خالید مەجید فەرەج: حیکایەتی گۆرانیە بەناوبانگەکەی شەهرامی نازری و شەجەریان و غەزەلەکەی بەندە.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

بەهادینی خوڕەم شاهی دەڵێت: حافز مرۆژێکی بێ خەوش نەبوو، بەڵام تەژی بوو لە مرۆڤایەتی.
لەحافزی شیرازی دەپرسن، کێ شاعیرە؟ دەڵێ: (ئەوەی کە تریفە دەکاتە پیاڵەوە، دواتر بەرزی دەکاتەوە لێوە پەژموردە موقەدەسەکانی پێ تەڕدەکاتەوە).
لەبارەیەوە گوتراوە ( حافز ئەو شاعیرەیە کە عەشەقەکەی لە زەویەوە بردۆتە ئاسمان)
لەهەشتاکانی سەدەی رابردو دابوو، بۆیەکەم جار گوێم لەشەهرامی نازری بوو، غەزەلە بەناو بانگەکەی حافیزی شیرازی (الا یا ایها الساقی ادر کأسا وناولها)، هەروەکو لێی چاوەڕوان دەکرا، بە ئاوازو مۆسیقاو دەنگێکی ناوازەوە دەیگوت. دواتر زانیم کە شەجەریانی گەورە گۆرانیبێژی فارس، ئەویش هەمان غەزەلی، بەڵام بەئاوازێکی جیا وتوە. بەراستی وەکو گوێگر و کەسێک کە کەمێک سەلیقەی چێژ وەرگرتنی لەدەنگ و سەداو هەڵسەنگاندی بۆ ئاوازو مۆسیقا و ئەدای گۆرانیبێژ هەیە، کارەکەی هەردوکیانم زۆر لا بەرزبوو. دو ستایلی دەنگی جیاواز، بەڵام سەنگین واتا سونەتی. بە دوو ئاوازو دوو تامی جیاواز، بۆیەک غەزەل هەردوکیشان کورد واتەنی ئەوەندە لەبەر دڵانن، هیچ کامیان جێگەی ئەویدیکەت بۆناگرێتەوە. هەروەها ئیرەجی بسطامی و گۆرانیبێژی دیکەی هەر فارس گوتویانە.. ئەمەم لەهونەری گۆرانی رۆژهەڵاتا تەنها لەئێران ی فارس و کوردا دیوە. ئەگەر نمونەی گۆرانی فاتمۆکێ بەدەنگی محەمەدی ماملێ و حەسەن زیرەکیش بهێنینەوە، دەقیق هەر ئەوە دەسەلمێنێ. کە هیچ گۆرانیبێژکی ئەوان لاسایی دەنگ و رەنگ و ئەدای ئەویتر ناکاتەوە.
بەحوکمی ئەوەی کە پێش ئەوەی شاعیر یان نووسەربم، خوێنەرێکی باش وەیان قوتابیەکی باشی گەورە نوسەرو لێکۆڵەرەوە دیارەکان بووم، بە لایەنە یان عەرەب واتەنی جەنبە تەرفیهیەکەی ئەو گۆرانیەوە نەوەستام، بەڵکو کەوتمە بنج و بناوانی ئەوەی بۆ ئەو دوو گۆرانیبێژە ناودارە هەمان قەسیدەیان بەهەمان قودسیەتەوە مامەڵە کردووە.
سەرەتا لای زۆربەی خوێنەر وا کەوتۆتەوە ئەو غەزەلە هەمووی شیعری حافزە. بەڵام ئەوەی سەرنجی راکێشام وەیان پرسیاری لادروست کردم ئەوەبوو، کە بەیتی یەکەمی عەرەبیە. واتا فارسی نییە. راستە زۆر لەشاعیرانی کلاسیکی کوردیش هەندێک شیعریان بەتێکهەڵکێش هەیە، واتا عەرەبی و کوردی یان فارسی و کوردیان تێکەڵ کردووە. بەڵام هەروەک گۆتە شاعیری گەورەی ئەڵمان دەڵێ: حافیز یەکێکە لە کۆڵەکەکانی شیعری جیهانی، بەواتا زۆر باڵا دەستە لەشیعرا و بەدڵنیایش ئەگەر وانە بوایە دوای مردنی خۆی دیوانەکەی بۆ بیستو حەوت زمان تەرجەمە نەدەکرا. دەم گوت بڵێی خۆی حەزی کردبێ ئەو بەیتەی یەکەم بەعەرەبی بنوسێ، باشە خۆزمانی فارسی جوانترین هەست و دەربڕینی بۆ شیعر تیایە بۆ بەعەرەبی نوسیویەتی؟. ئەوە وای لێکردم زۆر بگەرێم بینیم غەزەلێکی یەزیدی کوری معاویەیە کە لەبەیتی یەکەمیدا دەڵێ: (انا المسموم ماعندی تریاق ولا راق… ادر کأسا وناولها الا يا أيها الساقي). کەواتە حافز قەسیدە مولەمەعیەکەی بە نیوەی دووەمی شیعرەکەی یەزید دەست پێدەکا، بەڵام جێگۆڕکێی پێکردوە بەشی یەکەمی بردۆتە دواوە بەشی دووەمی هێناوەتە پێشەوە حافز وادەڵی: (الا يا أيها الساقی ادر کأسا وناولها). ئەگەر هەڵەنەبم لەم بۆ چونەمدا، رەنگە لەبەر قافیەکەی بۆشیعری فارسی وا باشتر بەدەستەوە هاتبێ.
دوای مردنی رەخنەی زۆر لێدەگیرێت، لەبارەی ئەوەی کە دەڵێن یەزید دەستی بەخوێنی ئیمامی حوسەین سورە، لەکاتێکدا کە خۆی بەتەرجومانی ئەسرار و لسانی غەیب ناو دەبرێ و گەورە شاعیری هەمو زەمانێکی فارسە، چۆن رێگەی بەخۆیداوە شیعر لەکافر بخوازێ.
شاعیری فارس (ئەهلی شیرازی) دەڵێ شەوێک حافز هاتۆتە خەوم پێم گوتوە: ئەی گەورەی ناوازە بە عیلم و بەخشندەیی، تۆ کە خاوەنی فەزل و کەماڵێکی بێ حەدی، چۆن رێگەت بەخۆت دا شیعر لەیەزیدی کوڕی معاویە بخوازیت؟ دەڵێ حافز پێی گوتم: عەجەب تائێستا ئەو سڕەت پەی پێنەبردووە! چما ماڵی کافر بە موسڵمان حەڵاڵ نییە؟.
لەگەڵ ئەوەشدا ئەدیب و شاعیری فارسی بەناوبانگ کاتبی نیسابوری دەڵێ: ئەو پاساوە قوبوڵ نییە، زۆر جێگەی سەر سوڕمانە بۆ ئەم کارەی خواجە حافز، ئەقڵم قەت نایگرێ ئەو چ حیکەمەتێکی لەو شیعرەی یەزیدا هەست پێکردوە، ئاوا بیکا بەیەکەم غەزەل لە یەکەم دیوانیدا. قبوڵمانە کە ماڵی کافر بە موسڵمان حەڵاڵە و هەرواش بووە، بۆیە ناتوانین بەر لەوە بگرین، بەڵام لە مەقامی حافز دا ئەوە عەیبێکی گەورەیە، کە شێر کە (حافز)ه پارو لەدەمی سەگ کە لای ئەو (یەزید) ە وەرگرێتەوە. لەوەڵامی ئەم رەخنەیەدا دەڵێن: پاروی دەمی ئەو سەگە، کاتی کە تەرجومانی ئەسرار و لسانی غەیب بە کیمیای هونەر کردی بە دەست پێکی غەزەلە مولەمەعە بێ نەزیرەکەی، بوو بە گەردانەیەکی ئاڵتونی قەشەنگ. دەڵێن ئەوە خەسڵەتی سۆفیانە کاتێک کە کانزایەکی بێ نرخیان دەست دەکەوێ دەیکەن بە مەعدەنێکی شەریف (بەها دار). دەستی قەدەر وای کرد کە ئەو دەسپێکە عەرەبیە سادە وریتم بەهێزە، غەزەلێکی وا بخولقێنێ، کە لەلاپەرەکانی مێژووی شیعری نەک هەر ئێرانی، بەڵکو جیهانیشدا بەئاوی ئاڵتون بنوسرێتەوە.
ئەم غەزەلەی حافز بەو دەسپێکە عەرەبیەوە بۆ زمانی تورکی و عەرەبی و تاجیک و ئەفغانییش تەرجەمە کراوەو بەئاوازو ئەدای و سەمای عیرفانیەوە وتویانە. من هەمویانم گوێ لێگرتووە هیچیان وەکو دەنگخۆشانی ئێران هەقی خۆیان نەداوەتێ، بەرای بەندە ئەگەر حافز لەژیانا بوایە دەیگوت هەر بەدەنگ و سەداو ئاوازو مۆسیقای ئێران حەزدەکەم گوێم لێبێت.
دەتوانم بڵێم کە ئەم غەزەلەی حافز بووە بەناونیشانی دیوانەکەی حافز، چونکە لەلاپەرەی یەکەمدا دانراوە. شیعری حافیز، جگە لەجوانی بەلاغەت زمان پاراویەکی زۆر بەرزی پێوە دەبینرێت. لەشیعرەکانیا هێمای تایبەت بە واتای عیرفانی تیا هەست پێدەکرێت، واتا زاهیرەکەی زۆر جیاوازە لەواتا باتینە عیرفانیە قوڵەکەی. دەڵێن ماڵێک نییە لەئێران دیوانی حافیزی تیانەبێ. رەنگە هەر لەخۆشەویستی غەزەلەکانی حافزەوە بێت وای کردبێ غەزەل لەئەدەبی فارسیا پلەیەکی باڵای هەبێ، غەزەل غەرزەێک وەیان قاڵبێکی شیعری جیاوازە لەقەسیدە لەرووی بابەت و ژمارەی بەیتەکانیدا، غەزەل لای ئەوان یان غەزەلە بەواتا زاهیریەکەی، یان تەسەوفە (عیرفانیە). بەڵام قەسیدە ئەپەرێتەوە بۆ مەدح و هەجو هەتا بابەتی فەلسەفیش. شیعر ناسان دەڵێن حافز شیعری فارسی گەیاندە پلەیەک کە هیچ کەسێکی دیکە نەپێش و نەدوای ئەو نەیتوانیوە ئەوەبکات. شیعری ئەو زەمینیە لەهەمان کاتیشدا ئاسمانیە زەمینیە چۆن باس لە مەسەلە ئینسانیە هەست پێکراوەکان دەکا، چونکە دەیەوێ مرۆڤ لەحاڵەتە زەمینیە واقیعیەکەیەوە بەرزبکاتەوە بۆ ئاسمانە بەرینەکان. یەکێ رەنگە بپرسێت بۆچی شیعرەکانی حافز زۆر سانا دێت بەدەستەوە بۆ گۆرانی؟ دەڵێن ئەو هەموو قورئانی لەبەر کردووە و توانیویەتی بە چواردە ریوایەتی (تیلاوەی) جۆراو جۆر بیان خوێنێتەوە، کەواتە ئەوە وای کردووە کە فێری مەقامە مۆسیقیەکان بەباشی ببێت، واتا شارەزای تەواوی ریتم بووە ،کە شێکی بنەرەتیە لەمۆسیقادا. نازناوی حافزیشی هەر لەبەر ئەوە وەرگرتووە کە لەتەمەنێکی کەمدا قورئانی لەبەرکردووە.
زۆر جار دەڵێم شیعر وتن و شاعیری بە کەڵەکە کردنی دیوان لەسەر یەکتری نییە. دیوانەکەی حافز دەوروبەری سەدوپەنجا لاپەرەیە، بە بچوکترین دیوانی شیعری فارسی دا دەنرێ، بەڵام بەهادار ترینیانە. بۆ سەلماندنی ئەم بۆچونەم جارێکی تر دێمەوە سەر اعجابی گەورە شاعیری ئەڵمان گۆتە بە خواجا حافز کە دەڵێ: (حافز ترۆپکی ئیعجازە لەئەدەبی خۆرهەڵاتدا، خوێندنەوەی شیعرەکانی هەمو حاڵی منی گۆڕی هەرکەسێک ئەو هاوڕێ ئاسمانیە یەک جار بناسێت. هەرگیز ناتوانێت وازی لێبهێنێت).
دەڵێن لەشەست ساڵیی تەمەنیدا، رێبازێکی نوێی سۆفیزمی داهێناوە. بازنەیەکی کێشاوە خۆی لەناوەراستیا چل رۆژ بێ نان و ئاو خەوتن دانیشتوە. ئەو دەڵی بەو خەڵوتە گەیشتمە ئاگایی کەونی. دوای تەواو بوونی چل رۆژەکە دەگات بە حاجی زەینی عەتاری کۆنە هاورێی ئەو پێکێک شەرابی دەداتێ. حافز دەڵی گەر دەتەوێ لە واتای شەراب بگەیت دەبێ چل رۆژ و چل شەو تەنیا دانیشتبیت (لەخەڵوەتدا بوبیت).
کاتێک تەیمور لەنگ وەکو فاتیحێک دەچێتە شیرازەوە، سۆراخی حافز دەکا. دەڵێن زۆر حەزی لە شیعرەکانی بووە، کاتێک حافز دێنن بۆلای بەیتێک شیعری خۆی وەبیر دەهێنێتەوە کە چۆن تیادا سەمەرقەند و بوخارا دەدات لەتۆڵەی خاڵی لا رومەتی تورک ( کچێکی شیرازی جوان بوە). تەیمور دەڵێت من یەک لەسەر چواری دنیام لەبەر خاتری ئەوە داگیر کردووە کە لەخزمەتی بوخاراو سەمەر قەندی مندا بن، تۆش هەروا ئاسان بەخشیوتە بە خاڵێک!. حافز ئەڵێ قوربان ئەوە یەکێکە لەهەرە ئاکارە خراپەکانی بەندە، کە ئەگەر دەستم وابڵاو نەبوایە حاڵم بەم حاڵە نەدەگەیشت. واتا دەست کورت نەدەبوم. دەڵێن تەیمور لەنگ پێکەنیوەو لێی خۆش بووە و پاداشتی کردووە.
ریوایەتەکان دەڵێن روەرگێرانی حافز بەرو سۆفیزم دەگەرێتەوە بۆ ئەو خۆشەویستیە یەکلایەنیەی کە بۆ شاخ نەبات (کچێکی جوانی شیرازی بووە کاتێک حافیز شاگردی نانەوا دەبێ و کاری گەیاندنی نان دەبێ بۆ ماڵە دەوڵەمەندەکان لەیەکێک لەو ماڵانە دەیبینێ و عەشقی دەبێ). ئەو دەیەوێ ئەو جوانیە بە خۆشەویستی پارسەنگ بداتەوە، بەڵام دواتر دەزانێ کە تای جوانیەکەی شاخ نەبات لەتای خۆشەویستیەکەی ئەو گەلێک قورس ترە. بۆیە پەنا بۆ رێبازە سۆفیزمەکان دەبا بۆئەوەی ئەو هاوسەنگیە پێک بێنێت. دەڵێن زۆربەی غەزەلەکانی حافز لەچوار چێوەیەکی سۆفیانەدایە باس لە ( شاخ نەبات) دەکات.
ئەمەیش ئەو بیرۆکە ئەزەلییە دەسەلمێنێت کە خۆشەویستی یەک لایەنە یان نەگەیشتوو بە ئەنجام لەبەر کۆسپ وتەگەرەی قورس داهێنان بەتایبەتی لەشیعردا دەخولقێنێ.
کچێک دێت بۆلای حافز و لێی دەپرسێ: دەلیلی مەعریفەت بەخودا چیە؟ دەڵێن حافیز ساتێک بێ دەنگ دبێ و دواتر دەڵێ: ئازیزەکەم ئەوانەن کە چەقۆیان لەدەستی خۆیان خستۆتە خوارەوە ( فڕێداوە)، واتا عارف بەخودا ئەو کەسەیە کە ئەو چەقۆ بێ دڵەی لەروی خۆی و رووی خەڵکی تردا فڕێداوە. لێرەدا جیاوازی سۆفی و توند رەومان بۆ دەر دەکەوێ یەکەمیان بێ چەکە دووەمیان چەکدار.
پێش کۆتایی هێنان دەمەوێ بگەرێمەوە سەر ناونیشانی باسەکە و غەزەلە بەناو بانگەکەی حافز کە نزیکەی حەوت سەدە دوای خۆی کراوە بەگۆرانی. و بەم بۆنەیەوە دەمەوێ وەڵامی ئەو بۆچونە بدەمەوە کە دەڵێ شیعری گۆرانی و شیعری ئاسایی جیاوازن، بەندە هەمو کاتێک مکوڕی لەسەر ئەوە کردوە کە جوانترین شیعر دەبنە گۆرانی، و مەرج نیە لە بنەرەتیشەوە بۆ گۆرانی نوسرابن. دەلیلی قسەکەشم لەم مەقامەدا ئەو غەزەلەی حافزە کەسەدان ساڵە نوسراوە. نمونەی تریش زۆرن لە شیعری کلاسیکی عەرەبی و کوردی. بەڵام ئەو نمونەیەی حافز بەجوانترین وەڵام دێتە دەست بۆ ئەو تەرحە بۆچونە.

الا يا ايها الساقى ادر کاسا و ناولها
که عشق آسان نمود اول ولى افتاد مشکله
به بوى نافه اى كاخر صبا زان طره بگشايد
زتاب جعد مشكينش كه خون افتاد در دلها
مرا در منزل جانان چه امن عيش چون هر دم
جرس فرياد مى‌ دارد که بربنديد محملها
به مى سجاده رنگين کن گرت پير مغان گويد
که سالک بى‌خبر نبود زراه و رسم منزلها
شب تاريک و بيم موج و گردابى چنين هايل
کجا دانند حال ما سبکباران ساحلها
همه کارم زخود کامى به بدنامى کشيد آخر
نهان کى ماند آن رازى کزاو سازند محفلها
حضورى گرهمى‌ خواهى از او غايب مشو حافظ
متى ما تلق من تهوى دع الدنيا و اهملها

بێینەوە سەر غەزەلەکەی بەندە و چی وای لێکردم بینوسم؟
لەبەدواچونەکەمانا بۆ چۆنیەتی دروست بوونی ئەو غەزەلەی حافزو پاش سەدان ساڵ لە مەرگی خۆی، و پرسی ئایا بۆچی وا لەئێرانەوە پەریوەتەوە بۆ خاکی عەرەب و تورک تاجیک و ئەفغانستان وەکو دەق و وەکو گۆرانییش. بۆم دەرکەوت کە سەرەرای جوانی و قوڵی دەقەکە کەلەدنیا دا دوکەس نابینی موتەفیق نەبن لەسەری، ئەوان ئەو دەقەیان وەکو کۆڵەکەیەک لە کۆڵەکە سەرەکیەکانی غەزەلی عیرفانی سەیر کردووە. بەندە وای بۆدەچێ لەبەر کاریگەری تەسەوف لەسەرانسەری ئێران و مۆسیقای پیرۆزی ئەلی هەق لەکوردستان (هەورامان و کرماشان) وای کردووە مۆسیقاو گۆرانی لای ئەوان تەنها بۆ کات بەسەر بردن نەبێ، بەڵکو رەگەزێکی کلتوری (سەقافیش بێ). راستە ئەوە ئاکارێکی تایبەت بە کلتوری ئێرانە، بەڵام لای هەموو ئەوگەلانەی کە رێبازەکانی سۆفیگەریان تیا بڵاوە هەست پێدەکرێ. بۆیە هەمویان ئاوازی سەنگینیان بەگوێرەی سەنگینی واتاکانی شیعرەکە بۆ داناوە و لەلایەن گۆرانیبێژی سەنگینیشەوە ئیجرا کراوە. ئەوان واتا گەلانی غەیری ئێران شیعرەکەی حافزیان وەرگێڕاوە بۆسەر زمانی خۆیان، ناهەقیشیان نییە، چوونکە دەقەکە تابڵێی بەرزە. بەڵام بەرای بەندە شیعر هەر بەزمانی خۆی شیعرە ،تەرجەمە عەرەبیەکەیم خوێندۆتەوە راستە وەکو سەنعەت جوانیان کردووە، بەڵام قەت تامی ئەسڵیەکەی مەولانا حافز نادات.
هەوڵم دا هەر بەو میکانیزمەی حافز کە نیوەی دووەمی بەیتی یەکەمی شیعرەکەی یەزیدی کوڕی معاویەی خواستوە، منیش هەروا بکەم. بەڵام ئیتر دوای ئەوە شیعری خۆم بێ، نەک تەرجەمەی شیعرەکەی حافز. بەوهیوایەی ئێمەی کوردیش نەقشێکمان لەو فەرشەجوانەدا هەبێ کەدەکاتە فەرهەنگی خۆرهەڵات. ئەوەی بەندە کردویەتی قافیەکەی گەراندۆتەوە سەر ئەسڵی شیعرەکەی یەزید نەک وەکو ئەوەی حافز، کە جێ گۆڕکێی بە ووشەکان کردووە. رەنگە ئاوازدانەرێکی کورد رۆژێک ئاوڕ لەم غەزەلە کوردیە بداتەوە، تاوەکو ئێمەش وەکو کورد بیسەلمێنین کە هێشتا هونەرەکەمان مەبەستم مۆسیقاو گۆرانیە، سەنگینی ورەسەنایەتی خۆی لەدەست نەداوە. کەی ئەو کارە دەکرێ مخابن نازانم، دەبو وەکو شاعیرێک کە چەندین شیعری بونەتە گۆرانی بم زانیبا، بەڵام ئاسمانی هونەری ئێستامان (هیوادارم هەڵەبم)، ئەوندەی هەور پێوە نەماوە ئەو ئومێدە ووشک هەڵاتووەمان بگەرێنێتەوە سەردەمانی مەزرا ڕەنگین و پاراوەکەی جاران کە بولبولانی وەکو حەسەن زیرەک و مەزهەر و ماملێ و عەلی مەردان و هەتا دوایی ناوە جوانەکان لێیان دەخوێند.

غەزەلەکەی بەندە

ادر کأسا و ناولها الا یا ایها الساقی
رۆحم لەسەر عیشقێک دانا نەعیشق گەیی نە رۆح باقی
دڵم مەستە لەدەنگی تۆ سەرم گەرمی زیکری تۆیە
خەڵکی شادن لەبەزمی مەی تەنها ئەمن غەمم باقی
کانیاوێکە رێگەی عەشق وەلێ دەریایە ئایندەی
زۆر بوون رێبواری ئەورێیە هەموو فەوتان نەما تاقی
دەست لەدڵم بنێی ساقی دەڵیی خەرابەی هیجرانە
پیاڵە پڕکەو لەدەستمی نێ پەژموردە بووم لەفیراقی
چ حەشرێکە ئەو نەوایە سەدای فیراقی عاشقانە
دەخالەتم هێنا ئەمشەو هەم خۆت موتریب وهەم ساقی
کاروانی عەشق بەکوێ دەگا دوانەفەسی عومرم پێدا
نەرۆح لەکاروان دەگەڕێ و نە دەسرەوێ لە مەراقی