بەهرۆز جەعفەر: کورد، گڵۆباڵیزم، کۆرۆنا.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

‎کورد لە چەندین ڕووەوە کارا بوە لە بونیادنانی شارستانیەتی سۆمەرو بابلیدا کە مێژووەکەی ئەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە ( 5000 پ.ز). جگە لەوەش پێش ئەو مێژووە بونی خواوەندی دایک میدرا یان میترا هێمای باڵای سۆمەر و بابل بونە.
‎بەڵگەش بۆ ئەمە کشتوکاڵ و دانەوێڵە کە بە وەرچەرخانێکی بابەتی و جۆریی گەورە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا دائەنرێت، یەکەمجار لە ڕۆژهەڵاتدا دۆزراوەتەوەو بە شارستانیەتی سۆمەرییەوە لکێنراوە ( من لای خۆمەوە ئەوەندەم بەڵگە هەیە بتوانم بڵێم کورد ئاری نەژاد نییە بەڵکو سۆمەرە). ئەم شارستانیەتی کشتوکاڵەش لە گوندی چەرموو نزیکی چەمچەماڵ پێش (5000 پ.ز) پێنج هەزار ساڵ پێش زایین بوە. تەنانەت زمانی سۆمەرەکان هەمان ئەو شێوازە لە ئاخاوتن بوە کە لەناوچەی چەمچەماڵ و دەوروبەریدا هەبون. ژن لەم ناوچەیە «ژنی کورد» یەکەمجار پەمووی دۆزییەوە و دواییش تەشی و چنینی دۆزییەوە. تەنانەت پێش سۆشیالیزم «هەرەوەزیی» بە هەزار ساڵ پێش ئەوەی «کارل مارکس» لەدایک بێت لە لادێکان و ژیانی بەرە درەو و جووت و جەنجەڕو کاکوت کردندا لەناو کورددا هەبوە.
‎لەبواری دەستەڵاتداریی دا و فەرمانڕەوایەتیدا، «کاشی یەکان» کە بە ڕەگەز کوردن، لەگەڵ دۆزینەوەی کشتوکاڵدا ناوچەی لوڕستان بەچ ئەهێڵن و ڕووئەکەنە ناوچەی نەینەواو بابل. جگە لەوەش کورد لە سەروەختی مادەکان و پێشتریشدا لە نەینەواوە بۆ هەولێر سوپای هەبوە، «سۆبارییەکان» واتە زێبارییەکانی ئێستا لەلایەن ئاشورییەکانەوە پەلاماردراون. کورد ئەوکاتیش سوپای جەنگاوەری پێشکەوتووی لە ژن هەبوە کە «سوپای تاک مەمکان» بونە، مەمکێکی ژن بڕدراوە بۆ ئەوەی خێراتر بڕوات.
‎لەگەڵ ئەوەشدا، سوڕی مێژووی وایکردووە، کە کشتوکاڵ و زانست و پێشکەوتن و یاساو سیاسەت بکەوێتە دەستی بێگانەو، بەتایبەت لەدوای تیاچونی ساسانیەکان و، خەلافەتە یەکلەدوای یەکەکانەوە، تا گەیشتۆتە سەردەمی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و فارس و ، ئینگلیز و…تادوایی، لەهەموو ئەم مێژووانەی ئەمدواییەدا بونی کورد بونێکی لاواز بێت، ئەگەر بونیشی هەبوبێت بونێکی لاوازی هەبوە.!. لاواز تا ئەوەی لە ناوەڕاستی ( 2020 ) دا کورد سەرەڕای ئەوەی سەرکردەکانیان بۆ مووچەی مانگێک چەند جارێک ئەچنە بەغدا، هێشتا جوندییەکی عەرەبی عێراق پاڵ بە جەنگاوەرێکی کوردەوە ئەنێت، لە خاکەکەی خۆی پێی ئەڵێ «ئیرجەع گەواد!»…
‎لەگەڵ هەموو ئەم لاوازیی و بێدەرەتانیەی کە دەست پێکەکەیم گەڕاندەوە بۆ دوای لەناوچونی ساسانیەکان، کورد بێ دەرفەت نەبوە، فلادیمیر لینین نامیلکەیەکی هەیە «كيف تتحول هزيمة الى النصر»- چۆن داڕمان بگۆڕین بەسەرکەوتن، کەلچەری سەرکەوتن لەکاتی ئامادەگی شکستدا کاریزما دروست ئەکات «کاریزما؛ ئەوانەی دۆخی وڵاتەکەیان لە نارەحەتیەوە بۆ ڕەحەتی ئەگۆڕن». ئارشی کەمانگیر پاڵەوانی ئەفسانەیی ئێران لە مەنوچەهر و لە میانەی ململانێی تورانیەکاندا، کە گوتیان ئەم تیروکەوانە تا کوێ بڕوات ئەوێ سنوری ئێرانە، ئەوەندە بەهێز پەلاماری تیرەکەی دەستی دا کە ئاسیای ناوەڕاست بگرێتەوە.
‎ئەوە تەنها کوردە، چرکەساتی هەڕەشەکانی ناکات بە دەرفەت، گڵۆباڵیزم (جیهانگیریی) هەڕەشەیەک بو بۆ کورد وەکو نەتەوە ژێردەستەکانی تر. چونکە سیفەتێکی گڵۆباڵیزم ئەوەیە سنور ناناسێت، گڵۆباڵ یانی سنوری جوگرافی و کەلتوریی نییە. ئەمەش نامۆیی و چینایەتی و سڕینەوەی ناسنامە دروست ئەکات. گڵۆباڵیزم لەدوای جەنگی دوەمی جیهانی پرۆژەی مارشاڵ بۆ بونیادنانەوەی ئەوروپا و پرەنسیپی هاری ترومان بۆ دژایەتی دوژمنەکانی خۆرئاواو، دامەزراندنی بانکی جیهانی و نریتن وودز و…تادوایی. ئیتر دواتریش لەدوای جەنگی سارد ( 1991 ) ەوە بەهۆی کرانەوەی تەواوی دونیاوە، هەزاران هەزار ڕێکخراوی جیهانی و کۆمپانیای جیهانی و ناوی گەورە -گەورە بە ڕووی ئەم گۆی زەوییەدا تەقینەوە.
‎گڵۆباڵیزم، هەر هەڕەشە نەبو، بەڵکو دەرفەتی گەورە- گەورەشی ڕەخساند، بەتایبەت بۆ کورد، کورد سەدان ساڵ بو لە شاخەکان بون، کەچی گڵۆباڵیزم ئوتێلە پێنج ئەستێرەکانی جیهان و ئامێرە گەورەکانی سەردەمی پیشەسازیی پێ ناساندن، بە مانایەکی تر کوردی خستە ناو شارستانیەتی زانست و میعمارکردنەوە، جەنگاوەری کورد لە شاخەکان پێڵاویان بە دەست نەئەگەیشت لە شارەکانەوە، چاوەڕێیان ئەکرد بانگی عەسر بدات خەڵکی ئاوایی بچنە نوێژو، ئەمانیش پێڵاوەکانیان بدزن!. گڵۆباڵیزم دەرفەتی ئەوەی دا و وای لێکردن کە کۆمپانیای مۆبایل لە کوردستان دابندرێت. فڕۆکەخانە بکرێتەوە. بە سەدان هەزار کورد لە جیهاندا بن. لە ڕێگەی مۆبایلەکەوە بە دوو خولەک کارێکی وا بکەیت سیستەمەکان بخەیتە ژێر پرسیارەوە…!. کوردی بردە کۆشکی سپی.. پێشوتر لە هەشتاو نەوەدەکانی سەدەی بیستەمدا بۆ قەستەرەو باڵۆنێک ، یان بۆ ئەشیعەیەک ئەبو کورد بچێتە ئەوروپاو، تێچوو- مەترسیەکی زۆر.. ئیمڕۆکە گڵۆباڵیزم قەستەرەو باڵۆن و تیشک و سۆناری گەیاندۆتە شارۆچکە بچوکەکانی کوردستان و، بگرە هێناویەتیە ناو ماڵەکانیش. کورد نەک دەرفەتی ڕزگاربونی لەناوخۆی خۆیدا بەڵکو لە هەموو ڕوویەکەوە لە سەردەمی گڵۆباڵیزەیشندا چانسی ئەوەی هەیە قسەو بەشداریی لە یەکلاکردنەوەی پرسەکانی دەرەوەشدا هەبێت.!.
‎کۆرۆنا، لە هەرێمی کوردستانی عێراق وەک تاکە کیانی یاسایی و دەستوریی و سیاسیی کورد لە دونیادا، زۆر ڕاستی جۆراوجۆریی نیشاندا. لە ڕووی حوکمڕانیەوە پێی وتین ئەوەی نە ئەبو بیکەین کردومانە، ئەوەی دەبو بیکەین نەمانکردوە.
‎لە میانەی مانەوەی ( 24 ) کاتژمێرم لەناو مەترسیدارترین نەخۆشخانەی کۆرۆنادا «بێ ئەوەی کۆرۆنام هەبێت»، وە لەمیانەی زیاتر لە دە ڕۆژ پرس و ڕاوێژ لەگەڵ پزیشکانی کورد لە ئەمریکاو بەریتانیاو چەمچەماڵ و کەلارو ئەڵمانیاو سلێمانی و قوبرس و هەولێر و یۆناندا. دیارکەوت کە نەک پزیشکانی کورد بەڵکو فارماکۆلۆجیست و سیرۆمناسی (Serology ) و کارمەندە هاکەزاییەکانی تەندروستی لە کوردستان هاوتەریب و ڕێک هاوشانی زانستی پزیشکی و دوایین گۆڕانکارییە جیهانیەکان ئەڕۆن. هەستێکی بزوێنەرە ها! کارمەندێکی ئاسایی کورد باسی بەکارهێنانی دەرزی کلێکسان -CLEXANE بکات لە بری ئیسپرین -Aspirin بۆ ئەوەی خوێن نەبێ بە کڵۆ و خەست نەبێتەوە لە نەخۆشیی کۆرۆنادا، هەمان شت لە چین و ئەمریکاو چەمچەماڵ هەیە. دیکسامیتازۆن- Dexamethasone لە بەریتانیاو لە چەمچەماڵ و سلێمانیش بەکاردێت. پاککەرەوەیەک وتی «نابێت خواردنێکی بدرێتێ کاربکاتە سەر ئەو دەرمانانەی دکتۆر بۆی نوسیوە». زۆر نمونەی وروژێنەری دیکە، کە نیشانی ئەدا سەرەڕای ئەوەی دەرمانێکی فۆرمەڵ لە جیهاندا بۆ کۆرۆنا نییە، کەچی پزیشکانی کوردیش وەک سەراپای دونیا تێگەیشتن و ئەزمونێکی چاکیان لە ڕووبەڕووبونەوەی پەتاکەدا پەیداکردوە.
‎ڕەنگە هەر ئەم هۆشیاری و ئەزمونە پەیدابوەش هۆکاری ئەوە بێت کە لە ناوەڕاستی تەمموزی 2020 ەوە کۆمپانیا جیهانیەکان و زلهێزەکان کێبڕکێکەیان خێراتر کردووە بۆ دۆزینەوەی چارەسەری نەخۆشیەکە.
‎لێرەوە بۆمان دەرئەکەوێت، کورد ئامادەگی هەمیشەیی هەیە، گڵۆباڵیزمیش دەرفەتی زۆری پيداوە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکاندا لە ئاستە جیاوازەکاندا خۆی نمایش بکاو، بەرژەوەندیی و داواکانی خۆی بخاتە سەر مێز، هەروەها هێزو سەرچاوەی مرۆیی باشی هەیە کە توانای هەیە لە دیمەنە جیهانیەکە تێ بگات. بەڵام بونيکی سیستماتیک و فەرمانڕەواییەکی بەرپرسیارانەی نییە. ئەمەش بێ متمانەییەکەی گەیاندوەتە دۆخێک کە خەڵک کۆرۆنای هەیە تا دوا هەناسە ئامادە نییە بچێتە بەردەم پزیشک، کاتێک ئەیبەن گەیشتوەتە گیانەڵاکردن و دوعاو مەولوکردن.!.
‎لە ئاستە جیهانیەکەشدا، وێنەکە هەروەهایە، بۆ نمونە ساڵی 2008 ئەنفلونزای بەراز پەیدابو، خێرا چارەسەر کرا؟. چونکە هێزە جیهانیەکان تەبا بون و گفتوگۆیان لەگەڵ یەکدی هەبو، کۆرۆنا لە کاتێکدا هاتووە کە هیچ هەماهەنگیەک لە نێوان ووڵاتانی زلهێزو پێشکەوتودا نییە.