زەبەنگ بەهادین: نوێگەری.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

تێروانینی کاری هونەری لە نێو نێوەندا جیا جیاکاندا هەڵسەنگاندنی تایبەتی دەبێت، بە شێوەیەک کە ئەو هونەرە چ دەق بێت یا فیگەر یا ئاواز کارتێکەرە دەرەکییەکان دەستی سەرەکی و بنەرەتیان دەبێت لەسەر هزری هونەرمەند و لە وێوە بۆ پشت هزر وە کاری دروستبونی ئاخاوتنی نێوان هزر و پشت هزر پەیدا دەبێت، کە هزر هەڵدەستێت بە شیکردنەوە و روونکردنەوەی ئەو بابەتەی لە ناو پشت هزردا هەیە کە لێرە هزر هەلدەستێت بە وێناکردنەوەی بابەتەکانی ناو پشت هزر بە کارلێکی دەرەکی لە نووسینێکدا بێت یا لە فیگەرێدا یا لە ئاوازێکدا ئەمانە هەمووی لە ژێر کاریگەری خود دا دەبێت، واتە لۆژیکیەتی تاک و دیدبینی رەنگ دەکاتەوە بە بەری ئەو بابەتەیا لە روانگەی خود زانینەوە.
لێرەدا قسەکردن لەسەر بابەتی تازەگەرییە، سەرەتا دەبێت بەوە دەست پێبکەن دوو ووشە لێک جیا بکەینەوە لە بابەتی نوێکاری هونەریدا ئەویش داهێنان لەگەڵ نوێگەری، کە تا ئێستاش تێکەڵاو بونێکی فراوان بەدی دەکرێت لە نێوان ئەم دوو رەهەندە دا، لێرەدا دەمانەوێ ئەوە شی بکەینەوە کە داهێنان لە ناو هونەردا بوونی نییە، تەنها بابەتەکە چۆنێتی رێکخستنەوەی مێژوی دەق و ووشەو فیگەرە بە میکانیزمێکی تازەو بە بەرگێکی نوێوە.
زیاتر ئەمە دەگەرێتەوە بۆ کاری هونەری تازە، ساتێک داوا لە هونەرمەند دەکرێت بابەتێکی تازە بەرجەستە بکات و ئەویش خولیای داهێنانە، ئەستەمەکە لێرەدا هونەرمەند درک بەوە بکات کە داهێنان بوونی نییە، تەنها دۆزینەوەی شێوە رەهەندێکی نوێیە کە بتوانێت بابەتەکە کۆنەکە بەرگێکی تازەی بە بەردا بکات و پێشەکەشی وەرگری بکات، بە واتا زانراوێکی نەزان بگەیەنێتە نەزانێکی زانراو کە ئەمە کاری راستەقینەی هونەرە.
دەبێ ئەو پرسیارە لە خۆمان بکەین بۆ هونەر توانای داهێنانی نییە؟
یەکەم/ دەبێ ئەوە بزانین کاتێک بابەتێکی نەزانراو لە ناو پشت هزردا بوونی نیە بۆیە هزر ناتوانێت وێنای بابەتێک بکات کە نەخشەکانی لای ئەم دیار نییە، بە واتا پێناسەی هیچ لای هزر هەر هیچە.
دووەم/ ئەگەر هونەرمەند بشتوانێت داهێنان بکات کە ئەمە مەحاڵە وەرگر توانای وەرگرتنی نەزانراوی نییە. چونکە ئەو بابەتە لە ناو هزر و پشت هزری وەرگریشدا پێناسەو نەخشەی نییە بۆیە لە وەرگریش ئەو بابەتە هەرس ناکرێت.
بۆ ئەم داهێنانە وایە؟ لەبەر ئەوەی مێشکی هونەرمەند و مێشکی وەرگر توانای کارکردن و کارلێکیان هەیە لەسەر بابەتی بەرجەستە کراو، جا ئەو بابەتە لە هزردا بێت یا لە پشت هزردا، بە واتا بینراو پێناسە دەکرێ, بەڵام نەبینراو بیردۆزی دەبێت واتا پێناسەی نییە لە هەموو ئان و ساتێکدا قابیل بە گۆران یا هەڵوەشانەوەیە.
کەواتە دەتوانین بڵێین ئەوەی لە هونەردا پێیدەڵێن داهێنان راست نییە ئەوە تەنها نوێگەرییە، ئەم نوێگەریە زۆر جار دەچێتە شێوەی دەق فیگەر و نۆتەکان واتا بەرگێکی جیا لەوەی پێشوو کە وەرگر ئاشنای بووە، داهێنان لە رووی مادی و ئایدیا هونەر دروستی ناکا بەڵکو پێویستی ژیانی تاک و کۆەمەڵگا وە جەنگەکان دروستی دەکەن بە واتا داهێنان سەرەتا دروست دەبێت لەبەر پێویستی کات و شوێن پاش ئەوە هونەر داهێنانەکە وەردەگرێ بە پێناسە کراوەی و سەر لە نوێ دایدەرێژێتەوە بە شێوەیەکی هوونەر بە فرێدانی بەرگە ناسراوەکەی وە پێناسەکردنی بە بەرگێکی رەنگاو رەگ بە رەهەندی جیاوازەوە، ئەم کارەش سەرەتا دەبێت لە شۆرشێکی پێویستی یەوە سەرهەڵبدات لە پاشان دەبێت فەلسەفە پێناسەی بۆ دابنێ لە دوای هونەر دەیکاتە بابەتێکی نوێ کەواتە ئەم بابەتانە خۆیان لە بنەرەتدا داهێنان نەبوون لە هونەر بەڵکو لە ژیاندا داهینان بوون ئەویش لە زانراوەکاندا لە پاش ئەوە هونەر بەشێوەی نوێگەری پێشکەشی دەکات.
کورتکراوە بابەتەکە ئەمەیە شۆرشی زانیاری پێداویستی مرۆڤ دروستی دەکات سەرنجام ئەم شۆرشە داهێنان دەکات لە بابەتە بووەکاندا لە پاش ئەوە داهێنراوەکە دەچێتە ناو هزری مرۆڤ لەوێوە بۆ ناو پشت هزر لە ئەنجامدا پشت هزر کاری تێدا دەکات و دەینێرێتەوە بۆ هزر تا لەوێ بەرگێکی هونەری بەبەردا بکرێت و پێشکەش بە وەرگر بکرێت ئەویش بە بەمان شێوە, چونکە لە پشت هزریدا وێنەی ئەم بابەتەی لایە ئاسان وەریدەگرێت لە هزریدا دەینێرێت بۆ پشت هزر بە بەرگە نوێکەوە بەمەش دەڵێن نوێگەری.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت