بەهرۆز جەعفەر: ئایا وەرچەرخانێک لە سیاسەتی دەرەوەی تورکیا ڕوویداوە؟.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

ساڵی 2004 هەریەکە لە عەبدوڵا گویل و ڕەجەب تەیب ئەردۆگان تەواوی باڵوێزو نوێنەرایەتیەکانی جیهانی عەرەبییان لە وڵاتەکەیان بانگهێشت کرد. بۆیان ڕوون کردنەوە کە تورکیا لەسەردەمی ئەکپارتی دا بە نیازە تاوتوێی یەکێتیەکی هاوشێوەی یەکێتی ئەوروپا لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست دروست بکات، لەوەش زیاتر تورکیا ئەیەوێت ببێتە ڕێبەرێکی هەرێمایەتی. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا، بانگى ئه‌وه‌یاندا له‌گه‌ڵ جامیعەی عەرەبى كه ناوچەیەکی بازرگانی ئازاد دروست بکەن وەک ئەوەی یەکێتی ئەوروپا هەیەتی!. ته‌نانه‌ت لەساڵی 2007 ئەمە لەگەڵ سوریا چوە ئاستی جێبەجێکردنەوە. ئه‌م هه‌وڵانه‌ لە کاتێکدایە تورکیا زیاتر لە 60 ساڵە هەوڵ ئەدات ببێتە ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا.
لەسەردەمی شەڕی داعش دا سەرۆکی فەڕەنسا فرانسو هۆڵاند بە تەوسەوە وتی « تورکیا ساڵی 4000 هەزار ئەبێتە ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا». هەرچەندە پرۆسەی بەئەندامبونی تورکیا لە یەکێتی ئەوروپا ڕێگەیەکی دوورودرێژی بڕی. لەتەواوی خانەی زانسیە سیاسیەکان و پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکاندا له توركيا بابەتی (Turkey and EU membership) بوەتە وانەو ئەخوێندرێت. بەڵام چاودێران ئەم بە ئەندامبونە بە گەشتێکی نەزانراو (UnKnwon Trip) ناوئەبەن.
سەرۆک کۆماری تورکیا « ڕەجەب ئەردۆگان» بڕیاری دا لە ڕێکەوتی (24 ی تەمموزی 2020) بۆ یەکەمجارو دوای ( 85 ) ساڵ نوێژی هەینی لە «ئەیاسۆفیا» بکرێت. ئایا سۆفیا پێش سەرهەڵدانی ئیسلام شوێنگەی ئاینیی مەسیحیەکان بوە لەسەردەمی بێزەنتینیەکاندا.
ئەتوانین، بە ڕوونی ئەوە دیاری بکەین کە گواستنەوەی ئایا سۆفیا لە موڵکی بەڕێوەبەرایەتی کاروباری شوێنەوارە مێژوییەکانەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتی کاروباری ئاینی، سەرئەنجام و دەرخەری سزاکانی ئەمدواییەی یەکێتی ئەوروپایە کە خستویەتیە سەر تورکیا، بەتایبەت لە پەیوەند بە کێشەی قوبرسەوە ئەوروپا بەردەوام هەڕەشە لە تورکیا ئەکات. هەروەها دەستوەردانەکانی تورکیا لە لیبیا. تورکیا ئەندام نییە لە یەکێتی ئەوروپاو، ئەندامە لە ناتۆ، پابەند نییە بە ڕێساکانی ناتۆ وە، وە هەروەها لە چەندین شەڕو پشێویشدا تورکیا ڕەخنەی ئەوەی هەیە کە ناتۆ هاوکارییان ناکات. لە دوای بەهاری عەرەبیەوە تا کۆتایی ساڵی 2019 ڕێژەی پەنابەری سوری و عێراقی لە تورکیاو سنورەکانی گەیشتوە بە 802 هەشت ملیۆن و دووسەت هەزار کەس. بەردەوام ئەردۆگان هەوڵیداوە پارەو سەرمایەگوزاریی بەم رێگەیەوە پەیدا بکات، لە لایەکی تریشەوە وەک کارتی فشار دژی ئەوروپا بەکاریان ئەهێنێت و ناو بە ناو سنورەکان ئەکاتەوە.
تورکیا نابێتە ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا، لە تەنیشتیەوە قوبرسی یۆنانی و ئیسرائیل غازی سروشتی لە دەریای ناوەڕاست دەرئەهێنن، تورکیا زۆر پێویستی بە غازی سروشتیە بە بەردەوامی ساڵانە بایی (42 بۆ 56) ملیار دۆلار غاز ئەکڕێت. ساڵی وەها هەیە (21٪) بودجەی وڵاتەکە بۆ کڕینی غازی سروشتیە. هاوپەیمانێتیەکانی دەریای ناوەڕاست بە تەنیشت یەکەوە (میسر، یۆنان، قوبرس، ئیسرائیل) هەمویان سنوری هاوبەشیان هەیەو سودمەندی غازی سروشتین و مانۆڕ ئەکەن، هەر هەموشیان ناحەزی بێ چەندو چونی ئەردۆگانن؟. ئەمەش لە بەر یەک هۆکاری سادەیە، کە بریتیە لە وەرچەرخان لە سیاسەت و تێگەیشتنی فەرمانڕەوایی تورکیادا. وەرچەرخانەکەش ئەوەیە تورکیا لە ناسیۆنالیزمێکی ڕەگەزپەرستیەوە (ئیتنۆ- نەیشناڵیزم) ەوە وەرچەرخاوە بۆ ئیسلامگەرایەکی دەستەڵاتخواز (Islamic Authoritarianism ). ئەمەش سەردەمی بەربەریەتی خەلافەتی عوسمانی بیری ئەوروپاو وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەریای ناوەڕاست ئەهێنێتەوە. ئەمە وەک هەڕەشە ئەبینرێت لای هەموو ئەوانەی پێشوتر بە دەست تورکەکانەوە چەشتویانە.
ئەم هەنگاوی وەرچەرخانە لە دوای کودەتا سەر نە گرتوەکەی (15 ی تەمموزی 2016) ەوە لە تورکیاو تێگەیشتنی فەرمانڕەواکانی دا ڕوویداوە. ئەردۆگان بە یەکجاریی دەستبەرداری پرسی دیموکراسیەت لە ناوەوەی تورکیا بو، پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ کوردو پەکەکە هەڵوەشایەوە. هەروەها لە حوزەیرانی ( 2020) دا بەڕێوەبەرایەتی گشتی سزاکان و دەستبەسەراگرتنی سەر بە وەزارەتی دادی تورکیا ڕایگەیاندوە ( 196 ) زیندانیان لە ماوەی چواردە ساڵدا (2006 بۆ 2020) دروست کردوە. ژمارەی زیندانیەکان لە ناوەڕاستی 2018 بۆ ناوەڕاستی 2020 بە ڕێژەی (14٪) زیادی کردوە.
سەرباری ئەمانە، تورکیای پێش ساڵی 2016 ئەو حکومەتە بو کە هەر پارچە زەوییەک، هەر باخچەو شەقامێکی بویستایە پەیکەرێکی ئەتاتۆرکیان تیا دروست ئەکرد. بە پێچەوانەوە ئێستا لە هەر شوێنێکدا تورکیا مزگەوتێک ئەکاتەوە. لە قوبرسی تورکی ژمارەی دروستکردنی قوتابخانەی ئاینی و مزگەوت کە هەڵکشاندایە، لە سێپتەمبەری 2018 ەدا ئەردۆگان بە بەهای 30 ملیۆن یۆرۆ لەسەر ڕووبەری 16.500 مەتر چوارگۆشە لە ئەڵمانیا مزگەوتێکی کردەوە. سەرباری ئەمانە، زیاتر لە 40.000 چل هەزار سەربازی لەو پارچە بچوکەی قوبرسی باکور جێگیرکردوە. وەک چۆن داگیرکردنەکەی لەسەردەمی «بوڵند ئەجەوید» لە ساڵی 1973 بە فتوای « نەجمەدین ئەربەکان» بو، مانەوەی ئەمانە لە قوبرسە تورکیەکەدا ئارگیۆمێنتێکی سیاسی نەماوە، تەنها فتوایەکی پێویستە.
هەرچۆنێک بێت ئۆردەری جیهانی لە پاشەکشەدایەو، هێزە هەرێمایەتیەکان ڕۆڵیان زیادبوە. تورکیاش لەو هێزە ناوچەییانەیە کە لەو پەڕی بەهێزی خۆیدایە. چاودێران هەڵکشانی تورکیا لە لیبیا وە بۆ باکوری عێراق بە مەترسی دائەنێن، چونکە ئەمە خەونی گەڕانەوەیە بۆ فراوانخوازیی ئیسلامگەرایی تورکی لە ناوچەکەدا، بەڵام کەمیش نین ئەوانەی پێیانوایە ئەردۆگان کۆتا پیاوی دەستەڵاتخوازیی ئیسلامیی- ئیخوانییە لە مێژوودا و، ڕەنگە دوای یەکلاکردنەوەی دۆسیەی ئێران دەمەو بەیانێک ئەستێڵی مێژوو گۆرانکارییەکی نوێی نێو- خۆیی لە تورکیادا لە خۆ بگرێت.