حەمەئازاد بەرزنجی: کە هاتن سوێندی نەگەڕانەوەیان خواردبو.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

ئەو دەروێشانەی کەهاتن بۆ ئەوە هاتبون کە نەگەڕێنەوە. بۆ ئەوە نەهاتبون کە، گەر ڕێگیریان لێکرا شوێنی خۆمەڵاسدان، دەسنیشان بکەن و پلانی دوو، و سێیان هەبێ. کە هاتبون سوێندی نەگەڕانەوەیان خواردبو. ئەوان لەگەڵ خودی خۆیاندا پەیماننامەی هاتن و نەگەڕانەوەیان ئیمزاکردبو. کە بەیەقینی بەردەوام بون بێن و هەر بێن. هەر بەردەوام بون، بۆیە هەر بۆ پێشەوە هاتبون. فیشەک و گولەی تەقێنراو بەرەو ڕویان، وەک برێشکە خواردن وابو لایان. چونکە لە یەقینیاندا وابو کە ئەمان گولە نایانبڕێ. بۆیە کە گولە سنگی هاوڕێی یەکەمی پێکاو، لاقی هاوڕێی دوهەمی سمی، ئەمان هەر گوێیان پێنەدا، بەردەوامی ئەمانی هەر تێکنەدا. خۆڕاگری ئەمانی پێنەڕما. هێزی بەرامبەری یەکەم لە دیوی ئەو دیوکە زانییان تەقە کردن سودی نییە، ڕێگەیان بۆ واڵا کردن نە باوی پاسپۆرت، نە باوی پێناس مابوو، نە باوی بونی سنوری دەسکرد. کە ئەوانی دیکەیش هێزی دوهەم لە دیوی ئەمدیو، زانیان بە فیشەکی ئەوان نەگەڕاونەتەوە، کۆمەڵی دەسڕێژیان کرد بە ئاسمانداو چەند گەواڵە هەورێک پێکران، بە م جۆرە، مەرز و سنوری نێو دەوڵەتی دوو وڵاتیان بڕی، بێ گوێدانە پێودانگ و ڕێووشوێنە یاساییەکانی پەڕینەوە.
تۆ بڵێی سوپای ئێران و سوپای پاسداران ئەوەندە بێدەسەڵات بن لە ئۆقرەی ئەو حەمکە دەروێشانە نەهاتبن، کە هەشت ساڵ دژی ئێراق و دەوڵەتەعەرەبیەکان و هاوکارانیان جەنگان و چوکیان دانەدا. ئێستاش بەرگرییەکی سەرسەختانە لە خۆی دەکات و دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بەئاشکرا لە ناوچەکەدا دەجەنگێ. بەڵام ئێران دەوڵەتەو دەزانێ لە کات و شوێنی خۆیدا چی دەکات و چ هەڵوێستێکی دەبێ. کە زانیان کەفوکوڵێک و هەیەجانێکی عەفەوی، خۆکردی بێ بەرنامەیەو تەنها بۆ مەبەستێکی دیاریکراو سەریان قاڵ و گەرمە و هیچ مەبەستێکی سیاسی و سەربازیان لە پشتەوە نییە، زیرەکانە سنورەکنیان بۆ واڵا کردن بۆ ئەوەی نەوەک پەرە بسێنێ ببێتە کێشەیەکی کۆمەڵایەتی و چەندان لق و پۆپی تری لێبێتەوە. حکومەتی هەرێمیش زۆرزانەتر لە ئێران، هیچ ڕێگریەکی نەکرد بێجگە لە دەرکردنی چەند بەیاننامە و ڕونکردنەوەیەکی ئیداری و تەندروستی.
ئێمە ناچینە ناو قوڵایی بنەما ئایینیەکان و ڕەوت و چۆنیەتی سەرهەڵدانی دەروێش و دەروێشایەتی لە کوردستان. کێ بڕوای پێیان هەیە و کێ بڕوای پێیان نییە. کێیان لەگەڵە و کێیان لە گەڵ نییە. چەندە لەگەڵ ئاستی پێشکەوتنی کۆمەڵگا خۆیان گونجاندووە یان نا. ئایا دەروێشی چەندە ڕەهەندی سۆفیگەری و فەلسەفی هەیە یان نا. بەڵام ئەوی لێی تێگەیشتین کە ( یەقین بو، بە گەیشتن ). یەقینێکی هەبو کە دەبو بێت، بەشدار بێت لە مەراسیمی ناشتن و ئەسپاردەکردن بەخاکی شێخە کۆچکردوەکەی و مەراسیمی، چۆنیەتی سپاردنی شێخایەتی بۆ شێخە نوێیەکەی، کە هاتیش نەگەرێتەوە، بە کردارەکیش هەر وابو هات و نەگەڕایەوە، ئەوی لەپێش بو، بو بە قەڵغانی پێش مەرگ و قوربانی بۆ بەردەوامی ئەوانی دوای خۆی.
ئەی هەر گیانفیدایی پێشمەرگەکانی دوێنێش نەبو، کە چ یەقینێکیان هەبو بۆ بەرگری کردن، لە بەرگریکردنیشدا خۆڕاگر بون و، دواتریش هەڵمەت بەر. هەر دەر ئەنجامی ئەو بیروباوەرە پۆڵایینە نەبو! کە لەبەر ئەو هەمو تۆپ باران و بۆمببارانەی لە زەمین و ئاسمانەوە دەکرایە سەریان خۆڕاگر بن و، سەنگەرەکانیان چۆڵ نەکەن. بەرگەی لێشاوی ئەو هەمو جەیش و جاشەیان دەگرت و لە زۆر بەرەنگاربونەوەیشدا، داستانی گەورەیان تۆمار دەکرد و ژمارەشیان بە بەرواردی هێرش بەران و داگیرکەران هەربەروارد نەدەکران و زۆر جاریش لە پەنجەکانی دەست تێنەدەپەڕین. ئەوسا ئەوان، وەک شێرکۆی مەزن لە داستانی کاوەی ئاسنگەردا بەناوی کاوەوە و لە زمانی کاوەوە دەفەرموێ: سوێندیان خواردبو ( سوێندێک سوێندی کوردپەرستی ….. سوێندی سەرشۆڕی نەویستی …. سوێندە بۆ خۆری سەربەستی ….. سوێندە دەیخۆین بەو زمانەی …. بونی کوردی پێنراوە ….. سوێندە دەیخۆین بەو وڵاتەی ….. کوردستانی دایکی ناوە … سوێندە و هەموو دەیڵێنەوە …. سوێندە کە ناگەڕێینەوە ). ئەوە سوێند و ڕەفتار و کار و کردەی ئەوسای ئەوان بوو، بۆیە بە کردار لەناو دڵی هەمواندابوون و ئاوێنەی دڵان بوون و هەڵقوڵاوی ناخی خاک بون. بەڵام ئەوی ئێستا کە بەناوی پاشەکەوتەوە موچەی فەرمانبەرەکەی خۆی دەدزێ و دەستی هاوڵاتیەکەی خۆی دەبڕێ و دەستی باوەکوشتەو داگیرکەرەکەی خۆی دەگرێ و بازرگانی بە خاک و گەلەکەی خۆیەوە دەکات، حاشا ئەمە قەت ئەوەی دوێنێ نییەو دایکیشی دەڵێ شیری منیشی پێ حەڵاڵ نییە. ئەمانە پێکورە و مشەخۆری، تازە هەڵتۆقیون، لەسەر کەلاکی مێژووی دوێنێ دەژین و ئەمڕۆیش ختوکەی هەستە نەتەوایەتی و کۆمەڵایەتیەکان دەدەن و لە ژێر ئەو سێبەرەدا، خۆیان مات داوە و ئۆقرەیان گرتوەو تەنها بۆنی دۆلار و گومرگ و نەوت دەکەن و، هەر بەمانە ئاشنان و هەر ئەمانە هاوڕێیانە وکەسی دیکە ناناسن.
بە هەزار دەروێش مەرز و سنوری دو دەوڵەت تێکشکێنرا، ئەی ئەگەر هەزار ناڕازی لەم حەمکە فەرمانبەر و خوێنەوار و عەوامە بێنە دەس و شمشێری نەگەڕانەوە هەڵگرن، ناتوانن نادادپەروەری و زۆرداری، لایەنێک یان چەند لایەنک تێک و پێک بشکێنن و سنورە دەسکردەکانی زوڵم و زۆرداری ڕاماڵن و ئاڵای سەرکەوتن لەسەر تەلاری ئومێد و سەرفرازی هەڵبکەن.
ڕوداوەکان هەرچییەک بن بەسەرکەوتن و ژێرکەوتنیانەوە، بە باش و بەخراپیانەوە، بۆ ناتوانرێت چاکترین وانەیان لێوەربگیرێت؟ وە بیان کەین بەچراوگی سەرکەوتن و هەنگاو نان بەرەو ئازادکردنی ئەم گەلە لە کۆیلایەتی و زۆرداریی جوگرافی و ئیداری و سیاسی.
ئەوی دەروێشان چەند ڕۆژێ لەمەوپێش بوو. ئەی هەر دوێنێش نەبوو پارێزگاری هەولێڕ بڕیاری دا کەهەر کەس بیەوێ بێتە هەولێر دەبێ ( 50 هەزاردینار) بدات، بەبیانوی پشکنینی نەخۆشی کۆرۆنا. وەک ئەوەی هەنگیان لە دارا دۆزیبێتەوە، بۆ ئەوەی ئەو نیوە موچەیەی بە دومانگ جارێ دەیدەن ئەویشت لە ڤیزا و پیا تێپەڕین و چوونە ناو هەولێری پایتەخدا لێبسەننەوە. بەڵام لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا ئەو گاڵە و حەشرەی بەوان کرا. هەر خۆیان بە خۆیان بون و، بون بەدەواری شڕی بەردەم ڕەشەبا و بەپەلە پڕوزکێ پارێزگارەکەیان هێنایەوە سەر تەلەفزیۆن و، وا پەشۆکانە دەدوا، چاوی وەک خولخولۆکە دەخولایەوە خۆیشی نەیدازانی چۆن پاساو بۆ کارە، نا یاسایی و نا ئیداری و نا دەستورییەکەی بهێنێتەوە. بۆیە زۆر جار کەزۆر هات قەواڵە بەتاڵە و خۆی پێڕاناگیرێ. گەر ئەم شێوە هەڵمەتانە بەردەوام بن چیدی دەسەڵاتداران ناتوانن بێخەم بن و، لەوە دەچێت توانای ئەوەشیان نەمابێ بەرگەی ئەو هەمو ناڕەزاییەتیانەی، کە بەرامبەر کردەوە ناڕەواکانیان هەیە و کە تا ئێستا هەرلە دڵدا قەتیس ماوە، بگرن و بەئارەزوی خۆیان بڕیارە زۆرە ملێکان بسەپێنن. کە تا ئێستا بەردەوامن لەسەری، گەر گەل ویستی لەسەر بێت و، ئیرادە و یەقینی گردبونەوە و بەرەنگاربونەوەی هەبێت.