زاهیر باهیر: ئایا دۆناڵد ترامپ هەرەشە و مەترسییە؟

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

بە دڵنیاییەوە مەترسییە، بەڵام بۆ كێ؟ پێش وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە دەبێت ئەوە بڵێم کە مێژوو تا ئێستا چەند ڕاستییەکی سەبارەت بە شۆڕش فێرکردوین کە ناکرێت فەرامۆشیان بکەین.
یەکەم/ مێژوو نیشانیداوین کە پارتە سیاسییەکان هەر لە چەپەوە و کۆمۆنیستەوە تا دەگاتە سۆشیالیستی دەسەڵاتخواز ناتوانن گۆڕانکاریی بنەڕەتیی لەم سیستەمەدا بکەن. لە ڕاستیدا ئەوان چەندەها ئاستتەنگیی وەکو پارێزگاریکردن و درێژکردنەوەی تەمەنی سیستەمەکە، دروستدەکەن.
دووەم/ شۆڕش نە لە ڕێگای کودەتای سەربازیی و نە لە ڕێگای پیلانی سیاسییەکانەوە دەکرێت.
سێیەم/ مێژوویەکی دوور و درێژمان سەبارەت بە سیستەمی پەڕلەمانتاریی هەیە کە شکستیهێناوە لە هێنانی گۆڕانکاری بنەڕەتدا.
چوارەم/ مێژوو ئەوەشی نیشانداوە کە هەژاریی بە تەنها ناتوانێت بناخەیەك بێت بۆ ڕوودانی شۆڕش. لە ڕاستیدا لەوەش زیاتر مێژوو ئەوەی تۆمار کردووە کە هەژاریی خەڵکی زیاتر دەکاتە پاشکۆی دەوڵەت و کۆمەڵە خێرخوازییەکان لەبری ئەوەی متمانە بکەنە سەر خۆیان و خەبات بۆ گۆڕانکاری بنەڕەتی بکەن.
لە خەباتی چینی کرێکارانی بریتانی ئامارەکان ئەوەمان دەدەنەدەست کە ژمارەی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکان و مانگرتنەکان زۆر لە دابەزیندا بووە لە سەردەمی حوکمی پارتی لەیبەر [ پارتی کرێکاران] * . خودی ئەمەش پرسێکە کە بە دەگمەن جیاوازییەك لە هەل وbمەرجەکانی سەر کار و ژیاندا هەبووە لەو کاتانەشدا کە حیزبی موحافزین لەسەر حوکم بوون.
لەگەڵ ئەوەشدا نکوڵی ئەوە ناکرێت کە هەندێك ڕیفۆرم لەسەر دەستی چەپ و سۆشیالدیمۆکراتەکانا کاتێك کە لە حوکمدا بوون، کراون، کە بە ڕادەیەکی کەم ژیانی چینی کرێکارانی باشکردووە. بەڵام ئەم ڕیفۆرمانە کرێکاران تەنها بۆ ماوەیەکی کەم سوودیان لێوەرگرتووە. لە ماوەی درێژخایەندا ئومێدێکی ساختەیان دەداتێ، وایان لێدەکات کە زیاتر وابەستە بە پارتە سیاسییەکان ببن لە کردنی گۆڕانکاریید. بە واتایەکی دیکە زەرەرمەندیان دەکات، وایان لێدەکات بڕوا بەخۆیان لەدەستبدەن کە بتوانن گۆڕانکارییەکان بکەن. هەر ئاواش دەماخیان دەشواتەوە کە گوایە ئەمەیە دیمۆکراسیی. ئەو وەهمە بە خەڵکی دەدات ئەمە جۆرێکی جیاوازی دەسەڵاتە و جۆرێکی جیای حکومەتە. بە خەڵکی دەلێت دەوڵەت هەیە دیمۆکراسییە و دەوڵەتیش هەیە دیکتاتۆرە. بەڵام لە راستیدا بوونی حکومەت/ دەوڵەتی دیمۆکراسی یاخود دیکتاتۆریی هەر هەمان شتە. دەوڵەت ناوی هەرچیبێت لە نێو سیستەمەکەدا کۆنترۆڵ و لاقەی خەڵکەکەی دەکات. بە بەکارهێنانی ئامراز و دەسگەکانی لە حوکمی دیمۆکراتیی و دیکتاتۆرییەتا هەرکامیان حوکممان بکەن، هەر وەکو یەکن.
کاتێك کە دیکتاتۆرەکان و پارتە ڕاستڕەوەکان لە دەسەڵاتدان، ڕاستییەك هەیە کە ئازادیی نییە یاخود زۆر کەمە. هاوکات پەیوەندی کۆمەڵایەتی نێوانی خەڵکی زۆر توندوتۆڵە، هاوپشتییەکی زۆر باش هەیە، هەرەوها هاوکاریی و بەتەنگەوەهاتن و بەدەم یەکدیچوونیشەوە هەیە. هەر ئاواش هێڵی جیاکەرەوە لە نێوانی هاوکاران و هاوپشتانی حکومەت و دەوڵەت و ئەوانەی کە دژ بەوان دەجەنگن، زۆر ئاشکرایە. زیاتریش لەوانە متمانە و یەکێتی لە نێوانی خەڵکیدا هەیە و تا ڕادەیەکیش هەمووان پاگەندەکانی دەوڵەت و میدیاکەی، ڕەتدەکەنەوە. زۆرێك لە ئێمە ئەم ئەزموونگەرییەمان لەسای حوکمی صەدام حوسەین-دا هەیە، هاوڕێیانی وڵاتانی دیکەش هاوبەشی ئەم هەست و بۆچونە دەکەن.
با سەرنجێکی ئەمەریکا بدەین لەسای حوکمی سەرۆك ترامپ-دا، کە یەکێکە لە هەر دەسەڵاتدارەکانی جیهان. من لەم کورتە وتارەدا پیویستم بەوە نیە کە بچمەوە بە تۆماری کارەکانی سێ ساڵ لەمەوبەری ترامپدا، کە ئەو زۆربەی وەخت بە ڕاستی و ڕەوانی، بێ شاردنەوەی مەبەست، بە ڕاشکاوانە ئەوەی باوەڕی پێبووە وتوویەتی و کردویەتی. لە ڕاستیشدا ئەوەی کە وتویەتی سەبارەت بە سیاسەتەکانی ئەمەریکا چ لە ناوخۆو چ لە دەرەوە، بێ پێچ پەنا بەڕێیکردوون.
ئەو ئێمەی باشتر بە سروشتی سیستەمی سەرمایەداریی ناساندووە. ئەو زۆر ڕوونە کە چارەی زانستی گۆڕینی ژینگەی ناوێت، زۆریش کراوەیە بەرانبەر بە خۆشەویستی خۆی بۆ خەڵکانی دەوڵەمەند و دەستەبژێرەکان و هاوکارییەکی تەواوی کۆمپانیا زەبەلاحەکان دەکات. هەرگیز ڕك و کینەی بەرانبەر بە هەژاران و نقابە و چەپەکان و کۆمۆنیستەکان و سۆشیالیستەکان و ئەنارشییەکان نەشاردۆتەوە. ئەو ڕاشکاوانە وتویەتی دەستێوەردانی ئیدارەکەی لە سوریا و عێراق-دا بۆ سامانی نەوتە. ئەو بەردەوام سەرەکۆنەی بەرگرییکەرانی مافی مرۆڤ و یەکسانی کردووە. هەڵوێستی بەرانبەر ئیسرائیل و پاشا و میرەکانی کەنداو و سەرۆك جەیر بۆلسەنارۆی بەرازیل و سەرۆکی فلیپین، ڕوون و ئاشکرا، دۆستانە بووە و دۆستانەیە. ئەو کابرایەکی دیپلۆماسی وەکو سیاسییەکانی بریتانیاو ئەوانەی دیکەی وڵاتانی ئەوروپا نییە، کە شتێك دەڵێن و کەچی شتێکی دیکە دەکەن. ئەو دژ بە هەڵوێستی دووڕووانەی کۆنگریسی وڵاتەکەشێتی. ئەو نیشانمان دەدات کە دەوڵەت و تەواوی ئیدارەکانی ڕەنگدانەوەی بزنسن و لەگەڵیدا ڕۆژدەکەنەوە. پێمان دەڵێت بزنس و سیاسەت جیابوونەوەیان نییە و جیاش ناکرێنەوە. ئەم لیستە درێژەی هەیە، بەڵام من لیرەدا دەوەستم .
کەواتە پرسیارەکان لێرەدا ئەمانەن: كێ سیستەمی سەرمایەداریمان بە ڕاستی وەکو خۆی نیشاندەدات؟ ترامپ یاخود سەرکردەکان و سیاسییەکانی بریتانیا و وڵاتانی ئەورپای ڕۆژئاوا؟ کێ لە هەقەتا وەکو ئەو قسەی دڵی خۆی دەکات و پێماندەڵێت ئەم سیستەمە سیستەمی ئێمە نییە و بۆ ئێمە نییە و سوودیشی بۆ ئێمە نییە بەڵکو تەنها سوود بەو و ئەوانەی وەك ئەون کە لەسەرەوە ناویانم هێنان دەگەیەنێت؟ بەڕاستی کێ لە ماوەی درێژخایەندا دووژمنی سەرمایەدارییە و خزمەتی بزوتنەوەی کرێکاران دەکات و پاڵ بە خەڵکەوە دەنێت بۆ مانگرتن و ناڕەزایی و تەنانەت ڕاپەڕینیش دژ بە سیستمەکە؟ ترامپ، یاخود سەرکردەکانی دیکە کە بەبەردەوامیی لە هەوڵی ڕتووشکردن و جوانکاریی سیستەمەکەدان وەکو سیستەمێکی دیمۆکراتیی، تاکو خەڵکی دڵخۆش بە ڕیفۆرمەکان، بکەن ؟
لە ڕاستیدا سەرۆك ترامپ باشترین ژینگەی بۆ ڕاپەڕین لە ئەمەریکا خولقاندووە بە سەپاندنی هەموو ئەو سیاسەتانەی کە لە خزمەتی دەوڵەمەندەکانان. لەسای سەرکردایەتی ئەودا دڕندەیی پۆلیس زیاتری کردووە ، نایەکسانیی تەشەنەی کردووە، نادادەوەری کۆمەڵایەتی زیاتر لە برەودایە ،ڕێژەی هەژاریی زیاتر هەڵکشاوە، هەروەها ڕك و کینەی زۆر لە موسڵمانان و بەرابنەر بە کۆمۆنێتی هاوڕەگەزخوازان و فێمەنیستان و ئەوانەی کە خوازیاری گۆڕینی ڕەگەزی خۆیانن، زۆر زیادی کردووە.
لە ئێستادا لە ئەمەریکا ئەم ژینگەیە هەیە و خەڵکی بێزاربوون لێی. کوژرانی جۆرج فلۆید، بەداخەوە، تەنها خاڵی تەقینەوە بوو نەشتێکی دیکە بۆ ڕاپەڕینی خەڵکی.
سەرۆك ترامپ ڕەنگە شۆڕشی نەخولقاندبێت، بەڵام بە دڵنیانیەوە بزوتنەوەیەکی دروستکردووە، نەك هەر بە تەنها لە ئەمەریکا بەڵکو لە وڵاتانی ئەوروپاش، بە تایبەتی بریتانیا. کوژران و ناوی جۆرج فلۆید تەنها سومبەلێك بوو بۆ ڕاپەڕین. Black Lives Matter ، “ژیانی ڕەشپێستان گرنگە”، تەنها بزوتنەوەی ڕەشپێستان و بە تەنهاش بۆ ئەوان نییە، بەڵکو بزوتنەوەی ملیۆنەها خەڵکییە لەم سەر زەمینە. بزوتنەوەی هەموانە لە جیهاندا کە لەسەر دەستی دڕندەیی دەوڵەت بۆ ماوەیەکی یەکجار درێژ، خەڵکی دەیچێژێت، کە بریتییە لە سیاسەتی دەستگرتنەوە” تەقەشوف” ، نایەکسانیی، نادادوەریی کۆمەڵایەتیی، بێ کاریی، جەنگەکان، هەڵکەنرانی خەڵکی لە نێو کۆمەڵ و زێدی باوباپیرانیی، بێ ماڵیی و بێ خانوویی و بێ دەرەتانیی و زۆری دیکە.
بەدڵنیاییەوە بزوتنەوەکە هەموو شتێك لابەلا ناکاتەوە، بەلام هەندێك لە ڕواڵەتەکانی ژیان دەگۆڕێت. لە ڕیگای بەکارهێنانی چالاکی ڕاستەوخۆوە، زۆر بە خێرایی ئەم بزوتنەوەیە توانی ئەوەی کە لۆبییکردن و واژۆ کۆکردنەوە و گلەیی و پرۆتێستە ترادیسوێنییەکان و چەلەحانێکیانی نێو دیوەخانەکانی پەڕلەمان، نەیتوانی لە ماوەی چەند دەهەیەکدا بەدەستیان بهێنێت، ئەم بزوتنەوەیە لە ڕێگای چالاکی ڕاستەوخۆوە، بەدەستیهێنا. سروشتی کردنی پرۆتێستی گۆڕی، سیاسەتی مانەوە و کەرەنتینەکردنی لە ماڵدا تێشکان، مۆڵەت و پرسی پۆلیسی فەرامۆشکرد و خستییە لاوە هەروەها گوێشی نەگرت بۆ سیاسییەکان. هەموو بەرپرسیارییەکانی خستە سەرشانی خۆی، هاوکاتیش گیانی کردەوە بەبەری ئەو بزوتنەوانەی کە پێش سەردەمی کۆرۆنا لە جیهاندا لە ئارادا بوون.
لە بریتانیا پرۆتێستەکان توانی زۆر شت بگۆڕێت: هێنانەخوارەوەی هەندێك لە پەیکەرەکانی پیاوانی ڕایسست و بازرگانانی کۆیلە لە شوێنە گشتییەکاندا. لەمەش زیاتر چالاکوانان دەوڵەت و میدیایان ناچارکرد کە دان بە ڕاستینەی ڕەنگدانەوەی هەمە “موڵتی” کوڵتوورگەریی کۆمەڵی بریتانی بنێن. هەڵمەتەکان ” کەمپەین” داخوازای پڕۆگرامی خۆێندنی قوتابخانەکان و دانشگاکان دەکات بۆ ئەوەی ڕۆڵی مێژوویی ڕەشپێستەکان بخوێنرێت و ببێتە پرۆگرام. هەروەها داوا لە مۆزەخانەکان دەکرێت کە تۆماری ڕۆڵی بریتانیا لە بازرگانیکردن بە کۆیلەوە، بکات.
لەگەڵ ئەوانەشی کە لە سەرەوە وتم ، ئەگەر خەڵکی گۆڕانکاریی بنەڕەتییان لە ژیانیانینا بوێت ، ڕژانە سەر شەقام و چنگاوشبوونی پۆلیس، ئەوانە کافیی نییە. پێویستمان بە بەکارهێنانی ئەم تاکتیکە کەمتر هەیە. پێویستمان بەوە هەیە کە قورسایی و چەقی خەباتمان و ئەزموونگەریمان و زانیاریمان و هەوڵەکانمان بخەینە سەر ڕێکخستنی خۆمان لە گەڕەکەکانا، لە شەقامەکانا، لە زانکۆکانا، لە کارگەکانا، لە ئۆفیسەکانا، لە کێڵگەکانا و شوێنەکانی دیکەی سەر کار. پێویستمان بەمانە هەیە بیکەین ئەویش لە ڕێکخراوە جەماوەریی و گروپە ئاسۆییە بێ سەرکردەکانا تاکو خۆمان بۆ فشارخستنە سەر دەوڵەت و دەسەڵات ئامادەبکەین، دواپاڵی پێوەنێین بۆ ئەوەی بە خۆمان ژیانی خۆمان ڕێکخەین و گۆڕانکاری ڕاستەقینە بکەین . هەنگاوی یەکەمیش خەباتکردنە بۆ بەدەستهێنانی شارەوانیی ئازاد و جێگرتنەوەی شارەوانییە گەندەڵە بیرۆکراتییەکان.
* ئەم وتارە لە لە سەرەتادا بە زمانی ئینگلیزی نوسیومە و پێش دە ڕۆژ لەمەوبەر لە ماڵپەرە ئەنارکیستەکانا بڵاومکردۆتەوە.
http://isj.org.uk/why-are-there-so-few-strikes/