بەهمەن تاهیر نەریمان: ئۆپۆزسیۆن لە دەستەوسانی پەڕینەوەی دەسەڵات- بەهێز بۆ دەسەڵات-بەکردار، یەکگرتوو و گۆڕان وەک دوو ئۆپۆزسیۆنی شکستخواردوو.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

لە فەلسەفەی کلاسیکدا دوو زاراوەی گرنگ هەن، باس لە بوونێکی شاراوە و بوونیکی کردارەکی دەکەن، ئەو دوو زاراوەش (بوون- بەهێز و بوون- بەکردار)ن.
بوون-بەهێز(الوجود بالقوة) و بوون–بەکردار( الوجود بالفعل) ئەو دوو چەمکە بوون کە لە فەلسەفەدا بۆ (جووڵەو بوون) بەکارهاتوون. بوون- بەهێز پێش مەرجی بوون-بەکردارە، بوون-بەهێز بوونێکە هێشتا دەرنەکەوتووە و دەبێت دەربکەوێت، بوون- بەهێز هیچ وجودێکی واقعی نییە، هەتا نەبێت بە وجودێک لە کەتوار(واقع)دا کاریگەریی لەسەر دەرەوەی خۆی نابێت. بەڵام توانایەکی شاراوەیە و جۆرێکە لە بوون.
بۆ نمونە، لەناو بەڕوویەکدا ئیمکانییەتی داربەڕوویەک بەشاراوەیی هەیە، ئەم ئیمکانیەتە دەبێت کەشوهەوای بۆ بڕەخسێنرێت و بێتەدەرەوە، هەتا کەشوهەوای بۆ نەڕەخسێت، ئەم بوونە، بەشاراوەیی دەمێنێتەوە، هەر بۆیە بەم بوونە دەوترێت بوونی ئەگەری، واتە ئەگەری ئەوەی هەیە دەربکەوێت، ئەگەری ئەوەشی هەیە دەرنەکەوێت و بۆ هەتاهەتایە بەشاراوەیی بمێنێتەوە. ئەم بوونە (بوون-بەهێز یان بوونی ئەگەری و شاراوە-potential existence)یە.
کاتێک بەڕووەکە لە خاک و کەشوهەوای گونجاودا چێنرا، ئیتر خۆراک لە دەوروبەرەکەیەوە وەردەگرێت، ئەو خۆراکە دەگۆڕێت بۆ دەرکەوتنی ئیمکانییەتە شاراوەکانی ناو بەڕووەکە، لێرەوە ڕووەکێک لە دایکدەبێت، لە بوونی شاراوە و بوون-بەهێز، دەگۆڕێت بۆ بوون-بەکردار، جوڵە لەبوونێکەوە بۆ بوونێکی تر ڕوودەدات.
بوون-بەکردار، بوونێکی بەرچاوەو هەیە، دەرکی پێدەکەین، لەشاراوەیی و ئەگەری دەکەوێت و دەبێت بە هەبوو.
ئەگەر ئەم دوو زاراوەیە بۆ حزبی کوردی بەکاربێنین، ئاوای لێدەکەین: هەموو حزبێک کاتێک لەدەرەوەی دەسەڵات دروستبووە و هێشتا نەچوەتە ناو دەسەڵات، دەبێت لەبەرانبەر وەرگرتنی دەسەڵاتدا، بوون- بەهێز هەبێت، واتە دەبێت لەناو ئەم حزبەی دەرەوەی دەسەڵات توانای شاراوەی تێدابێت بۆ گرتنەدەستی دەسەڵات، ئەگەر ئەم توانایەی تێدا نەبێت و هەوڵی دروستکردنی کەشوهەوای چونەسەردەسەڵاتی نەبێت، ئەوە بە چەمکە نوێکەی حزب، حزب نییە، چونکە حزب دەبێت پڕۆژەی گرتنەدەسەڵاتی هەبێت. لەباشترین حاڵەتدا، ڕەنگە یەکێک بێت لە گروپەکانی فشار، ئەو گروپانەی کە ڕەخنە لە دەسەڵات دەگرن، بەڵام، مادام حزب نین، ئەگەری ئەوەیان تێدا نییە بچنە سەر کورسیی دەسەڵات. بۆیە، گروپی فشار، نە دەسەڵاتن-بەهێز، نەدەسەڵاتن-بەکردار.
حزب لەم ڕووەوە پۆلێندەکرێت بۆ دوو گروپ، ئەو حزبانەی لە دەسەڵاتدان، ئەمانە دەسەڵاتن-بەکردار و بوونیان لەناو دەسەڵاتدایە و لەسەر کورسیی دەسەڵات دەبینرێن، توانا شاراوەکەیان بۆ بەڕێوەبردن و دەسەڵات دەبێت لەو ماوەیەدا دەربخەن، دەسەڵاتی ڕاستەوخۆن و لەسەر کورسیی فەرمان و بەڕێوەبردن دانیشتون. (لێرەوە، لەبەر ئەوەی باسی دەسەڵات دەکەین، بەپێی پێویست، بوون-بەهێز… دەگۆڕین بۆ دەسەڵات-بەهێز، هەروەها بوون-بەکردار دەگۆڕین بۆ دەسەڵات- بەکردار).
گروپی دووەم ئەو حزبانەن لە دەسەڵاتدانین، و حزبی ئۆپۆزسیۆنن، ئەمانە (دەسەڵاتن-بەهێز)، بەڵام (دەسەڵاتنین- بەکردار)، مادام دەسەڵاتن- بەهێز، ئەگەری ئەوەیان هەیە ببنە دەسەڵات-بەکردار. بەڵام حزبی ناو دەسەڵات و کورسی، کاتێک ئێستا دەسەڵاتن- بەهێز، دەبێت، چاوەڕێی ئەوەش بکەن ڕۆژێک بێت ببنە دەسەڵات-بەهێز و ئۆپۆزسیۆنبن- بەکردار(بێگومان ئەمە لە سیستمی دیمۆکراتیدا). ئالێرەوە حزبی ناو دەسەڵات، دەسەڵاتن-بەکردار، دەبێت ئۆپۆزسیۆنیشبن- بەهێز(توانای ئۆپۆزسیۆنبونیان تێدا هەڵگیرابێت و بڕاوشیان پێی هەبێت). حزبی ئۆپۆزسیۆنیش دەبێت ئۆپۆزسیۆنبن-بەکردار، دەسەڵاتبن- بەهێز(هێزی بون بەدەسەڵات تێیاندا بەشاراوەیی هەبێت). ئیتر لێرەوە بۆ ئەم گۆرانکاریانە دەبێت بەیاسا سیستمی حزبی ڕێکبخرێت، بۆ هەر حزبێک شانسی ئەم جوڵە و شوێنگۆڕکێیەی دەبێت هەبێت.
کەواتە حزبی ناو دەسەڵات؛ بوونی خۆی بەکردار سەلماندووە، لەناو خۆشیدا هەڵگری تۆوی ئۆپۆزسیۆنبونە و دەکرێت لە هەڵبژاردنێکدا ببێت بە ئۆپۆزسیۆن- بەکردار و دەسەڵات-بەهێز یان بەشاراوەیی. حزبی ئۆپۆزسیۆنیش ئۆپۆزسیۆنە-بەکردار و دەسەڵاتیشە بە هێزی شاراوەو هەمیشە ئەو توانایەی تێدایە ببێت بە دەسەڵات-بەکردار.
لە هەرێمی کوردستان یاسای حزبەکان ڕێی بە فرەحزبی و فرەیی سیاسی داوە، بۆیە، لێرە خاوەنی ژمارەیەکی زۆر حزبین، هەردوو حزب (یەکێتی، پارتی)، وەک دوو حزب، بە کردار لە دەسەڵاتدا بوون، دەبوو ئۆپۆزسیۆن بن بەهێزی شاراوە، کۆی حزبەکانی تر، دەبوو دەسەڵاتبن- بەهێز، ئۆپۆزسیۆنبن-بەکردار.
کێشەی قووڵ لێرەوە سەرهەڵدەدات، ڕاستە پارتی و یەکێتی دەسەڵاتبوون- بەکردار، بەڵام هەرگیز ئۆپۆزسیۆن نەبوون-بەهێز. بۆیە ئەوان هەر زوو، هێزی چەکداریی سەربەخۆیان بەناوی حکومەتەوە بەردەوامیی پێدا، بەڵام هیچ کات سەر بە حکومەت نەبون، سەر بە پارتی و یەکێتی بوون. دوای ڕاپەڕینیش، بەهێزی سەربازی، بزوتنەوەی ئیسلامیی چەک دەکەن، ئیتر ناوچەی هەژمونی پارتی، هەر پارتی دەسەڵاتبوو- بەکردار، زۆنی یەکێتیش یەکێتی دەسەڵاتبوو- بەکردار، بەڵام هیچیان ئامادەیی ئەوەیان تێدانەبوو، بۆ هیچ هێزێک، ئۆپۆزسیۆنبن-بەهێز و ئەگەری ئەوەیان بۆ خۆیان دانەناوە کورسیی دەسەڵات دەستاودەستبکەن (ئەمەش کرۆکی کوشتنی دیمۆکراتییەتی سیاسییە).
یەکەم هێز، خۆی بێچەک تاقیدەکاتەوە، یەکگرتوی ئیسلامی(6- 2- 1994 دامەزراوە) بوو، ئەم هێزە، لە قۆناغێکدا، دەبێتە هێزیکی جەماوەریی بەهێز، لە سەردەمی دوو ئیدارەییدا، ململانێی هەڵبژاردن لەهەولێر لەگەڵ پارتی و لە سلێمانی، لەگەڵ یەکێتی دەکات، بەڵام هیچکات نەکرا ببێتە دەنگی یەکەم، بگرە دەنگەکانی نزیکیش نەدەبووەوە لە دەنگی ڕکابەرەکەی(پارتی و یەکێتی). بۆیە یەکگرتوی ئیسلامی هیچکات، نەی توانی ببێتە ئۆپۆزسیۆنێک کە ئیمکانیەتە شاراوەکەی بۆ گرتنەدەستی دەسەڵات دەربخات، بەپێچەوانەوە، لە ئاستی سەرەوە، زۆر کشاوو نەرم و ئیسفنجی بوو، ئاسان دەی توانی لە دەسەڵاتدا بەشداری پێبکرێت، بەڵام هەرگیز نەی توانی، بەکردار، هاوبەشی سیاسیی بێت.
لە 25- 8- 2009، بزوتنەوەی گۆڕان، وەک هێزێکی ئۆپۆزسیۆنی جەماوەریی لەیەکەم هەڵبژاردندا دەردەکەوێت، نزیکەی چواریەکی دەنگەکانی هەرێم بۆ خۆی مسۆگەردەکات. ئەم بزوتنەوەیە، دوای یەکگرتوو، دەبێتە ئەزمونی دووەمی هێزی بێچەک، کە بڕوای بەهێزی جەماوەری هەیە گۆڕانکاری بکات و لە هێزێکی دەسەڵات-بەهێز، بگۆڕێت و ببێت بەهێزێکی دەسەڵات- بەکردار.
بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر ئاوات و خولیای جەماوەرێکی زۆر دەبێت بە بزوتنەوەیەکی یاریکەر، بەڵام کاتێک لە یەکێتی دێتەدەر، بەقەد ئەوەی جەماوەر لەگەڵ خۆی دێنێت، بەهەمان ڕێژە، هێزی سەربازی لەگەڵ خۆی لە یەکێتی دانابڕێت، بەڵکو وەک شوڵی تەڕ دێتەدەرەوە. بۆیە، ئەم هێزە یەکلادەبێتەوە بۆ پشتبەستن بە هێزی نەرمی جەماوەر. سەرکێشییەکانی ئەم هێزە بریتیبوو لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکان لە زۆنی سەوز و ڕاگەیاندنێک کە خۆی ناوی نابوو(تۆپخانەکەی گۆڕان).
ئەم بزوتنەوە، نەی توانی سەرکێشی و پڕکێشی ئەوە بکات، ناڕەزاییەکان بباتە زۆنی زەرد، هیچ نەبێت، ئەو هێزە گەورەییەی جەماوەری ڕێکنەخست، بەپێ، بەرەو هەولێر پەڕجوویەکی سیاسی بکەن و تەوقی ترس لە هەولێر بشکێنن. بۆیە ئەم هێزە، بەرەبەرە کارتی جەماوەری لەدەستدا و خۆپیشاندانەکانی زۆنی سەوز بون بە ڕۆتین، بزوتنەوەکەش لە گەشەی جەماوەری کەوت و بوو بەهێزیکی ئاسایی، خەونی تەنها لەوەدا کۆبویەوە کەهێزێک بێت بەشداریی لە دەسەڵاتدا پێبکرێت، نەک ببێت بە هاوبەشێکی سیاسیی هەقیقی یان بەدیلی سیاسیی دەسەڵات.
لە ئێستادا، بزوتنەوەی گۆڕان، وەک هێزەکانی تری بێ چەک، نەک نەبوەتە دەسەڵات-بەکردار، بەڵکو بوتە هێزێک ئەو توانا شاراوەشی لەدەستداوە ئۆپۆزسیۆنێک بێت-بەهێز، کە ئەمشی نەما، بێگومان دەسەڵاتێکیش نییە-بەکردار.
لە ئێستادا، پارتی و یەکێتی، دەسەڵاتن-بەکردار، بەڵام دەسەڵات نین-بەهێز، بە ئەزمون، ئەوەشیان سەلماندووە، دەسەڵات نابن-بەهێز. حزبەکانی تریش، نە دەسەڵاتن-بەکردار، نە دەسەڵاتن-بەهێز، شتێکن لەو نێوانەدا، هیچیش نین، تەنها زەخرەفەی ڕازاندنەوەی وەهمی فرەیین لە هەرێمی کوردستان، ئارایشتی جوانکردنی دەسەڵاتن-بەکردار، لە ئاستی کەسەکانی ناو حزب، لە پلەوپۆست و پارە سودمەندبوون.