڵگەیان کردوە بە دوبەشەوە، ئێمە و ئەوان. پۆپیلیزمەکان خۆیان بەپارێزگارانی پەرژەوەندیەکانی نەتەوە و گەل دادەنێن، خۆیان بەهەقدار دەزانن بەرانبەر بە گومراو بەکرێگیراو و خائین لەهەندێک ووڵات سەرانی پۆپیلیزمەکان سڵ ناکەنەوە لەوەی کە کەمینە تێکەلاوەکانی ووڵاتەکەیان بە زمانێکی رەگەز پەرستیانە، بەهۆی رەنگ و ئاین و کەڵچەرەوە ناوبێنن.

1- الشعبوية تجتاح العالم ولم تعد حكرا على اليمين…. اسعد کنجو
2- الشعبوية السياسة افيون الشعوب … امانی السنوار
3- ماذا يعنی الشعبوية … فرانس 24 /آ ف ب
4- خمسة اسئلة حول الشعبویة وتأریخ نشأتها ….
5- الشعبوية في أوروبا وخطر الربط بين الهجرة والتراجع الاقتصادي….انطوان الحاج