سەرکۆ یونس: ئاخێک بۆ بەرهەمی ناوخۆ!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ساڵانە خاوەن پرۆژەکشتوکاڵی و جوتیارو خاوەن ڕەزوباخەکانی کوردستان هەوڵ ئەدەن بەرهەمەکانیان لەمیوە و گەنم و جۆ و دانەوێڵە و بەرهەمی سەوزە و تەڕەکاڵی بەهارەو هاوینە بخەنە بازاڕەکانی کوردستانەوە بەهیواو ئومێدی دەستکەوتنی داهات و دابینکردنی بژێوی ژیان بۆ خۆیان و ماڵ و مناڵەکانیان، بەڵام بەداخەوە وەک پیشەی هەموو ساڵێک ڕەنجەکەیان بە فیڕۆ دەڕوات بەهۆی نەبونی نرخێکی گونجاو بۆ بەرهەمەکانیان تا بتوانن بەردەوام بن و تێچونی خەرجیەکانیان بۆ پڕ بکاتەوە. بەداخەوە وەک دەبینین لێرەو لەوێ جوتیار و خاوەن بەرهەمەکان بەهۆی ساغ نەبونەوەی بەرهەمەکانیانەوە بەناچاری و بە چاوی پڕ فرمێسک و حەسرەتەوە و بەئاخ وداخێکی نائومێدانەوە بە بەرچاوی حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی کشتوکاڵەوە بەرهەمەکانیان فڕێ دەدەن و بەرەڵاکردنی کێڵگە و مەزراکانیان بووەتە پیشەی ساڵانەی بەشێکی زۆری جوتیاران.
خۆشبەختانە بەبێ چاودێری و پلانی حکومی جوتیارانی کوردستان ساڵانە بەرهەمی ناوخۆی کشتوکاڵی بەڕێژەی گونجاو زیاد دەکەن و بەرهەمەکانیان دەخەنە بازاڕەکانی هەرێمەوە کە لەڕووی چۆنایەتی و چەندایەتیەوە زۆربەی کات کێبڕکێ ی بەرهەمی هاوردەی ئێرانی و تورکی دەکات و دەتوانین بڵێن لەم کاتەدا بەشی پێویستی ناوخۆ پڕدەکاتەوە و لەهەندێ بەرهەمدا زیاتر لە پێویستی ناوخۆ دابین دەکرێت کە پێویستە هەناردەی بازاڕی وڵاتانی ناوچەکە بکرێت و ساغ بکرێنەوە.بەڵام جارێکی تر بە داخەوە بەهۆی نەبونی یاسای گونجاو و نەبونی پلانی ئابوری و کشتوکاڵی و گرنگی نەدانی لایەنەپەیوەندیدارەکانی تایبەت بە کشتوکاڵ بە بەرهەمی ناوخۆیی و چەندین هۆکاری تر ساڵانە لەوەرزی گەشتنی بەرهەمە خۆماڵییەکاندا توشی دیاردەی ساغ نەکردنەوە و کێشەی بەبازاڕکردنی بەرهەمەکان دەبینەوە.هەر لەفرۆشتنی گەنم بە حکومەتی عێراقی کە ساڵانە ڕێژەی وەرگرتنی بڕی گەنمی کوردستان کەمتر دەکات و سەرەڕای پێنەدان و دواکەوتنی پارەکەی و بەناچاری جوتیارانی هەرێم بەشێکی زۆری بەرهەمی گەنم لەبازاڕدا بەنرخێکی نزم دەفرۆشن. هەروەها نەبونی بازاڕ بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمی تەماتەو خەیارو کولەکە و بامێ و باینجان و شوتی و کاڵەک وسەرجەم بەرهەمەخۆراکییەکانی وەرزی هاوینە و هەتا پێ گەشتنی ترێ و هەناری کوردستان بەدەگمەن بەرهەمێک لەم بەرهەمە گرنگ و ستراتیژیانەی هەرێم نرخێکی گونجاو بەدەست دەهێنێت تا خاوەن بەرهەم و جوتیاران بتوانن بژێوی ژیانی خۆیان دابین بکەن و بەردەوام بن لەسەر کارو پیشەکەیان.
بەکورتی ئەو هۆکارانە دەستنیشان دەکەین کەبوونەتە ڕێگر لەبەردەم بوژانەوەی بەرهەمی ناوخۆدا.
1- نەبونی پلانی ئابوری و کشتوکاڵی ستراتیژی لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە و گرنگی نەدان بەم کەرتە ستراتیژییە کە کوردستان خاوەنی زۆربەی ڕەگەزەکانیەتی(ئاو وهەوا و خاک و دەستی کار)
2- گرنگی نەدان بە بازاڕ بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمی کشتوکاڵی چ لەناوخۆی هەرێم و دەرەوەی هەرێم و نەبونی ئاسانکاری بەبازاڕکردنی بەرهەمەکشتوکاڵیەکان
3- نەبونی تەنسیق و هەماهەنگی لەنێوان جوتیاران و نەبونی زانیاری تەواو لەسەر پێویستییەکانی دانیشتوان.cهەندێ جار چاولێکەری لەبەرهەمهێنانی جۆرێکی دیاری کراودا دەبێتە هۆی زۆری بەرهەمەکەو سەرئەنجام ساغنەکردنەوەی لەبازاڕەکاندا.
4- نەبونی یاسایەک بۆ پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی و پاڵپشت کردنی لەڕێگای دارایی و نرخ و باجی گومرگییەوە.
5- کرانەوەی بەردەوامی خاڵە سنوریە بازرگانیەکانی هەرێم بە ڕووی بەرهەمی دەرەکی و نەبونی باجی گومرگی بەرز لەسەر هاوردەنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان.
6- نەبونی بازاڕی گونجاو بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمی ناوخۆیی بەرزو نزمی لەنرخەکاندا ناسەقامگیری بازاڕی لێ دەکەوێتەوە.
7- لاوازی کەرتی پیشەسازی تایبەت بە پیشەسازی کردنی بەرهەمی کشتوکاڵی بەتایبەت بۆ تەماتەو هەنارو ترێ و زۆربەی ئەو بەرهەمەکشتوکاڵیانەی کەدەچنە بواری پیشەسازییەوە.
8- نەبونی ساردکەرەوە(براد) بۆ هەڵگرتنی بەرهەمەکشتوکاڵیەکان لەکاتێکەوە بۆ کاتێکی تر بەمەبەستی پاراستن و خستنە بازاڕی لە کاتێکی گونجاودا.
9- قۆرخکاری لەهەندێ عەلوەی شارەکاندا دەبێتەهۆی زەرەرو زیان گەیاندن بە جوتیار و سەرئەنجام قورسایی زەرەرەکان لەسەر شانی خاوەن بەرهەم دەوەستێت.

* ئابوریناس

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت