بەیار عومەر عەبدوڵا: چی تر بۆ سلێمانی بکرێت؟!

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

چەندین پرۆژەی گەورە و مامناوەند و بچوک لەم دەڤەرە لەمێژە وەستاون، شەقامی 100 مەتری یەکێک بوو لەوان کە دەبوو چەندین ساڵ لەمەوبەر بکرایە، ئێستا وەکو دەستکەوتێکی گەورە دەیکەن بە منەت بەسەر خەلکی ئەم شارەوە.
ساڵی 2013 بۆ یەکەمجار بەردی بناغەی دانرا، 470 ملیار دیناریان بۆ تەرخانکردبو، لە کاتێکدا ئەوکات نرخی شتومەک هەزرانتربوو، بەڵام بڕیاربو بە مواسەفاتی بەرز بکرێت. ئەم جارە بودجەکەی کەمکراوەتەوە بۆ 400 ملیار دینار. سەرۆکی حکومەت بەو مەرجە ڕازیبوە جێبەجێبکرێت، کە سەوزایی ناوەڕاستی شەقامەکە بچوکبکرێتەوە و هەندێک بڕگەی لێتەرکبکرێت.
حکومەتەکەی پارتی ویستی بە لایەنەکانی تر بڵێت کە بڕیاری پرۆژە و تەوقیتەکەی لەدەست خۆمە و کەس هیچی بەدەست نیە. دەیەوێت بە خەلکی ئەم سنورە بڵێت، ئەگەر دەتانەوێت پرۆژەتان بۆ بکرێت، دەنگبدەن بە پارتی کە داهات و دەسەڵاتی لایە.
لێرەدا کێشەیەک دێتەکایەوە؛ شەقامی 100 مەتری پرۆژەیەکی گرنگی خەدەمیە، بەڵام سلێمانی پێویستی بە چەندین پرۆژەی ستراتیژی دیکە هەیە بۆ ئەوەی گەشەی ئابوری بکات و هەلی کار بڕەخسێنێت.
ئایا دەکرێت لە پێناوی چەند پرۆژەیەکدا خەلکی سلێمانی و ئەم دەڤەرە تەسلیمی ئیرادەی پارتی بێت؟! بۆ دەبێت ئەم سنورە باجی هەڵوێست و ئازایەتی و ئیرادەی خۆی بدات و بە هەژار بمێنێتەوە، یان ناچاری بکەن تەسلیمی ئیرادەی حزبێک یان چەند حزبێک بێت بۆ ئەوەی هەندێک پرۆژەی بۆ جێبەجێبکەن لە سایەی ئەم سیستەمە مەرکەزیەدا؟!
ئایا دەکرێت بۆ پرۆژەیەک کە دەبوو چەندین ساڵ لەمەوبەر بۆ ئەم شارە بکرایە، ژمارەیەکی زۆر لە خەلکی سیاسی و ڕۆشنبیر و ئاسایی بۆ ماوەیەکی درێژ هەموو جوهدی خۆیان بخەنەگەڕ؟!
پرۆژەی فیدرالیەتی پارێزگاکان و هەرێمی سلێمانی دەتوانێت وەڵامی ئەم پرسیارانە بداتەوە. داهات و دەسەڵات لای ئەم دەڤەرە بێت، دەتوانرێت چەندین پرۆژەی ستراتیژی دیکە جێبەجێبکرێت بەبێ ئەوەی خەلکی ئەم دەڤەرە تەسلیمی ئیرادەی هیچ حزب و لایەنێک ببێت. دواجار ئیرادەی خەلک زاڵ دەبێت بەسەر ئیرادەی حزبەکاندا، کە بەدرێژایی چەندین ساڵە ئەم دەڤەرە دەچەوسێننەوە.
ئەگەر هەرێمی سلێمانی جێبەجێ بوو، لەپاڵ دابینکردنی موچە و پێشخستنی کەرتەکانی ئاو و کارەبا و تەندروستی و پەروەردەدا، دەکرێت لە شاری سلێمانی ئەم پرۆژانەی خوارەوە جێبەجێبکرێن بۆ ئەوەی جموجۆڵی ئابوری زیاتربکات و هەلی کار بڕەخسێنێت.
لێرەدا تیشک دەخەمە سەر شاری سلێمانی و قەزا و ناحیە و گوندەکانی چواردەوری؛ هەوڵەدەم لە نوسینەکانی تردا باسی ئەوە بکەم کە چ پرۆژەیەک بۆ دەڤەر و شار و شارۆچکە و گوندەکانی تری ئەم سنورە بکرێت.
1- سەردەمی دوو ئیدارەیی، ئیدارەی سلێمانی پرۆژەیەکی هەبوو بە ناوی ناوچەی بازbayarرگانی ئازاد (Free Trade Zone). حکومەت چەند زەویەکی لە خاوەن موڵکەکان کڕیەوە لە تەنیشت فڕۆکەخانەی سلێمانی، گوایە دەیکات بە ناوچەی بازرگانی ئازاد. دوای یەکگرتنەوەی ئیدارە و سەندنەوەی داهات و دەسەڵات لەم دەڤەرە، ئەم پرۆژەیە و چەندین پرۆژەی تریش وەستان و هەژاری و بێکاری ئەم سنورەی تەنیەوە. ئێستا کاتی ئەوەیە ئەو پرۆژەیە زیندووبکرێتەوە.
ئەگەر ناوچەی بازرگانی ئازاد دوبەی کردۆتە سەنتەرێکی بازرگانی جیهانی، دەکرێت ناوچەی بازرگانی ئازاد سلێمانی بکاتە شارێکی بازرگانی لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکە و هەزارەها هەلی کار بڕەخسێنێت. دەکرێت فڕۆکەخانەی ئێستای سلێمانی بکرێت بە فڕۆکەخانەی کارگۆ و گواستنەوەی شتومەک و خزمەتی ناوچەی بازرگانی ئازاد بکات.
لەبری ئەوە فڕۆکەخانەیەکی مەدەنی لە دەشتی شارەزور دروستبکرێت کە تا ڕادەیەک دورە لە چیاکانەوە و بۆ بواری فڕۆکەوانیش سەلامەتترە. جموجۆڵی ئابوری لە عەربەت و سەیدسادق و وارماوا (زەڕایەین) و هەڵەبجەی تازە و بەرزنجە و گوندەکانی دەشتی شارەزور زیاد دەکات. هەروەها سلێمانیش دەکەوێتە نێوان دوو زۆنی پڕجموجۆڵی ئابوریەوە؛ یەکێکیان فڕۆکەخانەی کارگۆ و ناوچەی بازرگانی ئازادە لە بەری تاسڵوجە و ڕاپەڕین، یەکێکی تریان فڕۆکەخانەی نێودەڵەتی سلێمانیە لە دەشتی شارەزور.
2- دەکرێت دوو شاری پیشەسازی دروستبکرێت؛ یەکێک لە نێوان بازیان و پیرەمەگروندا و یەکێکی تریان لە نێوان عەربەت و سەیدسادقدا. زەوی بفرۆشرێت بە وەبەرهێنەکان بەو مەرجەی بیکەن بە کارگە. دەکرێت سلێمانی بکرێت بە گەورە شارێکی پیشەسازی کە لە پیرەمەگرون و بازیانەوە دەستپێبکات تا دەگاتە عەربەت و سەیدسادق و پێداویستی ناوخۆی کوردستان و عێراقیش پڕبکاتەوە.
لە زانستی شارداریدا، گەورە شار ھەیە کە چەند شار و شارۆچکەیەکن لە ڕوی جموجۆڵی ئابوریەوە پێکەوە گرێدراون، بەڵام مەرج نیە لە ڕوی ئیداریەوە سەر بەیەک پارێزگا یان ویلایەت بن.
لە ویلایەتە یەکگرتەوەکانی ئەمریکا بە گەورە شارەکان دەڵێن میترۆپۆلیتان ئێریا (Metropolitan area). بۆ نمونە شاری نیویۆرک، گەورەشارە و چەندین شاری تر ھەن کە نزیک نیویۆرکن، لە ڕوی ئیداریەوە سەر بە ویلایەتەکانی نیوجێرسی و
کۆنیتیکەت و پەنسلیڤانیان بەڵام لە ڕوی جموجۆڵی ئابوریەوە سەر بە گەورە شاری نیویۆرکن. ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا 384 گەورەشاریان ھەیە، کە سەرەکیترینیان نیویۆرک و لۆس ئەنجلس و شیکاگۆ و دڵاس و ھیوستنن.
لە تورکیا بە گەورەشار دەڵێن بیوک شەھیر (Buyuk Sehir). تورکیا خاوەنی ئیستابوڵ و ئەنکەرە و ئزمیر و بۆرسە و ئەدەنە و چەندین گەورەشاری ترە. دەکرێت ئێمەش چەند گەورەشارێک بنیادبنێین کە لە ڕوی چالاکی ئابوریەوە پێکەوە گرێدراوبن. بەڵام ئەم پرۆژانە بە بەرپرسی گەندەڵ ناکرێت، هەروەها بەو پۆپۆلیستانەش ناکرێت کە بەردەوام ڕای گشتی چەواشە دەکەن و دەوروژێنن لە پێناوی ناودەرکردن و بەدەستهێنانی پۆستی حکومی و پەرلەمانی. ئەم دوو جۆرە لە سیاسەت دوو ڕوی دراوێکن و تەواوکەری یەکن.
چەند کەسێکی دڵسۆزمان پێویستە کە بەرژەوەندی گشتی لەسەروو بەرژەوەندی تایبەتەوە سەیربکەن، هەروەها ڕوئیایەکی ستراتیژیان هەبێت بۆ پێشخستنی ئابوری، کە سەقامگیری سیاسی و کۆمەڵایەتی لێدەکەوێتەوە. بە ڕوئیایەکی ڕونەوە دەتوانرێت (گەورە شاری سلێمانی)، کە زۆربەی شار و شارۆچکە و گوندەکانی نزیکی دەگرێتەوە، بخرێتە سەر ڕاستەرێی گەشەی ئابوری و ببن بە یەکێک لە شار و ناوچە دەوڵەمەندەکانی جیهان.