بورهان شێخ ڕەئوف: سیناریۆکانى تورکیا لە لیبیا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەدواى کۆنترۆڵکردنى ناوچەى تەرهونە لەلایەن هێزەکانى حکومەتى ویفاقى نیشتمانى لیبیەوە کە تورکیا پشتیوانى یان لێدەکات و لەلایەن فائیز سەراجەوە سەرکردایەتى دەکرێت کە تاقمێکى ئیخوانین، ئێستا ئەوتاقمە لەهەوڵى ئەوەدان شارى ئیستراتیجى ( سیرت ) یش کۆنترۆڵ بکە، چونکە مانەوەى هێزەکان ژەنراڵ خەلیفەحەفتەر لەوێندەر نەک هەر مەترسیە بۆسەرتەرابلوسى پایتەختى لیبیا، بەڵکو بێبەشکردنى حکومەتەکەى ویفاقیشە لەداهات و بەڕێوەبردنى گەورەترین سکتەرى ئابورى وڵات ئەویش نەوتە.
ئێستا حکومەتەکەى سەراج باس لەوە دەکەن کە بەرەى حەفتەر دواى ئەو پاشەکشەو تێکشانە سەربازیانەى کە بە سەریاندا هاتووە تووشى دووبەرەکى و لێکترازان بووە لەناوخۆ و لە دەرەوەش ئاڵۆزى کەوتووەتە پەیوەندییەکانى لەگەڵ سپۆنسەر و پشتیوانەکانى، هەر لەبەر ئەوەشە کەهەموو هەوڵەکانى ئاگربڕ ڕەت دەکرێتەوە لەلایەن حکومەتى ویفاقەوە.
لەبەرامبەرئەمەشدا حکومەتى ویفاق لەهەوڵى ئەوەدایە ترس و نیگەرانى ئەو وڵاتانەى پشتیوانى حەفتەریان دەکرد بڕەوێنێتەوە، لەوانەش گفتوگۆى نێوان ڕوسیا و تورکیا هەرچەند وا بڕیاربوو لەماوەى ڕابردوودا ئەنجام بدرێت، بەڵام لە دواساتەکاندا هەرچەند وەزیرەکانى ڕوسیا لەناو فڕۆکەشدا بوون بەئاسمانەوە بۆ تورکیا، بەڵام دواخرا، بەڵام هەوڵەکانیان درێژەى هەیە بۆ ئەو مەبەستە و دواتر هێزەکانى حکومەتى سیراج بچنە ناو سیرتەوە بە ئاسانى دواى ئەوەش لە هەوڵى دۆزینەوەى ڕێگە چارەى سیاسى بن بۆ کێشەى لیبیا لەڕێگەى نەتەوە یەکگرتووەکانەوە و بەردەوامى دان بەکۆنگرەى مەدرید.
ئەمەتەواو ڕاى ئەردۆگان و تورکیایە کەحکومەتى ویفاق پیادەى دەکات چونکە هەر ئاگربەسێک ڕێخۆشکەر دەبێت بۆ خۆ ڕێکخستنەوەى هێزەکانى خەلیفە حەفتەر لەلایەک و لەلایەکى تریشەوە پشتیوان و هاریکارە دەرکیەکانى حەفتەر ناچاردەبن دەستبەردارى بن، بۆیەدەخوازن درێژە بە شەڕ بدەن تاوەکو حەفتەر لەهاوکێشەى سیاسى لیبیى بەتەواوى وەلا دەنێن ئەمەش ئەو بۆچوونەى ئەردۆگانەکە لەتورکیا لەگەڵ ڕکابەرو نەیارەسیاسیەکانى تەنانەت بەوانەشەوە کەلەحزبەکەى خۆى بوون جێ بەجێ ى دەکرد.

میسرو لبیبا
هەرچەند عەبدولفتاح سیسى سەرۆک کۆمارى میسر ڕایگەیاند کە سیرت هێڵى سوورە نابێت هێزەکانى حکومەتى ویفاقى نزیک لە ئەردۆگان بێتەناوى و هەڕەشەیە بۆ ئاسایشى ئیستراتیجى میسر، (هەرئێستا من ئەم وتارە دەنووسم سەرۆکى میسر لەپێشوازى سەرۆک خێڵەکانى لیبیا ڕایگەیاند کە سوپاى میسر دەچێتە ناوخاکى لیبیاوە لەسەرداخوازى خەڵکى ئەو وڵاتەو بەرگرى لێ دەکات ) هەموومان ئاگادارى خراپى پەیوەندییەکانى نێوان ئەو دوو وڵاتەین کە ئەوەش هۆکار و دۆخى تایبەتى خۆى هەیە کەناکرێت لێرەدا باسیان بکەم، بۆیە حکومەتى ویفاق و تورکیا دەڵێن ئەوەى هێزى لەسەرخاک هەبێت یەکلایى دەکاتەوە، هامەهەنگى نێوان تورکیا و ڕوسیاو پەیوەندیەکانى ئەردۆگان لەگەڵ ترەمپ تایبەت بەلیبیا و دەستوەرنەدانى ئەمریکاو ئەوروپیەکان پێگەى تورکیا بەهێزتر دەکات و زیاتر ڕوسیا هاندەدات خاوەندارى ئەو بابەتە بکات، هەرچەندە میسرو فەرەنساو ئیماراتیش دژ بەم هەنگاوەن ئەمەش وادەکات ڕێککەوتنى تورکیاو روسیا ئاسان نەبێت.
لە ئاوا بارودۆخێکدا حکومەتى ویفاق و تورکیاش دوو دڵ و ڕاڕان لەسەر ئەوەى بە زەبرى هێز شارى سێرت داگیربکەن، چونکە توکیا ناخوازێت لەگەڵ هێزەکانى فاغنر کە ڕوسیا پشتیوانیان دەکات بکەوێتە شەڕو بەریەککەوتنەوە، چونکە ئەو هێزانە لە ڕۆژان ڕابردوودابوونى خۆیان لەو شارانەدا قایم و جێگیر کردووە، کەئەمەش پەیوەندییەکانى نێوان تورکیان و پشتیوانانى حەفتر زیاترئاڵۆز دەکات، لەلایەکى ترەوە مانەوەى دۆخى ئێستا بەزیانى حکومەتى ویفاق تەواو دەبێت و قازانجى حەفتەرو هاوپەیمانەکانى دەشکێتەوە.
لەکۆتاییدا بیرۆکەى کۆنترۆڵکردنى شارى گرنگى سێرت لەلایەن حکومەتەکەى سیراجەوە کارێکى ئاڵۆزو سەختە بەکردار بۆیە پێویستى بە دانوستانى زۆر دوورودرێژە، بۆیە پێدەچێت دۆخى ئێستا درێژە بکێشێت زیاتر بۆ ئایندەیەکى دوورتر لەگەڵ وتوێژو کۆکردنەوەى هێزدا، لەئاوا بارودۆخێکیشدا هەندێک دەنگ دەبیسترین باسى دابەشکردنى لیبیا دەکەن هەرچەندە تائێستا هەردووبەرەى دژ بەیەک و لایەنى شەڕ حەفتەرو سەراج بەئاشکرا شتى وایان نەتووە، بەڵام ئەو دەنگانە زیاتر لەدەرەوەى لیبیاوە دێن هەندێک لایەنى ئیقلیمى ئەو خواستەیان هەیە، لەهەمان کاتیشدا هەر سەرکێشیەکى تورکیاو حکومەتى ویفاق لەسێرت بەبێ ڕەزامەندى ڕوسیا ململانێکانى تورکیاو ڕوسیا دەگوێزێتەوە بۆ شوێنەکانى تریش لەدەرەوەى جوگرافیاى لیبیا، و دواکەتنیشى شکستەکە گەورەکەى حەفتەر لەتەرابلوس کەم دەکاتەوەو هەڵوێستى هاوپەیمانەکانى بەهێزدەکات. بەهەرحاڵ ئەم نمایش و خۆنواندنانەى هێزە ئیقلیمى و نێودەوڵەتیەکان لە لیبیا بۆ بەدەستهێنانى ڕۆڵ و پێگەودەستکەوتى سیاسیە لەدانوستانەکانى داهاتوودا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت