فازیڵ ڕۆژ: چه‌مكی‌ ده‌ربازبوون یاخود تێپه‌ڕاندن لەنێو پڕۆسێسی سیاسیدا/بەشی یەکەم.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

ئاشكرایه‌ كۆمه‌ڵكا به‌رده‌وام دوچاری‌ گرفت و قه‌یران ده‌بێت. هه‌ر بۆیه‌ درك كردن به‌ قه‌یران و گرفته‌كان هێنده‌ی‌ تێپه‌ڕاندنیان گرنك نیه‌. له‌ كلتوری‌ كۆمه‌ڵگای‌ ئێمه‌دا دوو دیدگا هه‌یه‌ كه‌ به‌ ڕه‌واڵه‌ت دژی‌ یه‌كترن، بەڵام له‌ ناوه‌ڕوۆكدا ته‌واوكه‌ری‌ یه‌كترین، چونکە هه‌ردووكیان لە یه‌ك مه‌بەست و ئامانجدا یەک دەگرنەوە، ئەویش هێشتنه‌وه‌ و ده‌رباز نه‌بوونی‌ ئه‌م ڕه‌وشه‌ قه‌یراناویی یه‌.

دیدگای‌ یه‌كه‌م
دیدگایه‌كی‌ ڕه‌خنه‌گری‌ په‌تییه‌ و هیچی‌ تر، ئامانجی‌ ته‌نها ره‌خنه‌گرتنه، هه‌رچی‌ دۆسیه‌ی‌ كۆن و خراپ هه‌یه‌، هه‌ڵیده‌داته‌وه‌، تاكو كۆمه‌ڵگا له‌ نێو ڕه‌خنه‌دا نغرۆ بكات و سه‌راپای‌ كۆمەڵگا‌ناشیرین و كۆڵه‌وار بكه‌ن و نیشانی‌ ڕای‌ گشتی‌ بده‌ن، كه‌ ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌ توانای‌ ده‌ربازبوونی‌ قه‌یرانه‌كانی‌ نیه‌، ئەم جۆرەدیدگایە جگە لەبەخشینەوەی ھەستی بێزاری و چەسپاندنی پایەکانی نائومێدی لەکۆمەڵگەدا شتێکی تر نیە.

دیدگای‌ دووه‌م
دیدگای‌ پیا هه‌ڵدان و چه‌پڵه‌ لێدانه‌ بۆ سیستەمی دەسەڵاتدارێتی، ئەم دیدگایه‌ش ده‌یه‌وێ كۆمه‌ڵگاو كه‌م وكوڕی و گرفته‌كانی‌ له‌ نێو هه‌راو هوریای گه‌وجانه‌ی خۆیدا بشارێته‌وه‌، واته‌ كۆمه‌ڵگا به‌ده‌ردو مه‌ینه‌تی و لاوازیه‌كانیەوه‌ بھێڵێتەوه‌وسه‌ر له‌ ڕای گشتی‌ بشێوێنێ تاكو به‌رده‌وام رێگه‌ له‌ دیدو بۆچوونی ئه‌قڵانی و پسپۆڕانه‌ بگرێت، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌توانن په‌نجه‌ له‌سه‌ر قه‌یران و گرفته‌كان دابنێن، رێگه‌ چاره‌ی ده‌ربازبوونیش بۆ هه‌تا هه‌تایه‌ بزر ده‌كه‌ن.
لەڕوانگەی ئەم دوودیدگایەوە، دەمەوێ زیاتر ڕۆبچم بۆ نێوکایەکانی ململانێی سیاسی و پەل و پۆ ھاویشتن بۆ ھەموو پانتایی یە دیارونادیارەکانی گۆڕەپانی ململانێی سیاسی لەنێو کوردستاندا .
بە چاوخشاندنەوە بەمێژوویەکی نزیک، لەپاش کۆتایی ھاتن بەسیستەمی حوکمڕانی بەعس و « تێکەڵکرکردنەوە — یەکگرتنەوە » ی ھەردوو ئیدارەی ھەولێرو سلێمانی، یاخود زۆنی « زەرد و سەوز » .
ئەم دەسەڵاتە لە ڕوکەشدا چەند تێکەڵ بۆتەوەو بانگەشەی بۆ تەبایی و یەکگرتنەوە کردووە، لە گەوھەردا زیاتر ھەڵگری خەسڵەتەکانی ناکۆکی و ناتەبایی و لێک ترازان بووە، پێویست ناکا بەڵگە بۆ بۆچونەکانم بھێنمەوە، مێژووی دەسەڵاتدارێتی ئەم «17»حەڤدە ساڵە ، لە ( 2003 – 2020) وەک خوێنی پەڵەی نێوچەوانی کۆرپەلەی لەدایک بوو، ڕۆشن و دیارە.
کە سەرجەم دامەزراوە دەوڵەتی یەکان، لەشێوەو ڕوکاری دەرەوەدا تێکەڵ بوونەوەو لەناوەرۆک و گەوھەریشدا لەیەک ترازاون و ھەروەک جاری جاران دوومەزراوەی لەیەک جودان، ھەرلەوەزارتی «پێشمەرگەوە بگرە بۆ وەزارەتی ناوخۆو ئاژانس و تادەگات بەدامەزراوەو وەزارەتەکانی تر».
ئەگەرجاران بەئاشکرا یەکتریان نەفی دەکردەوەو ھەریەکەیان خۆی بە عەیارە بیست و چوار و خۆی بە خاوەنی مێژویەکی دورودرێژ لەخەبات و گیان فیدایی لەپێناوگەل و کوردستاندا دەزانی و بەرامبەرەکەی بەجاش وخۆفرۆش و داردەستی وڵاتان لەقەڵەم دەدا، ئەوا ئێستاش لەژێر پەردەو بەشێوازی جۆراو جۆر ھەمان نەریت و ڕەفتاری جارانیان تەرک نەکردووە و لەسەر پەیڕەوکردنی بەردەوامن.
جاران .. ڕاگەیاندنەکانیان لەجۆری « نوسراو ، بیستراو ، بینراو » بەئاشکرا بۆ دژایەتی یەکتر بەکاریان دەھێنا.. بەڵام ئێستا ترسناکتر لەجاران سەدان ئەکاونت و پەیچی جۆراوجۆریان لە «تۆڕەکۆمەڵایەتی و سۆشیال میدیا » . بۆ دژایەتی کردنی یەکترو خۆھەڵکێشان و مێژوو ناونیشان بۆ خۆ دروستکردن پێک ھێناوە.
حکومەتی ھەرێم ، بەردەوام لەنێوان « یەکێتی و پارتی» دا پێک ھاتووە، ناوە ناوەش حیزبەکانی تر بەشداری پێکراون، لەم گەمەی سیستەمی حوکمڕانێتی یە دا، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنج و تێڕامانە .. بەردەوام « پ د ک » خۆی بەخاوەنی سەرەکی ئەم حوکمڕانێتی یە زانیوەو « ی ن ک » یش خۆی وەک ئۆپۆزیسێۆن نیشان داوە، (مەبەست ئۆپۆزیسیۆنی دژ بە پارتی یە، نەک ئۆپۆزیسیۆن دژ بەسیستەمی دەسەڵاتدارێتی )، لەبەرئەوەی لەدەڤەری سلێمانی کێشمەکێشی سیاسی و ناڕەزایی جەماوەری دژ بە سیستەمی حوکمڕانێتی بەھێزە، دەیەوێ ھەموو کەم و کوڕی یەکان بخاتە ئەستۆی « پ د ک » و خۆشی وەک بەرزەکی بانان بۆی دەرچێت.
ئەم گەمە سیاسی یە، گەمەیەکی ھەلپەرستانەیەو ئامانجەکەشی جگە لەگەوجاندنی جەماورو بێ نرخ کردنی سیستەمی حوکمڕانێتی شتێکی ترنیە ».
ھەندێ حیزب و گروپی تریش، پێ یەکیان لەنێو حکومەتدابووەو و پێ یەکیشیان لەنێو ئۆپۆزیسێۆن.. ئەمەش دیارە جۆرێکە لەبێ ئاسۆیی و نەبوونی ھیچ ئامانجێکی سیاسی، تەنھا کۆمپانیایەکن بەشوێن قازانجەوە بۆ ژمارەیەک لەو گروپە لەژێر ناوو ئایدۆلۆژیاو فۆڕمی جۆراو جۆردا.
بەشێکی زۆریش لەسەرکردەی ئەم حیزبانە دەمیان چەور کراوە، کە ڕەخنەو جۆرێک ناڕەزایەتی دەرببڕن، بەمەبەستی خاڵی کردنەوەی کۆمەڵگا لەبارگاوی بوون.. بەمەرجێک ھێڵی سور نەبەزێنن و «ئاسایشی بەرژەوەندی بەرپرسە باڵاکانی نیشتیمان »نەخەنە مەترسی یەوە.
واتە کە قسە لەقەیرانێکی قوڵی گشتگیر دەکەین، کۆی حیزبەکانیش بەشێکن لەوقەیرانە، ھەربۆیە ئەوحیزبانە لەجیاتی دەم لەچارەسەری ئەوقەیرانانە بدەن، گەر ھەوڵی خۆھەڵوەشاندنەوەی خۆیان بدەن و بوێرانە ھەڵوەشاندنەوەی خۆیان لەپێناوی بەرژەوەندی گەل ڕاگەیەنن، بەشێکی قەیرانەکە چارەسەر کراوە.
ئەم خاڵە زۆرگرنگەو جێگەی ھەڵوەستە لەسەرکردن و زیاتر شیکردنەوەو شڕۆڤەکارییە، بەمەبەستی گەیشتن بە سەرچاوەی گرفت و کێشە بنەڕەتیەکانی ھەناوی ئەم شێوازی دەسەڵاتدارێتی یە لەکوردستان.
لێرەدا .. بەندە پێشنیاری شێوازو مێتۆدێکی ممارەسە نەکراودەکات.
ڕەنگە .. دەست بردن بۆ میتۆدێک کەلەھەنگاوی خۆیدا، ھەڵگری جیھان بینی و ڕێگەچارەبێ، بتوانێت ڕەوشی کوردستان لەم بێ ئاسۆیی یە دەرباز بکات و سیستەمی حوکمڕانێتیش لەم پاشاگەردانیە تێپەڕێنێ.
خۆئەگەر پێویستیش بێ، کۆی ئەو مێژووەی کەئامەنجەکەی لەقوربانیداندا چڕ بۆتەوەو ھیچ شتێکی تری بۆ ئەم گەلە کڵۆڵ و بێنازە بەدیاری نەھێناوەتەوە.. دابڕانێک لەگەڵ ئەو مێژووە دروست بکات و بکەوێتە سەر ڕاستە ڕێی ئاسۆیەک پڕ لەئامانج و لەتواناشیدا ھەبێ قەرەبووی شکستەکانی ڕابوردوش بکاتەوە.
ھەربۆیە داوالەئێوەی ئازیزو خۆشەویست دەکەم، ھەرکەس ئەم پۆستە دەخوێنێتەوە، دیدوبۆچوونی خۆی لەکۆمێنت بنوسێت. بەڵکو بگەین بە دیاریکردنی چەمکی دەربازبوون یاتێپەڕاندن کەخۆی لەخۆیدا میتۆدی نوێی کارکردن دەبێت.