سەرکەوتی جیهاز: کۆمەڵەی پێشمەرگە دێڕینەکان و بەرپرسیاریەتی.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

کاتێک نەتەوەیەک لە خاک و ئاو و زمان و نەخشەی بێ بەش دەکرێ و مەحکوم دەبێت بە شۆڕش، ئەو کات زۆربەی بەرپرسیاریەتی دەکەوێتە ئەستۆی سەرکردایەتی کردن و پلانی ئەو سەرکردایەتیە بۆ ڕوبەڕوبونەوە، هەر لە سەرەتای هەڵگیرسانی شۆڕشەوە دەبێتە سەرەتایەکی مێژویی و مێژویەکی نوێ دروست دەبێت، هەمو ڕوداوەکانی ناو ئەم شۆڕشە پێویستی بە دیکۆمێنتاری کردنیەتی تا بتوانرێ ئەو مێژوە وەک خۆی بنوسرێتەوە، کە لە ئێستادا ئاوڕ لەو مێژوە بدەیتەوە دیکۆمێنتە کۆنکریەتیەکان ببنە بەڵگەی حاشا هەڵنەگری بون و چالاکی ئەو شۆڕشە.
لە کوردستانی خۆماندا شۆڕش لە ناو ململانێیەکی قورسی بەریەککەوتنی نەوەکانی شۆڕش هەبو، جگە لە ڕوبەڕو بونەوەی دوژمنێکی سەرەکی و چەندان دوژمنی تر، کە ئەم دوژمنانە بەدەر لە هێزی زەبەلاحی سەربازی خاوەن سەدان سیناریۆی جیاوازو پشگیری ولاتانی زلهێز، بۆ ئەوەی بتوانێت لە ناو ڕیزەکانی شۆڕشدا چاندنی هەبێت لە ڕێگەی ئەم خانە نهێنیانەی ناو شۆڕشەوە کاری لەسەر تیرۆرکردن و تێکدانی بەرەکان و ڕیزەکانی شۆڕش کردوە، ئەرشیفی ئەم ڕوداوانە بە پلەی سەرەکی نوسراو و بینین و کارئەکتەری ناو ڕوداوەکان بوە کە ئەگەر ئەمانە کۆبکرێتەوە دەبێتە ئەرشفێکی گەورەی کۆنکرێتی ئەو شۆڕشە.
هەر لە سەرەتای چالاکیەکانی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانەوە تا پێکهێنانی هەر چوار دەستەڵاتەکە تا ئەم ساتە وەختەش ئەم شۆڕشە نەیتوانیوە کۆی نوسرا و دیکۆمێنتەکانی شۆڕشی شاخ بە هەمو حیزبەکانەوە بخاتە ژێر لێکۆڵینەوەی زانستی هەمە لایەنەوە، ئەوەی کە کراوە کەسەکان لە دیدی خۆی و ئەوەی بینیویەتی وەک حیکایەتخوان دەیگێڕێتەوە، شۆڕشی نوێ بە تایبەت یەکێتی نیشتمانی لە شاخدا خاوەنی دیکۆمێنتاریەکی گەورە نیە کە بتوانین دراساتی لەسەر بکەین، ئەوەی هەیە نوسینی هەندێ لە کارئەکتەرەکان و گێڕانەوەکان نەبێت، بۆ نمونە، ئەگەر هێرشێک کرا بێت لە لایەن دوژمنەوە و ڕوبەڕوبونەوە دروست بوبێ لە لایەن پێشمەرگەوە، ئەم شۆڕشە نەیتوانیوە بە نوسراوی فەرمی کات و شوێنی ڕوداوەکان و شەڕەکە و چەند پێشمەرەگە بەشداری کردوە و ناوەکانیان لەگەڵ چۆنیەتی هێرشەکە و ڕوبەڕوبونەوەی هێزی پێشمەرگە لە ڕوەکانی سەربازی و جوگرافی و کەرەستەی جەنگی و چەندایەتی هێز و سیناریۆ سەربازیەکان و …هتد، بنوسرێ و ئێستە ببێتە دیکۆمێنتی شەڕەکان، ئەوەشی هەیە کە هەر کەسێک لە ڕوانگەی خۆیەوە دێت ئەم مێژوە دەگێڕێتەوە و زۆر کات کارئەکتەرەکانی ناو ئەم گێڕانەوەیانە دژی یەکتر دەوەستنەوە و یەکتر بە درۆ دەخەنەوە.
لە ئێستادا ئەوەی هەیە کە زۆر دەوڵەمەندە بابەتە دیکۆمێنتارەکانی کاک نەوشیروانە، کە هەموی فەرمان و ژمارە و بەراوری لەسەرە ئیتر بە کتێبەکەی سەلاح ڕەشیدەوە لەسەر مام جەلال هەموی گێرانەوەیە وەک حیکایەتخوانی وبینینی ڕوداوەکان لە نزیکەوە، کە ئەم جۆرە لە مۆدێل ئێستە زۆرێک لە پێشمەرگەکانی گرتوەتەوە و خەریکی یاداشت نوسینن، ئەگەر چی ئەمە لە دنیادا بونی هەیە، مادام شۆڕش خۆی خاوەنی ئەرشفی کۆنکرێتی نیە ، ئەوا ئەم گێڕانەوەیانە دەبێتە دیکۆمێنتی ڕوداوەکان و کارێکی باشە.
بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە تا ئێشتا لایەنێک نەهاتوە هەمو ئەم کتێبانە کۆبکاتەوە و بە شێوەیەکی زانستی بیانکاتە دیکۆمێنتی شۆڕشێکی گەورە، بە داخەوە کە دەبو کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکان هەڵبسایە بەم کارە و لە گەڵ بەشی مێژوی زانکۆکاندا کۆی نوسراوەکانیان بخستایەتە ژێر لێکۆڵینەوەیەکی زانستی و ئەرشف بکرایە، وەک تاکە سەرچاوەی باوەڕپێکراوی زانستی شۆڕشی نوێ.
لە غیابی ئەم نەبونی دیکۆمێنتاریەدا و هەست نەکردن بە بەرپرسیاریەتی گەورەی کۆمەڵی پێشمەرگە دێرینەکان، کۆمەڵێک جاشی خیانەتکار بە شۆڕش و مەفرەزە خاسە، ئێستە لە ژێر ناوی خواستراو و پەیجی ساختەدا کار لەسەر بە ساختەکردنی ئەرشفی شۆڕش دەکەن ، ئەگەر چی ئەمانە کارێکیان کردوە شۆڕش وێنەیەکی ناشیرینی بەرهەمهیناوە، بەڵام مێژو جیاوازە و دەبێ کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکان بە ئەرکی خۆی بزانێ ڕوبەڕوی ئەم ساختەکردنی شۆڕشە ببێتەوە، ئەگەر نا دەتوانن بە ساختە وا بکەن کە ئاسۆی قومریەکان و شەماڵەکان پیاو چاک و شۆڕشگێڕ بون و لێک جیا نەکرێتەوە، وە وا وێنا بکرێت ئەوە ئەوانەن کە لەسەنگەری شەرفدا شەهید بون، پێشمەرگەیە خیانەت کار بوە بۆیە ئاسۆی قورمریەکان بون بە بەعسی.
لێرەوە بە زوترین کات دەبێت کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکان و حکومەت و پەرلەمان و دادوەری بێنە سەر خەت و نەهێڵن ئەم ساختەکاریە هەقیقەتەکان بشێوێنێ.