کامەران چروستانی: کاتێک باوکم سواڵی ئەکرد.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەمڕۆ خانەنشینێک لە کاتی سەرەگرتن بۆ وەرگرتنی پارەی خانەنشینییەکەی گیانی لەدەست دا، پاش ئەوەی چەند کاتژمێرێک لەبەر ئەو هەتاو و گەرمایەدا چاوەڕوانی وەرگرتنی خانەنشینییەکەی دەکرد.
بەر لە چەند ڕۆژێکیش لەگەڵ باوکمی بەتەمەنمدا باسی مووچەی خانەنشینیمان دەکرد و ئاماژەی بەوە دا کە حکومەتی کوردستان قەرزاری هەڤدە مانگ مووچەی خانەنشینانە و ئەوەی ڕۆژێک لە ڕۆژانی ئەم مانگە یان مانگی داهاتوو وەریدەگرن مووچەی مانگی دووەمی ساڵی ( 2019 )یە.
ئەم وتانەی باوکم منی بردە جیهانێکی ترەوە و ئەندێشەکانم سنووری ڕووداوەکانی ئێستای تێپەڕاند، وێنای ئەگەرەکان دەهاتنە پێش چاوم، وێنەی ئەو خانەنشیانەم دیسانەوە دەهاتنەوە پێش چاو کە بە سەرمای زستان و گەرمای هاوین چاوەڕوانی وەرگرتنی ئەو بڕە پارەیە دەکەن، کە پێویست وایە مانگانە وەریبگرن.
پێش هەموو شتێک پرسیاری ئەوەم لە خۆم دەکرد: ئایا چی ڕووی دەدا، ئەگەر بهاتایە باوکم و دایکم من و برا و خوشکەکانمیان نەبووایە؟ ئەی چی دەبوو، ئەگەر ئێمەی کوڕ و کچەکان لە نەهامەتییەکی داراییدا بژیاینایە و توانای ئەوەمان نەبووایە، وەک ئەرکێکی سەرشانمان، پشتگیری بابە و دایەمان بکردایە؟ ئەی تراجیدیاکە چۆن دەبوو ئەگەر باوکم کرێچی بووایە؟
وێناکردنی وەڵامی ئەم پرسیارانە زۆر غەمناکن، زۆر نامرۆیی و ئازاربەخشن، چونکە بەم شێوەیەی ئێستا باوکم بۆ بژێوی خۆی و دایە ناتوانێت پشت بە حکومەت ببەستێت، ئەوەی دەسەڵات دەیەبخشێت تەنها داواکارییە بۆ دانبەخۆداگرتن و تێگەیشتنی هاووڵاتییانە بۆ بارودۆخی دەسەڵات، بەڵام کێشەکە لەوەدایە کە گەدەی بەتاڵ دانبەخۆداگرتن ناناسێت و تێگەیشتنیشی نییە بۆ دەسەڵاتێک، کە باوکمی برسی کردووە.
هەر بۆیە باوکم بڕیار دەدات خۆی بژێوی خۆی دابین بکات: بەم تەمەنەوە باوکم بۆ بژێوی ژیانی خۆی و دایە، سەرباری لاوازیی جەستەیی هەستێت لەم شەقام و لەو شەقام وەک دەستگێڕ کۆمەڵێک تەزبیح بەدەستەوە یان لەسەر یەکێک لە شۆستەکانی شارەکەم مقەبایەکی داناوە و دە جووت گۆرەوی لەسەر نمایش کردووە، چاوەڕوانی دەستی خێری ئەم و ئەو دەکات بۆ ئەوەی جووتێکی لێ بکڕن و قازانجی پێنجسەد دینارێک بکات، چاوەکانی تەنیا پەیامی بەزەییپێهاتنەوەی تیادا بەدی دەکرێت. جاروباریش بۆ یاوەریکردن دایکمێکی پرچ سپی لەگەڵ خۆیدا دەباتە سەر شەقام و هەردووکیان دەست دەکەن بە پاڕانەوە لەو خەڵکەی بەلایاندا تێدەپەڕن: هەندێکیان بە چاوێکی بەزەییەوە تەماشایان دەکەن و کەمێک پارە دەخنە دەستیانەوە، هەندێکیشیان ڕووی خۆیان وەردەگێڕن و وەک نەبوویەک لێیان دەڕوانن. ئێوارەش شەتەکی ڕۆژێکی پڕ ماندووێتی وردە وردە ڕێگای ماڵ دەگرنەوە بەر، لە ماڵە هەژارەکەیدا حسابی دەستکەوتی ڕۆژەکە دەکەن، ئایا هێندەی دەست کەوتووە، کە بەشی کەمێک تەماتە و چەند هێلکەیەک بکات؟
لێرەدا زنجیرەی خەیاڵی خۆم پچڕی و نەمویست لەوە زیاتر خەمی وێنەکان بەرەو خەمۆکییەک و ڕقێکی بێسنوور ڕامکێشێت، نەمویست ئەو وێنانە بهێنمە پێش چاوم کاتێک لەو بارە ناهەمووارەدا دایە یان بابە نەخۆش بکەون و تاکە هەڵوێستێکیش بریتی بێت لە بێدەسەڵاتیی حکومەتێکی دەسەڵاتدار.
ئەمە وێناکردنی باوکم و دایکمە پاش ئەوەی باوکم نزیکەی چل دانە ساڵ خزمەتی ئەم کۆمەڵگایەی کرد، کۆمەڵگایەک کە ئێستا دەسەڵاتداران خۆیان بە ڕابەر و ئەندازیار و بیری تیژی ئەو کۆمەڵگایە دەبینن. جا ئەگەر کەسێک بێت و داوای ئەوە لە باوکم بکات کە تێگەیشتنی بۆ بارودۆخەکە هەبێت، ئەوا بێگومان لە ژیان و برسێتی و پیرێتی تێنەگەیشتووە. ئەگەر کەسێکیش پاساو بۆ دەسەڵات بهێنێتەوە، ئەوا بێگومان مێشکی بە دروشمە بریقەدارەکانی دەسەڵات شۆردراوەتەوە. پێدانی مافیش بەوەی کە دەسەڵات دەتوانێت و بۆی هەیە ئەم هەنگاوانە بگرێتە بەر، ئەوا بە دڵنیاییەوە لەو دەوڵەمەندییە بێئاگایە، کە بە درێژایی مێژوو دەچێتە ناو گیرفانی دەسەڵاتدارانەوە و هەزارانی وەک باوکمی لێ بێبەشن.
ئایا لەم وڵاتە دەوڵەمەندەدا چەند (باوکم و دایکم)ێکی سواڵکەر هەن؟
کەسێکی بەتوانا و لە تەمەنێکی گونجاودا دەتوانێت هەموو هەوڵێک بدات بۆ ئەوەی کارێکی دەست بکەوێت، هەلێکی کار هەمیشە دەرگایەکی واڵایە لەبەر دەم ژیانی ئەو کەسەدا، دەتوانێت پارووی ژیان هەرچۆنێک بێت بپچڕێت. بەڵام ئایا حکومەتی کوردی، پەرلەمان و بە ناو سیاسی و ڕابەرەکانی کوردستان بۆ ساتێکیش بیریان لەوە کردۆتەوە ئەو توێژەی کۆمەڵگا، کە ئیتر هیچ شتێکیان لە توانادا نەماوە، چۆن و بە چی بژین! ئەگەر دەسەڵاتێک ماف بە خۆی بدات، کە بەو شێوەیە یاری بە قوتی (باوکم و دایکم)ەکان بکات، ئەوا منیش مافی ئەوەم هەیە کە نەفرەت لەو دەسەڵاتە بکەم، کە لەسەر بناغەی نەزانی و بێتوانایی بنیات نراوە.
کەشتییەوانی زانا و لێزان، ئەو کەسەیە کە پێشبینی با و زریانەکان بکات، بزانێت کەشتییەکە بەرەو کوێوە ببات و ئاراستەی بکات، هەموو ئەوانە بپارێزێت کە لەسەر کەشتییەکەن هەتا ئەو کاتەی دەیانگەیەنێتە کەناری ئارام. وەلێ کەشتییەوانەکانی لەمەڕ ئێمە جگە لەوەی کە نەیانگەیاندینە کەناری ئارام، بگرە ناپاکیشیان لەگەڵ کردین ئەگەر بێتوو بڕینی قوتی خەڵکی، گەندەڵی و دزینی سامانی میللەت لە چوارچێوەی ناپاکیدا پێناسە بکرێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت