تیشکۆ زەند: کورد بۆچی ناگاتە ئامانجی سەرکەوتن.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەگەر بە گورچی چاوێک بخشێنین بە مێژوی کوردا دەگەینە ئەو دەرئەنجامە کە ئێمەی کورد میلەتێکی پاک نین لەنێو خۆماندا، خیانەت و ملشکاندنی یەکتری گەورەترین هەڵدێر و تێکشکاندنی بە باڵاماندا لە خاچ داوە، کەم تا زۆر باوک کوژەی یەکترین و بۆ مل شکاندنی یەکتری، هەموو کارێکی ناڕەوا دەرهەق بەیەک دەکەین، کە ئەمە مێژوی نەگریسی ناجوامێریمانە، ئەمە مێژوی ڕابوردوی میرنشینە کوردەکانە کە گەواهیدی ئەوڕاستیانە دەدەن کە هەمیشە میرنشینە کوردەکان لە جەنگ و ناکۆکیدابون بەرامبەر بەیەک، وەک میرنشینی ئەردەڵان، بابان، بۆتان و کۆڕێی ڕەواندوز و چەندانیتر، ئینجا پاش ڕێک نەکەوتنی ئەم میرنشینە کوردانە لاوازبون و بون بە پۆری خوراو بۆ دوژمنانی کورد بە تایبەت بۆ سەفەوی و عوسمانیەکان.
پاشان شەڕ و ناکۆکی عەشیرەتی کوردی بە دوادا هاتووە لەسەر ئاوی چەمێک کە ڕێک نەکەوتون، چوون دوژمنی سەرسەختی کوردیان هێناوەتە سەریەکتری.
بە دوایی ئەم هەموو تەنگژیانەدا هێشتا کورد وانەیەکی لێفێر نەبووە، پاشانیش لە دووای شۆڕشی ڕێنەسار بۆ ئازادی گەلان و مافی کۆمەڵانی ژێر دەست لە دووای جەنگی جیهانی یەکەم و دووەمەوە کە لە بەندەکانی 64 تا 67 ی عصبه الامم The League of Nations دا هاتوە کە هەموو میلەتێک مافی ئازادی بەڕێوەبردنی خۆی هەیە، کەچی هەندێک لە حیزبی مۆدێرینی هەتە سەرو ئەوانیش لە مل شکاندن و مشەخۆری و وڵاتفرۆشی زیاتر هیچی لێ سەوز نەبوو، کە چەندین ساڵە لەسەر سکی برسی و نەداری میللەتی هەژاری ڕەش و ڕوتی کورد دەژین و میلەتێکیان گەوچاندووە بۆ سک و گیرفان و ناوگەڵی گەرمی خۆیان، میللەت شۆڕشی کرد بەڵام چەند کەسێکی دەبەنگ لە بەرەکەی دەخۆن، میلەت ڕاپەڕینی کرد Uprising چەند حیزبێکی بێ بەرنامەی مل هوڕ و گێرەشێوێن بون بە خاوەنی سەرخان و ژێرخانی کوردستان، چەند کەسێکی نەدی و بدی بێ مۆڕاڵ و خاوەن ئەتەکێتی نزم بون بە خاوەنی هەموو شێک لە شەو ڕۆژێکدا کە سەرمایەیی دزیان ئێستاکە لەسەر قوتی منداڵی کورد لەسەروی ملیۆن و ملیاران دۆلارە.
هەرکاتێک کورد شۆڕشی کردبێت یان پلەیەک بەرخودانەکەی بەرەو پێش چوبێت و سەرکەوتنی بە دەست هێنابێت و نزیک بوبێتەوە لە ئامانج، چەند کەسێکی وڵاتفرۆش ڕیسەکەیان کردۆتەوە بە خوری و شۆڕشەکەیان تێک داووە و چونتە پاڵ دوژمن، مێژومان چەندین ڕۆژگاری تەڵخی وڵاتفرۆشی ئەوانی بۆ تۆمارکردوین کە باسکردنی شەرمە و باس نەکردنیشی دەچێتە خانەی خیانەتی نەتەوایەتیەوە، هەموو دۆست و نەیار و دوژمنانی کورد ئەو ڕاستیە دەزانن و بە ئاشکراش پێمان دەڵێن؛ کورد لەبەر پەسەند نەکردنی یەکتری دەوڵەتیان پێ دروست ناکرێت، کورد لەبەر دوژمنایەتی یەکتر شایەنی دەوڵەتی خۆیانین.
