سەرکۆ یونس: سوتانی لەوەڕگاکان و سەرنجێک.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەرێمی کوردستان جگەلە دەشتە بەپیتەکانی و چیاسەرکەشەکانی خاوەنی سەدان هێکتار پووش و پاوان و لەوەرگایە کە بەهاکەی بە ملێونان دۆلار دەخەمڵێنرێت.
بەداخەوە لەوەڕگاکانی کوردستان هەر لەگەڵ هاتنی وەرزی هاوین و بەرزبونەوەی پلەکانی گەرما بەشێکی زۆری ئەم پووش و پاوان و لەوەڕگایانە بەدەستی ئەنقەست و بەهەڵەی ڕێبواران و گەشتیاران و هەندێ جار بەهۆی تۆپبارانکردنی هەریەکە لەسوپای ئێران و تورکیا بۆ ناوچە سنورییەکان بەشێکی زۆری ئەم سەرمایە نیشتیمانییە دەسوتێت و لەناودەچن.
سووتانی لەوەڕگاکان تەنها لەدەستدانی بەهای ئابوری نی یە، بەڵکو لێرەوە لەوێ دەبینین سەدان ئاژەڵی کێوی و باڵندەی کوێستانەکان دەسوتێن و ماڵ و لانەیان لێ تێک دەچێت و ژینگەی کوردستان لەناو دوكەڵ و تەپوتۆزدا خول دەخوات و بەسەدان داری سروشتی بەرهەمدار بەتایبەت دارەبەن بۆ بەرهەمهێنانی بنێشتی کوردی کەبەهاکەی بەرز دەنرخێنرێت. بەمەش جارێکی تر ئابوری هەرێم توشی زیانێکی تر دەبێت.
خۆشبەختانە تاڕادەیەک هۆشیاری تاک و کۆمەڵگای کوردی لەهەمبەر ژینگە و لەوەرگاکان بەرەو پێش چووە و کۆمەڵگای کوردی هەنگاوی باشی بڕیوە لەم بارەیەوە، بەڵام هێشتا نەگەشتوینەتە ئاستی بەرزی هۆشیاری بەرامبەر ژینگە و پووش و پاوان و لەوەرگاکان.
جێگای دەستخۆشی سوپاس کردنی لایەنەپەیوەندیدارەکانی تایبەت بە بەرگری شارستانی و پۆلیسی دارستان و ژینگە کە بەردەوامن لە چالاکی و بەهاناوەچوونی سووتانی لەوەرگاکان و ڕۆژانە لەدەڤەرەکانی کوردستان چالاکییەکانیان دەبینین. بەڵام بەداخەوە تێبینی ئەوە دەکەین بەشێکی زۆری چالاکییەکان بە کەرەستەی سادە وساکاری سەرەتایی ئەنجام دەدرێت کە زۆربەی جار بەداخەوە دەبێتە هۆی برینداربونی کارمەندان.
ئەوەی لێرەدا گرنگە پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکانی بواری ژینگەو گەشتوگوزار و کشتوکاڵ هۆشیاری ئابوری و ژینگەیی و گەشتیاری بڵاو بکەنەوە بەتایبەت بۆ گوندنیشینانی خۆشەویست و گەشتیاران و هەروەها لە ناوەندەکانی خوێندن خول و چالاکی هۆشیاری بڵاوبکرێنەوە.
ئەگەر بتوانرێت لەپێش وادەی ووشک بونی لەوەڕگاو پاوانەکان بەشێوەیەکی زانستی ئاگر بڕ بکرێت بۆئەوەی تاڕادەیەک زەرەرو زیانەکان کەمبکرێنەوە و بێ گومان کاریگەری باشی دەبێت لەسەر کەمکردنەوەی ڕووبەری سووتاوی لەدەست دەرچوو.
بەداخەوە ئامارەکانی ئەمساڵی لایەنەپەیوەندیدارەکان ئاماژە بەسوتانی سەدان هێکتار پووش و پاوان و لەوەرگا دەکرێت کە جێگای داخە و زەرەروزیانەکانیش بەبەهای بەرز ئەخەمڵێنرێن.
لەکۆتایدا بەداخەوە کوردستان هەر سروشتەکەی بە جوانی و بێ دەستکاری ماوەتەوە وا خەریکە ئەویش تێک دەدرێت!

* ئابوریناس

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت