هۆمەر نۆریاوی: سەد و یەک ڕۆژ تەنیایی”و تەمەنێک توانەوە لە نێو نیشتماندا.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

خوێندنەوەی کتێب نەخاسما کتێبێک سەربردە و ڕۆژە حەزینەکانی کەسایەتییەکی سەرتاپا نەتەوەییت بۆ بگێڕێتەوە، بە دڵنیاییەوە بایەخ و گرینگایەتییەکی فرەی دەبێت و خوێنەری تامەزرۆ، هەرگیز لە هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی پەڕتووکێکی ئەوتۆ، هەست بە شەکەتبوون و ماندووێتی ناکات. کتێبێک بە ناخی ئەو ڕووداوانەدا ڕۆ دەچێت کە دەست لە بەرۆکی شاعیرێکی مرۆدۆست و ژیاندۆست بەرنادەن و جەخار جەخار خوێنەر هەر ساتە و زێتر هەست بە وەرینی گەڵایەک لە دارە کەسکەکەی دەکات. گێڕانەوەی ئەم بویەر و ڕووداوە ڕەزاگرانانە، ئەویش لە زار کەسێکەوە بۆ خۆی نغرۆی نێو ڕووداوەکانە و ڕاستییەکان وەک خۆ دەگوێزێتەوە، بۆ خوێنەر، سەد هێندە چێژبەخشتر دەبێت. ڕووی ئەم پەیڤ و کورتە نووسینە لە کتێبی “سەد و یەک ڕۆژ تەنیایی”، بەرهەمی”هەڵۆ شێرکۆ بێکەس”ە.
“سەد و یەک ڕۆژ تەنیایی”، هەڵدانەوەی لاپەڕە حەزینەکانی دوایین ساتەوەختەکانی فرمێسکاویی شاعیرێکی نەتەوەیی و تا سەر ئێسقان گەلپەروەرە کە بەدەم غوربەتێکی ناخهەژێنەوە، هەر ساتە و تەڵێک ڕەشەڕێحانەی تەمەنە کەسک کەسکەکەی، زەرد زەرد هەڵدەوەرێت. سەد و یەک ڕۆژ تەنیایی، بە قەد مێژوویەکی کەونی خەمبار،بۆ کورد ئازاراویی و تاڵە. سەد و یەک ڕۆژ تەنیایی،ئەو ڕۆژە پاییزاییانەی تەمەنی شاعیرێک دەگێڕێتەوە کە بە درێژایی تەمەنێک، هەردەم بەرگێکی ڕەنگاڵەیی دەکردە بەر داری ئەدەبی نەتەوەیەکی بندەست و ناوی ئەم گەلە بێ کیانەی دەخستەوە سەرزاران و نەیدەهێشت بێناز بکەوێت و بە بۆتەی فەرامۆشی بسپێردرێت. هەر بۆیە نیشتمان، ڕۆژانە لە زنەی چاوانی هەمیشە شیعرباری ئەم هەیکەلە مەزنە ئەدەبییەی دەخواردەوە کەچی لەو لایشەوە فرمێسکێک بە ڕوخساریدا دەتکایە خوار.
سەد و یەک ڕۆژ تەنیایی،سەربردەی ڕۆژە سەرتاپا خەمینەکانی ئەو شاعیرە دەگێڕێتەوە کە تەمەن و ژینی هەر لە پێناو بەرزکردنەوەی ناوی بڵندی نیشتمانەکەیدا تێپەڕاند و لە کوێ خەمێک نیشتبایە سەر گۆنا هەمیشە سوورەئاڵەکەی، بە چڵە شیعرێک، سوکنای بۆ دەگوێزتەوە. سەد و یەک ڕۆژ تەنیایی، خودی سەرگورشتەی ڕاستینەی ڕۆژانی کپ کپی شاعیرێک دەگێڕێتەوە کە بۆ خۆی لە ڕێی زمانەوە، هەر جارە و گۆمێکی دەشڵەقاند و ڕووبارە پەیڤێکی تازەی دەخستە نێو قامووسی ئەم زمانە دێرین و دەوڵەمەندەوە. سەد و یەک ڕۆژ تەنیایی، ئەودیو وەفا و ئەمەگناسی یانژی بە پێچەوانەوە، بێوەفایی خەڵکانێک لە هەمبەر ئەم شاعیرە مەزنەمان بۆ دەردەخات. باس لە هاوڕێی دێرین و خەمخۆری شاخ و خەمساردی ئێستای نێو شارمان بۆ دەکات. گەورەیی شاعیرمان لە زمان کەسایەتی کورد و ناکوردەوە بۆ دەگێڕێتەوە. چیرۆکی ڕاستینەی دەستەڵاتێکی نوقمی نێو گەندەڵیت بۆ دەگێڕێتەوە. دیوی ڕاستینەی سەربردەی پیاوانی قسەی ڕووتمان بۆ دەخاتە ڕوو.
سەد و یەک ڕۆژ تەنیایی، سات بە سات لەگەڵ هەناسەکانی شێرکۆ بێکەس دەمانگەڕێنێت و دواساتیش هەر بۆ خۆی خەبەر لە دواهەناسەی دەدات کەچی شێرکۆ بە شیعر ئەوەندە هەناسەی لە هەر هەموو نیشتماندا بڵاو بووتەوە کە مرۆ هەمیشە هەست بە ترپەی دڵ و ناخە سیخناخە شیعرییەکەی دەکات و سات نییە بەدەم خوێندنەوەی بەرهەمێک و شیعرێکی شێرکۆوە، هەست بە لێدانی دڵە هەر هەمیشە شەیدای زمانەکەیەوە نەکات. ئیدی هەناسەیەکی لەو چەشنە کەنگێ کپ دەبێت و دڵێکی ئەوتۆ کوا لە ترپە دەکەوێت!
ئەم کتێبە،گۆشەیەک لە بێمروەتی،بێ بەڵێنی و خەمساردیی هاوڕێیانی دوێنێ و کورسینشینانی ئەمڕۆ لە لایەک و خۆشەویستبوونی شێرکۆ لای گەلەکەی و وەفا و ئەمەگناسیی کۆمەڵێک هەڤاڵ و داژداری لە هەمبەر ئەم مرۆ نازەنینە و هەروەها ڕوانین و دیدگای نەتەوەییانەی شێرکۆمان بۆ باس دەکات.
شێرکۆ بێکەس کە هەموو ژیانی لە پێناو زمانی نەتەوەیەکی بندەستدا وەپشت سەر دەنێت،کاتێک ئەم نەتەوەیە لە پارێکی نیشتمانە لەت لەتکراوەکەیدا دەبێتە خودان دەستەڵات، هەر کە شاعیر وەک هەمیشە دەبێتە دەنگی دلێری نەتەوەکەی و تەنێ خۆی بە مڵکی لایەن و پارتێک دانانێت، سەد مخابن ڕۆژانی بێ میهری لە ڕێوە دەگەن. شێرکۆی شاعیر هەتا دوا دەمی ژین هەر مەراقی ئەو ڕۆژانەی لە دڵ دەرناچێت کە ناهێڵن بەرهەمی “ئێستا،کچێک نیشتمانمە”، بە سیحری دەنگەکەی بخوێنێتەوە.
هەڵۆی کوڕی ئیشارەت دەداتە ئەم پرسە و دەنووسێت:” بە درێژایی ئەم ساڵانەی ژیانی کۆتایی باوکم، یەکێک لەو شتە کەمانەی تا مردنیش لە دڵی دەرنەچوو،ئەو ڕێگرییە بوو کە لە مێژوودا بوو بە پەڵەیەکی ڕەش و عار بە نێوچەوانی دەسەتەڵاتداران و لیژنەی ئەمنیی ئەوسای سلێمانییەوە”. (سەد و یەک ڕۆژ تەنیایی،ل 72)
هەڵۆ لە زۆر شوێنی ئەم کتێبەدا لە هەمبەر هاوڕێیانی نێو جەرگەی شۆڕش و خەمساردییان بەرانبەر شێرکۆی باوک،زمانی بە گلە دەپژێت و دەنووسێت:” گلەیی من،لە ڕوانگەی ئەو نزیکییەی باوکم لە کۆمەڵێ لەو هاوڕێیانەوە بوو،کە ڕۆژانێک لە ناو شۆڕشی نوێدا لە شاخ پێکەوە بوون. خۆ ئەگەر ئەوە شانازیی بێت بۆ ئەوان، ئەوا بەشێکی ئەو شانازییەش بەر باوکم دەکەوێت، کە لە جۆشدانی پێشمەرگە و شیعری بەرگریی و داگیرساندنی ئەو(مەشخەڵە)ی ڕێگای چەندین شەهیدی قارەمان بوون”.(هەمان سەرچاوە،ل134)
هەڵۆ،مرۆی نێو شاخ و دەستەڵات بە دوو جۆرە مرۆی جیاواز دادەنێت و دەنووسێت:”مەلا بەختیار کە خۆی بە دەروێشی شیعرەکانی شێرکۆ دەزانێ،ڕەخنەی لێ گرتم لە ڕێگەی(کاک عەبدولڕەزاق فەیلی)یەوە هەواڵی باوکمیان پرسیوە،وەک ئەوەی خۆیان دەستی تەلەفۆنیان بەخەنەوە بووبێت!”.(سەرچاوەی پێشوو،ل 137)
وەک هەڵۆ ئیشارەتی پێداوە،”فارۆق مەلا مستەفا”کە سەرمایەدارێکی گەورەی کورد و لایەنگری ئەدەبی کوردییشە،هاوڕێیەکی دێرین و لە مێژینەی شێرکۆ دەبێت و بە “ڕەفیقی عومری”دادەنێت. هەڵۆ،هەروەها ئاماژە بەم خاڵەیش دەدات کە پاش گەڕانەوەی تەرمەکەی باوکی بۆ کوردستان،فارۆق مەلا مستەفا لە سەردانێکی بۆ هۆتێل و لای نزیکانی شێرکۆ،بیرەوەرییەک دەگێڕێتەوە کە جارێک شێرکۆی باوکی بەم سەرمایەدارە کوردەی وتووە:”فارۆق تۆ ئەو هەموو کار و پرۆژەیە ئەنجام ئەدەیت،حەق بوو پەیکەرێکیش بۆ “گۆران”ی شاعیر دروست بکەی،لە منارەکەی مزگەوتی گەورە،بەرزتر بێت”. هەڵۆ دەڵێت،کاک فارۆق لەو دانیشتنەدا وتی:”بۆیە منیش بڕیارم داوە ئاواتەکەی بهێنمە دی و پەیکەرێک بۆ گۆران و پەیکەرێکیش بۆ شێرکۆ بەرانبەر یەک دروست بکەم،لە منارەکەی مزگەوتی گەورە،بەرزتر بێت”. (هەمان سەرچاوە،ل 293 و 294)
هەڵۆ گلە لەم سەرمایەدارە کوردە دەکات کە هێشتاکە بەڵێنەکەی جێبەجێ نەکردووە و دەنووسێت:”دروستکردنی مێژوو هەر بەڵێن نییە،کردار و نەخشاندنی شەرتە!”.(هەمان سەرچاوە،ل 294)
هەڵۆ،هەر بۆ مێژوو،وەفای”مەریوان هەڵەبجەیی”نووسەرمان لە هەمبەر شێرکۆدا بۆ دەگێڕێتەوە کە کاتێک لە نزیکەوە پەی بەوە دەبات کە شێرکۆ،ژێی قوڕگی لەکار کەوتووە، ئامادەیی خۆی دەردەبڕێت کە ژێی قوڕگی خۆی پێشکەش بکات. هەروەها زۆر بەڕێزەوە دەنووشتێتەوە و کڕنووش بۆ گەورەیی مێژووی شێرکۆ و ماڵباتەکەی و هەر هەموو بەرهەمە شیعرییەکانی دەبات.
هەڵۆ شێرکۆ بێکەس،لە کتێبی “سەد و یەک ڕۆژ تەنیایی”دا باس لە سۆراخ گرتنی دوو سیاسەتمەداری کورد،بەڕێزان دوکتۆر “فوئاد مەعسووم” و دوکتۆر “مەحموود عوسمان”دەکات کە شێرکۆیان بە سەروەتێکی نیشتمانی لە قەڵەم داوە. (ل 138)
هەڵۆ،ئیشارەت بەم خاڵەیش دەدات کە شێرکۆی باوکی ویستوویەتی ماڵەکەی بکرێتە مۆزەخانە کەچی هەڵۆ گوتەنی:”ماڵەکە وەختە مۆرانە بیخوات، هەموو شتەکانی شێرکۆ بێناز لەوێدا، لە ژێر ڕەحمی شێدا کەوتوون و گیان دەدەن، بەڵام بێباکی و ڕاستگۆیی شێرکۆ سەری بەرزە و زیندووە”. (هەمان سەرچاوە، ل 173)؛ هەروەها دەنووسێت:”ئێستایش دوای پتر لە 40 ساڵ مارشی ئەو حیزبە(مەبەست یەکێتییە)هەر شیعری باوکمە، بەڵێ ئەوەیش وەفای سەرکردایەتیی یەکێتیی بەرانبەر ئەو شاعیرە! ئاخر ئێوە هێندەی کۆماری ئیسلامییشتان پێ نەکرا،کە ماڵی (هێمن موکریانی)کردە مۆزەخانە!”.(هەمان سەرچاوە،هەمان لاپەڕە)
“توانا ئەمین”،نووسەرێکی هزرڕوونی نهای کوردە کە سەبارەت بە شێرکۆ بێکەس دەنووسێت:” شێرکۆ بێکەس تەنها باوکی قۆناغێک لە شیعری کوردی و نوێکەرەوەی زمانی کوردی نییە،شێرکۆ بێکەس ڕیزپەڕێكی ئاوارتەیە،ئەگەرچی خەڵکی سلێمانییە،بەڵام شیعری ئەو، بۆ مەهاباد و قامیشلی و بۆ دیاربەکر و بۆ هەولێر و بۆ دهۆک و بەشی شێریشی وەک هەمیشە بۆ کەرکووکی خوێناویی و بریندارە… شێرکۆ بێکەس زیاترە لە ناوێک، شێرکۆ بێکەس سەروەتێکی ڕۆحیی و نیشتمانییە بۆ هەر کوردێک لە هەر شوێنێکی ئەم سەرزەوییە بێت”.(سەرچاوەی پێشوو،ل246 و 247)
هەڵۆ بە ویژدانەوە ڕووداوەکان دەگێڕێتەوە و لە کوێ وەفای بینیبێت ،وەک خۆی باسی لێوە دەکات و لە شوێنێکدا هەڵوێستی دوکتۆر بەرهەم ساڵح و مەلا بەختیار بۆ هاتنەدی وەسێتەکەی شێرکۆ بێکەس(ناشتنی لە پارکی ئازادیدا) بەرز دەنرخێنیت کەچی ئیسلامییەکان دژ بەمە دەوەستنەوە؛ تەنانەت کۆمەڵی ئیسلامی بایکۆتی پرسەکەی شێرکۆ دەکات.
نیشتمانێکی نغرۆی نێو گەندەڵی و باڵادەستبوونی لایەنێک و نەبوونی ئیرادەیەکی بڵند بۆ دروستکردنی هەرێمێک بۆ هەمووان،یەک لەو پرسە جەوهەرییانە دەبێت کە شێرکۆ هەمیشە لە هەمبەریدا دەم بە هاوار دەبێت.
شێرکۆ لە نامەیەکی بۆ مام جەلال زۆر ڕەخنە لە شێوازی دەستەڵاتدارێتی و حوکمڕانیی نێو هەرێم و تێکەڵکرانی حیزب و حوکوومەت و گەندەڵیی هەمەلایەنە دەگرێت.
کێ هەیە و حاشا لە خۆشەویستی شێرکۆ بێکەس لە ناخ و گیانی هەر هەموو کورداندا بکات! هەر لە ڕۆژە پاییزییەکانی شاعیردا،ڕۆژێک دەبووایە بچێت بۆ تاقیگە و نموونەی خوێنی لێ وەربگیردرێت. لە بەختی وی،تاقیگەکە جمەی دێت لە خەڵک و شێرکۆ بێتاقەت دەبێت کەچی لە هەمان ساتدا کوردێکی گەلپەروەر هەتا مامۆستا دەبینێت،لێی دەچێتە پێش و دەڵێت: “مامۆستا گیان،من ژمارە یەکم،ئەمە بۆ تۆ و ژمارەکەی خۆتم بەرێ؛من ناهێڵم تۆ لەم سەرەیەدا بوەستی”.(هەمان سەرچاوە،ل 53)
کوردستان بە هەموو پارچەکانیەوە لای شێرکۆ بە یەک دید سەیر دەکرا و ئەوەی ئاشنا بە شیعری ئەم شاعیرە بێت، دەزانێت ورکە و پەرۆشە سەرەکییەکەی شێرکۆ،تەنێ کوردستانەکەی بوو و بەس. هەموو پارت و ئالییەکی کوردستانی لا خۆشەویست بوو. هەڵۆ سەبارەت بەم پرسە دەنووسێت:”هەرگیز هەستم بەوە نەکردووە فەزڵی لایەک بدا بەسەر لاکەی تردا، بە پێچەوانەی ئەوانەی هەمیشە باوکمیان لەسەر لایەنێک حیساب دەکرد!”.(سەرچاوەی پێشوو،ل 86)
ئەم کتێبە ڕاستە خەمنامەی شێرکۆ بێکەسە، لێ دید و بۆچوون و ڕوانگەی شاعیرێکی خودان ئەزموون بەرانبەر گەلێک پرسان دەخاتە بەر دیدەی خوێنەر. وریایی هەڵۆ لێرەوە دەردەکەوێت کە ناهێڵێت کتێبەکە هەر چاو بە گریان بێت و لە هەر لاپەڕەیەکدا دەپەرژێتە سەر گۆشەنیگایەکی شێرکۆی باوک و بە دیویەکی دی،خوێنەر بە هزرڕوونیی ئەم مرۆ مەزنە ئاشنا دەکات.
گۆرانی،یەک لەو هاوڕێ هەرە نزیکانەی شێرکۆ بێکەس دەبێت کە تا دوادەمی ژین ئەم حەزە دەروونییە لە لای ئامادە دەبێت. سەبارەت بە تێکستی گۆرانی دەڵێت: “تێکستی گۆرانی(نەک شیعر)ئەبێ ئاسان بێ،زوو لەبەر بکرێت و لە هزری خەڵکدا بمێنێتەوە”.(هەمان سەرچاوە،ل 100)
سەبارەت بە توانا هونەرییەکەی هونەرمەند “پەیوەند جاف”یش دەڵێت:”تۆ دەنگێکی بەهەشتیت پێوەیە!من لە هیچ دیدار و چاوپێکەوتنێکدا ئەمە باس ناکەم با نەڵێن مەتحی زاواکەی خۆی دەکات،بەڵام ئامۆژگاریی من بۆ تۆ ئەوەیە بجووڵێیت و تۆزێ گورجوگۆڵتر و چالاکتر بەرهەمەکانت بڵاو بکەیتەوە”.(سەرچاوەی پێشوو،ل 101)
شێرکۆ،شەیدای دەنگ و گۆرانییەکانی هونەرمەندانی وەک محەممەد ماملێ،حەسەن زیرەک و مەزهەر خالقی دەبێت.
هەڵۆ،پێوەندی نێوان شێرکۆ و خالقی،بە پێوەندییەکی دۆستانە و ڕۆحی دادەنێت و دەڵێت،کە هەواڵی مەرگی شێرکۆ بڵاو دەبێتەوە،خالقی یەکەم کەس دەبێت بە دڵشکاوی و چاوی پڕ ئەسرینەوە سەردانی دەزگای سەردەم دەکات. هەڵۆ هەروەها دەلێت:”باوکم هەمیشە شەیدا و خۆشەویستی شیعرەکانی بۆ دەنگی خالقی دەربڕیوە”.(سەرچاوەی پێشوو،ل278)
یەک لە خاڵە سەرنجڕاکێشەکانی نێو ئەم کتێبە ئەوەیە کە لەم لقەوە بۆ ئەو چڵ باز دەدات و تەنێ لەسەر چڵێک ناوەستێت. لە ئەدەبەوە ڕوو لە هونەر دەکات و لەوێشەوە بۆ نێو دنیای سیاسەت باز دەدات و دیوی ڕاستینەی ڕووداوەکانی نێو نیشتمانمان بۆ دەردەخات. نەوشیروان مستەفا لە لای شێرکۆ بێکەس خاوەنی سەنگێکی تایبەت بووە؛شێرکۆ لە کتێبی “نووسین بە ئاوی خۆڵەمێش”دا بە وردی لەسەر کەسایەتی نەوشیروان مستەفا باسی کردووە. لە کتێبی “سەد و یەک تەنیایی”شدا دیسانەوە ئاوڕی لەم کەسایەتییە داوەتەوە. هەڵۆ دەنووسێت:”کاک نەوشیروان جێگەیەکی تایبەتی لە دڵی باوکمدا هەیە”.(سەرچاوەی پێشوو،ل141)
هەروەها دەنووسێت:”کاک نەوشیروان بە باوکمی وت: تۆ شاعیرێکی گەورەی بۆ شۆڕش و پێشمەرگە،بڕوا بکە نیوەی ورەبەرزیی پێشمەرگە بە هۆی شیعرەکانی تۆوەیە”.(هەمان سەرچاوە،ل 142)
کێ بێت و وردە خوێندنەوەیەکی بۆ شیعری شێرکۆ بێکەس هەبێت و بتوانێت نکۆڵی لە زمانە زەنگینەکەی بکات! شاعیری نەتەوەیی”عەبدوڵڵا پەشێو”سەبارەت بە مەزنیی شێرکۆ دەڵێت:”زمانی کوردی بە دەست شێرکۆوە زەلیل بوو!”.(سەرچاوەی پێشوو،ل 63)
شێرکۆ بە زمانە ئاورینەکەی دەناسرێتەوە کەچی کاتێک بەو ئازارەوە گیرۆدە دەبێت،ئیتر ناتوانێت بپەیڤێت و بۆ خۆی وەرامی خزم و هاوڕێیان بداتەوە،بۆیە بە نیگا، دەزانیت ئاورێک لە ناخی وەر بووە . ئەمە قسەی هەڵۆیە سەبارەت بە شێرکۆی مەزن ئەو دەمانەی زمانە پاکژ و زوڵاڵەکەی دەشێوێت:”کاتێ قەڵای من ڕووخا،کە باوکم زمانی قسەی شێوا!”.(سەرچاوەی پێشوو،ل159)
هەڵۆ،هاوڕێ هەرە نزیکەکەی دوا ساتەوەختەکانی تەنیایی شێرکۆ بێکەس،لەم پەڕتووکەدا پەردە لەسەر گەلێک نهێنی سەبارەت بە دوا بەرهەمەکەی شێرکۆ(یادەوەریی پاسکلیلێکی کەرکووکی)هەڵدەداتەوە کە ئەم شاعیر مەزنە ویستوویەتی لە ڕێی ئەم بەرهەمەوە مێژووی شاری کەرکووک و کوردستانیبوونیشی بگێڕێتەوە و یەک لە بەرهەمە هەرە مەزنەکانیشی بێت. خەمی شێرکۆ لەم بەرهەمەدا هەر خەمی گشت کەمە نەتەوایەتییەکان و زمانی جیاواز و بەها ئینسانییەکان و گرینگتر لە هەمووانیش،سەلماندنی کوردستانیبوونی کەرکووک دەبێت. هەڵۆ ئیشارەت بەم خاڵەیش دەدات کە هەرگیز بە خەیاڵیشیدا نەهاتووە پاش باوکی، بەرهەمەکە تەواو بکات بەڵام ئاگاداربوون لە هەست و نەستە شیعرییەکەی باوک و پرسیارکردنی ورد لەسەر ئەم بەرهەمە و هێنانەدی ئاواتەکەی باوک و ساڕێژکردنی برینی سەر ڕۆحی خۆ،بە هۆکاری تەواوکردنی ئەم بەرهەمە دادەنێت. هەروەها دەڵێت کە دەقەکەی پێش بڵاوبوونەوە،نیشانی ڕەئووف بێگەرد،فەرهاد شاکەلی،دوکتۆر ڕێبوار سیوەیلی،توانا ئەمین،سارا عومەر و دوکتۆر شیروان میرزا داوە و داوای لە هەر کامەیان کردووە، سەرنجی خۆ بخەنە ڕوو. ئەرچی هەڵۆ هەر لەسەر ئەم کارە،بەرەوڕووی کۆمەڵێک ڕەخنەی توند و تیر و توانج بووەوە.
هەڵۆ لە کتێبەکەیدا خاکەڕایی شیرکۆی مەزنمان جارێکی دی وەبیر دێنێتەوە. دەنووسێت:”لێم پرسی:بابە بۆ لە نووسینێکتدا وتووتە:من لای خۆم ئەو شاعیرە گەورەیە نیم،کە خەڵکی باسی ئەکەن،لە وەڵامدا وتی: نووسەر و شاعیر نابێ وەکوو تاووسی لەخۆبایی لە لای خەڵکەکەی دەرکەوێت،ئەبێت سادە و ساکار وەکوو کوکوختییەکی ڕەنگ خۆڵینی ئەو دەشت و دەرە وابێ”.(هەمان سەرچاوە،ل 181)
شێرکۆ،شاعیر وەک سنعەتکار دەبینێت و شیعرنووسین بە سنعەت دەزانێت. هەڵۆ هەر جارە و نهێنییەک لە ناخە شیعرییەکەی شێرکۆمان بۆ ئاشکرا دەکات. دەڵێت:”لێم پرسی: تۆ زوو زوو هونەری شیعرنووسین دەگۆڕیت، کورتەشیعر بۆ قەسیدەی درێژ، بۆ ڕۆمانەشیعر و بۆ دەقی واڵا؟ لە وەڵامدا وتی: من نامەوێ لە کۆڵانی هەورێکدا قەتیس بم، من ئەمەوێ ئاسۆی فڕینم فراوان بێت،ئەگەر هەموو ساڵێ(کاژێکی شیعریی)فڕێ نەدەم،ئەمرم!”. (سەرچاوەی پێشوو،ل 182)
شێرکۆ وەک چلۆن شیعرەکانی بۆ هەمیشە بۆ ئەدەبی کوردی دەوری ڕۆژ دەبینن، هەمیشەیش بۆ نووسین، ڕۆژی لە لا میوان دەبێت. ئەوەتانێ سەبارەت بەم پرسە دەڵێت:”کە دنیا تاریک ئەبێ، ناتوانم بنووسم! من هەموو نووسینەکانم لە بەیانیان و لە ڕۆژدا ئەنووسم و بە کەمی و زۆر بە دەگمەن،بە شەو نووسیومە”.(سەرچاوەی پێشوو،ل 101)
سەد و یەک ڕۆژ تەنیایی،چیرۆکی تلانەوەی ماڵباتێکی نغرۆی نێو شیعرە بە ئازارێکی جەرگبڕەوە کە چلۆن بە بەرچاویانەوە، ڕۆژانە شەمی گیانی ئەم ڕۆحە مەزنە دەتوێتەوە.
“شەفیقە سەعید”،ئەو شاخانمەی لە شیعری شێرکۆ بێکەس دا بە هەسارەیەکی هەمیشە گەش دادەندرێت، لە لای ئەم شاعیرە مەزنەیش بە خودی چیای میهر و خۆڕاگری وەسف دەکرێت. شێرکۆ لە بیرەوەرییەکانیدا سەبارەت بەم خانمە نازەنینە دەنووسێت:”ئاواتمە مەرگم پێش مەرگی دایکم کەوێ و مەرگی نەبینم”. (هەمان سەرچاوە،ل 266)
بەڵام لای دایک(شەفیقە سەعید)،پێشمەرگەکانی کوردستان بە کوڕی وی دادەنرێن. کەچی ئەوەندە ئاشقی شێرکۆی کوڕ دەبێت کە هەموو مەینەتییەکانی ژیان لە چاو مەرگی شێرکۆ بە هیچ دادەنێت. وەسیەت دەکات کاتێک دەیشۆن،دواجار بە لای ڕاستدا دابنرێت بۆ ئەوەی هەرچی تاڵی و زووخاوی مەرگی شێرکۆیە لە گەروویەوە بچێتە دەر و نەیباتە ژێر گڵ.
هەڵۆ شێرکۆ بێکەس کە لە نزیکەوە چاو لە توانەوەی ئەو چیای میهرە دەکات،ئاورێک لە گیانی بەر دەبێت و دەنووسێت:”بە سەرنج و سەیرکردنی ئەودا تێگەییشتم، چاوی خۆرنشین و چاوی ئەم کۆچەی باوکم،یەک چاون؛بۆنی شێداری قسەکانی و سەفەری ئەسرین و بۆنی شیعری غەریبی و بۆنی ماڵئاوایی هەر یەک بۆنن”.(هەمان سەرچاوە،ل 106)
زمانی نووسینی ئەم کتێبە،زمانێکی سادە و ساکار و بێ گرێ و گۆڵی کوردییە کە زۆر زوو پێوەندی لەگەڵ خوێنەردا دروست دەکات و ئەوەندە وشە و پەیڤی نازەنینی تێدایە، مرۆ کە دەست بە خوێندنەوەی دەکات،پێی خۆشە هەتا دواپەڕە دەستبەرداری نەبێت. دیارە لە نەوەی بێکەسی گەورە و شێرکۆی مەزنیش هەر چاوەڕوانی ئەوە دەکرێت. هەڵۆ بۆ نووسینەوەی ئەم یادەوەرییە خەمینانە دەمانباتەوە بۆ دوێنێ و پێرێی تەمەنە بەرهەمدارەکەی باوک و لەوێوە چەپک چەپک گوڵاڵەسوورەی نیشتمانمان بۆ دێنێتەوە. هەڵۆ بە دەم گێڕانەوەی ئەم ڕۆژە تاڵانەوە،شارایەک مۆچیاری لە باوکەوە وەردەگرێت و ئەم هەگبە ڕەنگاڵەییە لەگەڵ خۆ بە جیهاندا دەگێڕێت. هەڵۆ لە ڕێی گێڕانەوەی ئەم بویەرە دڵهەژێنانەوە، توانای خۆی لە نووسینەوەی ڕووداوەکانمان بۆ دەردەخات. من بۆ خۆم پێشتر یەک لەو کەسانە بووم کە بە توندی دژ بە کارەکەی هەڵۆ بووم(درێژەدان بە تەواوکردنی بەرهەمە شیعرییەکەی شێرکۆ)بەڵام پاش خوێندنەوەی ئەم کتێبە و ئاشنابوون بە هەست و نەستەکەی هەڵۆ و زمانی پاکژ و سادە و ساکاری و هەروەها ئەوەی تا چەندە لە بەرانبەر باوکدا بە ئەمانەت و ئەوپەڕی ڕاستبێژییەوە هەموو شتەکان وەک خۆی دەگوێزێتەوە، ئەو مافەی پێ ڕەوا دەبینم. ئەرچی هێشتا لەسەر ئەو باوەڕەم هەر کەسە و لە ژیاندا خاوەنی دنیابینی و ئەندێشەی جیاوازە نەخاسما ئەگەر ئەو کەسەیش گەورە شاعیرێکی وەک شێرکۆ بێکەس بووبێت. جوانیی کارەکەی هەڵۆ لەوەدا دەبێت کە پێش بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکە، پیشانی چەندان نووسەر و شاعیری ناسراوی دەدات و بە وردیش ئاگاداری سنووری نێوان شێرکۆی باوک و خۆیەتی.
خوێندنەوەی ئەم کتێبە و هەروەها کتێبی”نووسین بە ئاوی خۆڵەمێش”، بیرەوەرییەکانی خودی خۆمم وەبیر دێنێتەوە کە سەردەمێک بە ئەزموونێکی فرەوان و ناخێکی گڕگرتوو و شەیدای ڕاژە و خزمەت بە بواری میدیا و ڕۆژنامەگەریی کوردییەوە ڕووم لە باشووری کوردستان نا کەچی خەمینتر لە چارەنووسی میللەتەکەم،گەڕامەوە بن سێبەرەکەی دەستەڵاتێکی سەردەستی دی و ڕۆژانە لێرە بە بەرچاوی خۆمەوە،غوربەتێکی هەژێنەر خەریکە دەنک دەنک لە ناخم دەخواتەوە.
جێی ئاماژەپێدانە کتێبی “سەد و یەک ڕۆژ تەنیایی”، نووسینی هەڵۆ شێرکۆ بێکەس، ساڵی 2018، لە لایەن کتێبخانەی یادگار بۆ چاپ و بڵاوکردنەوەوە، لە چاپ دەدرێت. کتێبەکە، هەڵگری کۆمەڵە وانەیەکی گرانباییە و بێگومان خوێندنەوەی بۆ هەمووان بە تایبەت ئەوانەی دوێنێ و ئەمڕۆ و سبەیش، لەگەڵ هەناسە شیعرییەکانی شێرکۆ بێکەس دا ژیاون و دەژین، بایەخ و تام و چێژی خۆی دەبێت.
مەرگ و مردنیش، قۆناخێکە لە خودی ژیان و ئەزموونی مرۆ بۆ پەیبردن بەودیو ڕاستییەکان فرەوانتر دەکات. بۆیە دەڵێم مردن، قۆناخێکە لە ژیان، چونکە ئەوەی بەرهەمێک بە ژیان دەبەخشێت، حوکمی نەمریی خۆی واژۆ دەکات بە تایبەت گەر ئەم مرۆیەیش شاعیرێکی کاریزماتیکی وەک شێرکۆ بێکەس بێت کە سات بە ساتی ژیان و بەرهەمەکانی، ئاوێتەی خەم و ئازار و ساتەوەختە خۆش و ناخۆشەکانی نەتەوەکەین.
ژێدەر: سەد و یەک ڕۆژ تەنیایی، هەڵۆ شێرکۆ بێکەس، چاپی یەکەم(2018)،کتێبخانەی یادگار بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە