خالید مەجید فەرەج: سەردەمی رۆشنگەری Age of Enlightenment.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

سەردەمی رۆشنگەری کە بە سەردەمی (ئەقڵ) ناسراوە، بزوتنەوەیەکی فەلسەفی بوو لەنێوان هەردوو سەدەی 17 و18 دا بەرابەرایەتی چەن بیرمەندێکی فەرەنسی و ئینگلیزی بۆ داڕشتنی بناغەی کۆمەڵگەیەکی نوێ دەستی پێ کرد. لانکەی یەکەمی ئەو بزوتنەوەیە لە ئەوروپا بو دواتر لەکۆتاییەکانی سەدەی حەڤدەو سەرەتای هەژدەدا گواسترایەوە بۆ ئەمەریکا. ئەوانەی بەشداربوون تێدا باوەڕیان وا بوو رێ بۆ زیرەکی و رۆشنبیری مرۆڤ لەتاریکستانی سەدەکانی ناوەراست رۆشن دەکەنەوە.
بۆیە بەسەردەمی رۆشنگەری ناسراوە یان ناوبراوە بۆ ئەوەی جیابکرێتەوە لە قۆناغەکانی تاریکی (سەدەکانی ناوەڕواست) کە ئەوروپای تیادا دەژیا و کەنیسە و لایەنی ئانی لەریزی پێشەوە دابوون و دەستیان خستبووە ناوو ووردەکاریترین ژیانی مرۆڤەوە .
ئەم دەستەواژەیە پێش ئەوەی لەسەردەستی فەیلەسوفەکانی سەردەمی ئەقڵ بەعەلمانی بکرێت، سەرەتا لەئامێزی ئاینەوە سەری هەڵدا. لێرەوە پرسیارێک سەرهەڵئەدا چۆن ئەو دەستەواژەیە لەنێو فەرهەنگی ئاینیەوە گواسترایەوە ناو فەرهەنگی فەلسەفی نوێوە؟
دیکارت( 1590- 1650 ) یەکەمین کەس بوو کە دەستەواژەی رۆشنگەری بەواتا نوێکەی دوور لەواتا ئاینییە ئەنجیلەکەی بەکارهێناوە. کەدەکاتە توانای گەیشتنی مرۆڤ بە کۆمەڵێک هەقیقەت تەنها لەرێگەی ئەقڵەوە، بەڵام ئەو دەستەواژەی رۆشنگەری وەکو چەکێک دژی ئاین یان پیاوانی ئاین بەکار نەهێنا، ئەو لەچوار چێوەی رێزی تەواو بۆ بەها لاهوتیەکان بەکاری دەهێنا، نەک وەکو ئەوەی کە دواتر ڤۆلتێر دەیکرد.
یەکێک لەشۆرە سوارانی سەردەمی رۆشنگەری (جۆن لۆک)ە کە بیروباوەڕەکانی بەشداریەکی چالاکیان لە بیناکردنی عەلمانییەتدا هەبوو. دەوڵەت لەفەلسەفەی جۆن لۆکدا ئەوەنیە کە لەدەستی حاکمێکی موتلەقدا بێت و کەس نەتوانێت لێی بپرسێتەوە، هەروەکو تۆماز هۆبز دەیگوت. هەروەها دەوڵەت بۆی نییە بە بیانووی سنور دانان بۆ ئاشوب و فیتنەوە، چاودێری ئیمانی خەڵک بکا، هەروەکو سبینیوزا دەیگوت. بەپێی لۆک ئاینی هەق نە بۆ مومارەسەکردنی توقوسەکانو نەبۆ وەرگرتنی دەسەڵاتی کەنیسەو نە بۆ داپلۆسین دانراوە، بەڵکو ئاین بۆ رێکخستنی ژیانی بەشەر بەپشتبەستن بە بنەماکانی فەزیلەت و خودا پەرستی هاتووە.
لۆک دەڵێ فەرزکردنی وابەستەیی بەتەنها مافی دەسەڵاتی مەدەنییە، بەلام ئیرادەی خێر (دین و ئیمان) تەنها لەدەسەڵاتی مرۆڤدایە. ئەو دەڵی دەسەڵاتی حاکم ناپەرێتەوە بۆ دارشتنی یاسایەک کەپەیوەندی بەئیمانەوە یان شێوەکانی عیبادەتەوە هەبێت. دەڵێ: یاسا هێزی نابێت ئەگەر سزای لەگەڵ نەبێت، سزاش لەم حاڵەتە بە موتلەق لە جێی نەبوو دادەنرێت، چونکە هیچ یاسایەک ناتوانێ قەناعەت بەئەقڵ بکات کە ئیلتیزام بە عیبادەتێک یان هەر روکارێکی دەرەوەی عیبادەت بۆ نموونە (نوێژکردن لە کەنیسە بەکۆمەڵ) وە بکات. ئەو کەسانەی کە ئیلتیزمێکی وایان هەیە دەبێ لەقەناعەتێکی تەواوە بێ ، تاوەکو دەڵێ تەنها ئەو ئیمانە هەقەو ئەو عیبادەتە لای خوا قبوڵە و هیچ سزایەکیش زۆر لە مرۆڤ ناکات بگاتە ئەو ئیمانە واتا دەبێ لەقەناعەتی خۆیەوە بێت نەک بەزۆرە ملی.
