خالید مەجید فەرەج: رینەیسانس، لەدایک بوونێکی نوێ

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

(بزوتنەوەیەکی رۆشنبیری کاریگەریی بەهێزی هەبوو لەسەر ژیانی فیکری ئەوروپی لەکۆتاییەکانی سەدەکانی ناوەڕاستدا. لەئیتالیا سەری هەڵداو لە سەدەی شانزەهەمدا وەکو ئاگر لەپوش بەربوبێ هەموو ئەوروپای تەنیەوە. کاریگەری لەسەر فەلسەفە و ئەدەب و هونەر و موسیقا و سیاسەت و زانستەکان و ئاین هەست پێدەکرا. وەڵامی زۆر لەمەسەلە فیکریە بێ وەڵامەکانی سەدەکانی ناوەڕاست دەدایەوە. لەهەرە خەسڵەتە دیارەکانی سەردەمی رینەیسانس ئەوەبوو: زاناکانی شیوازی ئینسانیان لە توێژنەوەدا بەکار دەهێنا و، هونەرمەندان بەدوای واقیعیەت و هەستە ئینسانیەکاندا لە هونەردا وێڵ بوون).
لەسەدەکانی ناوەراستدا کە لە سەدەی پێنجەوە دەست پێدەکات تاوەکو سەدەی پانزەی زاین، واتا لە روخانی ئیمپراتوریەتی رۆمانی رۆژئاواوە تاوەکو رینەیسانس (Renaissanc) کە دروست بەئیتالی دەکاتە لەدایک بوونێکی نوێ ( ( Rinascimento . خەڵكی ئەو دەمانە زانیاریەکانیان وەکو خۆی وەردەگرت بەواتا ئەگەر پرسیارێکیان دەربارەی یەکێک لەو زانیاریانە لێبکرایە کەلەمێشکیانا چەسپیوە دەیان گووت نازانین خۆی وایە. وەیان (چوزانم هەروام بیستوە).
بەڵام کاتیک خۆری رینەیسانس هەڵهات، ئیدی ئەوە لەمێشکی خەڵک دەرهات و ئاراستەی بیرۆکەیەکی نوێ لەئەقڵە جەمعیەکەدا چەسپی کە دەیگوت ناکڕێ باوەڕ بەهیچ شتێک بکەیت تاوەکو تێی نەگەیت .
ئەقڵی خەڵک وردە وردە سەری لە تاریکی جەهلەوە دەردەهێنا و ئازاد دەبوو ئیدی خەڵکی کەوتنە رەخنە گرتن لەو بیروباوەڕانەی کە وەکو حەقیەتەکان چەسپیبوون رەخنەگرتن لەکەنیسە واتا پیاوانی ئاینی و هەتا لەدەقە ئاینیەکانیش دەگیرا. بەواتایەکی تر(هیریتیکیزم)- heretic-(هەرتەقە) سەری هەڵدا (شەریعەتی کەنیسە دەڵێ هەر مەسیحیەک ئینکاری یەکێک لەو راستیانە بکات کە پەیوەندی بەئیمانی ئیلاهی و کاثۆلیکیەوە هەیە بە هێریتیک لەقەڵەم دەدرێ. (لای موسڵمانان بەزەندیق ناو دەبرێ). ئەوان رێنمایی و وانەکانی کەنیسەیان خستە بەر رەخنەو تانە لێدان لەئاکامی ئەو بزافە ئەقڵی و فیکریەدا ریفۆرمی لاهوتی پروتستانتی لەسەدەی شانزەهەم دا لەسەر دەستی مارتن لوثەر کینگ دا سەری هەڵدا. کەبەهۆیەوە کەنیسەی پرۆتستانتی لەکەنیسەی کاثۆلیکی جیابۆوە. شایەنی باسە ئەوان شەرعیەتی پسوڵەی لێبوردن کە قەشەکان دەیان فرۆشت بەخەڵک بۆئەوەی لەوەدنیا وەکو پاسپۆرتێک بۆ چونە بەهەشت پێیان بێت، پوچەڵ کردوە و وتیان لێبوردن نیعمەتێکی خوداییەو بێ بەرانبەرە تەنها مەرج باوەر هێنان و موخلیسیە بۆ یەسوعی مەسیح. لەوەش گرنگتر دەیان گووت هەموو مەسیحیەک پلەی کەهەنوتی موقەدەسی هەیە بەمەیش لەدەسەڵات (قودسیەتی) قەشەکانیان دا و گوتیان کتێبی موقەدەس تاکە سەرچاوەی زانیاریە ئاینیەکانە، واتا پێویست بە راڤەکردنی ناکات لەلایەن قەشەکانەوە هەروەها رێگەیان بەقەشەدا کە ژن بهێنێت.
جەدەلێکی زۆر لەسەر ئایا بۆچی رینەیسانس لە فلورەنسەدا لە سەدەی چواردەمیندا بەرپا بوو لەجێیەکی تر نەبو؟. تێبینی مێژوو نوسان و زاناکان ئەوەبوو کە فلورەنسە تایبەتمەندیەکی ناوازەی ژیانی رۆشنبیریی پێوە دەبینرا، کەبوو بەهۆی ئەو بزافە رۆشنبیریە. زۆرینە پێداگریان لەسەر رۆڵی خانەوادی مەيدچی – خانەوادەیەک بوون بانکداریان دەکرد. هەروەها چەند سیاسەتمەدارێکی ناوداریان تیاهەڵکەوتبوو لێشیان ببوە پاپا- لە یارمەتی دان بۆ چالاککردن و بوژاندنەوەی هونەرەکاندا حوکمداری فلورەنسە بەهێزترین سپۆنسەری رۆشنبیری رینەیسانس بوو لەئیتاڵیا . لورینزۆ دیمیدچی حوکمداری فلورەنسە یارمەتی زۆر لە هونەرمەندانی موستەحەق بەیارمەتی دەدا لەوانە لیونارد داڤینتشی و ڤیلیبینو لیبی و مایکل ئنجلو و رافاییل و… هتد. هەندێک لە زانایانی مێژوو دەڵێن فلورەنسە تەنها بە سودفە راستر بە شانس بوو بە شوێنی لەدایک بوونی رینەیسانس، چونکە هەرسێ عەبقەری وەکو دافینشی و بوتیچیلی ومایکل ئەنجلۆ لە توسکانا لەدایک ببوون. بۆچونێکی تر دەڵی: راستە ئەوانە لەو ناوچەیە لەدایک بوون، بەڵام زۆر هۆکاریی زاتی و مەوزوعی بەشدار بوون لەدروست کردنی ئەو بارو دۆخە رۆشنبیریە کە وای کرد کە بەهرەی خەلاقی ئەم هونەرمەند و زانایایە دەرکەوێت.
لێرەوە پرسیارێک سەر هەڵدێنێ ئایا تەنها یارمەتی مادی واتا بوونی سەروەت هونەر دەخولقێنێ؟ ئەگەر وایە خۆ لای ئێمەش ماوەیەک زۆر سەخیانە پارە لەسەر هونەرو ئەدەب سەرف دەکرا مخابن هونەرێکی وا بەرهەم نەهات خاڵێکی وەرچەرخان یان لانی کەم بەرەو پێش چونێکی پێوە دیار بێت. بەبۆچوونی بەندە گەر خانەوادە سەرمایەدارەکەی میدیچی یارمەتی هونەرمەندو بیرمەند و زانا راستەقینەکانیان نەدایە ئەوانیش رەنجەکەیان بەبا دەچوو و چ هونەرێکیان پی نەدەخرایە سەر هونەرەکەی سەدەکانی ناوەڕاست. کەواتە دەبێ سپۆنسەریش هوشیاری هونەری و رۆشنبیری و مەعریفی بەرزی هەبێت تاوەکو هەمو کەس خۆی لێنەکات بە رۆشنبیر و هونەرمەندو لەبری ئەوەی یارمەتیەکە بگاتە دەست موستەحەقەکان لەو بوارەدا تەخشان و پەخشانی سەر ناشایستەکان ببێ. بۆیە دەتوانم بڵێم کە بەرزی ئاستی مەعریفی خانەوادەی میدیچی هیچی کەم تر نەبووە لە هۆکارەکانی دیکەی رێنەیسانس.
هۆیەکی تر لەهۆ گرنگەکانی رینەیسانس ئەو بۆچونەیە کە دەڵێ: لە ئاکامی لە دەستدانی قوستەنتینە پایتەخەتی بێزەنتە لەساڵی 1453 بەدەست سوڵتان محەمەد ئەلفاتح بوو بەهۆی کە زۆربەی زانا یۆنانیەکان لەوێ هەڵبێن و رووبکەنە ئەوروپا و لەگەڵ خۆیان دەستنووسە یۆنانیە بەهادارەکانیان بەرن، کەبوو بەسەرەتایە بۆ دەست پێکردنی لێکۆڵینەوە لەسەریان و دواتر کارا بوونی بزاڤی زانستی و رۆشنبیری.
مێژوونووسان دەڵێن: ئەو کارەساتە وێرانکاریەی کە مەرگی رەش (تاعون) بەسەر فلۆرەنسەیدا لەنێوان 1348 و 1350 دا هێنا هۆیەکی تری بەهێز بوو بۆ سەرهەڵدانی رینەیسانس و بەڵگەیەک بوو بۆ گۆڕینی تێروانینی ئیتالیەکان بۆ دنیای دەروپشتی خۆیان . چونکە تاعون زۆر بە خەستی ئیتالیای گرتەوە لەوێشەوە بۆ ئەوروپا. هەر لە فلورەنسە نیوەی دانیشتوانەکەی کوشت ئەوە وای لەبیرمەندەکان کرد لەبری بیرکردنەوە لە ئەوەدنیا واتا ژیانی دوای مردن و رۆحانیات لەدنیا نزیک ببنەوە و کاریی بۆ بکەن. چونکە دەڵێن چیدی نەک هەر بیرمەندان عەوامیش ئەو باوەڕەی جارانیان بەو ئیمانداریە نەما کە کەنیسەو وەعزو ئیرشادی قەشەکان بەگویاندا دەدان، لەوانە کەخەڵکی ساڵح نەک هەر لەم دنیایە دوعای گیرایە خۆشیەکانی ئەوەدنیاش دەباتەوە. دەڵێن سەیریان کرد ئەوانەی کە بە تاعون مردن زۆربەیان نوێژکەرو ساڵحەکان بوون! دزو جەردەو رێگرو پیاو کوژەکانی بەدەگمەن دەکوشت!.
هۆکارێکی تری ئەو بوژانەوەیە داهێنانی چاپەمەنی بوو گۆتنبیرگی ئەڵمانی لەسەدەی پانزەهەمدا توانی ئامێری چاپکردن دروست بکا، کە بەهۆیە ئەو کتێب و بڵاو کراوانەی کە پێشتر بەدەست دەنوسرانەوەو کات و تێچونێکی زۆی دەویست خێرا ترو هەرزانتر بکات و، ئیدی بیروباوەڕەکانی یەکسانی و سەربەستی و عەلمانیەت (جیاکردنەوەی دەوڵەت لە ئاین) و گرنگی بەکارهێنانی عەقڵ و پەیرەوی زانستی بەخێرایی هەموو ئەوروپای تەنیەوە و رۆڵی کەنیسەو پیاوانی ئاینی بۆ هەتا هەتایە چووە ریزەکانی دواوە.
لەسەدەکانی ناوەراستدا تەنها زمان کەزمانی ئاین و نوسین و هەموو ئەو بابەتانەی کە ئەوکاتە ناونیشانی مەعریفەتیان هەبوو لاتینی بوون، ئەوانەیشی کەلاتینیان دەزانی پیاوانی ئاینی بوون کە راڤەکردنی دەقە موقەدەسەکانیان پاوان کردبوو. دیارە بەمەرامی دڵی خۆیان و بەرژەوەندی دنیایی خۆیان دەیان ئاخنیە مێشکی عەوامەوە، کە بە گشتی نەخوێنەوار بوون لەزمانی دایکی خۆیان هیچ زمانێکی دیکەیان نەدەزانی، بەتایبەتیش لاتینی کەزمانی خوێندنەوەو نوسین بوو. بۆیە وەرگێرانی دەقە ئاینیەکان و کتێبە زانستیەکانی ئەو سەردەمە بۆ زمانە ناوچەییەکان وەکو ئیتالی و فەرەنسی و ئەڵمانی و ئینگلیزی وای کرد کە خەڵکێکی زۆر ئاگاداری ئەو نوسینانە بن و بیانخوێننەوەو خۆیان بەدور لە کاریگەری پیاوانی ئاینی لەراستیەکان بگەن و زانیاریەکان وەربگرن. بزافی وەرگێران لە لاتینەوە بۆ زمانە خۆجێیەکان وای کرد ئەو موجەلەدە گەورانەی کە لە کەنیسەکان تۆزیان لەسەر نیشتبوو بەدەگمەن دەستیان بۆ دەبرا، چوونکە بەزمانی یۆنانی بوون کەس نەیدەتوانی بیان خوێنێتەوە. ئیتر لەبەردەستی هەموو خەڵکا بێت و بتوانن سود لەزانیاریەکانی ناویان وەربگرن و بیکەنە بنەما بەتایبەتی لەلایەن خوێندکارو ئەوانەی کە توێژینەوە دەکەن بۆ بنیاتنانی زانست هونەرو مەعریفەتێکی پیشکەوتو تر.
هۆیەکی تری سەرهەڵدانی رینەیسانس جەنگەکانی خاچ پەرستان بوو کە ژمارەیەکی زۆر لە دەربەگەکانی تیا بەشداربوو، کوژران. دواتر هەندێک لەدەربەگەکان وازیان لەمڵكداری هێناو خەریکی بازرگانی بوون، بۆیە جوتیارەکان ئازاد بوون. چونکە پێشتر دەربەگ خاوەنی زەوی و جوتیارەکانیش بوو. ئەو ژمارە کەمەیشی کەمایەوە بەرگەی گۆڕانکاریە بنەرەتیەکانی کۆمەڵایەتی و ئابووری و فەرهەنگی و سیاسی رینەیسانسیان نەگرت و لەناو چوون.
شۆرشی فیکری لە تەجلا سەرەکیەکانی رینەیسانسی ئەوروپی بوو، ئەو کلتوری بەئامانجی گونجاندی لەگەڵ حازردا زیندوو دەکردەوە، ئاینی لە خراپ راڤەکردنی پیاوانی ئاینی سودمەند لەئاین رزگار کردوو وای کرد، کە ببێ بەئامرزێک بۆ ئارامی بەخشین بەئیماندار کاتێک کە پێوستی بەئارامیەکی رۆحی دەبێ. دەتوانین بڵێین ئەوان ئاینیان ئیلغانە کرد، بەڵکو لە کۆت و زنجیری پیاوانی لاهوت کە بۆ بەرژەوەندی دنیایی خۆی بەکاریان دەهێنا رزگاریان کرد.
وەکو لای سەرەوە باسمان کرد نمونەی بەرنگاربوونەوەی پسوڵەی لێبوردن لەلایەن ئوستادی لاهوت مارتن لوثەرەوە یەکێک بوو لەو دەرکەوتە رەنگینانەی ئەو بوژانەوەیە. بۆیە بەراستی دەتوانرێ ناو ببرێ بە بزافی زیندوو کردنەوەی زانیاریەکان ئەو دەمە، رۆشنبیرەکان سەرقاڵی جێماو و ئاسەوارەکانی ئەدەب و هونەری یۆنانی و رۆمانی کۆن بوون و، لێکۆڵینەوەیان لەسەر دەکرد و، سودیان لێدەبینی. ئەوانەی بەم لێکۆڵینەوانەوە خەریک بوون پێیان دەگوترا ئینسانیەکان، چونکە ئەوان گرنگیان بە توێژینەوە لەسەر ئینسان خۆی دەدا، ئەوەش لەمێژوی مرۆڤایەتیدا شتێکی نوێ بوو. چونکە لەسەدەکانی ناوەراستدا ئینسان خۆی گرنگ نەبوو، تەنها گرنگی دەردرا بە پاکی رۆح بۆ نزیک بوونەوە لەخودا،کە دەیکردە نوێژو رۆژو و برسێتی و بەکەمێکی زۆر کەم قانع بوون، واتا هەوڵنەدان بۆ باشکردنی ژیانی سەر زەمین بەهیوای پاداشتی ئەوەدنیا. نموونە بۆ ئەوە: نەدەبوو قەشەکان ژن بهێنن بۆئەوەی لە لەزەتەکانی دنیا بەدوور بن. دەبوو ئەدەب و هونەرەجوانەکان وەکو وێنەکێشان و پەیکەرسازی بەدور بێت لە مرۆڤ و لەخزمەتی لاهوتدا بێت. دەتوانین بڵێین ئامانجی بزووتنەوەی ئینسانی (مرۆیی) ئەوەبوو کە مرۆڤ خەریکی لێکۆڵینەوە لەسەر خۆی بێت، بەدەر لە بیرو باوەڕو ئیعتیقادی ئاینی دەورو بەریی. لاینەگیرانی بزوتنەوەی ئینسانی دەیان گوت دەبێ مرۆڤ باوەڕی بەخۆی و بە گەورەیی تواناکانی خۆی بۆ گۆران هەبێت.
