بەهرۆز جەعفەر: چەمچەماڵ، وەک کلیلی چارەسەریی پرسی کورد لە عێراق.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

دروستکردنی سیاسەتی گشتی بەبێ خوێندنەوەو ڕەچاو نەکردنی قووڵایی ستراتیژیی هەڵەیە. بۆ نمونە تیۆرەکەی « دەیڤید ئیستن» بۆ دروستکردنی سیاسەتی گشتی وڵات، سێ بازنەیە:
بازنەی یەکەم/ کۆمەڵێ داخوازی و ڕاسپاردەو پێشنیاری تێ ئەکرێت پێی ئەڵێن (مدخلات- Input).
بازنەی دووەم/ ئەو بڕیارو پێشنیارانە تەتەڵە ئەکات.
بازنەی سێهەم/ (مخرجات- Output) ـە کە تیایدا کارو پرۆژەو خزموتگوزاریی جۆراوجۆر پێشکەش ئەکرێ و جێبەجێ ئەکرێت.
ئێ، بەڵام کە تۆ پێشنیاری هەڵەو قسەو قسەڵۆک بکەیتە بازنەی یەکەمەوە، کە چواردەوری شارەکە بکەیتە سەربازگە، کە ڕێگە بدەی بازرگانە چاوچنۆکەکان تەرەقە بهێننە ناوەوەی وڵات و مناڵ بیتەقێنێ، کە خەڵک لە لادێکان بهێنیتەوە لە شار بیکەیتە چەکدار، بێگومان لە بازنەی کۆتاییدا ئەوەت ئەداتێ کە لە بازنەی یەکەمدا تێت کردوە.

چەمچەماڵ و ئاماژە مێژووییەکان
کورد لە چەندین ڕووەوە کارا بوە لە بونیادنانی شارستانیەتی سۆمەرو بابلیدا کە مێژووەکەی ئەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە (5000 پ.ز). جگە لەوەش پێش ئەو مێژووە بونی خواوەندی دایک میدرا یان میترا هێمای باڵای سۆمەر و بابل بونە.
بەڵگەش بۆ ئەمە کشتوکاڵ و دانەوێڵە کە بە وەرچەرخانێکی بابەتی و جۆریی گەورە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا دائەنرێت، یەکەمجار لە ڕۆژهەڵاتدا دۆزراوەتەوەو بە شارستانیەتی سۆمەرییەوە لکێنراوە ( من لای خۆمەوە ئەوەندەم بەڵگە هەیە بتوانم بڵێم کورد ئاری نەژاد نییە، بەڵکو سۆمەرە). ئەم شارستانیەتی کشتوکاڵەش لە گوندی چەرموو نزیکی چەمچەماڵ پێش (5000 پ.ز) پێنج هەزار ساڵ پێش زایین بوە. تەنانەت زمانی سۆمەرەکان هەمان ئەو شێوازە لە ئاخاوتن بوە کە لەناوچەی چەمچەماڵ و دەوروبەریدا هەبون. ژن لەم ناوچەیە «ژنی کورد» یەکەمجار پەمووی دۆزییەوە و دواییش تەشی و چنینی دۆزییەوە. تەنانەت پێش سۆشیالیزم «هەرەوەزیی» بە هەزار ساڵ پێش ئەوەی «کارل مارکس» لەدایک بێت لە ناو کوردو لادێکاندا ژیانی بەرە درەو و جووت و جەنجەڕو کاکوت کردن هەبوە.
لێرەدا، دوو بەرئەنجام هەڵئەچنین، یەکەمیان، سەرچاوە مێژووییەکان نیشانی ئەدەن کە زمان و شێوە ئاخاوتنی ڕاستی سۆمەرییەکان ئەو شێوازە لە ئاخاوتن بوە کە ناوچەی چەمچەماڵ پێی دواون، ڕاستی و دروستی ئەمە هەرچیەک بێت، ئەوەیان تەواوە کە بوترێت زمانی ناوچەی چەمچەماڵ و بەرەو خوار بۆ سەنگاو و تا باشوری ڕۆژهەڵاتی کەرکوک زمان و شێوازی ڕاستەقینەی زمانی کوردییە؟. چونکە ئەو شێوازەی کە قسەی پێ ئەکرێت ئەتواندرێ ڕاستەوخۆ پێی بنوسرێ. بۆ نمونە لە هەولێردا (ئەمن لۆ خۆم) نانوسرێت، بەڵکو لە نوسیندا ئەبێت بنوسرێت ( من بۆخۆم). لە سلێمانی دا ئەوترێ (یاومانە) ئەمە لە نوسیندا ئەبێت بنوسرێ (داومانە)… تادوایی.

چەمچەماڵ و پێگەی جیۆ- ئابوریی
قەزاکە (چەمچەماڵ) بەگشتی هەموو ڕەگەزە بنچینەییەکانی جوگرافیای تێدایە، وەکو گردەکان، بانەکان، دۆڵەکان، ڕووبارو دەریاچەکان، سامانی ژێر زەوی، بنەمای جیۆلۆجی و چینە نیشتوو کەڵەگەبوەکان…و…تادوایی. لە باکورەوە زنجیرە چیای دەربەندی بازیان، لە ڕۆژھەڵاتیش ڕوباری باسەڕە، لە ڕۆژئاوا زێ خواروی، و گردەکانی بانی مەقانیش باشوری سنوری جوگرافی چەمچەماڵ دیاری دەکەن.
ئینجا بوونی قەڵایەک لە نێوەڕاستی شارۆچکەکە بەڵگەیەکی دیکەیە لەسەر دێرینی شارۆچکەکە بە تایبەت دوای دۆزینەوەی چەند پارچە ئاسەوارێک کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ساسانییەکان.
بەپێی لیژنەی سامانە سروشتیەکانی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی ( 2015 ) بەدواداچونیان کردووە (بەئاگاداری بەندە) یەدەگی غازی سروشتی چەمچەماڵ لە نێوان (3 بۆ 6) تریلیۆن پێ سێجایە. ئەمەش ڕێژەیەکی زۆر زۆرە، بۆ نمونە تەواوی ئەو یەدەگی غازی سروشتیەی کە هەموو ئەوروپاو تورکیاو ئیسرائیلی وروژاندووە لە دەریای ناوەڕاست و بوەتە مایەی کێشەو ناکۆکی هەرێمایەتی ناگاتە ( 5.3 ) تریلیۆن پێ سێجا.

چەمچەماڵ و پلانی ستراتیجی
پلانی ستراتیجی پێنج بنەمای سەرەکی هەیە کە پێویستە تیایدا رەچاوبکرێت، سەرەکیترینیان بونی داتاو پێدراوی ڕاست و دروستە، هەروەها بنەمای گشتگیرییە.
پێش هەمووشتێک، چەمچەماڵ شادەماری نەتەوەیی کوردستانە؟. چونکە چەمچەماڵ وێڵاشی کەرکوکە، ئەگەر بڕیار بێت کلیلی چارەسەریی مەسەلەی کورد کەرکوک بێت ( وەکو خوالێخۆشبو مام جەلال وتویەتی) ئەوا چەمچەماڵ یەکەم هەنگاوی ئاسایی کردنەوەی دۆخی کەرکوکە، قەزاکە تەنها ( 40 ) کیلۆمەتر لە کەرکوک و ( 60 ) کیلۆمەتر لە سلێمانیەوە دوورە. ژمارەی دانیشتوانی چەمچەماڵ نزیکەی ( 200.000 ) دووسەت هەزار کەسە، بە پێی نەخشەی ژمارەی دانیشتوانی پێشبینیکراوی دەستەی ئاماری سەر بە وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی ھەرێمی کودستان بۆ سالی 2018 لە 170.961 کەس پێک دێت.
لە ڕووی ئیدارییەوە، بە یەکێک لە کۆنترین دامودەزگە میرییەکان دائەنرێت، فەرمانرەاویەتی عوسمانیەکان ساڵی ( 1851 ) کردویانە بە قەزاو قائیمقامیەت هەبوە.
لە ڕووی ڕۆشنبیرییەوە، زۆر ئاماژەی گەورە هەن، یەکێک لەوانە بونی «شاکر فەتاح» بوە وەکو قائیمقام لە شارەکەدا، کە ساڵی ( 1946 ) ڕۆژنامەی «چەمچەماڵ» ی دەرکردوە. شاکر فەتاح لە ڕۆژنامەکانی بانگی کوردستان و ڕۆژی کوردستان و ئومێدی ئیستقلال و بانگی ھەق کاری نوسەری کردوە ، لە لای پیرەمێرد فێری خوێندن و نوسینی کوردی بوە. لەمە زیاتر چی؟. ئێمە وەکو کورد مێژوومان لەڕێگەی ئەمانەوە بۆ ماوەتەوە.
لە ڕووی توانای مرۆییەوە، بە بێ هیچ هاوکارییەکی ئەوتۆ و دەستگرتنێک، بێ ئەوەی حکومەت تەنانەت پاسێک بۆ وەرزشەوانەکانی دابین بکات، یانەی وەرزشی چەمچەماڵ زۆربەی کات لە لوتکەی پاڵەوانی یانە نایابەکانی کوردستاندا بوە بە ئێستاشەوە، لەمدواییە یانەکە لەبەر قەرزاریی گەیشتە ئەوەی دابخرێت بەرپرسی مەڵبەندی ڕێکخستنی(ی. ن. ک) هاوکاری کردن. توانای مرۆیی چەمچەماڵ وەک خوێن وابووە بۆ دڵ لە ڕۆژگارە سەختەکانی بەرەنگاریی و گیانفیداییدا. ئەوەش قەزاکەی والێکراوە ناوبنرێ پایتەختی شەهیدان و ئەنفال.

چەمچەماڵ و کۆرۆنا
کۆرۆنا مێژووی ئەم جیهانەی لە هەموو ڕوویەکەوە کرد بە دوولەتەوە، هێشتاش کۆتایی پێ نەهاتوە.
سەرەتای ئەم مانگی تەمموزی 2020 برایەکم بە ڕێژەیەکی زۆر بەرز توشی کۆرۆنا بو، لەکاتی گەیاندنی بە نەخۆشخانە، کارمەندەکان گوتیان دۆخی زۆر خراپە کەسێکی وەک «مرافق» لە ژوورەوە لەگەڵ بێت (لەگەڵ ئەوەی لەناو نەخۆشخانەی کۆرۆنادا نابێت نەخۆش کەسی لەگەڵ بێت). ئەمە دەرفەتێکی باش بو، بۆ ئەوەی لەپاڵ خەمی چاککردنەوەی نەخۆشەکەدا، وەک لێکۆڵەرێک کنەی تەواوەتی بکەم بە دوای دوو پرسیاردا:
یەکەمیان/ ئایا پزیشکی کورد بەگشتی و پزیشکی چەمچەماڵ لەکوێی ئاستی تێگەیشتن و بەرەو پێشچونە جیهانیەکانن؟.
دووەمیان/ تووشبون و خەمخۆریی لە قەزاکە چۆنە؟ .
لەگەڵ پەیوەندیم لەگەڵ پزیشکانی ئەمریکا، بەریتانیا، قوبرس. هاوکات قسەکردنم لەبارەی دەرمانەکان و ئالیەتی ڕووبەڕووبونەوە. دەرکەوت پزیشکانی کوردیش سەرەڕای ئەوەی هێشتا چارەسەریی فەرمی بۆ نەخۆشیەکە نەدۆزراوەتەوە، ئەمانیش هاوشانی جیهان ئەزمون و تێگەیشتنێکیان بۆ دروستبوە لە ڕووبەڕووبونەوەدا. بۆنمونە تازەترین هۆکاری مردن کەنەخۆشی کۆرۆنا ئەمرێنێ، ئەوەیە تووشی مەیینی خوێن یان دڵۆپ بەستنی خوێنی ئەکاو ئەیمرێنێ (هۆکاری مردنی یاریزانی بەناوبانگی عێراق ئەحمەد ڕازی ئەمەبوە). لە دەرەوەی وڵات و لە چەمچەماڵیش بۆ ڕووبەرووبونەوەی ئەم ئەگەرە دەرزی کلێکسەین (Clexane4000) بەکارئەهات… تادوایی.
خاڵی جیاکەرەوەی چەمچەماڵ لە پرسی کۆرۆنادا، ئەوەیە سەرەڕای تەواوی کەموکورتیەکان لە سیستەمی تەندروستی و حکومڕانی خراپی هەرێمدا، ئاستی کاری خۆبەخشی زۆربو، زۆربەی کارمەندەکان کچ و کوڕی دانەمەزراو بون. لە شارەکانی دیکەو لە وڵاتانی دیکە کارمەند کەمترین جار سەردانی نەخۆش ئەکا، کەمترین پاککردنەوە هەیە، بگرە ناوێرن بچنە ژوورەوە، بەڵام لە نەخۆشخانەی چەمچەماڵ شەش کاتژمێر جارێک پاککردنەوەو سەردانی پزیشک هەبو.

دەرئەنجام
گەنجانی چەمچەماڵ ئەناڵێنن بەدەست بێکارییەوە، قەزاکە خاوەنی هیچ یانەیەکی ئەوتۆی کۆمەڵایەتی و کەلتوریی و پیشەیی نیە. ڕەچاوی ژینگەی ئاوو هەواو ژینگەی پەروەردەیی هاوچەرخ و زانستی تیا نە کراوە، بێگومان ئەمانەش حیزب و حکومەت لێی بەرپرسیارە.
لەلایەکی تریشەوە، ئەو سایکۆلۆجیەتەی شارەکەی وەکو شەڕانگێز و تەق و تۆق وێناکردوە، ڕاستەوخۆ پەیوەستە بەو دۆخە سیاسی و حیزبیەی لە باشوری کوردستان هەیە، کەتیایدا کۆمەڵگەو تاکی ئێمەی فێری تێک بەردان و دووبەرەکی کردوە. ئەمە لە چەمچەماڵ دا ڕەنگدانەوەی بوە. تەنهاوتەنها بەزیادکردنی خزمەتگوزاریی و زیادکردنی بەهاکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و نیشاندانی هۆیەکانی کرانەوەو پێکەوەژیان دەبێت. بەپێچەوانەوە تاک ڕوو بکاتە کوێ ؟. یان بیر لە کۆچ ئەکاتەوە، یان بارەگای حیزبەکان، یان مزگەوت و مامۆستا ئاینیەکان کە ئەوانیش هەندێ جار ئاینداری و خواناسیان بەهەڵە تێ ئەگەیەنن و تووشی پەڕگیریی و توندڕەوی و لادان ئەبن.
ئەکرێت لە چەمچەماڵەوە کاربکرێت بۆ قەرەبوکردنەوەی کەسوکاری ئەنفال لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، کاربکرێت بۆ بە دۆکێۆمێنتکردن و بەجینۆسایدناساندنی لە ئاستی نەتەوەیەکگرتوەکاندا. بۆئەوەی جارێکی تر کارەساتی وا بەسەر کورددا نەیاتەوە.