بەپێی لۆک دەبوو دەوڵەت لە لایەنە ئیمانیە تایبەتەکە جیابکرێتەوە، کەدەکاتە دامەزراندنی کۆمەڵگەیەک بەئامانجی دەستەبەرکردنی خێرو بێرە مەدەنیەکان و کە پارێزگاری لێدەکا و گەشەی پێدەدا. (خێرو بێری شارستانی واتا ژیان و ئازادی و تەندروستی و ئیسراحەتی گیان و هەروەها بوون بەخاوەنی پارەو زەوی و خانوو ناوماڵ و هەتادوایی).
لۆک دەڵێ حوکمەتی موتلەق  بریتیە لەچەند کەسێک دەستیان بەسەر حوکمدا گرتووە، هەرگیز لەتەنیشت ئەوجۆرە حکومەتەوە کۆمەڵگەی مەدەنی دروست نابێ، چوونکە ئەوەی کە کۆمەڵگەی مەدەنی جیادەکەوە ئەو بێلایەنیەیە کە لە تاکدا هەیەو لەحاڵەتە سروشیتەکەیدا نەیبووە. (تاکی حاڵەتی سروشتی کە هەموو شتەکان بەڵای خۆیدا دائەتاشێ)، بۆ ئەوەی کۆمەڵگەی مەدەنی بەرقەرار بیت، دەبێ دەسەڵاتێکی گشتی هەبێ هەموو کەس بتوانێ کاتێ کێشەیەکی توش دەبێ پەنای بۆ بەرێ ئەویش بتوانی کێشەکان یەکلایی بکاتەوە لەهەمان کاتیشدا خۆیشی واتا تاک دەبێت ملکەچی حوکمەکانی بێت.
جان جاک رۆسۆی فەرەنسی و بیرمەندی دیاری سەردەمی رۆشنگەری دەڵێت: بەرپرسیاریەتی دەوڵەتە کە هەر هاوڵاتیەک ئاینێکی هەبێ و ئەرکەکانی بەسەرا فەرز بکات، بەڵام بیرو باوەڕەکانی ئەو ئاینە کاریی دەوڵەت و ئەندامەکانی(گەل) نییە، تەنیا لەوەدا نەبێ کە ئەو باوەڕانە پەیوندیان بە ئەخلاق و ئەو ئەرکانەوە بێ، کە پێویستە لەسەر باوەڕ هێنەرانی بەرانبەر بەخەڵک بەجێی بهێنن، واتا کاتێک کە کاریگەری لەسەر دەورو پشتی دەبێ. جگە لەمانە ئیماندار بۆی هەیە هەر باوەڕێکی هەبێ، بەبێ ئەوەی مەرج بێت کە خاوەنی سەروەری (دام و دەزگای رەسمی) ئاگادر بێت یان بۆی هەبێ لێپێچینەوەی لەسەری لەگەڵدا بکات.
رۆسۆ دەڵێت: مەسیحیەت یارمەتی ئیماندار نادات بۆ ئەوەی ئەرکانی دنیایی خۆی بەجێبگەێنێت. ناهێڵێ هەوڵی زیاتر بدات بۆئەوەی ژیانێکی باش بۆخۆی دەستەبەربکات، دەڵێ گوتارو وەعزی پیاوانی لاهوتی مەسیحیەت تەنها جەخت کردنە لەسەر کۆیلەیی و شوێنکەوتن، پیاوانی لاهوت وای دەبنە مێشکی ئیماندارەوە کە دەبێ بەرۆحێکەوە بژی لەگەڵ زوڵم و زۆر دا خۆی بگونجێنێت، چوونکە لەئاخیرەتدا قازانج دەکا !. دەڵێ قەدەری مەسیحی وابوو کە بەحوسن و رەزای خۆیان کۆیلە بن، چوونکە پێیان گوترابوو ئەم ژیانە کاروان سەرە رێیە، و هیچ بایەخێکی نابێ پێبدرێت. هەرچەندە رۆسۆ لاری لەوە نەبووە مەسیحیەت ئاینێکی رۆحییە، بەڵام ئەوەش دەڵی کە بەردەوام سەرقاڵی کاروباری ئاسمانە نەک ئەرز. بەواتایەکی کە تەنها ئەولەیەتی رازی کردنی ئاسمانە واتا خودا، بەڵام نیشتیمانی مەسیحیەکان کە زەویە هیچ جێگەیەکی لەگرنگی پێدانی ئەو ئاینە نەگرتۆتەوە، بۆیە دەبینین ئیمانداری مەسیحی هیچ لەئەرکە دنیاییەکانی خۆی بەجێ ناگەێنێ. بەجۆرێک کە سود لە گەشەی دەوڵەت نابینێت و کاتێک کە توشی داڕمان و پەتاو لافاوو بومەلەرزەش هات، دەست خۆشی لەخواوەند دەکات کە ئەو ئافەتەی بۆ ئەو گەلە بێئیمانە ناردووە.
نوسەرو مێژوونوس (سوزان ئەبرینسی) دەڵێ: تۆوی بیرو باوەڕی فەلسەفی کە هەوێنی رۆشنگەری بوو لە جەنگی ناسراو بە جەنگی سی ساڵە، لەنیوان ساڵەکانی( 1618 – 1648) دا سەری هەڵدا ئەو شەڕە ململانێیەکی خوێناوی بوو و زۆربەی زۆری لەپێناوی ئاین و بەناوی ئاینەوە بوو، کەبوو بەهۆی ئەوەی پەشێویەکی گەورەی کۆمەڵایەتی لێبکەوێتەوە. ئەو دەڵی سەدەی دۆزینەوەکان کەتیادا کۆلۆمبوس دنیای نوێی دۆزیەوە بوو بەهۆی ئاگاداربوون لە فەلسەو کەڵچەری دیکە. هەروەها دەڵێ کۆبوونەوەی چەندین سەدە لە ئیستیغلال و خراپ مامەڵە کردنی عامەی گەل لەلایەن پادشاکان و کەنیسەوە ، وای کرد هاوڵاتیان چیدی خۆیان بۆ رانەگیرێ توڕە ببن و دەست بە نووسین بکەن و نارەزاییەکانیان بەدەنگی بەرز دەرببڕن.
هەروەها بیری سەردەمی رێنیسانس وای کرد کە خەڵک دیراسەی واقیعی هەست پێکراو لەنزیکەوە بکەن، ئەو بزوتنەوەیەش بە شۆڕشی زانستی ناسرا. بەپێی بەشی مێژوو لە زانکۆی ئیندیانای باکوری رۆژئاوا، شۆڕشی زانستی لە بیردۆزەکەی کۆبرنیکوسەوە ساڵی 1543 دەست پێدەکات، کە سەبارەت بە مەرکەزیەتی رۆژ بوو ، بە دۆزینەوەکەی ئیسحاق نیوتن بۆ قانونی جازیبیەت کۆتایی پێهات. لەگەڵ هەر دۆزینەوەیەکی زانستیدا تێگەیشتنی جولەکەو مەسیحی سەلەفی کە موتەفیق بوون لەسەر کەون هێدی هێدی دەگۆڕا. دەگوترا خودا کەونی دروست کردووە زانستیش روون کردنەوەی لەسەدەدا و بەهۆی زانستەوە خەڵک دەتوانن لە کەون تێبگەن. ئیدی بیرمەندەکان کەونیان وادەبینی کە بێ کۆتاییەو پر لەجوڵەیە. ئەم شێوە بیرکردنەوەیە بوو کە رێگای لەبەردەمی فەلسەفەی رۆشنگەریدا خۆش کرد و بیری عەقڵی مرۆڤی لەباوەش گرت.

بوارەکانی بیرکردنەوەی رۆشنگەری
مەنتیق:
فەیلەسوفە رۆشنگەریەکان باوەریان وابوو کە بیرکردنەوەی عەقڵانی مرۆڤ باشتر دەکات، دەڵێن مەنتیق یارمەتی عەقڵی مرۆڤ دەدات لە جەهل ناعەقڵاتیەت رزگاری ببێت و یارمەتی بیرکرنەوەی بە شیوەیکی ماقوڵ دەدات، لەوەش زیاتر مۆڤ فێری هەڵسو کەوتی ماقوڵ دەکات.
گومان:
لەبری ئەوەی کە ناوەرۆک بە ئیمانێکی کوێرانەوە قبوڵ بکرێت. بیرمەندەکانی رۆشنگەری ویستیان بەئەقڵ و تاقی کردنەوە بیسەلمێنن کە شتێک هەیە هەقیقی بێ واتا گومانی تیانەبێ. بیرمەندەکانی رۆشنگەری گومانیان لە مافی ئیلاهی پادشا و ئەو ئیدعا زانستیانەی کە پێشتر لەئەقڵی مرۆڤی ئەوروپیدا چەسپیبوو و تایبەت بوو بە دنیای سروشت، هەروەها عەقیدەی ئاینی هەبوو. سۆزان ئەبرینسی دەڵێ ( زاناکانی لاهوتیش لەسەردەمی رۆشنگەریدا بۆ ئەوەی لەکاروان دوانەکەون دەیانویست ئیسلاحی ئیمانی خۆیان بکەن لەگەڵ پاراستنی باوەڕی تەواویان بەخودا).
هەر لە سەردەمی رۆشنگەریدا بزوتنەوەی رەبوبی (خودایی، ئیلاهی) بڵاو بۆوە ئەو بزوتنەوەیە دەڵێ: خودا هەیە، بەڵام هەقی بەسەر زەویەوە نییە. کەون بەپێی یاساکانی سروشتەوە و لەسەر بنەما زانستیەکان دەڕوا بەڕێوە. تۆماس جیفرسۆن کە بەیەکێک لە باوکانی دامەزرێنەرانی ووڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا هەژمار دەکرێت، یەکێک بوو لە شوێنکەوتوانی ئەو بیروباوەڕە.
لێبوردەیی ئاینی:
هەر چەندە بیرمەندەکانی سەردەمی رۆشنگەری گومانیان لە دامەزراوە ئاینیەکان هەبوو، بەڵام باوەڕیان وابوو دەبێ خەڵک ئازد بن لە بیروباوەڕی ئاینیاندا، ئەبریسنی دەڵێ بیرمەندەکانی سەردەمی رۆشنگەری بۆ رێگرتن لە هەڵایسانی جەنگە ئاینیە دەمارگیریەکان هەوڵیان دا، دەسەڵاتی سیاسی (ئاینی دامەزاروەیی) سنوردار بکەن.

ئازادی:
لێبوردەیی رۆشنگەری پەیوەست بوو بەوەوە کە بزوتنەوەکە جەختی لەسەر ئازادی شەخسی دەکردەوە. بەگوێرەی ئەو مەفهومە خودا یان سروشت هەموو مافە بنەرەتیەکانی داوە بەمرۆڤ، بۆیە مرۆڤ بێ هیچ کۆتێکی سەرکوتکەر ئازادن لە هەڵس و کەوتیانیا. ئەوان وایان بیر دەکردوە کە حکومەت هیچ دەسەڵاتیكی بەسەر ویژدانی تاکەوە نییە. تاکەکان مافیان هەیە و هەموو کەسەکان یەکسانن، هێزی سیاسی خاوەن شەرعیەتیش لەسەر رازەمەندی گەڵ دروست دەبێ و لەسەرێتی کە نوێنەری ئیرادەی گەل بێت.

تاقیگەری وعەقڵانی:
پەیرەو یان مەزهەبی تاقیگەری تایبەتمەندێتی فەیلەسوفە بەریتانیەکان بوو، لەوانە جۆن لۆک و جورج بیرکیلی ودیڤید هیوم ، بەپێی ئەم مەزهەبە سەرچاوەی هەموو مەعریفەتی ئینسانی لە تاقی کردنەوەی هەست و شعورەوە دێت ، بەڵام لەلای مەزهەبی عەقڵانی کە پەیرەوانی لەئەوروپا دەژیان واتا غەیری بەریتانیا ، حەواس (هەست وشعور) گرنگی نەبوو بەڵکو ئەقڵ لەرێگەی داهێنانی بیرو پەی پێبردنی دەبێت بە سەرچاوەی مەعریفەت.
فەلسەفەی رۆشنگەری ساتەوەختێکی یەکلایی کەرەوەی لە پێشکەوتنی بیری مرۆڤایەتیدا پێکهێنا، ئەو سەیری ئەقڵی وەکو ئامرازێکی سەرەکی بۆ تێگەیشتنی کەون (سروشت) دەکرد. چەمکی رۆشنگەری بەرادەیەک بەرفراوان بوو، هەموو شێوەکانی فکر بە سود وەرگرتن لە رەخەنەی ئەقڵانی کە ئەقڵ لە تاریکستانی جەهل و خورافە و تاریکی دەردەهێنن، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ زانستەکانا بەشدار بوون تیادا. گەورە فەیلەسوفی ئەڵمان ئەمانۆئێل کانت واپێناسەی چەرخی رۆشنگەری دەکات: ( دەرچونی مرۆڤ لەو بچوککردنەوەیەی کەخۆی بەسەرخۆیدا هێناویەتی) ئەو دەڵێ: بۆئەوەی مرۆڤ سەربەست بێت دەبێ شوێن ئەقڵی بکەوێت و کۆنترۆڵی عاتیفەو غەریزەکانی خۆی بکات. لەکانت دەپرسن نوقسانیی ئەقڵیی چییە؟ ئەو دەڵێ: پاشکۆییە بۆ خەڵک و بزرکردنی توانای بیرکردنەوەی شەخسیە و نەتوانینی هەڵسوکەتێکی سەربەخۆیە لە ژیاندا وبەردەوام چاوەڕوانیە کە کەسێک وەکو وەسی بڕیات بۆ بدات. دەڵێن هەر لێرەوە هاوارە بەناوبانگەکەی کانت بیسترا کە دەیگوت: خەڵکینە ئەقڵی خۆتان بەکار بێنن، ئەبێ جورئەتتان هەبێ عەقڵی خۆتان بخەنەکار.
هەروەکو ئاماژەمان پێدا بیری یان بزوتنەوەی رۆشنگەری لەسەر دەستی ئەو فەیلەسوفە فەرنسیانەدا بە ئەوروپادا بڵاو بۆوە، کە ئاگاداریەکی باشیان سەبارەت بە فەلسەفەی ئینگیزی هەبوو. لەوبارەیە دەگوترێ هەریەک لە ڤۆلتیر و مونسکیو ڤۆنتانیلی بە موبەشیرانی ئەو فەلسەفە ئینگلیزیە دەناسران، کە لەسەر ئەقڵی تاقیگەر و مەعریفەتی زانستی بیناکرابوو، کە رەگەزە سەرەکیەکانی فکری فەیلەسوفە ئینگیلزەکان وەکو ( لۆک و نیوتن و دیڤید هیوم) یان پێک دەهێنا، کەئەوانیش لای خۆیانەوە کەوتبونە ژێر کاریگەری فەیلەسوفی ئینگلیزی (فرانس بیکۆن)ەوە کە شۆرەسواری پەیرەوی تاقیگەری بوو، خاوەنی ئەم ووتە نەمرەیە کە دەڵی ( ئەگەر مرۆڤ بە دڵنیایی دەستی پێکرد بەگومان کۆتایی پێدێت، بەڵام ئەگەر بە گومان دەستی پێکرد دەگاتە دڵنیاییەکان) . کەواتە ئەگەر سەردەمی رۆشنگەری مۆرکی فەرەنسی پێوە دیار بێت، بێگومان دەگەرێتەوە بۆ ئەو دۆخە مێژووییە تایبەتە کە فەرەنسای لە سەدەی هەژدەهەمین دا پیادا تێدەپەڕی. چەرخی رۆشنگەری و عەقلانیەت ئیلهامی زۆر لە شۆرشە کۆمەڵایەتی سیاسیەکان بوو کە لە سەدەی هەژدەو نۆزدەهەمدا ئەوروپای گرتەوە و دروست بوونی دەوڵەتی نوێی لێکەوتەوە.

بیری رۆشنگەری لای ئینگلیز
لەسەدەی حەڤدەدا بۆرجوازی ئینگلیزی لەگەشەسەندندا بوو، تواناو وکاریگەری رۆژ لەدوای رۆژ زیاتر دەبوو. بۆیە دەربەگ ناچار بوو ریفۆرمەکان قبوڵبکات شێوازەکانی بەرهەمهێنان بگوڕێ بۆ ئەوەی فریای تازگەریەکانی سەردەم بکەوێت. لەبەرانبەر ئەوەدا چینی هەژار لەدۆخێکی زۆر خراپدا گوزەرانیان دەکرد. هەرچەندە چەن راپەرینێک یان شۆرشێک بەرپا بوو لەوانە شۆڕشی یەکەم و شۆڕشی مەزن، بەڵام سیستمی حوکمڕانی ئەو وڵاتە هەر بە پاشایەتی ماوەیەوە.

شۆڕەسوارانی فیکری ڕۆشنگەری لەهۆڵەنداو بەریتانیا
• هوگو جروتیوس
بیرمەندێکی هۆڵەندی گەورە بوو بەشداربوو لە داڕشتنی یاسای نێو دەوڵەتیدا کە پشت بە یاسای سروشتی دەبەستێت. ئەو لە پێشەنگەکانی بیرۆکەی دورست بوونی کۆمەڵگە ی نێو دەوڵەتی بوو، کە بەیاسا و تەوافوقی هاوبەش حوکم بکرێت نەک بەهێز، هەروەها ئەو بیرۆکەی لێبوردەیی ئاینی تەرح کرد.
• سبنیوزا لە کتێبەکەیدا بەناوی ( نامەیەک لە لاهوت وسیاسەتدا) دەڵێ: ( ئیمان و فەلسەفە جودان، ئەقڵ خزمەتکاری ئیمان نییە، هەریەکەیان بواری تایبەتی خۆی هەیە کەلەبوارەکەی ئەوی تریان جیاوازە. ئەو وای بۆ دەچێ کە ئامانجی فەلسەفە گەیشتنە بەهەق یان هەقیقەت، بەڵام ئامانجی ئیمان تەنیا تاعەت و تەقوایە).
• دیڤید هیوم:
فەیلەسوفێکی تاقیگەری ئوستوکلەندی بوو، ئەو دەیگوت مرۆڤ تەنها کۆمەڵێک ئیحساسە، هەروەها دەیگوت ئەخلاق پشت بە عاتیفە زیاتر دەبەستێ وەکو لە پرنسپیە ئەخلاقیەکان.
• کانت:
فەیلەسوفێکی ئەڵمانی بوو هاوئاهەنگی لەنێوان مەزهەبی هەست و ئەقڵدا کرد.
• تۆماس هۆبز:
ئەو فەلیەسوفە بوو کە داکۆکی لە پاشایەتی رەها کرد. ئەو لەکتێبەکەیدا کەبەناوی لیڤیتیان ( هەژدیهای خوارفی) – هێمایە بۆ بەهێزی دەوڵەت کە بەو هەژدیهایەی شوبهاندبوو-. ئەو دەڵێ : پێش بوونی دەوڵەت مرۆڤ لە شەڕی هەموو دژی هەموودا ژیاون، بۆئەوەی ئەو پاشاگەردانیە نەمێنێ لەناو خۆیاندا یەکێکیان کرد بە حاکم (پادشا) و ووتیان بەکەیفی خۆت واتا رەها حوکمان بکە، لەو پاشاگەردانیە باشترە کە کەس خاوەنی سەروماڵی خۆی نییە. واتا ئاسایشی کۆمەڵایەتی نییە. هەر ئەو چەند تیۆریەکی سیاسی نوێی داڕشت لەوانە:
– مافی سروشتی: ئەو سەربەستیەیە کە مرۆڤ هەیەتی و بەهۆیەوە دەتوانێ چۆنی بوێ، دەسەڵاتی خۆی بەکاربێنێت.
– ئازادی: نەبوونی ئەو بەربەستە دەرکیانە کەبەشێک لەدەسەڵاتی مرۆڤ زەوت دەکات.
– یاسای سروشتی: ئەم یاسایە لە سروشتی خەڵکو پەیوەندیان بەیەکەوە دروست بووە، کە ئامانجی پارێزگاری کردنە لەژیانی مرۆڤ.
– یاسای دووەم: دەستبەرداری کەسێک لەبەشێک لەدەسەڵات و مافەکانی بۆ زامن کردنی ئازادی خەڵکی دیکەش.
• جۆن لۆک
بەگرنگترین فەیلەسوفەکانی سەدەی رۆشناییەکان لە ئینگلتەرا لە سەدەی حەڤدەهەمدا دادەنرێت، ولە نوسراوە بەناوبانگەکانی کتێبی ( لێکۆلینەوە دەربارەی حکومەتی مەدەنی). کەتیادا هەندێک لەو پرینسپانەی تەرح کردووە لەوانە:
– سەربەستی سروشتی بۆ مرۆڤ: رەت کردنەوەی هەر دەسەڵاتێک لەغەیری دەسەڵاتی یاسادانان ( پەرلەمان) و هیچ رێسایەک جگە لە رێسای یاسای سروشتی قبوڵ نیە.
– پێناسەی یاسای دانراو: ئەو یاسایەیە کە دەوڵەت و بەتایبەتیش دەسەڵاتی یاسا دانان دایناوە.
– بەرهەڵستی ئیستیبداد: کاتێک کە حاکم سنوری ئەو دەسەڵاتە دەبەزێنێت کە یاسا پێی داوە.

بیری رۆشنگەری لای فەرەنسیەکان:
لەسەدەی هەژدەهەمدا رۆڵ و توانای کاریگەری بۆرژوا لەهەڵکشاندا بوو، بەڵام هێشتا هەر دەسەڵات لای دەرەبەگەکان بوو. هەر لەو دەورەدا فەرەنسا توشی قەیرانی کۆمەڵایەتی وئابوری توند هات کەبوو بەهۆی هەڵایسانی شۆڕشی فەرەنسی.
بیرمەندە هەرە کاریگەرەکانی سەردەمی رۆشنگەری لەفەرنسا:
• ڤۆلتێر
داوای کرد حوکم یان دەسەڵات لە دەرەبەگەوە بگوازرێتەوە بۆ بۆرژوا بەبێ دەستکاریکردنی جیاوازیە کۆمەڵایەتیەکان، کە دەبێ وەک خۆی بمێنێتەوە. ئەو دژی ئیستیبدا نەبوو، بەڵام بانگەشەی بۆ ئیستیبدادێکی متەنەویر دەکرد. بەڵام ئەو دژی سیستمی پارلەمانی واتا حوکمی عامەی شەعب لەرێگەی نوێنەرەکانیەوە بوو. بەکورتی ئەو باوەڕی بە ریزبەندی کۆمەڵایەتی (چینایەتی) هەبوو، بەڵام دەیگوت دەبێ پارێزگاری لەمافەکانی مرۆڤ بکرێت. بۆیە دەتوانین بڵێن ڤۆلتێر بیرمەندێکی محافزکاری سەردەمی رۆشنگەری  بووە.

• مۆنسکیو
باسی شێوازی سەرکوت کەرانەی رژێمی مەلەکی دەکرد و مەفهومی ئازادی دیاری کرد دەیگوت ئازادی تائەوجێگەیە دەڕوا کەیاسا رێگەی پێدەدا. دژی ئیستیبداد بوو و داوای سیستمێکی مەلەکی سنوردارو میانرەوی دەکرد، بەڵام دەیگوت نابێ میرو وەچاخ زادەکان ئیمتیازاتی خۆیان لەدەست بدەن. ئەو تیۆری جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانی هێنایە کایەوە، بەڵام دژی یەکسانی سیاسی بوو. باوەڕی وابوو گەر سیستمێکی سیاسی دیاریکراو بۆ کۆمەڵگەیەک لەبار بێت مەرج نیە بۆ کۆمەڵگەیەکی تر گونجاوبێت.

• جان جاک رۆسۆ
رەخنەی لە ئیستیبداد بەهەموو شیوەکانیەوە دەگرت و داوای دیموکراسی و ئازادی و یەکسانی دەکرد، ئەو تیۆری گرێبەستی کۆمەڵاتی دانا کە بەپێی ئەو گرێبەستە گەل رۆڵی خۆی لەرێگەی دەسەڵاتی یاسادانانەوە دەبینێت. حکومەتیش یاساکان جێبەجێ دەکات و بەردەوام لە ژێر چاودێری گەلدا دەبێت و هەرکاتێکیش گەل ویستی دەتوانێ دەسەڵاتی لێبسەنێتەوە. ئەو زیاتر دەڵی دەبێ ئامانجی یاسا ئازادی و یەکسانی بێت.
لێرەدا راستیەک هەیە دەبێ بوترێ وەکو دەست پێکی مێژووی رۆشنگەری لە ئینگلتەرا سەری هەڵدا، بەڵام دەڵێن پێشکەوتنی راستەقینەی لەسەر دەستی فەیلەسوفە فەرنسیەکاندا بوو.
شێوازەکانی بڵاو بوونەوەی فکری بیرمەندەکانی سەدەی رۆشناییەکان. ئەو ساڵۆنە رۆشنبیریانە بوو کە خانمە بۆژواکانی ئەوسەردەمە کردبویانەوە و تەرخانیان کردبوو بۆ قسەو باس و و موناقەشەی نیوان زانا و هونەرمەندو بیرمەندکان. لەوێ زانیاری ئاڵوگۆڕ دەکراو کتێب دەخوێنرایەوە. شێوازێکی دیکەش هەبوو ئەویش نوسینی ئەنسکلۆپیدیا بوو کە بە سەرپەرشتی بیرمەندی فەرەنسی دیدرو بەبەشداری چەندین هونەرمەندو رۆشنبیر و فەیلەسوفی فەرنسی دانرا، بریتی بوو لەکتێبێکی قەوارە گەورە کە بیرە جۆراو جۆرەکانی مرۆڤایەتی تا سەدەی (18) ی لەخۆ گرتبوو . هەروەها لە شارەکانی ئەوروپا جگە لە ساڵۆنە ئەدبی وفیکریەکان چەندین کتێبخانە کرانەوە کە یارمەتیدەرێکی زۆر کاریگەر بوون لەسەر بڵاو بوونەوەی رۆشنبیری.
لەو کۆتایی ئەم باسەدا دەمەوێ بڵێم فەیلەسوفەکانی سەردەمی رۆشنگەری، کاریان بۆ گێرانەوەی ئیعتیبار بۆ ئەقڵ وزیرەکی مرۆڤ کرد. ئامانجیان تێکشکاندنی سیستمی دەرەبەگایەتی بوو کەسیمبولی دواکەتن بوو ، هەروەها دانانی سنورێک بۆ دەسەڵاتی فیکری ئەفسانەیی و ئامادەیی بۆ قبوڵ کردنی ئەوفیکرە لەلایەن گەلەوە، کە ئەرکێکی موقەدەس بوو کەنیسە خستبویە سەرشانی خۆی. ئەو بیرمەندانە ئەوەیان روون دەکردوە، دنیا وەیان کەون یاساگەلێک حوکمی دەکات کە مرۆڤ توانیویەتی بەئەقڵی خۆی بیدۆزێتەوە ، ئەوەی یارمەتی ئەو گۆڕانکاریانەشی دا ئەوە بوو، کە خۆشبەختانە هەندێک لە فەرمانرەواکانی ئەو سەردەمە پشتگیریان لێدەکرد .
فەیلەسوفەکانی سەردەمی رۆشنگەری رەخنەی توندیان لەفیکری ئاینی و سیاسی گرت. بیرۆکەی هەقی ئیلاهی کە پاشاو پیاوانی ئاینی پشتیان پێدەبەست و بە دڵی خۆیان بەشیوەیەکی رەها واتا بێ لێپێچینەوە حوکمی رەعیەتیان پێدەکرد، هەڵوەشاندەوەو لەجێی ئەوە پەیوەندی نوێیان لەنێوان حاکم و مەحکوم دا بینا کرد، کە حاکم دەبێ بەپێی دەستور حوکم بکاو ناکرێ دەسەڵاتەکان هەمووی لەچنگی خۆیدا کۆبکاتەوە. دەبێ لەیەک جیابکرێنەوە، بۆ نمونە دەسەڵاتی یاسادانان بدرێ بەگەل و لەرێگەی نوێنەرانیەوە لەپارلەمان مومارەسەی بکات. هەروەها حاکم نابێ خۆی تەرفێکی کێشەکە بێت و لەهەمانکاتیشدا خۆی دادوەر بێت. بۆیە دەسەڵاتی دادوەریشیان جیاکردەوە و، هەروەها دەسەڵای جێبەجێکردنیش. ئەمانەی کەلای سەرەوە باسمان کردن، هیچیان بێ جیاکردنەوەی دین لەدەوڵەت نەدەهاتە دی، فەیلەسوفەکانی رۆشنگەری ئەوەیان کرد. باسیان لە بەهاو ئەخلاقی نوێ دەکرد، رەخنەیان لە سەرکوتکردن و رەقابە لە بواری فیکرو بیرورا و ئابوری و سیاسەت دەگرت، ئەوان بەباشی لە دروشمەکەی ئادەم سمیث ( لێگەرێ باکار بکا، لێی گەڕێ باتێپەربێ) یان دەڕوانی وکاریان پێدەکرد. ئەوەی سەدەی هەژدەهەمی لەسەدەکانی دیکە جیاکردەوە، یەکگرتوویی و جێگیری عەقڵ بوو لەهەر قۆناغێک و هەر کەڵچەرێکدا ( ثقافة)، بەڵام ئەقڵێکی دیماگۆگی نا واتا داخراو کەچیدی هیچی تر لەو راستیانەی کەتیادا عەمبار کراوە وەرنەگرێت، بەڵکو ئەقڵێکی کراوە بەرووی دنیاو تازەگەریەکانیدا،کەدەکاتە ئەقڵێکی چالاک. نەک ئەقڵی میکانیکی بێگیانو رۆح. سەردەمی رۆشنگەری دنیای بە رێرەوێکی تری فیکری ناساند، دوای ئەوەی لە سەدەی حەڤدەو پیش حەڤدەدا، لە راستیەکانەوە (هەقیقەتەکان)دەچون بۆ چاودێری و تاقیکردنەوە. فکری رۆشنگەری سەدەی 18 ئەو تێگەیشتنەی ئاوەژوو کردەوە، دەبوو لە تاقیکردنەوەو چاودێریەوە بگەنە راستیەکان. وەکو پێشتریش ئاماژەمان بە ووتەکەی فەیلەسوفی ئینگلیزی( فرانس بیکۆن) دا، کە دەیگووت ئەگەر لە گومانە وە دەست پێبکەیت دەگەیت بە هەقیقەت، بەپێچەوانەشە وە لەهەقیقەتەوە دەست پێبکەیت کە دەتبا بۆ گومان، ئەوە وەرچەرخانێکی مەعریفی گەرەبوو کە بێگومان دیکارتیش و پێش ئەوانیش فەیلەسوفی دیکە بەشدار بوون لە سیاغەی ئەو فکرەدا.
دەلیلی قسەکەمان بۆ ئەوەی کە عەقڵی رۆشنگەری پێجەوانەی ئەقڵی لاهوتی سەدەکانی ناوەڕاست ئەقڵێکی دیماگۆگی کلیل لێدراو نەبووە واتا کراوە بووە بەرووی بیر و بۆچونی نوێ دا. سەرچاوەکان دەڵێن فەیلەسوفە فەرەنسیەکانی ئەو سەردەمە، مەیلێکی زۆریان بۆ عاتیفە هەبووە، واتا بەبەکار هێنانی عەقڵی موجەرد نەگەڕاون بۆ راستیەکان، بەواتایەکی کە ئەقڵ لای ئەوان تاکە رێگا نەبووە بۆ گەیشتن بە راستی. ئەوان گومانێکی زۆریان لەسەر فکری موجەرد واتا دوور لەئیحساس هەبووە بۆ بەگژا چوونەوەی جەهل و خورافە. زۆر لەبیرمەندە فەرنسیەکانی سەردەمی رۆشنگەری بانگەشیان بۆ جۆرێک لە ئەقڵانی کردوە، کە لە تایبەتمەندێتی ئیحساس و خەیاڵ و عاتیفە و لەش (تەن) بەدور نەبێت. بەپێجەوانەی دیکارت و شوێن کەوتوانی کە فەلسەفە لای ئەوان لەسەر زات چر ببۆوە، فەیلەسوفە فەرەنسیەکان فۆکسیان خستە سەر دەرەوەی زات، کاتێک کە لەش دەبێت بە خاڵێک وەیان دەسپێکێک بۆ هەڵچونی عاتیفی و تێکەڵ بوونی لەگەڵ جیهان. هەندێک تارادەیەک پێ لەم بۆچوونە هەڵدەبڕن تاوەکو دەڵێن: سەردەمی رۆشنگەری فەرنسی هەوڵیدا فەلسەفەیەک بەرهەم بهێنێت کە ئەقڵانیەت کرۆکەکەی نەبێت.

سەرچاوەکان
• اسماء خدیم ……. منزلة العقل في عصر الأنوار
• ریتمی فضيل …..فلسفة الأنوار طریق الی العقلانية
• جاج جاک روسو ، في العقد الأجتماعی او مبادء القانون السیاسی، رجمة عبدالعزيز لبيب، بیروت، ط 1 . 2011.
• لیو شتراوس، جوزیف کروبسی، تأریخ الفلسفة السیاسیة، من جون لوک لی هیدغر.ترجمة محمود سید احمد، القاهرة 2005.
• دین الفطرة، ترجمة عبداللە العروی .الدار البیضاء ، ط 1 ، 2012.
• هیتر دیریک ، موجز تأریخ للموطنیة، دار الساقی بیروت ، ط1. 2007
• عبدالرحمن بلال …. ماهو عصر التنویر ، المحطة ،مجلة الکترونية 2018
• صالح هشام، مدخل للتنویر الأوروبی، دار الطلیعة ، بیروت، ط1 ، 2005.
• احسان نجیب، عصر الأنوار بدایة الثورة الفکرية. موقع بالعربية.
• باروخ سبینوزا …..ویکی بیدیا