ئەوان دەیان گووت: ئینسان دەبێت هونەرمەند بێت، فەیلەسوف بێت، ئەخلاقی بێت، سیاسی بێت و حەزی لە فێربوون و گەران بەدوای ناوو شۆرەتدا بێت و لەئەدەبەکەی و هونەرەکەیدا داهێنەربێت. بەواتا مرۆڤێک بێت پر لەهەستی مرۆڤایەتی و شوعلەیەک بێت لەچالاکی و خۆسەلماندن، ئەوەش رێک پێچەوانەی تێروانینی سەدەکانی ناوەڕاست بوو بۆ مرۆڤ.
پیترارکا فەیلەسوف و شاعیری گۆرانی کەبەیەکەمین سەرکردەی ئەو بزوتنەوەیەو بەباوکی مرۆڤایەتی دادەنرێت دەڵێ: (دەبێ مرۆڤ بەپلەی یەکەم گرنگی بەژیانی سەر زەوی بدات ژیانی دوایی واتا پاش مردن بیرو هۆشی داگیر نەکات). دەکرێ بڵێین ئەوە فەلەسەفەی قۆناغی نوێی رینەیسانس بوو کە بوو بەپەیرەوێک هەموو ئەوروپای گرتەوەو لەبری چاوەڕوانی ژیانی خۆشی دوای مردن ژیانی سەرزەویان بە زانست پیش خست. ئەو زۆر بە راشکاویی و بەتوندی رەخنەی لەکەنیسە گرت و ئاواتی خواست کە گەلی ئیتالیا سەرکردایەتی جیهان بەرەو فەلسەفەیەکی نوێ بکات .
لەسەرەتای سەردەمی رینەیسانسەوە ئەدەب دەستی بەگەشانەوە کرد، ئەوان بەلاسایی کردنەوەی نەریتی ئەدەبی کۆن قەسیدە و نامەکانی خۆشەویستیان دەنوسی داستان و کارەسات و لاواندنەوەیان بۆ لەدەستدانی ئازیزان بە جوانی شیواز و هەڵبژاردنی جوانی ووشەکان دەنوسی بەواتایەکی تر پەنایان بۆ دەستەواژە ئەدەبیە لاتینی گریکیەکان دەبرد، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بۆنێکی نوێتر لەبەرهەمەکانیان دەهات. ئەم ئەدەبە بەوە ناسرابوو کە چێژ و کاتی خۆش بەسەر بردنی بە خوێنەر دەبەخشی، گرنگی نە دەدا بە فێر کردن و وەعزدانی (ئیشارەتە بۆ ئەدەبی سەردەمی سەدەکانی ناوەڕاست کە وەعزو ئیرشادی ئاینی بوو، واتا ووشک بوو تەنها فێرکردن بوو). ئەدیبەکانی رینەسانس گرنگیەکی زۆریان بەشانۆ دا شانۆی خۆشی بەخش و خەم بەخش ( مأساة و ملهاة) کەجێگەی شانۆی ئاینی کە لەئاکارەکانی ئەدەبی سەدەکانی ناوەڕاست بوو گرتەوە.
واقیعی و نزیکتر بوو لە عاتیفەی راستیی مرۆڤەوە. بەو شێوەیە ئەدەب بوو بەگوزارش لە کەسایەتی ئەدیب و گەلەکەی واتا نزیک بوو لە خۆشی و ناخۆشی ئینسان گەلێکەوە کەلە سنورێکی جوغرافی و ئەتینیکی دیاری کراودا گوزەرانیان دەکرد. ئەدیبە ئیتالیەکان رابەری ئەو رێبازە بوون دەستیان تیادا باڵاتر بوو لەئەدیبانی ئەو سەردەمەی ئەوروپادا. بەڵام لەفەرەنسا ئاراستەی ئەدیبان بەرەو داهێنان لەپەخشاندا زیاتر بوو، ئەوەیش لە چیرۆکەکان و یاداشتەکان و شیکارییە دەرونیەکاندا چڕ دەبۆوە. لە بەریتانیا شانۆی سەرکێشيەکان (مغامرات) و روداوە چاوەڕوان نەکراوەکان و شێکاری مرۆڤ لە ئاکارەکانیا رەنگی دایەوە. لە ئیسپانیا گرنگی درا بەئەدەبی سوارچاکیی و ئەو خەسڵەت و پێوەرە ئەخلاقیە بەرزانەی کە سوارچاک دەبوو پابەندی بێت.
لەبواری هونەریدا: رۆحی رینەیسانس بەجوانترین شیوە لە هونەرە جوانەکاندا بەرجەستە بوو، دەتوانین بڵێین کە ئیتالیا لانکەی سەرەکی ئەو رابوونە هونەریە بوو هەر لەسەدەی پانزەهەمەوە لەوێ بەگرنگی دان بە هونەری کلاسیکی کۆن دەستی پێکرد. لە سەرەتاکانی سەدەی شانزەهەمەوە هەندێک لە هونەرمەندان تۆزی بیرچوونەوەیان لەسەر جوانی کارە هونەریە کۆنەکان هەڵدایەوەو، دەستیان کرد بە لاسایی کردنەوەیان، وەکو رۆحیەت و وەکو گوزارش. بەڵام لاسایی کردنەوەیەکی کوێرانە نا، بەڵکو بە داهێنانەوە. بەشیوەیەک کەبەرهەمەکانیان کەسایەتی خۆیان و رۆحی سەردەمەکەی خۆیان کەتیا دەژین بنوێنێ. بابەتی سەرەکی هونەر مرۆڤ بوو گرنگیان بەجوانی لەش و هێزی و تواناکانی دا. جوانی مرۆڤیان پیشان دەدا کچەکانیان بێ پۆشاک وێنە دەکێشا. ئەوەش ئاماژەیەک بوو کە ئەوان هونەریان لە ژێر دەسەڵاتی کەهەنوت کە قاڵبێکی دیاری بۆ وێنە کێشان بۆ داڕشتبوون دەبوو لەچوار چێوەیدا بمێننەوە، دەرهێنا. هونەر بوو بەگوزارشتێکی سەربەست لە ئەقڵی هونەرمەند و عەبقەریەتی ئەو ئەقڵە و هیچی دیکە.
شارەکانی ئیتالیا رۆڵی بەرچاویان بینی لەپێناوی پێشکەوتنی هونەرەکاندا، خۆشبەختانە حاکمەکانیان پێشبڕکێیان دەکرد لە سپۆنسەریی هونەرمەندان و هەریەکەیان دەیویست خۆی ببێ بە خاوەنی جوانترین و بەهادارترین کۆمەڵەی هونەری بەرز بەتایبەتی وینەو پەیکەرتاشین. رۆما لەوەدا پشکی شێری بەرکەوت لەوشارە بەو گوڕو نیازە هانی هونەرمەندان دەدراو باربویان دەکراو رێزیان لێدەگیرا، کە بیکەن بە میحرابی هونەرەکەیان. رۆما هەر لەکۆنەوە لانکەی هونەر بووە بۆیە هونەرمەندانی سەردەمی رینەیسانس رابوردوویەکی هونەریان لەبەر دەستا بوو، کە ئیلهامی لێوەرگرن و تێکەڵ بە فیکری حازری بکەن، بۆئەوەی لەهەمان کاتدا کە لەجوانی ئەورابردووە سود وەردەگرن، بەوفکرەی خۆیان داهێنانی تیابکەن. لەسەر دەمی هەردوو پاپا گولی دووەم و لیۆی دەهەم کە سەر بەخانەوادەی میدچی بوون کۆشکی ڤاتیکان بەشێوەیەکی عەبقەریانە بەوێنە رازێنرایەوە.
دەڵێن: هەندێک لە پاپاکانی سەردەمی رینەیسانس لەهەوڵی دامەزارندنی دەوڵەتێکی عەلمانیدا بوون، ئەوروپیە باکوریەکان هەستیان کردبوو کە ئەو پاپایانە وەکو میرەکان هەڵسوکەوت دەکەن. بەرای ئەوان دەیانویست دەسەڵاتی دنیایان لەسەر حسابی گرنگیدانیان بە ژیانی رۆحی و پاراستنی بەرژەوەندیەکانی دنیای مەسیحی برەو پێبدەن. دیارە گومانەکانیان لەجێگەی خۆی دابووە، هەر لەرۆما وانەبوو لەمیلان و لە فلورەنسەش هەمان شیوە ماڵەکەی لورنزو دی میدیچی گەورە دەوڵەمەندی ئەوێ، وەکو ئەکادیمایەکی هونەری لێهاتبوو. هونەرمەندان لیونارد دافینچی و مایکل ئەنجلۆ و رفائیل سەردانیان دەکرد، ئەو هونەرمەندانە تابلۆکانیان بە رۆحێکی ئینسانی دنیایی مامەڵە دەکرد و گەیشتن بەکەماڵی هونەری، وەکو گرنگی پیدانیان بەپلەی یەکەم دەهات. هەرچی دەربڕینی ئایینیە کەوتبووە ریزەکانی دواوە، بەرهەمەکانیان جوانی روکارو لەش و لاریان پیشان دەدا و، گرنگیان بە هەستی مرۆڤانە لەبری مکور بوون لە پیشاندانی شکۆی ئاینی و سامی کاریزماو رەقی دەربڕینەکان لە وێنەکانی کەسەکاندا، وەکو لەهونەری وێنەکێشان و پەیکەرسازی سەدەکانی ناوەڕاست باو بوو. بۆ نموونە وێنەی بزەکەی مۆنالیزا ی هونەرمەند لیوناردو دافینچی و پەیکەری (دێڤید) ی مایکل ئنجلۆ کە بەروتی دروستی کردووە رونترین بەڵگەی تێڕوانینی هونەرمەندانی سەردەمی رینەیسانسە بۆ ئەو قسەیەی لای سەرەوەمان.
لەسەدەکانی ناوەراستدا ژیانی زانستی وەیان بیرکردنەوەی زانستی نەدەبوو لەچوارچێوەی موقەدەسی کەنیسەدا زیاتر هەنگاو بنێت. دۆزینەوە و داهێنانە زانستیەکان دەگمەن بوون ئەوانەی کە سەرقاڵی ئەو بوارە بوون نەیان دەتوانی وەکو تاک بیر بکەنەوە ،واتا دور لەبیرکردنەوەی جەمعی موبارەک کە کەنیسەو پیاوەکانی لاهوت رابەرایەتیان دەکرد. دەبو باوەڕی تەواویان بەوەی کە باپیرانیان گوتوبویان و بەرێنمایەکانی پیاوانی لاهوت کەلەسەری پەروەردە ببون هەبێت. دەبوو زانست رەزامەندی و موبارەک بایی کەنیسەی لەسەر بوایە هەندێک لە پاپاکان زۆر بەتوندی بەرەنگاری هەر لێکۆڵینەوەیەکی زانستی دەبوونەوە، ئەگەر پێچەوانەی لێکۆڵینەوە ئاینییەکە بوایە. بۆ نموونە قسەکەی ئەرستۆ کە پێش زاین کردبووی گوایا زەوی جێگیرەو کەون بەدەوریا دەخولێتەوە، ببوو بە یەکێک لەکۆڵەکە موقەدەسەکانی لاهوتی مەسیحی، وەکو هەقیقەتێکی موتلەق سەیری دەکرا. تا زانای فەلەک ناس کوبرنیکوس ئەو هەقیقەتەی لەرێگای زانستەوە هەڵوەشاندەوە و دواتر گالیلۆی لەسەریی موحاکەمە کرا. لەژیر فشاری حوکمی توندی کەنیسەدا دۆستانی لەراکەی پەشیمانیان کردەوە، کە بڵێ من هەڵە بووم. بەڵام کەلە دادگا دێتە دەرەوە بە نوکی گۆچانەکەی لەزەوی دەدا و دەڵی هەر دەخولێتەوە واتا زەوی جێگیر یان مەرکەزی کەون نییە. شایەنی ئاماژەیە لەم ساڵانەی دوایدا واتا سەدەی بیستو یەکەمین کەنیسەی کاثۆلیکی ئیعتیباری بۆ گالیلۆ گەراندەوەو داوای لێبوردنی لێکرد، چوونکە زانست سەلماندی کە کەنیسە نەوەک گالیلۆ کەهەڵەبووە. دیارە پاپا بەگوێی ئەو ووتە عەرەبیەی لەوەدا کردووە کە دەڵی ( الأعتراف بالخطأ فضيلة) واتا داننان بە هەڵەی خۆتدا کارێکی باشە.
ئەوەی کە یارمەتی کارابوونی دۆزینەوە زانستیەکانیدا جارێکی کە پەردە لەسەر لابردنی دەقە کۆنەکان و داهێنانی چاپ کە یارمەتی بڵاو بوونەوەی زانیاری و فکری بەشیوەیەکی خێراو بەربڵاو دا دەڵێن: لەو سەدەمەدا زانست و هونەر بەشیوەیەکی سەرنج راکێش ئاوێتە ببون، هونەرمەندەکان رۆشنبیر بوون لیونارد داڤینچی وێنەی سەرنج راکیشی لەسەر سروشت و توێکاری دەکێشا، تاقی کردنەوەی سەرکەوتوی لەسەر توێکاری پزیشکی و دینامیکیەتی هەواو، هەروەها بنەماکانی شێوازەکانی لێکۆڵینەوەی دارشت. بۆیە نوسەرو فیزیایی نەمساوی (فریتوف کابرا 1939 لە نەمسا لەدیک بووە)ناوی لێدەنی باوکی زانستی نوێ. لەبواری جوگرافیاو دۆزینەوەکانیدا کریستوفەر کۆلومبوس جیهانی نوێی دۆزیەوە کەپێشتر کەس نەیدەزانی هەیە، هەر لەسەدەمی رینەیسانسەوە بزافی گومان لەهەموو هەقیقەتە کۆنەکان دەستی پێکردوو، ئیدی بەدوای وەڵامی نوێدا بۆ هەموو پرسەکان دەگەران. هەرچەندە ئەو سەردەمە دۆزینەوەیەکی زانستی بەو واتایەی ئێستا نەبوو، بەڵام دەسپێکی گرنگ و دەروازەیەکی گەورە بوو کەلەسەر توێژینەوەی زانستی کرایەوە لەبەر دوو هۆ:
یەکەم/ بە وەلاخستنی دەورو تاسیری پیاوانی لاهوت لەسەر زانست.
دوهەم/ دۆزینەوەی پەیرەوی زانستی لەلێکۆڵینەوەدا و گرنگی دان بە ماتماتیک کەبوون بەبەردی بناغەی فەلەکناسی وەکو زانست و فیزیا و زیندەوەر زانی و زانستی توێکاری.
بۆ نمونە (فرانس بیکون) بیرمەندی ئینگلیزی ئەو سەردەمە کە سەر بە پەیرەوی تاقیگەری (تجریبی)بوو دەیگوت: ( ئەگەر مرۆڤ بە دڵنیایی دەست پێبکات بە گومان کۆتایی پێدێت، بەڵام ئەگەر بە گومان دەست پێبکا بەدڵنیایی کۆتایی پێدێت).

الدکتور نورالدين حاطوم….. تأریخ عصر النهضة الأوروبية
لويس عوض…………. ثورة الفكر في عصر النهضة الأوروبية
محمد بن حماد فرنس بیکون …….دوانەیی گومان و یەقین
کیث پاوند….. لماذا ساد العري في رسومات فناني “عصر النهضة”… وهل يعود لأسباب دينية أم شهوانية؟
بيتر وليندا موري…… فن عصر النهضة