زاهیر باهیر: بۆچونێك دەربارەی قەوارە و ناقەوارەیی هەرێمی کوردستان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

من لێرەدا وەڵامی ئەو پرسیارە نادەمەوە ئایا هەرێمی کوردستان قەوارەیەکی وەکو ئەوەی کە ئێستا هەیەتی بمێنێت یاخود هەڵوەشێتەوە، باشترە؟ ئەوەی کە لێرەدا دەمەوێت بیخەمە بەردەم خوێنەرانی ئەم وتارە، تەنها ورووژاندنی پرسیارگەلێکە تاکو خۆیان سەرپشك بن لە وەڵامیانا.
پێشەکی دەمەوێت کارئاساییەك بۆ خۆێنەر بکەم تاکو بتوانن وەڵامێکی لۆژکیانە بە پرسەکە بدەنەوە یاخود هەر هیچ نەبێت ببێتە مایەی تێڕوانینیان، بۆ ئەمەش من بە کورتی شتێك دەربارەی قەوارەی هەرێم و پارێزەری قەوارەکە کە حکومەتی هەرێمە، لە چەند ڕوویەکەوە دەخەمە ڕوو.
یەکەم/ ئێمە ئامارێکی پشتبەستراومان لەبەردەمدا نییە سەبارەت بە قەوارەی ئێستتای کوردستان و ئەو زەوی و خاکەی کە ئێستا لەژێر سای دەسەڵاتدارانی هەرێمدایە هەر لەو کاتەوەی کە بوونەتە حوكمڕان واتە ساڵی 92/91 وە. هەندێك دەڵێن ئەوەی کە ماوەتەوە بەڕێژەی لە سەدا 24 لە چاو ساڵی 1975، ساڵی ئاشبەتەڵ. هەندێکی دیکە زۆر ڕمڵی زیاتر لەوە لێدەدەن، بەڵام هەندێك لایان وایە کە لە ئێستادا ئەو خاك و شوێنانەی کە بە فیعلی دەتوانرێت بوترێت کوردستانە و لەژێر فرمانداریی ئەم حیزبانەدایە لە سەدا 40 زیاتر نییە. کەواتە لێرەدا قەبارەی ڕاستیی کوردستان گوومە و ئاشکرا نییە. بەڵام ئەوەی ئاشکرایە کە لە هەڵگیرساندنەوەی شەڕی 1974 وە، کورد چ لە ڕووی خاکەوە و چ لە ڕووی زەرەرو و زیانی گیانیی و ماڵداریی و ئاژەڵداریی و سروشتەوە لە زەرەردایە و ئەم زەرەرمەندییەش سنووریی نییە و ناشتوانرێت پێشبینی کۆتایەکەی بکرێت.
دووەم/ لە ڕووی ئابوورییەوە: ئاشکرایە کوردستان لە ڕوی ئابوورییەوە لەو کاتەوەی کە خاوەنی حکومەت و بوونی خۆیەتی، لەبری چونە پێشەوەی زیاتر، لە خاپووربون و کاولیدایە. ئەوەشی کە 30 ساڵ و پێشتریش هەبووە هەمووی لەدەستچووە. ئاشکراشە پارێزەرانیی ئەم قەوارەیە لە ماوەی ئەم زەمەنە دوورو و درێژەی دەسەڵاتیانا شکستێکی گەورەیان هێنا و بەروبوومی وڵات بە هەموو چەشنەکانییەوە هەر لەبەروبوومی سروشتی و کشتیاریی تا دەگاتە پیشەسازیی هەڕاج و تاڵان کراون و هەر بەردەوامیشە، بێ ئەوەی تاکێکی کورد بچوکترین سوودی لێ وەرگرتبێت. تائێستاش متمانەی کۆمەڵی کوردی لەسەر هاوردەی وڵاتانی دەرودرواسێی و وڵاتانی دیکەیە. خەڵکی بێ بەشە لە مووچە و بژێوی ، هیچ پرۆژەیەك لە کوردستانا جگە لە دروستکردنی هەندێك بەنداو و هەڵکەندنی بیری نەوت و دروستکردنی مۆڵ و هوتێل و هەندێك ڕیگاو شەقامی بێ کەڵك و نازەرووریی و دروستکردنی شووقە و ڤییەلای گرانبەهای نوێ لەژێر ناوی گوندی جیا جیادا، هیچی دیکە نەکراوە. سەروەت و سامانی وڵات بە ئاشکرا دزراوە و دەدزرێت. ئەمە جگە لەوەی کە دەستەیەك بازرگانی چاوچنۆك بە بەشداری و ئاسانکاریی هەندێك لەبەرپرسەکان دروستبوون و تورەقییان کردووەو زۆرێك لە شادەماری لایەنی هاوردەی بەرهەم و پیداویستییەکانی خەڵکیان لەتەك ناردنە دەرەوەی نەوت و شمەکی دیکە، بازاڕیان قۆرخ کردووە. کە لەم بارەشدا ئەوەی ئەو بازرگان و بەرپرسانە مەبەستیان نەبێت و بە تەنگەوەی نەیەن کۆمەڵی کوردی و کواڵەتی ئەو کاڵا و شمەکانەیە کە دەهێنرێنە ناوەوە هەر لە کەل و پەل و پیداویستی دیکە تا دەگاتە دەرمان کەرەسە زەروورییەکانی تری بەشی خۆپارێزی و تەندروستی، کە زۆربەیان بەسەرچوون.
سێیەم/ لەبارەی سەربازیی و بەرگرییەوە: ئەم قەوارەیە خاوەنی سووپایەکی یەکگرتوی نیستمانیی نییە ، ئەوەی کە هەیەتی چەند هێزێکی میلیشیایی جیا جیاو سەر بەحیزب و سەر بە خانەوادەکانن. جێگای داخە ئەو میلیشیانەش گەرچی زۆربەیان خەڵکانی هەژار و باش و بێ زەررەرن بەلام بە خۆیان بوونێکی سەربەخۆیان نیە بۆیە وەکو داشی دامە یارییان پیدەکرێت، بەیانی هەر کام لە خاوەنەکانیان دەتوانن بیانکەن بە گژ هەر لایەنێکدا کە بیانەوێت. وەکو وتم ئەمانە چەکدارانی حیزب و خانەوادەن نەك کوردستان و خەڵکەکەی، بۆ پارێزگاری ئەوان لەوێ نین، بەڵکو بۆ پاراستنی بەرژەوەندی سەرانی حیزب و خانەوادەکان و کۆمپانیا گەورەکانی ناوخۆ و دەروەی کوردستانن.
چوارەم/ لە ڕووی سیاسییەوە: کۆمەڵە خەڵكێك ، چەند حیزبێك بە ڕاستەوخۆ و ناڕەستەوخۆ حوكمڕانن کە هەموان دەزانن هەر لایەیان سەر بە یەکێك لە دەوڵەتانی دەرودراسێن و وڵاتانی دیکەی ئەوروپی و ئەمەریکا و وابەستەی بڕیارە سیاسیی و ئابوورییەکانی ئەوانن. پەڕلەمانێکی گاڵتەجاڕی بێ ئیرادە و بێ بڕیار و بێ کار و گەندەڵی هەیە ، کە کەسێك ناتوانێت پاساوی بوونی بکات.
لە سەرێکی دیکەشەوە کوردستان بووەتە مەیدانی تۆڕە سیخوڕەکانی ئێران و عێراق و تورکیاو سعودییە و وڵاتانی دیکە. ئیدی سی ئای ئەی و موسادی ئیسرائیلی و میتی تورکیی و ئێم ئای سکسی بریتانیی و ئیتڵاعاتی ئێرانی و وڵاتانی تر تەراتێنی تیادا دەکەن. ئەم دەسگە سیخوڕییانە ئەوەندەی لە کوردستان نوسینەگە و چالاکی ئاشکرایان هەیە لە وڵاتانی خۆیاندا نەك ئەوەندەیان نییە بەڵکو ئەوەندەش ئازاد نین .
کوردستان قەوارەیەکە کە ڕۆژانە لە لایەن عێراق و ئێران و تورکیاو بۆردماندەکرێت ، لاقەدەکرێت، مرۆڤەکانی دەکوژرێت و ماڵدارییەکانی لەناودەبڕێت سروشتەکەی وێراندەکرێت. پارێزەرانی ئەم قەوارەیە نەك هەر قسەیەك ناکەن بەڵکو خۆشیان دەستیان لەگەڵدا تێکەڵدەکەن بۆ هێنانی ئەم کارەساتە بەسەر گەلەکەیانا.
پێنجەم/ لە ڕوی کۆمەڵایەتییی و ڕووەکانی دیکەوە: کە باس لە ڕوی کۆمەڵایەتی قەوارەی هەرێم دەکەم مەبەستم هەموو لایەنە کۆمەڵایەتییەکانە هەر لە ڕؤشبنیریی و پەروەردە و فەرهەنگیی و کولتوریی و هونەر و وێژە و پەیوەندی کۆمەڵایەتی و خوو و نەریتی مرۆیانە. لەم پەیوەندییەدا پرسی ژنان ، ڕایسیزم ، دین و ئاینیش دەگرێتەوە، کە لە سەراپای هەر یەکێك لەوانە، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە خراپەکە ، بە خەستی ڕەنگدەداتەوە.
لە هیچ کامێك لەم لایەنانەوە شتێکمان نییە کە بڵێی هی میللەتەکەیە و تایبەتمەندی خۆی پاراستووە لەم قەوارە ” نیشتمانییەدا” . پەروەردە و ڕۆشنبیریمان هێشتا سەردەمی بەعس و خێڵەکی بەجێ نەهێڵاوە ، تەنانەت هیچ هەنگاوێکیشی بۆ نەنراوە. خزمەتگوزارییەکان نەك هەر لەڕووی قەوارەیانەوە بەڵکو لەڕوی بەڕیوەبردنیشیانەوە هەرەسیان هێناوە، کولتورمان ڕەنگدانەوەی کولتوری بازاڕی ئازادە و هەڵسوکەوتی ئەکتەرەکانی هۆڵی ودوو کردنی هەموو شتێك بە مرۆڤەکانیشەوە بە کاڵایەك لە بازاڕدا بەتایبەت ئافرەتانمان. بایاخدان بە فێربوونی زمانی کوردی زۆر لە دامێنی گرنگیدانەوەیە لە بەرانبەر زمانی تورکیی و ئینگلیزی-دا. دوای ئەمەش خوا هەڵناگرێ نوسەر و ڕۆشنبیرەکانیشمان درێغییان نەکردەوە لە وێرانکردن و شێواندانی زمانی کوردیی بە قەرزکردنی وشە و دەستەواژەی زمانەکانی وەکو ئینگلیزی. ئەمە جگە لەوەی کە زۆرێك لە ماڵپەڕە کوردییەکان و دوکانەکان و هوتێلەکان و چێشتخانەکان و شوێنەوار و گەشتوگوزراییەکان و تەنانەت عیادەی دکتۆرەکانیش بە ناوی ئینگلیزی یا نیوە کوردی و نیوە ئینگلیزییەك نوسراون کە زۆر کات خۆشیان ماناکەی نازانن . ئەمانە هەمووی کراوە و دەکرێت بێ هەبوونی چاودێرییەك، لێپرسینەوەیەك ، بە تەنگەوەهاتنێکی زمان و فەرهەنگی کوردیی.
لە لایەکی دیکەوە ئەوەندەی کە گرنگی بە دروستکردنی مزگەوت دراوە ئەوەندە گرنگی بە کردنەوەی خەستەخانەو قوتابخانە نەدراوە. لە کاتێکدا کە پەتای کۆرۆنا ئەوەی سەلماند نەك هەر مزگەوتەکان و دین نامان پارێزن، بەڵکو نێوەندیی بڵاوکردنەوەی پەتای ڕۆحیی و جەسەدیشن.
لە ئەمڕۆی کوردستانا چارەسەر نییە ، مووچە نییە، ئازادیی نییە، پەیوەندی کۆمەڵایەتی نییە، هەر هەمووشیان دەسەڵات لێیان بەرپرسیارە. ڕاستە لەسەردەمی بەعسدا دەممان دەگیرا بەڵام سکمان لە برسا نەی دەقۆڕان ، چارەسەر هەبوو، گرانی بەو رادەیە نەبوو، گەندەڵی زۆر کەمتر بوو، ئەوەی کە نەبوو ئازادیی بوو. ئەئ ئێستا لە سای پارێزەرانی ئەم قەوارەیەدا؟
کەواتە کرۆکی پرسەکە ئەوەیە، قەوارەیەك کە لەلایەن پارێزەری قەوارەکەوە لە هەموو ئەو ڕوانەوە کە لە سەرەوە باسم کردن ئاوا ئەتك کرابێت؟ دانشتوانەکەی ئاوا بارودۆخی هەموو لایەنەکانی ژیانیان خراپ بووبێت، ئاڵهای سەردەمی صەدام حوسەین بکەنەوە، ئایا ئەمە چی دەگەیەنێت؟ قەوارەیەك ئازادیی تێدا نەبێت، تۆپی ئێرانی و تەیارەی دەوڵەتی تورکییە هەر کەسێکیان بوێت، هەر بنکە و بارەگایەکیان بوێت لەهەر شوێنێکدا بێت بتوانن بیپێکن و بێ ئەوەی پارێزەی قەوارە ” حکومەتی هەرێم” تەنانەت بە ساردێکیشەوە سەرزەنشتێکیشیان بکات، ئایا ئەم وڵاتە قەوارەی هەیە؟ یاخود ئەمە هەر قەوارەیەکە لە مەیدانی ساخکردنەوەی ململانێ نێوانی ولاتان و تیرۆرکردنی نەیارەکانیانا؟ قەوارەیەك بەو دەوڵەمەندییە کە هەموان دەیزانین بووەتە سەرچاوەیەکی خێر و بەرەکەت و بەسەر ئێران و تورکیا و ولاتانی دیکەدا، ڕژاوە. بەڵام ئایا دانیشتوانی ئەم قەوارەیە جگە لە کوێرەوەریی چی دیکەیان لەم هەموو سامانە، چنیوەتەوە؟ ئا لەم بارەدا دانیشتوانی ئەم قەوارەیە لەبەردەم سێ گریمانان، ڕازیبوون بەم قەبارەیە، ڕادەستکردنەوەی بە حکەموتی بەغداد یاخود ڕەتکردنەوەی هەردوکیان و بنیاتنانی قەوارەیەکی نوێ؟ وەڵام لای خوێنەر و دانیشتوانی قەوارەکەیە.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت