خالید مەجید فەرەج: حەلاج لەنیوان فکرو سیاسەتدا.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

حەلاج هەروەکو سۆفی و عارف و فەیلەسوفەکانی دیکە لەمەسەلەی (وەحدەی وجودا) هەمان قسەی هەبوو، بەڵام جیاوازی ئەو لەگەڵ ئەواندا نەک هەر لە زمان و ووشەکاندا بوو، بەڵکو لە مەسەلەیەکی هەرەگرنگی پراکتیکی تەقلیدی سۆفیگەریدا بوو. جیاوازی حەلاج لە سۆفیەکانی دیکەی سەردەمی خۆی کە دواتر ئەوانیش فەتوایان لەدژی دا ئەوە بوو، کە ئەو دەیگوت وەیان قەناعەتی وابوو کە ناکرێ ئامانجی (وەحدەی وجود لەگەڵ خۆشەویستی بۆ خۆشگوزەرانی ژیان و خۆش رابواردن کۆبکرێتەوە) مەبەستی لەو سۆفیانە بوو کە لەگەل فیقهی رەسمیدا واتا دەسەڵاتدا سوڵحابوون.
دەتوانین زیاتر لەوبارەیەوە بڵێین کرۆکی فکری حەلاج لەخاڵی تێروانینی بوو بۆ تەسەوف. ئەو تەسەوفی وا مەترەح دەرکرد کە جیهادە لەپێناوی چەسپاندنی حەقدا، بۆیە لای ئەو تەسەوف بوو بە جیهاد دژی زوڵم و زۆرداری، ئەو مەنزورە زۆر جیاواز بوو لە تێڕوانین و فیکری تەسەوفی ئەوکاتە و شتێکی نوێ بوو.
ئیبراهیم بن عمران النیلی دەڵی: گوێم لێبوو حەلاج دەیگوت خاڵ سەرەتای هەموو هێڵێکە، هێڵیش بریتیە لە خاڵی کۆبۆوە، نە هێڵ بەبێ خاڵ دەبێ نەخاڵیش( نوقتە) جێگەی هێڵ دەگرێتەوە. هەر هێڵێکی راست یان چەوت لە خاڵێکەوە دەست پێدەکات، سەیری هەر شوێنێکی هێل بکەین ئەوە خاڵێکە لە نێوان دوو خاڵ دا. ئەوەش دەلیلە بۆ تەجەلای هەق لەهەمو ئەوشوێنانەی کە دەبینرێت. ئەو دەڵێ هیچ شتێکم نەدی خودای تیانەبێ.
لەفیکری حەلاجدا دو مەسەلەی سەرەکی هەیە: لە ووتەکانی و شیعرەکانیدا زۆرجار دوبارە دەبنەوە. یەکەمیان (وحدة کل ماهو فی الوجود) واتا ئاوێتەبوون (یەکگرتنی) هەمو ئەوشتانەی کە لەبوون دا هەن. دووهەم: تاقە رێگا بۆ پەی پێبردن بەوە ئاوێتە بوونە لەرێگەی فەنای زاتی فەردی من (الأنا) ی ناسوتی لە لاهوتیەتی خودادا.
دەڵێن ئارەزوی بەهێزی حەلاج بۆ دەربازبوون لە قوتوی گیان (جسد) و رێگەدان بەرۆحی خۆی بۆئەوەی ئازاد بێت، خولیای بەردەوامی بوو، هەر ئەوەش وای کرد کە رێگر نەبێ لە کوشتنەکەی کاتێک بڕیاریی کوشتنی درا.
حەلاج تەنها یەک شتی لە وجود دا دەبینی و غەیری ئەو هیچی دیکە نەبوو کە ئەویش خودا بوو، ئەو وای دەبینی کە هەموو بونەکانی تر تەنها گوزارشتن لەو بوونە (واحد) کە خودایە. ئەو دەڵێ تیشکەکانی رۆژ زۆرن، بەڵام یەک سەرچاوەیان هەیە ئەویش رۆژ خۆیەتی و هیچیان جێگەی رۆژ ناگرنەوە. ئەوە ئەقڵ و حەواسی ئێمەیە کە بەهەڵە مامەڵە لەگەڵ ئەم بەرچاوانەدا (الموجودات) دەکات بە ئیعتیباری ئەوەی کە هەریەکەو بونێکی جیاوازە لەویی دیکە. حەلاج دەڵێ: ئەوە لە قسوری ئێمە بەگەیشتنی هەقیقەت دروست بووە ئەو هەقیقەت بەسەر سێ ئاستدا دابەش دەکات: تیشکی چرا زانینی هەقیقەتە، گەرمیەکەی هەقیقەتی هەقیقەتە، گەیشتن پێی (هەق) ی هەقیقەتە.
دکتۆر عبدالرحمن بدوی دەڵی: پێش دەرکەوتنی حەلاج سۆفیەکان بەئارەزوی خۆیان بێ سڵەمینەوە لەلێپێچینەوەی فیقهی رەسمی شەطەحاتیان (مانا فەرهەنگیەکەی واتا لادان) دەکرد ( شطحات لای سۆفیەکان گوتەیەکە (مقولە) زاهیرەکەی واتا بەڕووکەش موخالیفی شەریعەتە ). بەردەوام زەلەی ئەوانەی شەطحەیان کردووە مەغفور بووە واتا لێپێچینەوەی نەبووە، چونکە شەطحەی سۆفی( زاهیرەکەی راستە خراپ دەردەکەوێ، بەڵام باتینەکەی موستەقیم وەیان چاکە). ئەو دەڵێ: لە عەسری حەلاجدا ئەوەنەما هەر سۆفیەک بەئارەزووی خۆی بڵێ، چوونکە شەطەحاتەکانی حەلاج جۆرێکی کە بوو، دەسەڵات و فیقیهی رەسمی خەبەر کردەوە. بۆیە ئەو سۆفیانە جگە لەحەلاج ئیدی کەوتنە خۆیان و هەر ووشەیەکیان دەجار ئەمدیو دیو دەکرد ئەوجا دەیان درکاند، لەبەر ئەوەی نەبا لەسەریان بکرێت بەماڵ و لێپێچینەوەیان لەگەڵ بگرێت..
حەلاج بەردەوام دەیگوت (زاتی سۆفی تەنهایە نەکەس دەیەوێ و نەئەویش کەسی پێ قایلە)
عەلای دەولەی سەمنانی ( متەسەوف 1336 زاینی مردووە و تەکفیری ئیبن عەرەبی ئەندەلوسی گەورە سۆفی دەکرد، بەڵام لەبارەی حەلاجەوە کەئەویش هەر سۆفی بووە دەڵێت: (ماوەیەک لەباری دەرونیەوە شکست بووم چووم بۆ زیارەتی حسەینی کوری مەنصور کاتێک خۆم لەهەمو شتێک داماڵی بوو تەنها بەموراقەبەو تەنزیهبی نەفس (پاکژ کردنەوەی دەرون)ەوە خەریک بووم رۆحی حەلاجم لەبەرزاییە موبارەکەکان بینی: موناجاتم لەگەڵ خودای خۆم دەکرد دەمگوت ( ئیلاهی بۆچی کە فیرعەون گووتی من خودای بانی سەری ئێوەم کەوتە خوارەوە، بەڵام کەحەلاج گوتی ( انا الحق) رۆحی گەییە بەرزاییەکان؟! خۆ ئەوان هەردوکیان هەمان ئیدیعایان هەبوو قسەکانیشیان هەمان شت بوون؟! دەڵی دەنگێک گوتی: فیرعەون خۆی بینی و ئێمەی لەبیر چوو! بەڵام حەلاج خۆی لەبیرچوو تەنها ئێمەی دەبینی، جیاوازیەکە زۆر گەورەیە.
حەلاج لەو قۆناغە مێژووییەدا زۆر بەڕوونی هەستی بەوەکردبوو کە عیرفان و تەسەوف کراون بە پەردەیەک بۆ خەڵەتاندنی خەڵک وئاوێتەکردنی ئاین و شەریعەت لەگەڵ جەهلدا. هەر بۆیەش ئەوانەی کە ئیدعای عیلم و عیرفان و تەسەوفیان دەکرد غەرقی نیعمەتی دەرباری عەباسیەکان بوون (مەبەست قۆناغی حوکمی عەباسیەکانە)، رونتر بڵێین ئەوانە ئەگەر کەیفیان بە کردەوەکانی دەسەڵاتی ئەو کاتەش نەهاتایە لەبەر نیعمەتی خۆش گوزەرانیان بێدەنگ بوون لێی ئەوە جیاوازی حەلاج بوو لەگەڵ ئەوان.
حەلاج لەسەر دەمی خەلیفەی عەباسی موقتەدیر باللە دا ژیاوە، ئەو سەردەمە زوڵم و ناعەدالەتیەکی زۆر بەر بڵاو هەبووە. بەرای بەندە حەلاج وەکو رەمزێک بۆ بەرهەڵستاکاری ئەو زوڵمە لەروی سیاسیە بەکار هێنراوە. نەک وەکو ئەو بۆ چوونەی کە دەڵێ: حەلاج راستەوخۆ لەکاری سیاسیەوە گلاوە کەدەکاتە بەرهەڵستکاریی حوکم بەمەبەستی هەڵگێرانەوەی سیستمی سیاسی و بەشداریی خۆی لە وەزعی نوێدا کە دێتە کایەوە، چونکە ماقوڵ نییە کەسێک بەکاری سیاسی هەڵبسێ و قبوڵی مەترسی سەرنەگرتنی هەوڵی راماڵینی دەسەڵاتی حازر بدا و لەجێی ئەوە وەزعێکی تر بێتە کایەوە بێ ئەوەی خۆی هیچ تەماعێکی دنیایی لە و گۆڕینە نەبێ. من دەڵێم حەلاج کاری فیکری کردووە واتا موفەکیر بووە نەک سیاسی. بەڵام ئەوە هیچ گومانی تیانیە کە هەموو بیرمەندەکان هەروەها فەیلەسوفەکانیش بۆ نموونە مارکس بەرهەمە فیکریەکەی پاش خۆی بووە بە بناغەی کاری سیاسی. لەمەقامی حەلاجیشدا هەمان قسە هەیە ئەو وەکو هەق بێژێک وەکو رەخنەگرێکی بێ خەم لەئاکامەکانی رەخنەکانی کە دژ بە وەزعی ژیاریی کۆمەڵگەکە و سۆفیەکانی دەربار وفوقەهای رەسمی بووە کە نیفاقیان بۆ دەسەڵات کردوە .
کاتێک کە گەورە وەزیری خەلیفە موقتەدیر هەروەکو دادگاکانی پشکنین کە دواتر لەئەوروپا دروست بوو دەکەوێتە پشکنینی ماڵەکەی و هەر چیەکیان بەردەست دەکەوێ دەیخوێننەوە بەمەبەستی ئەوەی بەشکم شتێکی تیا ببیننەوە بۆ ئەوەی ئیدانەی پێبکەن. دەڵین نوسراوێکیان بینووە کەتیادا حەلاج دەڵێ: ئەگەر وادەی حەج هات کەسێک نەیتوانی بچێت ئەتوانی لەماڵەکەی خۆیا ماڵێک قەبارەیەک( مجسم)ێک دروست بکات پاک رای بگرێت و کەس نەتوانێ تێی بچێت و چۆن بەدەوری کەعبەدا حاجیەکان تەواف دەکەن ئەویش بەدەوری ئەو ماڵەیا وابکات و سێ رۆژ بەرۆژو بێت و 30 بێ باوک کۆبکاتەوە بەدەستی خۆی خواردنیان بۆ دروست بکات و خزمەتیان بکات. کاتێک کە لەخواردن دەبنەوەو دەستیان دەشۆن جل و بەرگی تازەیان بکاتە بەرو یەکی حەوت یان سێ درهەمیشیان بداتێ، ئەوە بکات وەکو ئەوە وایە حەجی کردبێ.
ئەمە کارێکی سیاسی نییە کارێکی فکریە و کار لەناو کرۆکی عەقیدەیەکدا دەکا، بۆیە مەترسی زۆر زیاترە لە کاری سیاسی و یان سیاسیەکی سەرکیش کە ئەگەر کارەکەی سەری نەگرت دوای ماوەیەک بیر دەچێتەوە. بەڵام کاری فکری وەیا کاریگەریی فیکر زۆر قول تر رۆ دەچێ و دەورو تاسیری بێگومان زیاتر دەبێ.
کاتێک أبو عمر القاضي کە زانایەکی ئاینی بووەو حامد الوزیر لەگەڵ خۆی هێناویەتی بۆ موناقەشەو لێکۆڵینەوە لەگەڵ، حەلاج دەڵێ ئەمەت لەکوێ هێناوە .. حەلاج دەلێ لە کتابی خلاص ی حەسەنی بەصری. ئەبو عمر دەڵێ: درۆت کرد کتێبی حەسەنی بصریم لەمەکە خوێندۆتەوە ئەمەی کە تۆ وتوتە تیانییە.
رۆژهەڵات ناسی فەرەنسی ماسنیون لەو بارەیەوە دەڵێ: لێرەدا حامد الوزير بەهاوکاری قازی مالکی ابی عمر – کە ناسراو بوو بەوەی ریایی بۆ دەسەلات دەکرد – توانی ئەو مەزهەبەی حەلاج کە دەڵێ دتوانرێ واز لەچون بە فیعلی بۆ حەج بهێنرێت بەواتایەی دیکە لەماڵەکەی خۆتان دەتوانن حەج بکەن، بەبنەمای حوکمدانی حەلاج بەکوشتن و وایان شوبهاند کە ئەو وەکو قەرمەتیەکان دەکا کە نیازی روخاندنی کەعبە یان هەبوو.
هەرچی دەربارەی ئەو تۆمەتەی کە گوایا حەلاج پەیوەندی بە نەیارانی دەوڵەتی عەباسیەوە کردووە تەنها سەرچاوە کتێبەکەی (ئیبن خلکان)ە الشامل في أصول الدين کەدەکاتە یەک لایەنیی سەرچاوە ( احادی المصدر) ئەوەش سەندی ئەو ئیدیعایە لاواز دەکا نەک بیسەلمێنێت. بەلام زۆر سەرچاوە باس لە بەربەرەکانێکی حامد الوزیری ناوبانگ خراپی کاربەدەستی باڵای خەلیفە موقتەدیر باللە دەکەن، کە دەشێ لەرێگەی دەست و پەیوەندەکانیەوە بەڵگەی ساختەی چالاکیی سیاسی لەسەر حەلاج کەڵەکە کردبێت.
حەلاج کاریگەریی فیکری زۆری لەسەر لەدەوروبەری هەبوو دوای ئەوەی کە حامد الوزیر دەیگرێ لەرێگەی دەزگا جاسوسیەکانیەوە دەکەوێتە دۆزینەوەی موریدە فیکریەکانی زۆریان لێدەگرێ و بەشێکی زۆر لە فوقەها و زانا ئاینیەکانی ئەو سەردەمە تەکفیری دەکەن و بەزەندیق و قەرمەتی ناو دەهێنن، هەتا گەورە سۆفیەکانیش بێلایەن دەوستن. چونکە هەروەکو لەسەرەتاوە باسمان کرد حەلاج فکرێکی نوێی سۆفیگەری خولقاند واتا تاک بوو هەر بۆیەش لەناو رێرەوی سۆفی گەریشدا ناحەزی زۆر بوو.
دەڵێن هەندێکیش داکۆکیان لێکردووە، بەڵام کەم بوون لەوان ابن عطا کە زانایەکی بەناو بانگ بوو، کاتێک کە پرسیاری دەربارەی حەلاج ئاراستە دەکەن بۆ ئەوەی بزانن ئایا ئەویش لەپەیرەوانی ئەوە تاوەکو لێپێچینەوەی لەگەڵ بکەن. دەنوسێ ئیعتیقادی حەلاج راستە منیش لەسەر ئەو باوەڕەم ئەوەیشی باوەڕی پێنەبێ ئیماندار نییە. لەسەر ئەوە ئەگیرێ و ئەشکەنجەیەکی زۆر دەرێ بەو هۆیەوە گیان لەدەست دەدات.
محمد ئیقابل لاهوری شاعیر و فەیلەسوفی گەورەی پاکستان، حەلاج بە بیرمەندی داهێنەر وەسف دەکا. دەڵێ: ئەو هەوڵی داوە ژیان بێنێتەوە بەر هاوجەرخە مردووە رۆحی و فیکریەکانی، بەواتایەکی دیکە ئەو هەوڵیدا ئیمانێکی زیندویی نوێیان پێببەخشێت و لە کۆتی تەقلیدو جوینەوەی بنەماکانی بۆماوەی بەتاڵ لە رۆح رزگاریان بکات. قەناعەتی ئیقبال هەروەکو رۆژهەڵات ناسی ئەڵمانی ئان ماری شیمیل پسپۆر لە تەسەوفدا دەڵێ: دنیای قورئان بەسەر هەر مرۆڤێکدا لە هەر عەسرێک دا بەشێوەیەکی نوێ دەکرێتەوە. دەڵێ بیرمەندە سۆفیە گەورەکان توانیویانە بەناخی قوڵایی تێگەشتندا ڕۆبچن. ئەو زیاتر دەلێ: حەلاج توانی لە قوڵایی وەحی ئیلاهی باشتر لە فوقەها و پیاوانی ئاین تێبگات. چونکە بەپێی ئیقبال پیاوانی ئاین ناتوانن بگەنە لوتکەکانی فیکر ئەوان وەکو قارون بەسەر فەرهەنگەکانی زمانەوە دانیشتون. بۆیە ناتوانن بفرن، چونکە قورسایی زمانی فەرهەنگەکان ناهێڵێ. بۆیە ئەوان هەروەکو قارون چۆن لەژێر قورسایی زێرەکانیا مرد ئەوانیش لە ژێر قورسایی زمانزانیەکەیاندا رۆح دەسپێرن.
ابن تیمیە لە (مجموع الفتاوی)دا خوێنی حەلاج حەڵاڵ دەکا ئەو دەڵێ: ئەو چارەنوسەی کە حەلاج پێی گەیشت چارەنوسی هەر کەسێکە کە لەسەر باوەڕی حەلاج بێت کافرو مورتەدە بە ئیتیفاقی موسڵمانان.
شێخ عبدالقادری گەیلانی لەئیبن تەیمیە بەرەحم تر سەیری حەلاج دەکا کاتێک پرسیاری دەربارەی لێدەکەن دەڵێ: حەلاج پێی هەڵکەوت و ئەو زەمانەی ئەو کەس نەبو دەستی بگرێت ئەگەر من لەزەمانی ئەودا بوومایە دەستم دەدایە دەستی.
حەلاج لەلایەن فوقەهای ئەو سەردەمەوە لەسەر کوفرو زەندەقە و ئیلغاکردنی فەریزەکانی ئیسلام خوێنی حەلال بووە. لەلایەن دەسەڵاتیشەوە لەسەر ئەوەی کە هەوڵی داوە باجەکان لەسەر رەعیەت کەم بکرێتەوە و تۆمەتی گوایا پەیوەندی کردن بە بزونتەوەی سیاسیەوە ئەو فەتوایە جێبەجێ کراوە.
تۆمەتەکان هەرچۆنێک بوبێت لەو راستیە کەم ناکاتەوە کە ژیانی حەلاج ئاوێتەیەک بوو لەسۆفیگەری و زاهیدێکی شۆڕشگێرانە کە بەئاکام دەورو تأسیری سیاسیشی لێدەکەوێتەوە ، دەڵێن گوایا پەیوەندی لەگەڵ میری قەرمەتیەکان ( ابی طاهر سلیمان بن سعید الحسن القرمطی) هەبووە بەرای بەندە ئەوە زەق کردنەوەی لایەنە سیاسیەکە بووە کەلەلایەن پیاوە ئایینە نەیارەکانیەوە بووە بۆ پیشاندانی مەترسی لەسەر خودی دەسەڵاتی سیاسی، دەنا حەلاج کەسێک بووە نامەیەکی مەعریفی پێشکەشی مێژووی کلتوری، نەک هەر عەرەب، بەڵکو ئیسلامی کردووە. ئەو بانگەوازی بیری شمولی ئینسانی کردووە کە داوای رێزگرتن دەکا لە زاتی ئینسان. سۆفیگەری رۆڵی گەورەی هەبووە لە پەیوەندی ئاین بەدەوڵەتەوە. زمانی شیعریان دەوڵەمەند کردووە.
عەلامە گولدزیهەر لەکتێبەکەیا (محاضرات في الأسلام) دەڵێ: ( هاوارە سۆفیەکەی حەلاج- ناسینی خودا- کاریگەریەکی قوڵی لەسەر ژیانی عەمەلی ئیسلامی دروست کرد). دواتر دەڵێ: ( حەلاج زۆر بە توندی دەستی لەژیانی کۆمەڵگەی ئیسلامی وەردا)
عەلامەی رۆژهەڵاتناس ماسینیون دەڵێ: (حەلاج جەماوەری جۆش دەدا داوای چاکسازی دەکرد، مژدەی حکومەتێکی نمونەیی دەدا کە شەریعەت لەسەر نەغمەی خۆشەویستی و عیبادەتی خالس تەنها بۆ خودا دابمەزرێنرێێت). ئەمە ئیشی بیرمەندە، چونکە زۆر لەکاری سیاسی گشت گیر ترە. ئەفلاتون کاتێک جاڕی جەمهوریەتە نمونەییەکەی دا کەتیادا حەکیمەکان (فەیلەسوفەکان) دەوڵەتمەدار بن نەوەک بەپرۆسەی دەیموکرسی کەسانێک هەڵبژێردرێن کە هیچ لە بەرێوە بردنی دەوڵەت نازانن. پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ئەمە ئەکتێکی سیاسی بوو یان فکری فەیلەسوف بوو؟ بێگومان فکر بوو.
زۆر لە لێکۆڵەرەوانی حەلاج باوەڕیان وایە کە ئەو لە هەموو کەس زیاتر ئامادە تر بوو وەکو رۆشنبیرێک بیرمەندێک کە داکۆکی لە جەوهەری ئیسلام بکات، رێگەیەکی نوێ خۆش بکات بۆ گەیشتن بەهەق. حەلاجیەت فرسەتێک و هیوایەکی بە ئیسلام بەخشی کە بەرزبێتەوە بۆ پلەیەکی باڵا تر لە عیبادەت. بێگومان دوای خۆی ئیبن عەرەبی و جەلال الدینی رۆمی و عبدالکریمی الجیلی نوێنەرانی راستەقینەی فیکری حلاج یان رێرەوی حەلاجیەت بوون.
بەفیعلی دەعوا دژی حەلاج لەرێگەی فەقیهێکی لاوەوە کە ناوی (ئیبن داود الظاهری )ە بە بەهانەی ئەوەی کە حەلاج دەستکاری شەرع و هەوڵی گۆڕینی سونەتی خوداو پێغەمبەری داوە ئەجوڵێنڕێ. بەڵام هەڵویستی ئیبن سریجی شافیعی پێچەوانەی بۆچونی ئیبن داود دەبێ و لەفەتواکەیدا لەوبارەیەوە دا دەڵێ: (حەلاج باوەڕدار و موخلیسە نەوەک دەجال و مونافیق). ئەم فەتوایە دەرگای موحاکەمەکردن لەسەر حەلاج وەکو کافر دادەخا. دەڵێن لەبەر روونی ئەم فەتوایە پێگەی سۆفیزم لەئیسلامدا هەر لە رێگەی یاسای شەریعەتەوە سەربەخۆ بوو، بەرانبەر بە حاڵەت گەلێکی رۆحی، شەرع فەتواکەی خۆی راگرت، چونکە ناکرێ بەپێی شەرع موحاکەمە بکرێ و قازیش دەسەڵاتی جێبەجێکردنی شەرعی بەهۆی بەکار هێنانی پێوەری عەقڵیەوە نییە، چونکە ئیماداری و بێ ئیمانی پەیوەستە بە ناخی شاراوەی گۆمان لێکراوەوە لەو جێگەیەشدا تەنها خودا خۆی دەزانی، ناخی ئەو کەسە چی لەناخدایە، بۆیە ئەو حوکمە لەدەست مرۆڤ دەردەچێ. بەڵام ئەوان کۆڵ نادەن و، دەگەرێن بۆ تۆمەتبارکردنی بەگۆڕینی ووشەی کوفر بە زەندەقە کەدەکاتە تۆمەتێکی سیاسی. عبدالرحمن بدوی ئوستادی فەلەسەفە لەمیسر دەڵێ: عەباسیەکان بۆیەکەم جار بەکاریان هێنا بۆ تەسفیەکردنی نەیارەکانیان لە شاعیر و سیاسی و فەیلەسوفەکان.
پێچەوانەی سیاسەت مەدار حەلاج بیرمەندێکی بێ چەک بوو، ئەوە باوەڕی بە یەکگرتووی ئاینەکان هەبوو ( وحدة الأديان) ئەو وای دەبینی کە هەمو ئاینەکان بۆچونی جیاوازن بۆ یەک هەقیقەت راستە تێروانینی باوەڕدارانی هەر ئاینێک لەتێروانینی باوەڕدارانی ئاینیکی کە جودایە، بەڵام هەموو یەک ئامانجیان هەیە هەموشیان لەسەر هەقن. چونکە جیاوازیەکان لەناو نازناوەکاندایە، بەڵام مەبەست لای هەموو یەک مەبەستە.
لەم تەرحە بیرکردنەوەی حەلاج تیۆریەکی (حەلاجیی) تر سەرهەڵدێنێ کە سەرچاوەکەی (الجبرية)یە کە هەر کەسێک لەئەزەڵەوە بۆی دیاری کراوە چی دەکات، پێجەوانەی (القدریة) کە دەڵی مرۆڤ خۆی بەرپرسە لەکارەکانی خۆی. چونکە خۆی هەڵیان دەبژێرێ.
حەلاج دەڵێ: خودا هەر تایەفەیەکی بەئاینێکەوە تایبەت کردووە. ئەوە ئیختیاری خۆیان نییە، بەڵکو بۆیان ئیختیار کراوە. بۆیە هەر کەسێک لۆمەی کەسێکی دیکە بکا بۆ لەسەر ئەو ئاینەیە ئەوە لۆمەی خۆی دەکا.
حەلاج 9 ساڵ بەند بوو دەڵین لەو ماوەیەدا جگە لە (طواسین ) 47کتێبی نوسیوە بەداخەوە زۆریان نەماوەن، هەروەها دەیان شیعریش کە بەراستی زمانێکی نوێ بووە لەشیعردا بە سەدان ساڵ دوای خۆی ماونەتەوە.
ئایا حەلاج لەسەر هەڵوێستە سیاسیەکەی بووە وا ئەوەندە دەوڵەتی عەباسی و فوقەهای رەسمی ئەودەوڵەتە پێوەی خەریک بوون؟ یان لەبەر دەورو تأسیری فیکری حەلاج؟ کە بەرای بەندە ئەگەر بێدەنگ نەکرایە گۆڕانکاریی بنەرەتی لەتێگەیشتنی رەسمی بۆ ئیسلام دەکرد، تۆمەتەکەی ئەو تەنها ئەوەبوو. راستە بزوتنەوە سیاسیە نەیارەکانی فەسادی ئیدارەو کاربەدەستانی دەوڵەتی عەباسی رەنگە ویستبێتیان سوود لە بانگەوازی بیرمەندێک بۆ عەدالەتی کۆمەڵایەتی و ئیسلاح کەناوی حەلاجە، وەربگرن. بەڵام حەلاج وەکو پێشتریش ئاماژەم پێدا خۆی وەکو چالاکە سیاسیەکان کەکار بۆ وەرگرتنی پۆستێکی سیاسی دەکەن ئەو ئاواتەی نەبوو. کاری ئەو کاری بیرمەند بوو ئەدیبێکی پایە بەرز بوو کە زمانێکی شیعری نویی خولقاند. سەنگ و قورسایی بیرمەندیش گەڵێک لەسیاسی لەسەر ئەقڵی جەمعی زیاترە. و دەورو تأسیری حەلاج لەعێراقەوە پەریوەتەوە بۆ هیندو ئیڕان و تورکیای ئێستا و زۆربەی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست و مەغریب هەتا ئەوروپاش بەدەلیلی ئەوەی چەندین رۆژهەڵاتناسی ئەوروپی لێکۆڵینەوەی قوڵیان لەسەر کردووە.
رۆژهەڵاتناسی فەرەنسی و تایبەتمەند لە فکری حەلاجدا لوی ماسینیون دەڵێ: تۆمەت کردنی حەلاج بە تێوەگلانی لە بزوتنەوەی قەرمەتیەکان (بزوتنەوەی سیاسی) موئامەرەیەکی مٶنس الخادم بوو کەسوپا سالاری دەوڵەتی ئەوکاتەی عەباسیەکان بوو.
دائیرەی مەعاریفی ئیسلامی دەڵێ : ( حەلاج بەسیفەتێک کە ئەهلی جەدەل و وەجد بوو هەوڵی دا هەمئاهەنگیەک لەنێوان فەلسەفەی یۆنانی و ئایندا لەسەر بنچینەی تاقیکردنەوەی سۆفیگەریدا بکات، لەمەدا دائەنرێ بە پێشەنگی غەزالی و تەسەوف وای لە حەلاج کرد کە ببێ بە مەزنترین شەهیدیان). من دەڵێم مەزنترین بیرمەندیشیان.

1. عزیز سید جاسم / متصوفة بغداد
2. دکتور عبدالرحمن البدوی / شخصیات قلقة في الأسلام
3. اخبار الحلاج : على بن أنجب الساعى
4. الحلاج: سمير السعيدي
5. الحسين بن منصور الحلاج شهید التصوف الأسلامی . طە عبدالباقي سرور
6. الحلاج الأعمال الكاملة: قاسم محمد عباس