بەهمەن تاهیر نەریمان: دەسەڵاتدارانی باشوور خەڵک دەکەنە قوربانیی دەسەڵاتی خۆیان.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

کێ قوربانیکەرە و کێ مەڕی قوربانی؟
لە ئاینناسیدا سروت (طقوس-ritual) یەکێکە لە پایە بنچینەییەکانی ئاین، سروت بەرجەستەکەری بەردەوامیی ئاینە، درێژکەرەوەی تەمەنی ئاینە، سرودە ڕۆحییەکان لە سروتدا دەوترێنەوە و جێبەجێدەکرێن، گەر بەشێوەی تاک بوو، پەیوەندیی تاک و دنیای ناکۆتا تۆکمەدەکات، گەر بەشێوەی کۆ بوو، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان تۆکمەدەکات. گەر سروتەکانی ئاین، نەی توانی ئەمە بکات، ئەو ئاینە لەبارگە ڕۆحییەکانی بەتاڵبوەتەوە بارە بەسەر هەوادارەکانیشیەوە.
چیرۆکی ئیبراهیم، لەبەر ئەوەی چیرۆکێکە لە سێ ئاینە-یەکتاپەرستەکەدا ئامادەییەکی بەرچاوی هەیە، بۆیە ئیبراهیمیش وەک ئایکۆنێکی کاریگەر و بەهێز لە ڕاڤەکردنەکاندا ڕووی جۆربەجۆری هەیە. بۆ نمونە چیرۆکی شکاندنی بتەکان؛ خوێندنەوەی فرەڕەهەندی بۆ کراوە. دەکرێت وەک شۆڕشگێڕێک بەرجەستەی بکەین، ویستویەتی شۆڕش بەسەر سیستمی کۆندا بکات، سیستمی نوێ بێنێتەکایەوە. دەکرێت وا بەرجەستەی بکەین قۆناغی ئیبراهیم، سەرهەڵدانی ئەقڵی ئەبستراکتە بەسەر ئەقڵی بەرجەستەکار(لابردنی بتێکی خاوەن پەیکەر، لەجێی ئەو خوایەکی ئەبستراکت دادەنێت)، ئەمەش بازدانی ئەقڵە لە وەرگرتنی زانیاری تەنها لەڕێی هەستەکانەوە، بۆ توانا شاراوەکانی ئەقڵ، ئەو توانایانەی کە پێی وایە سیستم لەناو ئەقڵی مرۆڤدا هەڵکۆڵراوەو دەبێت بیگەینێ و پەییان پێبەرین.
چیرۆکی سەربڕینەکەش؛ چیرۆکێکی ڕەمزیی فرەڕەهەندە، لەم هەلومەرجەی ئێستای کوردستاندا لەم جەژنەی قوربانەدا؛ ڕەنگە لە چەمکی قوربانیی لە نێوان دەسەڵات و خەڵک باشتر بگەین، لە ئێستادا خەڵک قوربانییە و ئەوە دەسەڵاتە خەڵک دەکات بە قوربانیی بۆ مانەوەی خۆی لەسەر کورسییەکەی، ئایکۆنی خەڵکیش دەبێتە مەڕی قوربانی.
لە پەیوەندیی نێوان خەڵک و دەسەڵاتدا، ئەگەر بە چەمکەکانی قوربانیی لێکی بدەینەوە، دەسەڵاتی کوردیی خواوەند نییە و خەڵک مەڕی قوربانیی، بەڵکو دەسەڵات قوربانیکەرە، خەڵک قوربانییە، دەوڵەتانی درواسێ(تورکیا و ئێران)، ئەو خواوەندەن، بۆ ئەوەی لە دەسەڵاتی هەرێم ڕازی ببن، بۆ ئەوەی خەشم و قینیان ئەم دەسەڵاتە سزانەدات، بۆ ئەوەی نەیان خاتە ناو جەهەننەمی بێدەسەڵاتییەوە، دەسەڵاتی کوردی دەبێت قوربانیان بۆ بکەن، مەڕی قوربانییش گەلی بێدەسەڵاتکراوی کوردە. تێگەشتنی دینی بۆ قوربانی، بریتییە لەڕازیکردنی خوا، هەروەها مانایەکی تریشی بۆ ئەوەیە قوربانیکەر، لە قەزاوبەڵا بەدووربێت. قوربانیکەرانی دەسەڵاتی کوردی؛ لەیەککاتدا خواوەندی دەوڵەتی تورکیایی و ئێرانی ڕازی دەکەن، لە هەمان کاتدا، بەو ڕازیکردنە، خۆیان لە قەزاوبەڵای ئەوان دەپارێزن.
هەتا هاوڵاتی ڕازیی بێت ببێتە مەڕی قوربانی، دەسەڵاتی کوردییش بێباکەو لە قوربانیکردنی خۆی بەردەوامدەبێت.
لەم پڕۆسەیەدا، گەلی بەمێگەلکراو، بە حەقیقی سەرنابڕدرێت، بەڵکو قووتی لێدەگیرێتەوە و بەشێکی دەدرێت بە تورکیا و ئێران، بەشێکیشی دەسەڵاتی کوردی خۆی دەی خوات.(ڕێک وەک قوربانیکردنی خۆمان، قوربانیکەر بەشێکی بۆ خۆی لێهەڵدەگرێت، بەشێکی باشیشی لەپێناو خوادا دەبەخشێتەوە).
کاتێک چیرۆکێک بەڕەمزدەکرێت، یەکێک لەو کارانەی بەسەر دەقە چیرۆکییەکەدا دەهێنرێت، بریتییە لە دەسکاریکردنی واتای وشەکان، واتا هەقیقی و فەرهەنگییەکەی لێدەسەنرێتەوە و واتای مەجازیی دەدرێتێ. بۆ نمونە مەڕیی قوربانی دەبێت بە گەل، گۆشتی مەڕەکە دەگۆڕێت بۆ قووتی گەل، دەسەڵاتی خوا دەگۆڕێت بۆ دەسەڵاتی بێگانە، قوربانیکەر دەبێتە دەسەڵاتی کوردی.
تۆ گەلیت، یان دەبێت بە مەڕیی بمێنیتەوە و ببیە قوربانی، یان دەبێت بڵێی من مەڕی قوربانی نیم، من مرۆڤم، چیرۆکەکەی ئیبراهیم، یەکێک لە لێخوێندنەوەکانی، بریتییە لە ڕزگارکردنی مرۆڤ لە بوون بە مەڕ، لەدوای ئەم چیرۆکەوە ئیتر دەبوو قوربانیی لە مرۆڤەوە بگوازرایەتەوە بۆ گیانداران، خەونی چیرۆکەکە پێمان دەڵێت مرۆڤ نابێت لەپێناو خوادا سەرببڕدرێت، ئیتر چ جای ئەوەی لەپێناوی شتی تردا سەرببڕدرێت.
بەپێی چیرۆکەکە، ئیسماعیل، فریادڕەسەکەی خودایە، تۆ ئەگەر چاوەڕێی خواکەی ئیسماعیل دەکەیت ڕزگارت بکات، خودا باکی بەمە نییەو گۆرانکاریی بۆ تۆ جێهێشتوە، نەک بۆ خۆی(إِنَّ اللّهَ لاَ يُغَيِّرُ مَا بِقَوْمٍ حَتَّى يُغَيِّرُواْ مَا بِأَنْفُسِهِمْ [الرعد:11]). ئەگەر چاوەڕێی خواوەندی ئەویتر(داگیرکەر) دەکەیت، ئەوە ئەم خواوەندە، لەسەر بەکۆیلەکردنی ئەویتر دامەزراوە، خواوەندی بەکۆیلەکردنە و خوای فریادڕەسی کۆیلەکان نییە. ئەگەر بەتەمای ئەوەی قوربانیکەر(دەسەڵاتی کوردی) ڕزگارت بکات، ئەوە ئەمە ئەو دژیەکەیە تۆ لەهەناوتدا هەڵت گرتووە، چونکە قوربانیکەر بۆیە تۆ دەکات بە قوربانی تا خۆی بمێنێتەوە، کاتێک ئەویش نامێنێت کە تۆ خۆت لە قوربانیی ڕزگارکرد. تۆ بۆ ئەوەی بەردەوام مەڕی قوربانی نەبیت، دەبێت خۆت خۆت ڕزگاربکەیت، هیچ بوارێکی ترت نییە.
تۆ لەئێستادا لەو شوێنە نیت جەژن بکەیت، مەڕی قوربانی جەژن ناکات، تۆ وەک گەل، جەژنت لەسەر دەکرێت، ئەوە دەسەڵاتی کوردییە جەژن لەسەر لاشەی تۆ دەکات، لە خوای دەسەڵات(ئێران و تورکیا) دەپاڕێتەوە قوربانییەکەی لێقبوڵبکات و پاداشتی مانەوەی لە دەسەڵاتدا پێڕەوا ببینێت.
دەسەڵاتی کوردی، بۆ ئەوەی بمێنێتەوە، دەبێت بەردەوام خەریکی بەقوربانیکردنی تۆی هاوڵاتی بێت، تۆ ئێستا لە مەقامێکدا نیت سروتی قوربانی جێبەجێبکەیت، بەڵکو دەسەڵاتی کوردی جەژندەکات و بڕێک لە گۆشتی تۆ خۆی جەژنی پێدەکات، ئەوەی تریشی دەیدات بە خواوەندی تورکیا و ئێران. هەتا سروتی قوربانییش بەردەوام بێت، دەسەڵاتی کوردییش بەردەوام دەبێت، مەگەر خواوەندی داگیرکەر، ئەمان لابدات و دیندارێک لەجێیاندا دابنێت بۆ قوربانیکردن، بڕوام نییە لەمان دەستبڵاوتربن، لەمانە باشتریشیان دەسبکەوێت، ئەمانە ئەوپەڕی دیندارە قوربانیکەرەکانن کە ئیتر لەمان ئیماندارتریان دەستناکەوێت، بە قەولی ناسیۆنالیستەکان لەمان گەلفرۆشتریان دەستناکەوێت.