خالید مەجید فەرەج: رینەیسانس، لەدایک بوونێکی نوێ

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بزووتنەوەیەکی ڕۆشنبیری کاریگەریی بەهێزی هەبوو لەسەر ژیانی فیکری ئەورووپی لە کۆتایییە کانی سەدەکانی ناوەڕاستدا. لە ئیتاڵیا سەری هەڵداو لە سەدەی شازدەیەمدا وەکو ئاگر لە پووش بەر بووبێت هەموو ئەورووپای تەنییەوە. کاریگەری لەسەر فەلسەفە و ئەدەب و هونەر و مۆسیقا و سیاسەت و زانستەکان و ئایین هەست پێدەکرا. وەڵامی زۆر لە مەسەلە فیکرییە بێ وەڵامەکانی سەدەکانی ناوەڕاست دەدایەوە. لە هەرە خەسڵەتە دیارەکانی سەردەمی ڕینەیسانس ئەوە بوو: زاناکانی شێوازی ئینسانیان لە توێژینەوەدا بەکار دەهێنا و، هونەرمەندان بەدوای واقیعیەت و هەستە ئینسانییەکاندا لە هونەردا وێڵ بوون.

لەسەدەکانی ناوەڕاستدا کە لە سەدەی پێنجەوە دەست پێدەکات تا وەکوو سەدەی پانزەی زاین، واتا لە ڕوخانی ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی ڕۆژئاواوە تا وەکوو ڕینەیسانس (Renaissanc) کە دروست بە ئیتاڵی دەکاتە لە دایک بوونێکی نوێ ( Rinascimento) خەڵکی ئەو دەمانە زانیارییەکانیان وەکو خۆی وەردەگرت بە واتا ئەگەر پرسیارێکیان دەربارەی یەکێک لەو زانیاریانە لێ بکرایە کەلەمێشکیانا چەسپیوە دەیان گووت نازانین خۆی وایە. وەیان (چوزانم هەروام بیستوە).
بەڵام کاتیک خۆری ڕینەیسانس هەڵهات، ئیدی ئەوە لەمێشکی خەڵک دەرهات و ئاراستەی بیرۆکەیەکی نوێ لە ئەقڵە جەمعیەکەدا چەسپی کە دەیگوت ناکرێت باوەڕ بە هیچ شتێک بکەیت تا وەکوو تێی نەگەیت.

ئەقڵی خەڵک وردە وردە سەری لە تاریکی جەهلەوە دەردەهێنا و ئازاد دەبوو ئیدی خەڵکی کەوتنە ڕەخنە گرتن لەو بیروباوەڕانەی کە وەکو حەقیەتەکان چەسپیبوون ڕەخنەگرتن لەکەنیسە واتا پیاوانی ئایینی و هەتا لە دەقە ئایینییەکانیش دەگیرا. بە واتایەکی تر(هیریتیکیزم)- heretic-(هەرتەقە) سەری هەڵدا (شەریعەتی کەنیسە دەڵێت هەر مەسیحییەک ئینکاری یەکێک لەو ڕاستیانە بکات کە پەیوەندی بە ئیمانی ئیلاهی و کاثۆلیکیەوە هەیە بە هێریتیک لە قەڵەم دەدرێت. (لای موسڵمانان بە زەندیق ناو دەبرێت). ئەوان ڕێنمایی و وانەکانی کەنیسەیان خستە بەر ڕەخنەو تانە لێدان لە ئاکامی ئەو بزاڤە ئەقڵی و فیکرییەدا ڕیفۆرمی لاهوتی پروتستانتی لەسەدەی شازدەیەم دا لەسەر دەستی مارتن لوثەر کینگ دا سەری هەڵدا. کەبەهۆیەوە کەنیسەی پرۆتستانتی لە کەنیسەی کاثۆلیکی جیا بووەوە. شایەنی باسە ئەوان شەرعیەتی پسوڵەی لێبوردن کە قەشەکان دەیان فرۆشت بە خەڵک بۆ ئەوەی لەوە دونیا وەکو پاسپۆرتێک بۆ چونە بەهەشت پێیان بێت، پوچەڵ کردوە و وتیان لێبوردن نیعمەتێکی خودایییە و بێ بەرامبەرە تەنیا مەرج باوەڕ هێنان و موخلیسیە بۆ یەسوعی مەسیح. لەوەش گرنگتر دەیان گووت هەموو مەسیحییەک پلەی کەهەنوتی موقەدەسی هەیە بەمەش لە دەسەڵات (قودسیەتی) قەشەکانیان دا و گوتیان کتێبی موقەدەس تاکە سەرچاوەی زانیارییە ئایینییەکانە، واتا پێویست بە ڕاڤەکردنی ناکات لەلایەن قەشەکانەوە هەروەها ڕێگەیان بە قەشەدا کە ژن بهێنێت.

جەدەلێکی زۆر لەسەر ئایا بۆ چی ڕینەیسانس لە فلۆرەنسەدا لە سەدەی چواردەمیندا بەرپا بوو لە جێیەکی تر نەبوو؟. تێبینی مێژوو نووسان و زاناکان ئەوە بوو کە فلۆرەنسە تایبەتمەندییەکی ناوازەی ژیانی ڕۆشنبیریی پێوە دەبینرا، کەبوو بەهۆی ئەو بزاڤە ڕۆشنبیریە. زۆرینە پێداگریان لەسەر ڕۆڵی خانەوادەی مەیدچی – خانەوادەیەک بوون بانک دارییان دەکرد. هەروەها چەند سیاسەتمەدارێکی ناوداریان تێدا هەڵکەوتبوو لێشیان بووبووە پاپا- لە یارمەتی دان بۆ چالاککردن و بووژاندنەوەی هونەرەکاندا حوکمداری فلۆرەنسە بەهێزترین سپۆنسەری ڕۆشنبیری ڕینەیسانس بوو لە ئیتاڵیا . لورینزۆ دیمیدچی حوکم داری فلورەنسە یارمەتی زۆر لە هونەرمەندانی موستەحەق بە یارمەتی دەدا لە وانە لیونارد داڤینتشی و ڤیلیبینو لیبی و مایکل ئنجلو و ڕافاییل و… هتد. هەندێک لە زانایانی مێژوو دەڵێن فلۆرەنسە تەنیا بە ڕێکەوت ڕاستر بە شانس بوو بە شوێنی لەدایک بوونی ڕینەیسانس، چونکە هەرسێ عەبقەری وەکو دافینشی و بوتیچیلی ومایکل ئەنجلۆ لە توسکانا لە دایک بووبوون. بۆچوونێکی تر دەڵێت: ڕاستە ئەوانە لەو ناوچەیە لە دایک بوون، بەڵام زۆر هۆکاریی زاتی و مەوزوعی بەشدار بوون لە دروست کردنی ئەو بار و دۆخە ڕۆشنبیریە کە وای کرد کە بەهرەی خەلاقی ئەم هونەرمەند و زانایانە دەربکەوێت.
لێرەوە پرسیارێک سەر هەڵدێنێ ئایا تەنیا یارمەتی مادی واتا بوونی سەروەت هونەر دەخولقێنێت؟ ئەگەر وایە خۆ لای ئێمەش ماوەیەک زۆر سەخیانە پارە لەسەر هونەر و ئەدەب سەرف دەکرا مخابن هونەرێکی وا بەرهەم نەهات خاڵێکی وەرچەرخان یان لانی کەم بەرەو پێش چونێکی پێوە دیار بێت. بە بۆچوونی بەندە گەر خانەوادە سەرمایەدارەکەی میدیچی یارمەتی هونەرمەند و بیرمەند و زانا ڕاستەقینەکانیان نەدایە ئەوانیش ڕەنجەکەیان بەبا دەچوو و چ هونەرێکیان پی نەدەخرایە سەر هونەرەکەی سەدەکانی ناوەڕاست. کەواتە دەبێت سپۆنسەریش هۆشیاری هونەری و ڕۆشنبیری و مەعریفی بەرزی هەبێت تا وەکوو هەمو کەس خۆی لێ نەکات بە ڕۆشنبیر و هونەرمەند و لەبری ئەوەی یارمەتیەکە بگاتە دەست موستەحەقەکان لەو بوارەدا تەخشان و پەخشانی سەر ناشایستەکان ببێت. بۆیە دەتوانم بڵێم کە بەرزی ئاستی مەعریفی خانەوادەی میدیچی هیچی کەم تر نەبووە لە هۆکارەکانی دیکەی ڕێنەیسانس.
هۆیەکی تر لە هۆ گرنگەکانی ڕینەیسانس ئەو بۆچوونەیە کە دەڵێت: لە ئاکامی لە دەست دانی قوستەنتینە پایتەخەتی بێزەنتە لە ساڵی 1453 بەدەست سوڵتان محەمەد ئەلفاتح بوو بەهۆی کە زۆربەی زانا یۆنانیەکان لەوێ هەڵبێن و ڕووبکەنە ئەورووپا و لەگەڵ خۆیان دەستنووسە یۆنانیە بەها دارەکانیان بەرن، کەبوو بە سەرەتایەک بۆ دەست پێکردنی لێکۆڵینەوە لەسەریان و دواتر کارا بوونی بزاڤی زانستی و ڕۆشنبیری.
مێژوونووسان دەڵێن: ئەو کارەساتە وێرانکاریەی کە مەرگی ڕەش (تاعوون) بەسەر فلۆرەنسەیدا لەنێوان 1348 و 1350 دا هێنا هۆیەکی تری بەهێز بوو بۆ سەرهەڵدانی ڕینەیسانس و بەڵگەیەک بوو بۆ گۆڕینی تێروانینی ئیتالیەکان بۆ دونیای دەور و پشتی خۆیان . چونکە تاعوون زۆر بە خەستی ئیتاڵیای گرتەوە لەوێشەوە بۆ ئەورووپا. هەر لە فلۆرەنسە نیوەی دانیشتوانەکەی کوشت ئەوە وای لە بیرمەندەکان کرد لەبری بیرکردنەوە لە ئەوە دونیا واتا ژیانی دوای مردن و ڕۆحانیات لە دونیا نزیک ببنەوە و کاریی بۆ بکەن. چونکە دەڵێن چیدی نەک هەر بیرمەندان عەوامیش ئەو باوەڕەی جارانیان بەو ئیمانداریە نەما کە کەنیسەو وەعزو ئیرشادی قەشەکان بە گوێیاندا دەدان، لە وانە کەخەڵکی ساڵح نەک هەر لەم دونیایە دوعای گیرایە خۆشییەکانی ئەوە دونیاش دەباتەوە. دەڵێن سەیریان کرد ئەوانەی کە بە تاعوون مردن زۆربەیان نوێژکەر و ساڵحەکان بوون! دز و جەردە و ڕێگرو پیاو کوژەکانی بە دەگمەن دەکوشت.!

هۆکارێکی تری ئەو بووژانەوەیە داهێنانی چاپەمەنی بوو گۆتنبیرگی ئەڵمانی لەسەدەی پانزەهەمدا توانی ئامێری چاپکردن دروست بکات، کە بە هۆیە ئەو کتێب و بڵاو کراوانەی کە پێشتر بەدەست دەنووسرانەوە و کات و تێچوونێکی زۆی دەویست خێراتر و هەرزانتر بکات و، ئیدی بیروباوەڕەکانی یەکسانی و سەربەستی و عەلمانییەت (جیاکردنەوەی دەوڵەت لە ئایین) و گرنگی بەکارهێنانی عەقڵ و پەیرەوی زانستی بەخێرایی هەموو ئەورووپای تەنییەوە و ڕۆڵی کەنیسەو پیاوانی ئایینی بۆ هەتا هەتایە چووە ڕیزەکانی دواوە.

لەسەدەکانی ناوەڕاستدا تەنیا زمان کەزمانی ئایین و نووسین و هەموو ئەو بابەتانەی کە ئەو کاتە ناونیشانی مەعریفەتیان هەبوو لاتینی بوون، ئەوانەشی کەلاتینیان دەزانی پیاوانی ئایینی بوون کە ڕاڤەکردنی دەقە موقەدەسەکانیان پاوان کردبوو. دیارە بە مەرامی دڵی خۆیان و بەرژەوەندی دونیایی خۆیان دەیان ئاخنیە مێشکی عەوامەوە، کە بە گشتی نەخوێندەوار بوون لە زمانی دایکی خۆیان هیچ زمانێکی دیکەیان نەدەزانی، بەتایبەتیش لاتینی کەزمانی خوێندنەوە و نووسین بوو. بۆیە وەرگێرانی دەقە ئایینییەکان و کتێبە زانستییەکانی ئەو سەردەمە بۆ زمانە ناوچەیییەکان وەکو ئیتاڵی و فەرەنسی و ئەڵمانی و ئینگلیزی وای کرد کە خەڵکێکی زۆر ئاگاداری ئەو نووسینانە بن و بیانخوێننەوە و خۆیان بە دوور لە کاریگەری پیاوانی ئایینی لە ڕاستییەکان بگەن و زانیارییەکان وەربگرن. بزاڤی وەرگێران لە لاتینییەوە بۆ زمانە خۆجێیییەکان وای کرد ئەو موجەلەدە گەورانەی کە لە کەنیسەکان تۆزیان لەسەر نیشتبوو بە دەگمەن دەستیان بۆ دەبرا، چوونکە بەزمانی یۆنانی بوون کەس نەیدەتوانی بیانخوێنێتەوە. ئیتر لەبەردەستی هەموو خەڵکدا بێت و بتوانن سوود لە زانیارییەکانی ناویان وەربگرن و بیکەنە بنەما بەتایبەتی لەلایەن خوێندکار و ئەوانەی کە توێژینەوە دەکەن بۆ بنیاتنانی زانست هونەر و مەعریفەتێکی پیشکەوتو تر.
هۆیەکی تری سەرهەڵدانی ڕینەیسانس جەنگەکانی خاچ پەرستان بوو کە ژمارەیەکی زۆر لە دەرەبەگەکانی تێدا بەشداربوو، کوژران. دواتر هەندێک لە دەرەبەگەکان وازیان لە موڵک داری هێنا و خەریکی بازرگانی بوون، بۆیە جووتیارەکان ئازاد بوون. چونکە پێشتر دەرەبەگ خاوەنی زەوی و جووتیارەکانیش بوو. ئەو ژمارە کەمەیشی کەمایەوە بەرگەی گۆڕانکاریە بنەڕەتییەکانی کۆمەڵایەتی و ئابووری و فەرهەنگی و سیاسی ڕینەیسانسیان نەگرت و لەناو چوون.

شۆڕشی فیکری لە تەجەلا سەرەکییەکانی ڕینەیسانسی ئەورووپی بوو، ئەو کلتوری بە ئامانجی گونجاندی لەگەڵ حازردا زیندوو دەکردەوە، ئایینی لە خراپ ڕاڤەکردنی پیاوانی ئایینی سوودمەند لە ئایین ڕزگار کردوو وای کرد، کە ببێت بە ئامرازێک بۆ ئارامی بەخشین بە ئیماندار کاتێک کە پێوستی بە ئارامییەکی ڕۆحی دەبێت. دەتوانین بڵێین ئەوان ئایینییان ئیلغا نەکرد، بەڵکوو لە کۆت و زنجیری پیاوانی لاهوت کە بۆ بەرژەوەندی دونیایی خۆی بەکاریان دەهێنا ڕزگاریان کرد.

وەکو لای سەرەوە باسمان کرد نموونەی بەرەنگاربوونەوەی پسوڵەی لێبوردن لەلایەن ئوستادی لاهوت مارتن لوثەرەوە یەکێک بوو لەو دەرکەوتە ڕەنگینانەی ئەو بووژانەوەیە. بۆیە بەڕاستی دەتوانرێت ناو ببرێت بە بزاڤی زیندوو کردنەوەی زانیارییەکان ئەو دەمە، ڕۆشنبیرەکان سەرقاڵی جێماو و ئاسەوارەکانی ئەدەب و هونەری یۆنانی و ڕۆمانی کۆن بوون و، لێکۆڵینەوەیان لەسەر دەکرد و، سوودیان لێ دەبینی. ئەوانەی بەم لێکۆڵینەوانەوە خەریک بوون پێیان دەگوترا ئینسانییەکان، چونکە ئەوان گرنگیان بە توێژینەوە لەسەر ئینسان خۆی دەدا، ئەوەش لە مێژووی مرۆڤایەتیدا شتێکی نوێ بوو. چونکە لەسەدەکانی ناوەڕاستدا ئینسان خۆی گرنگ نەبوو، تەنیا گرنگی دەردرا بە پاکی ڕۆح بۆ نزیک بوونەوە لە خودا،کە دەیکردە نوێژ و ڕۆژو و برسێتی و بە کەمێکی زۆر کەم قانع بوون، واتا هەوڵنەدان بۆ باشکردنی ژیانی سەر زەمین بە هیوای پاداشتی ئەوە دونیا. نموونە بۆ ئەوە: نەدەبوو قەشەکان ژن بهێنن بۆ ئەوەی لە لەزەتەکانی دونیا بە دوور بن. دەبوو ئەدەب و هونەرە جوانەکان وەکو وێنەکێشان و پەیکەرسازی بە دوور بێت لە مرۆڤ و لە خزمەتی لاهوتدا بێت. دەتوانین بڵێین ئامانجی بزووتنەوەی ئینسانی (مرۆیی) ئەوە بوو کە مرۆڤ خەریکی لێکۆڵینەوە لەسەر خۆی بێت، بەدەر لە بیر و باوەڕ و ئیعتیقادی ئایینی دەوروبەری. لایەنگرانی بزووتنەوەی ئینسانی دەیان گوت دەبێت مرۆڤ باوەڕی بە خۆی و بە گەورەیی تواناکانی خۆی بۆ گۆران هەبێت.
ئەوان دەیان گووت: ئینسان دەبێت هونەرمەند بێت، فەیلەسووف بێت، ئەخلاقی بێت، سیاسی بێت و حەزی لە فێربوون و گەران بەدوای ناو و شۆرەتدا بێت و لە ئەدەبەکەی و هونەرەکەیدا داهێنەر بێت. بە واتا مرۆڤێک بێت پر لە هەستی مرۆڤایەتی و شوعلەیەک بێت لە چالاکی و خۆ سەلماندن، ئەوەش ڕێک پێچەوانەی تێڕوانینی سەدەکانی ناوەڕاست بوو بۆ مرۆڤ.

پیترارکا فەیلەسووف و شاعیری گۆرانی کەبەیەکەمین سەرکردەی ئەو بزووتنەوەیە و بە باوکی مرۆڤایەتی دادەنرێت دەڵێت: (دەبێت مرۆڤ بە پلەی یەکەم گرنگی بە ژیانی سەر زەوی بدات ژیانی دوایی واتا پاش مردن بیر و هۆشی داگیر نەکات). دەکرێت بڵێین ئەوە فەلسەفەی قۆناغی نوێی ڕینەیسانس بوو کە بوو بە پەیڕەوێک هەموو ئەورووپای گرتەوەو لەبری چاوەڕوانی ژیانی خۆشی دوای مردن ژیانی سەر زەوییان بە زانست پیش خست. ئەو زۆر بە ڕاشکاویی و بەتوندی ڕەخنەی لە کەنیسە گرت و ئاواتی خواست کە گەلی ئیتاڵیا سەرکردایەتی جیهان بەرەو فەلسەفەیەکی نوێ بکات.

لە سەرەتای سەردەمی ڕینەیسانسەوە ئەدەب دەستی بە گەشانەوە کرد، ئەوان بە لاسایی کردنەوەی نەریتی ئەدەبی کۆن قەسیدە و نامەکانی خۆشەویستیان دەنووسی داستان و کارەسات و لاواندنەوەیان بۆ لەدەستدانی ئازیزان بە جوانی شێواز و هەڵبژاردنی جوانی وشەکان دەنووسی بە واتایەکی تر پەنایان بۆ دەستەواژە ئەدەبییە لاتینی گریکیەکان دەبرد، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بۆنێکی نوێتر لە بەرهەمەکانیان دەهات. ئەم ئەدەبە بەوە ناسرابوو کە چێژ و کاتی خۆش بەسەر بردنی بە خوێنەر دەبەخشی، گرنگی نە دەدا بە فێر کردن و وەعزدانی (ئیشارەتە بۆ ئەدەبی سەردەمی سەدەکانی ناوەڕاست کە وەعزو ئیرشادی ئایینی بوو، واتا وشک بوو تەنیا فێرکردن بوو). ئەدیبەکانی ڕینەسانس گرنگیەکی زۆریان بە شانۆ دا شانۆی خۆشی بەخش و خەم بەخش ( مأساة و ملهاة) کەجێگەی شانۆی ئایینی کە لە ئاکارەکانی ئەدەبی سەدەکانی ناوەڕاست بوو گرتەوە.

واقیعی و نزیکتر بوو لە عاتیفەی ڕاستیی مرۆڤەوە. بەو شێوەیە ئەدەب بوو بە گوزارەش لە کەسایەتی ئەدیب و گەلەکەی واتا نزیک بوو لە خۆشی و ناخۆشی ئینسان گەلێکەوە کەلە سنوورێکی جوگرافی و ئەتینیکی دیاری کراودا گوزەرانیان دەکرد. ئەدیبە ئیتاڵییەکان ڕابەری ئەو ڕێبازە بوون دەستیان تێدا باڵاتر بوو لە ئەدیبانی ئەو سەردەمەی ئەورووپادا. بەڵام لە فەرەنسا ئاراستەی ئەدیبان بەرەو داهێنان لە پەخشاندا زیاتر بوو، ئەوەش لە چیرۆکەکان و یاداشتەکان و شیکاری یە دەروونییەکاندا چڕ دەبووەوە. لە بەریتانیا شانۆی سەرکێشییەکان (مغامرات) و ڕوداوە چاوەڕوان نەکراوەکان و شیکاری مرۆڤ لە ئاکارەکانیدا ڕەنگی دایەوە. لە ئیسپانیا گرنگی درا بە ئەدەبی سوارچاکیی و ئەو خەسڵەت و پێوەرە ئەخلاقییە بەرزانەی کە سوارچاک دەبوو پابەندی بێت.

لە بواری هونەریدا: ڕۆحی ڕینەیسانس بە جوانترین شیوە لە هونەرە جوانەکاندا بەرجەستە بوو، دەتوانین بڵێین کە ئیتاڵیا لانکەی سەرەکی ئەو ڕابوونە هونەرییە بوو هەر لەسەدەی پانزەهەمەوە لەوێ بە گرنگی دان بە هونەری کلاسیکی کۆن دەستی پێکرد. لە سەرەتاکانی سەدەی شازدەیەمەوە هەندێک لە هونەرمەندان تۆزی بیر چوونەوەیان لەسەر جوانی کارە هونەرییە کۆنەکان هەڵدایەوەو، دەستیان کرد بە لاسایی کردنەوەیان، وەکو ڕۆحیەت و وەکو گوزارش. بەڵام لاسایی کردنەوەیەکی کوێرانە نا، بەڵکوو بە داهێنانەوە. بە شێوەیەک کەبەرهەمەکانیان کەسایەتی خۆیان و ڕۆحی سەردەمەکەی خۆیان کەتیا دەژین بنوێنێت. بابەتی سەرەکی هونەر مرۆڤ بوو گرنگیان بەجوانی لەش و هێزی و تواناکانی دا. جوانی مرۆڤیان پیشان دەدا کچەکانیان بێ پۆشاک وێنە دەکێشا. ئەوەش ئاماژەیەک بوو کە ئەوان هونەریان لە ژێر دەسەڵاتی کەهەنوت کە قاڵبێکی دیاری بۆ وێنە کێشان بۆ داڕشتبوون دەبوو لە چوارچێوەیدا بمێننەوە، دەرهێنا. هونەر بوو بە گوزارشتێکی سەربەست لە ئەقڵی هونەرمەند و عەبقەریەتی ئەو ئەقڵە و هیچی دیکە.

شارەکانی ئیتاڵیا ڕۆڵی بەرچاویان بینی لەپێناوی پێشکەوتنی هونەرەکاندا، خۆشبەختانە حاکمەکانیان پێشبڕکێیان دەکرد لە سپۆنسەریی هونەرمەندان و هەریەکەیان دەیویست خۆی ببێت بە خاوەنی جوانترین و بەها دار ترین کۆمەڵەی هونەری بەرز بەتایبەتی وینەو پەیکەرتاشین. ڕۆما لەوەدا پشکی شێری بەر کەوت لەو شارە بەو گوڕو نیازە هانی هونەرمەندان دەدرا و باربویان دەکرا و ڕێزیان لێ دەگیرا، کە بیکەن بە میحرابی هونەرەکەیان. ڕۆما هەر لە کۆنەوە لانکەی هونەر بووە بۆیە هونەرمەندانی سەردەمی ڕینەیسانس ڕابوردوویەکی هونەریان لەبەر دەستدا بوو، کە ئیلهامی لێوەرگرن و تێکەڵ بە فیکری حازری بکەن، بۆ ئەوەی لە هەمان کاتدا کە لە جوانی ئەو ڕابردووە سوود وەردەگرن، بەو فیکرەی خۆیان داهێنانی تێدا بکەن. لەسەر دەمی هەردوو پاپا گولی دووەم و لیۆی دەیەم کە سەر بە خانەوادەی میدچی بوون کۆشکی ڤاتیکان بە شێوەیەکی عەبقەریانە بە وێنە ڕازێنرایەوە.
دەڵێن: هەندێک لە پاپاکانی سەردەمی ڕینەیسانس لە هەوڵی دامەزراندنی دەوڵەتێکی عەلمانیدا بوون، ئەورووپییە باکوورییەکان هەستیان کردبوو کە ئەو پاپایانە وەکو میرەکان هەڵسوکەوت دەکەن. بەڕای ئەوان دەیانویست دەسەڵاتی دونیایان لەسەر حیسابی گرنگیدانیان بە ژیانی ڕۆحی و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی دونیای مەسیحی برەو پێبدەن. دیارە گومانەکانیان لە جێگەی خۆی دابووە، هەر لە ڕۆما وانەبوو لە میلان و لە فلورەنسەش هەمان شیوە ماڵەکەی لورنزو دی میدیچی گەورە دەوڵەمەندی ئەوێ، وەکو ئەکادیمیایەکی هونەری لێ هاتبوو. هونەرمەندان لیۆنارد دافینچی و مایکل ئەنجلۆ و ڕفائیل سەردانیان دەکرد، ئەو هونەرمەندانە تابلۆکانیان بە ڕۆحێکی ئینسانی دنیایی مامەڵە دەکرد و گەیشتن ببە کەمالی هونەری، وەکو گرنگی پیدانیان بە پلەی یەکەم دەهات. هەرچی دەربڕینی ئایینییە کەوتبووە ڕیزەکانی دواوە، بەرهەمەکانیان جوانی ڕوکارو لەش و لاریان پیشان دەدا و، گرنگیان بە هەستی مرۆڤانە لەبری مکور بوون لە پیشاندانی شکۆی ئاینی و سامی کاریزماو ڕەقی دەربڕینەکان لە وێنەکانی کەسەکاندا، وەکو لە هونەری وێنەکێشان و پەیکەرسازی سەدەکانی ناوەڕاست باو بوو. بۆ نموونە وێنەی بزەکەی مۆنالیزا ی هونەرمەند لیۆناردو دافینچی و پەیکەری (دێڤید) ی مایکل ئەنجلۆ کە بەڕووتی دروستی کردووە ڕونترین بەڵگەی تێڕوانینی هونەرمەندانی سەردەمی ڕینەیسانسە بۆ ئەو قسەیەی لای سەرەوەمان.

لەسەدەکانی ناوەڕاستدا ژیانی زانستی وەیان بیرکردنەوەی زانستی نەدەبوو لە چوارچێوەی موقەدەسی کەنیسەدا زیاتر هەنگاو بنێت. دۆزینەوە و داهێنانە زانستییەکان دەگمەن بوون ئەوانەی کە سەرقاڵی ئەو بوارە بوون نەیاندەتوانی وەکو تاک بیر بکەنەوە ،واتا دوور لەبیرکردنەوەی جەمعی موبارەک کە کەنیسەو پیاوەکانی لاهوت ڕابەرایەتیان دەکرد. دەبوو باوەڕی تەواویان بەوەی کە باپیرانیان گوتوبویان و بە ڕێنمایییەکانی پیاوانی لاهوت کەلەسەری پەروەردە بووبوون هەبێت. دەبوو زانست ڕەزامەندی و موبارەک بایی کەنیسەی لەسەر ببووایە هەندێک لە پاپاکان زۆر بەتوندی بەرەنگاری هەر لێکۆڵینەوەیەکی زانستی دەبوونەوە، ئەگەر پێچەوانەی لێکۆڵینەوە ئایینییەکە ببووایە. بۆ نموونە قسەکەی ئەرستۆ کە پێش زاین کردبووی گوایا زەوی جێگیرە و کەون بە دەوریدا دەخولێتەوە، بووبوو بە یەکێک لە کۆڵەکە موقەدەسەکانی لاهوتی مەسیحی، وەکو هەقیقەتێکی موتلەق سەیری دەکرا. تا زانای فەلەکناس کوبرنیکوس ئەو هەقیقەتەی لەڕێگەی زانستەوە هەڵوەشاندەوە و دواتر گالیلۆی لەسەری موحاکەمە کرا. لەژێر فشاری حوکمی توندی کەنیسەدا دۆستانی لە ڕا کەی پەشیمانیان کردەوە، کە بڵێ من هەڵە بووم. بەڵام کەلە دادگا دێتە دەرەوە بە نووکی گۆچانەکەی لە زەوی دەدا و دەڵێت هەر دەخولێتەوە واتا زەوی جێگیر یان مەرکەزی کەون نییە. شایەنی ئاماژەیە لەم ساڵانەی دوایدا واتا سەدەی بیست و یەکەمین کەنیسەی کاثۆلیکی ئیعتیباری بۆ گالیلۆ گەراندەوەو داوای لێبوردنی لێ کرد، چوونکە زانست سەلماندی کە کەنیسە نەوەک گالیلۆ کەهەڵەبووە. دیارە پاپا بە گوێی ئەو وتە عەرەبییەی لەوەدا کردووە کە دەڵێت ( الأعتراف بالخطأ فضیلة) واتا داننان بە هەڵەی خۆتدا کارێکی باشە.

ئەوەی کە یارمەتی کارابوونی دۆزینەوە زانستییەکانیدا جارێکی کە پەردە لەسەر لابردنی دەقە کۆنەکان و داهێنانی چاپ کە یارمەتی بڵاو بوونەوەی زانیاری و فکری بە شێوەیەکی خێرا و بەربڵاو دا دەڵێن: لەو سەدەمەدا زانست و هونەر بە شێوەیەکی سەرنج ڕاکێش ئاوێتە بووبوون، هونەرمەندەکان ڕۆشنبیر بوون لیۆنارد داڤینچی وێنەی سەرنج ڕاکیشی لەسەر سروشت و توێکاری دەکێشا، تاقی کردنەوەی سەرکەوتووی لەسەر توێکاری پزیشکی و دینامیکیەتی هەواو، هەروەها بنەماکانی شێوازەکانی لێکۆڵینەوەی داڕشت. بۆیە نووسەر و فیزیایی نەمساوی (فریتوف کابرا 1939 لە نەمسا لە دایک بووە)ناوی لێ دەنێت باوکی زانستی نوێ. لە بواری جوگرافیا و دۆزینەوەکانیدا کریستوفەر کۆلومبوس جیهانی نوێی دۆزییەوە کەپێشتر کەس نەیدەزانی هەیە، هەر لەسەدەمی ڕینەیسانسەوە بزاڤی گومان لە هەموو هەقیقەتە کۆنەکان دەستی پێکردوو، ئیدی بەدوای وەڵامی نوێدا بۆ هەموو پرسەکان دەگەڕان. هەرچەندە ئەو سەردەمە دۆزینەوەیەکی زانستی بەو واتایەی ئێستا نەبوو، بەڵام دەستپێکی گرنگ و دەروازەیەکی گەورە بوو کەلەسەر توێژینەوەی زانستی کرایەوە لەبەر دوو هۆ:

یەکەم/ بە وەلاخستنی دەور و تەئسیری پیاوانی لاهوت لەسەر زانست.
دووەم/ دۆزینەوەی پەیرەوی زانستی لە لێکۆڵینەوەدا و گرنگی دان بە ماتماتیک کەبوون بە بەردی بناغەی فەلەکناسی وەکو زانست و فیزیا و زیندەوەر زانی و زانستی توێکاری.

بۆ نموونە (فرانس بیکۆن) بیرمەندی ئینگلیزی ئەو سەردەمە کە سەر بە پەیرەوی تاقیگەری (تجریبی)بوو دەیگوت: ( ئەگەر مرۆڤ بە دڵنیایی دەست پێبکات بە گومان کۆتایی پێدێت، بەڵام ئەگەر بە گومان دەست پێبکا بە دڵنیایی کۆتایی پێدێت).

الدکتور نورالدين حاطوم….. تأریخ عصر النهضة الأوروبية
لويس عوض…………. ثورة الفكر في عصر النهضة الأوروبية
محمد بن حماد فرنس بیکون …….دوانەیی گومان و یەقین
کیث پاوند….. لماذا ساد العري في رسومات فناني “عصر النهضة”… وهل يعود لأسباب دينية أم شهوانية؟
بيتر وليندا موري…… فن عصر النهضة

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت