بەختیار شارەزوری و سەرکەوتی جیهاز: کورد و هەڵە تێگەشتن لە تیرۆر ، قاسملۆ بە نمونە.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

تێرۆر دەبێ بە دوو مانا بخوێنرێتەوە، یەکیان ئەوەی پێی دەڵێن مەحکوم کردنی جیهانی لە سەر پەیمانی نێودەوڵەتی و ئەوەشی کە لە ململانێ و شەڕی نێوان وڵاتاندایە وەک یەکێ لە چەکە کاریگەریکانی جەنگ بەکار دەهێنرێت، تیرۆر لەسەر زۆر ئاست ڕوودەدا لە بونە گشتیەکەیدا، تیرۆری سیاسی و ئابوری و مێژویی و فەرهەنگی و ڕۆژنامەوانی و فیزیکی، ئەوەی ئێمە مەبەستمانە تیرۆری فیزیکیە وەک چەکێکی سیاسی و سەربازی و هەواڵگری.
ئەڵبەت کاتێ شەڕ بە هەموو جۆرەکانیەوە لە نێوان دوو وڵاتدا ڕودەدا تیرۆری گشتی دەبێتە هۆیەک بۆ بردنەوەی شەڕەکان، بۆ نمونە لەسەر ئاستی ئابوری و بزنس کاتێک وڵاتێک ئەم شەڕە دەکا پەنا دەباتە بەردەم تیرۆری کەسایەتیە بزنسمانەکان، یان تێرۆری ئابوری پەنا دەباتە بەر بەهای دراو و وشک کردنی سەرچاوەی داهات، یان لە ڕووی ڕۆژنامەوانیەوە پەنا دەباتە بەر تیرۆرکردنی نوسەر و ڕۆژنامەوانەکان، ئیتر بە پێی شەڕەکان تیرۆر باشترین چەکە بۆ بردنەوە. تۆ سەیر بکە لە ئەمریکاوە تا دەگاتە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا وە تا لای خۆشمان تێرۆر بونی هەبوە بۆ لەناوبردنی جەستەیی و فیزیکی بەرامبەر بۆ تەواو بونی دۆسیەیەکی بەرهەڵستکار یان ونکردنی، دواجار لایەنی تیرۆرکراو و بەرامبەر پەنا دەباتە بەر پەیمانە نێودەوڵەتیەکان بۆ مەحکوم کردنی بەرامبەر و هیچیشی لێ سەوز نابێ و تیرۆر بەردەوامی هەیە، لای خۆمان لە عبدولستار مەجیدەوە تا زەردەشت عوسمان و وداد و کاوە گەرمیانی.

ئەی چی بکرێ بۆ ئەوەی چەکی تیرۆر بەتاڵ بکرێتەوە.؟
شەڕ بە مانای گوڵ گرتنە یەک نایە، فیشەک گرتنە یەکە و بۆ بردنەوەیە، لەم شەڕانەدا کە یەکێ براوە بێ، بێ شک بەرامبەر دۆڕاوە ، خۆ ئەگەر بە مانای شەڕ سەیری تیرۆر بکەین ئەوا دەبێت ئەو نیشانانە لابەین کە تیری تیرۆر دەیپێکێ، کەواتە تێرۆر بواری دیاری کراوە، مەساحەکەی زانراوێکی ونە، کە هەمو پرنسیپەکانت لە کەسێکا کۆ کردەوە، ئەو کات تیرۆری ئەو کەسە دەبێتە هۆیەک بۆ بردنەوەی شەڕ.

با بپرسین بۆ تیرۆری قاسملۆ و سەرکردە هاوشێوەکانی.؟
بە درێژایی خەباتی کورد،کورد نەیتوانیوە بەرهەمهێنی سەرکردایەتی دەستە جەمعی بێ هەمو پرنسپ و بەهاکانی شۆڕشی خستویەتی گیانی تەنها سەرکردەیەک، ئەم سەرکردە سیفاتی سەرکردەی باڵای وەرگرتوە و خۆی بازنەی یەکەم و کۆتایی بوە، کە ئەمە ڕێک دانانی نیشانەیەکی دیار و ڕونە بۆ تیرۆری وڵاتانی دوژمن، دوژمنەکانیشمان دراسەی ئەوەیان کردوە کە ئەم سەرکردە باڵایە بکوژن شۆڕەشەکە کۆتایی دێ، تیرۆر کردنی سەرکردەکانی کورد تیرۆری تەنها جەستەیەک یان سەرکردەیەک نەبوە، بەڵکو کوژاندنەوەی شۆڕشێکی نەتەویەتی بوە ، وەستانی مێژوی بەرخودان بوە، بۆیە دوای تیرۆرکردنی سەرکردەیە یان دوان و سیان، هەم دوژمن شەڕی بردوەتەوە، هەم ڕەهەندی سەرکردەی مێژووی و کاریزمی بوەتە بەدیلی شکست و گەڕان بە دوای جێگرەوەیەکی تردا، کە ئەمەش چل ساڵی ویستوە و دواتریش ئەمەیش تیرۆرکراوە یان تیرۆری شاراوە کراوە، دوژمن بە دیوێی تردا کاری لەسەر تیرۆری شاراوە کردوە کە کۆکردنەوەی هەمو بەهاکانە لە سەرکردەیەکدا و دواتر ناچار کردنی بە ئاشبەتاڵ و دوای ماوەیەک بەبێدەنگی مردنی لە غەریبیدا، ئەمە بۆ وڵاتانی براوە دەبێتە تیرۆری سپی، ئیتر مەحکوم کردن و وڵاتی تیرۆرست و شتی تر هەرایەکی بێ کردارە، دەکرێ هەنێ کات سزای ئابوری یان گەشتکردن یان بلۆک کردنی سەرمایەی لێ کەوتبێتەوە بەڵام قازانجی تیرۆری سپی گەورەترە لەم سزایانە و پێشتر دوژمن دراسەی کردوە ، وەک ئەگەری لێکەوتەی ئەم تێرۆرە.
کورد بە درێژایی مێژو هەموو بەها و خەبات و ستراتیژی نەتەوەیی و نیشتمانی خستوەتە ناو گیانی سەرکردەیەک وەک بە دوژمن بڵێی وەرە ئەمە بکوژە شۆڕش و خەبات کۆتایی دێ، هەر لە شێخ سەعیدی پیران و سمکۆی شکاک و تا قازی محەمەدو مەلامستەفای بارزانیش هەر وا هاتوە، خۆ ئەگەر تیرۆریش نەبوبێ ئەوا دوژمن بە پلان وای کردوە کە سەرکردە خۆی بازنەی یەکەم بێ و گەر نەگیشتبێتە بازنەی تیرۆرکردنیشی، ئەوا وایان کردوە سەرکردەکە ببێ بە خاڵی کۆکەرەوە یان چەتری شۆڕش، دوای مردنی سەرکردە و ڕوخانی ئەم چەترە پەرتەوازەیەکی گشتگیر ڕووی داوە و دوژمن زۆر بە ئاسانی کۆنتڕۆڵی کردوە، بۆ ئەمە نەوشیروان مستەفا خوێندوارترین سەرکردە بو بە نوسین خوێندەوەی زانستی لەسەر هەیە، هەوڵی دا نەهێڵێت ئەمە دوبارە بێتەوە، لەسەر دوو ئاست دروستکردنی سەرکردایەتی جڤاتی و کۆتایی هێنان بە دوبارەی باوک بۆ کوڕ، بە داخەوە تەمەن بواری نەدا، لە مام جەلالیشدا هەر وابو، بەڵام کۆمەڵەی ڕەنجدەران تا ئاستێک لەسەرەتاوە توانی فرە سەرکردە بێ لە شەهید بونی ئارام و شەهاب و تا سەرکردەکانی تری بە هەمان پلانی تیرۆری شاراوە شەهید کران، بەڵام لەبەر ئەوەی فرە سەرکردەیی بو زیاتر بەهێز دەبو، بەداخەوە کەمی خایاند و ئەویش بویەوە بە هەمان هەڵەی مێژوو، خۆ بنەماڵەی بارزانی بە درێژایی مێژوو وابون تاکە سەرکردەیەک نەک هەمو شتێک بوە، بەڵکو پیرۆزیش کراوە، لە شێخ ئەحمەدەوە تا مەلا مستەفا و ئێستەش بە پلان و سیناریۆی ڕیفراندۆم هەمان تیرۆری شاراوە کرا، ئەگەر چی زۆرێک لە وڵاتان دەیانزانی لە بەرژەوەندیان دەدرێ، پێشتر لە پلانەکە کوردی ئاگادار کردەوە، لە گشتدا هەمان تیرۆری مێژوە و دوبارە دەبێتەوە.

با بپرسین بۆ قاسملۆ؟
بە گشتی لە هەر چوار بەشەکەی کوردستان شۆڕش کارگەیەک بوە بە بەرهەمهێنانی یەک سەرکردەی باڵا، نەیتوانیوە سەرکردایەتی دەستەجەمعی یان کۆما جڤاکێن یان سەرکردایەتی جڤاتی یان هاوسەرۆکی بەرهەم بهێنن، هەر بۆیە تیرۆر کردنی قاسملۆ و شەرەف کەندی دوبارەی هەمان تیرۆری ئاشکرای قازی محەمەدە، کە بە پلەی یەکەم ڕوونبوونەوەی خاڵی لاوازی کوردە و دانانی نیشانەیەکی دیارە بۆ تیرۆر، ئیتر مەحکوم کردن و هەندێ سزا هیچ سودی نابێ وەک زەرەرێکی گەورەی وەک تیرۆرکردنی قاسملۆ و شەرەفەکەندی، ئەوەی دەبێ کورد دوای سەدەیەک لەم زەرەرە گەورانە داویەتی لێی تێبگا، نابێ دووبارەی هەمان هەڵەی مێژویی بکاتەوە و کۆی ستراتیژی نەتەوە و نیشتمان و شۆڕش نەخاتە ناو لاشەی یەک سەرکردەوە و تا ڕێ بۆ تیرۆر خۆش بکات، چونکە دوژمن شەڕت دەکات و هەمو کارتەکانی شەڕت لەگەڵ بەکار دەهێنێ. ئەوەی جێی باس و هەڵویست لەسەر کردن و خوێندنەوەی قوڵە دۆسیەی پەکەکە و ئاپۆیە، کە دوای گرتنی ئاپۆ پەکەکە نەک هەمان مێژوی شێخ سەعیدی پیرانی بەسەردا دووبارە نەبووەوە، بەڵکو توانی بەهۆی فرە سەرکردەییەوە بەهێز تر بێ و کۆما چڤاکێن توانی ئەم هەڵەی دووبارە بوونەوەی یەک سەرکردەیە ڕابگرێ، سحری تیرۆر بەتاڵ بکاتەوە، گەر سەرکردەیەکی تیرۆر بکرێ چەندین سەرکردەی تر بەرهەم دەهێنێ، هەر بۆیە تورکیا دوای ئاپۆ کەمتر ئەم هەوڵانەی هەیە، پەکەکە تا ئێستا توانایی بەرهەمهێنانی فرە سەرکردەیی هەیە بێ پەرتەوازە بون، ئەگەر ئەمیش هەڵەکە دووبارە نەکاتەوە و یەک سەرکردە بکاتە سەنتەر.