هەندێک لە کاربەدەست و لە سەرکردەکانی ئێمەی کورد هەمیشە پێیەکیان لە لای دوژمنانی کورد بووە بونتە چاوساخی دوژمنانی کورد و پێیەکەی تریشیان لەسەر سەری میلەتە بەشخوراوەکەی خۆیان داناوە.
زۆربەی سەرانی کورد هەموشتێک دەکەن لە پێناو مانەوەی خۆیاندا بۆ پارە، بەڵام کوردایەتی پاک ناکەن لە دژیی نەویستنی پارەدا بۆ سەرکەوتنی ڕەوای گەلەکەیان.
ئێستا کورد کەوتۆتە بەردەم دووڕیانێک کە هەردوو ڕێگاکەی بۆتە دژواری دژوارترین هەڵوێست، نە ڕێگای دەستە ڕاستی دەزانێت بەرەو چ هەڵدێر و گۆبەندێکی دەبات و نەرێگای دەستە چەپیشی دەزانێت بەرە و چ جۆرە نشێوی و سەرگەردانیەکی دەبات، ئێستا کورد بە تایبەتی لەم کاتەدا بێ دۆست و پەنا ماوەتەوە لە نێو بیابانی بێ سنوردا و دەست و پێشی کۆتکراوە و بە دوژمنی چوار دەوری تەلبەند کراو، ئەو دوژمنە خوێن خۆرانەش کەڵبەی تیژیان لە جەستەی شەکەتی کورد گیر کردووە کە هەر ڕۆژەی تۆزێکمان لێ دەکەنە و وڵاتیان کردۆتە سوتماک و قەتنەس و شەرابی ژەهریش دەرخواردی سەرکردەی کورد دەدەن.
بۆیە تەنها ڕێگا بۆ ئەم زریانە ماڵوێرانکەرە کە بۆتە کۆست و لە گەردنی هاموو تاکێکی کورد ئاڵاوە ئەویش وشیاری و تەبایی نێوماڵی خۆمانە، یان ئەوەتا هەموو بە یەک دەنگ دەبێت بڵێین ماڵئاوا ئەی کوردستان کە بە هۆی کەڵفەمی و دەست پیسی هەندێک لە سەرانی کوردوە بۆتە کۆست و ماڵوێرانی بۆ گشت هەموو تاکێکی کوردی نەگبەت.
یان ئەوەتا تەواو کۆمەڵگایی کورد یەک بگرێت بۆ ڕاماڵین و ڕاونانی ئەم وڵات فرۆش و تاڵانچیانە و دوای ئەوەش چی دەبێت با ببێت و بێگومانیشم دووای دەرئەنجامی ئەم هەموو کۆست و ماڵوێرانیە، هەر کۆمەڵگایی کورد دەیباتەوە، چونکە سەرکەوتن لە یەک گرتن و تەبایدایە و نوشستی و تێکشکاندنیش بۆ وڵاتفرۆش و دزەکانە و ئەوساش دۆست و نەیار و دوژمانی کورد حسابێکی باشتر و شکۆتر بۆ گەلی کورد دەکەن.
کەواتە یەک ڕێگای ڕاست و دروستمان ماوە بۆ سەرکەوتن، ئەویش تەبای گەل بۆ ڕاونانی مشەخۆر و گەندەڵ و دز و وڵاتفرۆشان.
ئەوساش وەڵامی ئەرێنیشمان دەست دەکەوێت، کە کورد بۆچی ناگاتە ئامانجی سەرکەوتن.
چونکە لە قانزاج و بەرژەوەندی هەندێک کەس لەوەدایە کە کورد بە زەلیلی و ژێر دەستەیی بمێنێتەوە بۆ پاساوی خەونی پیسی خۆیان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت