بورهان شێخ ڕەئوف: یەکەم گەشتى دەرەوەى کازمى.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

مستەفا کازمى لە یەکەم گەشتى سیاسى بۆ دەرەوەى وڵات لەدواى دەست بەکار بوونى وەکو سەرۆک وەزیرانى عێراق کە وڵاتانى ئێران و عەرەبستانى سعودیە و ئەمریکا دەگرێتەوە زۆر دۆسیەى قەبەو قورس لە خۆدەگرێت.
هەرچەندە بڕیاربوو گەشتەکەى لەعەرەبستانەوە دەست پێبکات، بەڵام تێکچوونى بارى تەندروستى شا سەلمانى پادشاى سعودیەوە لەناکاودا ڕێڕەوى سەردانەکەى گۆڕى بۆ تاران، لەکاتێکدا سعودیەو ئێران ئومێدى زۆریان لەسەر ئەو سەردانەى کازمى هەڵچنیووە وەکو دووجەمسەرى ئیقلیمى ڕکابەرى شیعى و سونى کە هەریەکەیان دەخوازن عێراق لەو ململانێ سەختەى نێوانیاندا بەلاى خۆیاندا ڕابکێشن.
تا کار گەیشتە ئەوەى وەزیرى دەرەوەى عەرەبستانى سعودیە ڕای بگەیەنێت کە هەڵبژاردنى سعودیە وەکو یەکەم وڵات کە سەردانى بکات سەرۆک وەزیرانى عێراق هەڵوێستێکى بەرزو شەرفەمەندایە و دواخستنیشى بۆ ئەوەیە کەخاوەنشکۆ پێشوازى لێ بکات گرنگیەکى زیاترپێ بدرێت.
لەبەرامبەریشدا وەزیرى دەرەوەى ئێران موحەمەد جەواد زەریف کە19- 7- 2020 سەردانى بەغداى کرد، ڕایگەیاند کەڕابەرى کۆمارى ئیسلامى عەلى خامنەئى خۆى پێشوازى لەکازمى دەکات و ئەمەش دووەم بەرپرسە کەخامنەئى دەیبینێت لەدواى بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا، هەربۆیەدوو ڕۆژ دواى ئەو بەروارە لە2017 کازمى بەسەرۆکایەتى شاندێکى فەرمى گەیشتە تاران.

هەگبەى دۆسیەکانى کازمى
یەکەم دۆسیە کەپێدەچێت کازمى بیکاتەوەو گرنگ بێت بۆ دۆخى هەنووکەیى عێراق کەمکردنەوەو خاوکردنەوەى گرژى و هەڵکشانى ناکۆکى و ململانێکانى نێوان ئەمریکاو ئێران و سعودیەو ئێرانە ئەمەش لەڕێگاى گەیاندنى مەسج و ناوبژى سیاسى دەبێت لەلایەن کازمیەوە هەرچەند پێشتریش عادیل عەبدولمهدى هەوڵى بۆدا بەڵام ئاکامى نەبوو.
لێرەدا ئێرانیەکان مەبەستیانە نیازپاکى خۆیان بۆکازمى دەرببڕن لەڕێگەى ئەوەى مەسجێک بنێرن بۆ سعودیەو ئەمریکا، بەڵام ئەمریکیەکان کەئامانجیان بڕینى دەستى ئێرانە لەعێراق و سنووردانان بۆ دەستوەردانەکانى لەم هەنگاوەى ئێران لە ڕێگەى کازمیەوە خۆشحاڵ نین.
هاوکات لە گەڵ ئەم باسو خواستانەدا وتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى ئێران ڕایگەیاند کەوڵاتەکەى ئامادەى دانوستان ووتوێژە لەگەڵ عەرەبستانى سعودیەو وڵاتانى ترى ناوچەکە بۆ چارەسەرکردنى هەموو کێشەو ململانێکان و پێداگیرى کرد لەسەر ئەوەى کە دایالۆگ تەنیا ڕێگایە بۆ چارەسەرى قەیرانەکان.
یەکێکى تر لەو دۆسیە هەستیارو گرنگانەى کەکازمى لەسەردانەکەى ئێرانداباسى کردووە بێگومان دۆسیەى میلیشا چەکدارەکانە ئەوانەى کەنزیکن لەکۆمارى ئیسلامى ئێرانەوە، بەتایبەتى کەکازمى لەبەرنامەى کابینەکەیدا هەرلەسەرەتاوە پێداگیرى لەسەر ئەوە دەکات کەدەبێت چەک بەدەستى دەوڵەتەوە بێت و جگەلەوە لەهیچ لایەن و کەسێکى ترى قبوڵ ناکات و پێدەچێت ئەم داخوازییەى لە ئێرانیەکان کردبێت بەتایبەتى زۆرێک لەو تاقم گروپانە وەلائیان بۆ ئێران هەیە، هەرتایبەت بەم بابەتە هەموومان شاهیدى پێکادان و بەریەککەوتنەکانى ماوەى ڕابردووى میلیشاکان و هێزەکانى دژەتیرۆرى عێراقبووین و دوا کردەوەیان تیرۆرکردنى نوسەرو شارەزاى بوارى ئاسایش هیشام هاشمى بوو.
هەربۆیەشە کازمى لەگەشتەکەیدا سەرنجى ئێرانیەکانى بۆسێ خاڵ و سێ پێوەرى گرنگ ڕاکێشاوە ئەوانیش:
1- پاراستنى سەروەرى عێراق.
2- بەرژەوەندى باڵاى گەلى عێراق.
3- بەرژەوندى هاوبەش لەگەڵ ئەو وڵاتانەى کە سەردانى دەکات.
لەم هەنگاوەشدا ئەمریکیەکان پشتیوانى کابینەکەى کازمى دەکەن هەرەوەکو لەزارى مایک بۆمبیۆ ى وزیرى دەرەوەى ئەمریکاوە ڕایانگەیاند.

دۆسیەى وزە
یەکێکى دى لەودۆسیانەى کەکازمى باسى دەکات و خەمى گەورەیەتى دۆسیەى وزەیەبەتایبەتى کارەبا کەلەهەڤدە ساڵى ڕابردوودا کابینە یەک لەدواى یەکەکانى عێراق دەستەوەستان بوون لە ئاستیدا سەرەڕاى ئەوەى زیاتر لە62 ملیار دۆلاریان بۆ خەرجکردووە!
هەرچەندە سەردانەکەى کازمى بۆ سعودیەدواخرا بەهۆى تێکچوونى تەندروستى پادشاى وڵاتەوە، بەڵام پێشتروەزیرى دارایى عێراق و جێگرى سەرۆک وەزیران چەند لێک تێگەیشتن و ڕێککەوتنێکى لەگەڵ واژۆکردبوون لە بوارەکانى وزە و فێرکردن وەبەرهێنان و وەرزش و سکتەرى تریش.
هەرتایبەت بەسعودیە لە 16- 7- 2016 لەڕێگەى ڤیدیۆ کۆنفرانسێکەوە عێراق و ئەمریکا و وڵاتانى ئەنجومەنى هاریکارى کەنداوى عەرەبى ڕێککەوتن کەتۆڕى کارەباى عێراق ببستنەوە بەوڵاتانى کەنداوەوە.
کە ئەمەش کاردانەوەى ئێرانى لێدەکەوێتەوەو بەتایبەتى تائێستا عێراق 1200 مێگاوات کارەبا لەئێرانەوە هاوردە دەکات جگە لەغازى شل بۆ کارپێکردنى وێستگەکانى کارەبا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت