خالید مەجید فەرەج: ئیبن روشد فەیلەسوفی قورتبە.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

هەموو فەیلەسوف و زاناکان لە سەرەتای سەرهەڵدانی فەلسەفەوە تاوەکو ئەمرۆ راو بۆچونیان لە سەر خالق لە دوبەرەدا خۆی دەبینێتەوە: یەکەم ( بوونی خالقێکی سەربەست و ئازاد لەکارەکانیدا، هەرکاتێک بیەوێ دەبەخشێ و نەیەوێ نابەخەشێت و بەعینایەتی ئیلاهی خۆی گەردوون بەڕیوە دەبات، هەرخۆی سەرچاوەی هێزە سروشتیەکانە، هەروەها نەفسی بەشەر جەوهەرێکی نەمری هەیە کە لەناو ناچێت.
بەرەی دووەم دەڵێن: ( مادە لەئەزەڵەوە هەبووە واتا سەرەتای نییە، کەونیش لەئاکامی گۆڕینی دۆخی ووردیلەکانی ئەو مادەیە بەهێزی مادەکە خۆی لە حاڵەتێکەوە بۆ حاڵەتێکی باڵاتر چووە. ئەوەیش پێویستی بە سروشتێکی جێگیر و رێساگەڵێکە کە وادەکا ئەو بوونە پێویستی بەدروست کەرێک نەبێت هەروەها ئەقڵێکیش کە ئەو رێسایانەی لەسەر بنیات دەنرێت، لەگەڵ فەنا بوونی مرۆڤ لەناو بۆتەی ئەو گشتەی کە لێوەی فێربووە هەروەها باوەڕ بە بوونی خالقێک، بەڵام باوەڕێکی ناروون.
بێگومان ئەم بەرەیە کەوتبونە بەر کاریگەری فەلسفەی یۆنانی و ئەرستۆ بەتایبەتی، بەڵام لەبەرئەوەی یەکتایی لەفەرزەکانی ئیسلامە وەکو وتمان ئەرستۆ تاکە فەیلەسوفە کە هەندێک لە موسڵمانەکان بیروباوەڕەکانیان وەرگرتووە و دەستکاری کردنی بیروباوەڕەکانی ئەویان پێ ئاسانتربووە لە لادان لە عەقیدە ئاینیەکە بۆیە رێرەوی (دەرکەوتەی گشی) یان خستە بری دوانەییەکەی ئەرستۆ ئەوەش لادانێکی بنەرەتی بوولە وانەکانی ئەرەستۆ. ئەوان دەیانویست پەیرەوەکەی ئەرستۆ لە دوانەیی هێزو مادە لە خەلق کردنی دنیادا رزگار بکەن و ئەو بۆشاییە پڕبکەنەوە کە لەنێوان ئەوهێزەدا کە خۆی بەخۆی هەیە کەپێی دەڵێن (تەنیا هێز) و لەگەڵ مادەی یەکەم. مەبەستی دوانەیی ئەرستۆیی لێکدانەوەی دنیایە بە گریمانی دو رەگەزی رەها و سەربەخۆ لەیەکتری و تەواو جیا.کە رۆح یان هێز لەلایەک مادەش لەلایەک.
لایەنگیرانی هەموو ئاینەکان هەتا ئەوانەشی کە زەمینین لەپاڵ بەرەی یەکەمدا سەنگەر دەگرن، چوونکە هەموو کتێبەکانیان جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە .بەڵام فەلسەفەی ئەرستو لەگەڵ بەرەی دووەمدایە و لەناو فەیلەسوفە عەرەبەکانیشدا ئیبن سینا و کەندی و فارابی وئیبن روشد موقەلیدی بوون واتا لەبەری دووەمدا بوون.
موتەکەلیمن لەهەردو دیانەتی ئیسلام و مەسیحیدا بێگومان لەبەرەی یەکەمدا بوون ئەوان واتا لایەنگیرانی لاهوت لە ئیسلام و مەسیحیەتدا لەم خاڵەدا هاوبەشن چوونکە هەر یەکەیان دەیەوێ لەسەر ئەو باوەڕو ئیعتیقادە بمێنێتەوە کە لەسەری پەروەردە بووە ئەگەر هەوڵ درا بۆ هەم ئاهەنگی لەنێوان مەزهەبی موتەکەلیمەکان لەگەڵ مەزهەبی فەیلەسوفدا بەبەکارهێنانی میکانیزمی (تأویل) لێکدانەوە مەسەلەکە رێگەیەکی دیکە دەگرێ بەپێی ئەوان ئەوکاتە پەیرەوانی مەزهەبی هاوئاهەنگی ناچار دەبن هەرچیەک لەکتێبە رەوانە کراوەکاندا هەیە وەلای بخەن و تەنها بۆ ئەوە بگەرێن کە لەگەڵ لێکدانەوەکەیاندا دەسازێت، بەمەیش دەروازەیەکی گەورە لەسەر راڤەکردنی کتێب وئایەتەکان بە گوێرەی دڵی راڤەکەر وەیان موفەسیر دەکرێتەوە هەرکاتێکیش ئەو دەرگایە کرایەوە نازانرێ کەی دادەخرێت. ئەوەیش بەهێز ترین چەک دەبێت بەدەستی ئیبن روشد و هەوادارەکانیەوە چونکە ئەو فەیلەسوفە (تأویل)ی – دانی مانایەک بە روداوێک یان دەقێک کە بەزاهیر ئەو مانایە نابەخشێ – دەقی فەرزکردبوو بۆ ئەوەی هاو ئاهەنگیەک لەنێوان ئاین وفەلسەفەدا دروست بکات. بەڵام ئەوان دەیان گووت ئەو لێکدانەوەیەی تۆ ئاینەکە لەشەرعەکەی دەردەکا و دەیکا بە ئاینێکی دیکە .ئەوان پێشتر وەڵامەکانی ئیمامی غەزالی لەکتێبی ( تهافت الفلاسفة) واتا داڕمانی فەیلەسوفانیان خوێندبۆوە کە وەڵامی ئەو فەلسەفە یونانیەی پێدابۆوە کە ئیبن روشد داکۆکی لێدەکردو بانگەشەی بۆ دەکرد، بۆیە بەڵگەکانیان زیاتر لاشیرنتر بوو ئیدی توند تر بەرەنگاری تەرحەکانی ئیبن روشد دەبوونەوە و رکیان لە ئاوێتەکردنی فەلسەفەو ئاین دەبۆوە .بۆ زانین دواتر ئیبن روشد بە کتێبی (تهافت التهافت) واتا ڕمانی داڕماو وەڵامی (تهافت الفلاسفە)ی غەزالی دەداتەوە.
وەکو پێشتر باسمان کرد فەلسەفەی موتەکەلمین لەسەر دوو پایە هەڵدەستێ یەکەم: سنوورێك نییە بۆتواناکانی خالق واتا هیچ شتێک ناتوانێ رێگەی لێبگرێت. دووهەم پاراستنی ئاین لەهەر لێکدانەوەیەک(تأویل) و بەراورد کردنی لەگەڵ زانست، ئەوان دەڵێن زانست بەشیوەیەک جێگیر نەبووە کە چیدی موناقەشەی لەسەر نەبێت. سۆفی گەورە ئیبن عەرەبی لە نامەیەکیا بۆ فەخری رازی دەڵێت: هەموو بونێک هۆیەکی هەیە ئەو هۆیەش وەکو ئەو دروست کراوە واتا پێشتر نەبووە ئەو بونەش دو رووی هەیە یەکێکیان سەیری هۆکەی پێدەکا روەکەی تری روی لە خالقەکەی کەخودایە. ئەو دەڵێ عەوام و حەکیم وفەیلەسوفەکان تەنها سەیری هۆی دروست بونەکەیان دەکەن ، تەنها پێغەمبەران و ئەولیا و مەلائیکەت نەبێ هەرچەندە هۆی بونی خۆیان دەزانن بەڵام رویان بەرەو خالقیان وەرگێراوە .
( موتەکەلمین) لە(ئیسلام ومەسیحیەتدا) یەک قسەیان هەیە دەربارەی پرسی مادە کە دەڵێن نوێیە ئەزەلی نییە کەواتە خالقی هەیە خالقیش سەرپشکە چۆن کار لە کەون (گەردون)دا دەکات کەواتە هۆکان لەخالقدان نەک لە سروشتدا ، دەڵێن هەروداوێک روبدات مەرج نیە پەیوەندی بەروداوێکی پێش خۆیەوە هەبێت چونکە خوادا چی بوێ دروستی دەکا مەرجیش نییە دنیا هەرم بەم شێوەیە واتا وێنەیە بوایە کە ئێمە دەی بینین دەشیا خالق بەئیرادەی سەربەستی خۆی بەشیوەیەکی دیکە بیخولقاندایە. هەر بۆ چونێکیش پێچەوانەی ئەم بۆچونە بێت دیارە سەر بە بەرەکەی ترە کە خالق وابەستەی رێساکانی سروشت دەکەن. دیارە پیاوە ئاینیەکان ئەوە قبوڵ ناکەن بەڵام هەندێکیش ئەوەیان پێ قبوڵ بووە بۆ نمونە قسەکانی عارف بەخودا محی الدین ئیبن عەرەبی کەلای سەرەوە ئاماژەمان پێدا.
ئەگەر باس لە فەلسەفەی ئیبن روشد بکەین دەبینین کە لەسەر دوو جومگە هەڵدەستێ یەکەم: باوەڕی بەکۆنیی مادە واتا هەر لەئەزەلەوە هەبووە دووەم : مەسەلەی عەقڵ و تەنیایەکەی.
مەسەلەی ئەزەلیی مادە گرنگترین مەسەلەیە کە بیرکردنەوەی بیرمەندەکانی داگیر کردبوو. بۆیە ئەمیر یوسف لەیەکەم چاوپێکەوتنیا لەگەڵ ئیبن روشد پرسیاری لەو رەوەوە ئاراستە کردوە.
بەپێی ئەو باوەڕە مادەی یەکەم کە کەونی لێ دروست کراوە هەر خۆی هەبووە بەبێ ئەوەی سەرەتای هەبێ ئەوان دەڵێن ئەگەر وانەبێ کەواتە کەون (گەردون) لەهیچ (عەدەم) دروست کراوە ئەوەیش زانست قبوڵی ناکات ،بەڵام ئیبن روشد زانیاری بوونی ئەو مادەیەی وەکو گریمانە هەبوو نەک وەکو بەڵگەی زانستی. دەڵێن ئیبن سیناش پێش ئەو کەوتۆتە هەمان گێژەنەوە واتا نەتوانینی هێناوەوەی بەڵگە لەبونی ئەزەلیی مادە پێش خەلق بوونی کەون بەڵام ئیبن روشد لەوگێژەنە بە دابەشکردنی دنیا بەسەر دوبەشدا خۆی قوتار کرد. بەشێکیان مومکنە بەشەکەی تر( واجب الوجود) ە (واتا بوونی پێوسیتی بە دروست کەر نییە) خۆی هەیە هەرچی مومکینەکەیە دروست بوونی مومکن دەبێ ئەگەر گریمانی دروست بوونی بکرێت. بەشەکەی تر کە واجبی دروست بوونە واتا خۆی خۆی دروست دەکات و هیچ شتێک رێگە لەبوونی ناگرێت ئەو دەڵی مادەی کەون خراوەتە بەشی مومکن . موتەکەلیمەکان تەرحی ئەزەلیەتی بوونی مادە بەیەک ووشە هەڵدەوەشێننەوە کەدەڵێن ئەوەی تۆ دەیڵێی تەنها گریمانەیەو دەلیلت نییە..لایەنگیرانی ئیبن روشد دەلێن: ئەوە راستە بێ دەلیلە. بەڵام ئەم گریمانە نزیک ترە لەئەقڵەوە بەدەلیلی ئەوەی هەرچەندە دەیان سەدە رابردووە بەسەر ئەم تەرحە بیرکردنەوەیەدا بەڵام هێشتا زاناکان و فەیلەسوفەکانی ئەم سەردەمەش هەر لە هەمان موناقەشەدان بۆ لێکدانەوە ویەکلایی کردنەوەی خەلقکردنی کەون .
ئیبن روشد مونازەرە فیکریەکانی خۆی لەکتێبی ( فصل المقال) بە ئایەتەکانی قورئان پشت راست دەکردوە لەوانە کە دەڵێ :( وهو الذي خلق السماوات والأرض في ستە أيام وکان عرشە علی الماء)ئەو دەڵێ کەواتە پێش ئەم وجودە وجودێکی تر هەبووە کە عەرش و ئاو بووە و زەمانێکیش پێش ئەو زەمانە هەبووە . هەر لەو روەوە کەواکبی لە کتێبی ( طبائع الأستبداد) دا لێکدانەوە بۆ قورئان لەبەر رۆشنابی زانستی نوێدا دەکات و هاوئاهەنگی دەکات لەگەڵ ووتەکانی زاناکانی هاوچەرخدا لەمەسەلەی خەلقی کەوندا کەدەڵێن مادەی کەون (اثیر)ە ( مادەیەکی گریمانەییە هەموو کەونی تەنیوە نابینرێت وادائەنرێت کە تیشیکی رۆژو دەنگ وگەرمی ئەو دەیگەێنێت) کاتێک کە ئایەتی قورئان بەنمونە بۆ راستی بیرو راکەی خۆی دهێنێتەوە کەدەڵێ :( ثم استوی الی السماء وهی دخان) دەکرێ بڵێین ئەم تێروانینەی لە ئیبن روشدەوە خواستبێ.
فەیلەسوفی فەرەنسی ئەرنسن رینان دەڵێ : گرنگرتین قسەی ئیبن روشد ئەو رستەیەیە کە دەڵێ کەون لەمادەیەکی ئەزەلی دروست بووە .ئیبن روشد لەکتێبی ( مابعد الطبيعة ) ئەودیوی سروشدا دەڵێ لەخەلقی کەوندا دو رای دژ بەیەک هەن : لایەک دەلێن کەون بە گەشەیەکی سروشتی دروستبووە لاکەی تر وەیان ڕاکەی تر دەڵێ نەخێر لەعەدەمەوە دروست بووە . لەلای لایەنگیرانی گەشەی سروشتی کەون خەلق پێک هاتووە لە لەدایک بوونی کائینات و دەرچونیان وەیان هاتنە دەرەوەیان لەیەکتری ، بکەر(فاعل) بەنەزەری ئەوان هیچ وەزیفەیەکی نییە تەنها ڕیگە خۆش کردن نەبێت بۆ ئەو لەدایک بوونە. دەڵێن ئەو تەنها وەک بزوێنەرێک وایە و هیچی دیکە . بەڵام لایەنگیرانی خەلق لەعەدەم دەڵێن بکەر شتێک لە هیچ شتێک دروست دەکات ئەمە تەنها رای موتەکەلیمە موسڵمانەکان نەبوو بەڵکو یوحەنای نەصرانیش هەمان رای هەیە ئەویش دەڵێ : هێزی خەلق و هێنانە کایەوە لە (فاعل) بکەردایە نەک لەمادەدا . ئەو بۆچونانەی کەلەنێوان هەردو ئەم بۆچونەدایە ئەوانیش دوو بۆچونن ،یەکەمیان دەڵێ: هێزی دروست کردن و داهێنان لای (فاعل) خودایە بەڵام ناکرێ شتێک لەهیچ دروست بکرێت وەزیفەی بکەر (فاعل) ئەوەیە وێنەیەک بەوشتە دەبەخشێ کەهەیە واتا بەو مادەیەی کە خۆی هەیە بەو دەڵێن (وێنە بەخش) دەڵێن ئەمە مەزهەبی ئیبن سیناش بووە . رای دووەم دەڵێ: بکەر لەپرۆسەی خەلق کردندا جارێک لەگەڵ مادەدا پەیوەستە جارێکیش لێی جیایە . ئەوەی پەیوەستە وەکو ئاگر کە ئاگر دروست دەکات لەرێگەی پەیوەست بوونەوە ئەوەی کە جودایە لێی وەکو روەک وئاژەڵە .
رێرەوی سێهەمیش رێرەوی ئەرستۆیە کەدەڵێ : بکەری خولقێنەر مادە و وێنەکەی بەرهەم دێنێت بەجوڵاندنی بەشێوەیەک کە ئاسان بێت بۆی و لە بۆتەی هێزەوە بچێتە بۆتەی وجودەوە .بەپێی ئەم مەزهەبە ئیشی بکەر تەنها ئاسانکاریە بۆ دەرچونی و دروست کردنی پەیوەندی لەنێوان مادەو شێوەدا.ئەوان دەڵێن هەموو خەلقێک پێک هاتووە لە جوڵەیەک کەهۆکەی گەرمییە .هەرکاتێک ئەو گەرمیە لەناو ئاوو خۆڵدا بڵاو بۆوە ئاژەڵ و روەک بەبێ پیتاندن دروست دەبن دیارە لێرەدا مەبەستی خەلقی یەکەمە ئەو(بکەر) هۆکارێکی پەیوەندی دروست کردنەوە لەنێوان مادە وشیوەدا. سروشت خۆی ئەم بونەوەرانە بەشێوەیەکی جوان خەلق دەکات . هەروەکو چۆن بەئەقڵێکی بەرزەوە بۆی هاتبێ و پێی گوترابێ دەبێ وابێ بەڵام لەراستیدا ئەو بەبێ ئەقڵ وەری گرتووە ( ئەگەر بە گوێرەی ئەم سەردەمە قسەبکەین (بێ ئەقڵ) واتا سروشت بێ پرۆگرام وەری گرتووە و خۆی پرۆگرامی کردووە) واتا زانیاری لەگەڵ نەبووە .ئەو هێزانەی کە ئەو خەلقەی پێ دەکرێ بریتیە لە جوڵەی رۆژ وئەستێرەکان وکاریگەریان لەسەر ئەو رەگەزانە ئەرستۆ دەڵێ خالق وێنەکە خەلق ناکات ئەگەر وابوایە ئەوە راست دەبوو کە شت لەهیچەوە خەلق بکرێت ئەوە وای کرد کە هەندیک لەفەیلەسوفەکان بکەونە هەڵەی ئەوەی کەناوی بکەر بنێن بە (بەخشەری وێنە) ئەوان تەوەهومی ئەوەیان هەبوو کە وێنەکە وێنە نییە بەڵکو راستیە هەر ئەوەش وای کرد کەزانایانی هەرسێ دیانەتەکە باوەڕیان وابێ کە شت لەعەدەمەوە دروست دەکرێ بەپێی ئەو باوەڕە موتەکەلیمەکانی ئیسلام باوەریان وابوو کە بکەر (فاعل) کائیناتەکان بەبێ هیچ واستەیەکی دیکە دروست دەکات ئەوان دەڵێن ئاو ناروا وئاگر ناسوتێنێ ئەگەر رۆشتنەکەو سوتانەکە خەلقێکی تابەتی نەبێ (واتا جوڵەو گەرمی پرۆسەیەکی خەلق بوونە نەک لەئەزەڵەوە خۆی هەبوبێ) لەوەش زیاتر ئەوان باوەڕیان وایە ئەوبەردەی کە مرۆڤ دەیهاویژێت ئەوە هێزی خۆی نییە بەڵکو هێزی بکەری گشتیە کە خودایە، تێبینی : (لێرەدا هیچ بۆ مرۆڤ نامێنێتەوە.)
هوذا دەڵێ خودا شت لەهیچەوە (عەدەم)ەوە خەلق دەکات کەواتە ئەشتوانێت شتیش بکات بە هیچ (عەدەم) بۆ نمونە مردن کاری خودایە .، ئیبن روشد دەڵێ ئیعدام یان مردن وەکو خەلق کردن وایە ویەک سیستم پەیرەو دەکەن چونکە هەرچیەک کە دروست بوو ئامادەشە بۆ فەنا، کاری بکەر لەحاڵەتی دروست بوون و فەنا دا تەنها کارئاسانی کردنە بۆ دەرچون لە چوار جێوەی هێزەوە بۆ کار. کارەکە بەدوان دەکرێ بکەرو ئەو هێزە شاراوەیەی ناو مادە کەنابێ لەیەک جودا بکرێنەوە ئەگەر یەکێکیان هەبوو ئەوی تریان نەبوو خەلق  نابێت واتا دروست بوون نابێ.
لەمەر پەیوەندی ئینسان بە خالقەوە ئیبن روشد لێرەشدا وەڵام هەر لەئەرستۆوە وەردەگرێت ئەو دەڵی لەکەونا ئەقڵێکی (فاعل) کارکەر وئەقڵێکی (منفعل) کارتێکراو هەیە بۆئەوەی لەئەقڵی فاعل بگەین دەبێ جارێ ئەقلی منفعل کالێکراو روون بکەیەنەوە کە دەکاتە ئەو توانا زهنیەی کە تاک لە چوار دەورەکەیەوە وەری دەگرێ و بەکاری دەهێنێ لە جیاکردنەوەی باش وخراپ و هەروەها وەرگرتنی بڕیارەکانی خۆی بێگومان لە کۆمەڵگەیەک وکاتێکی دیاریکراودا چونکە هەر کۆمەڵگەیەک بەپێی جیاوازی باری کلتوری وشارستانی جۆرێکی تایبەت لەئەقڵی جەمعی بەرهەم دەهێنێ کە لەئاکامدا دەکاتە ئەو کۆگایەی کە تاکەکانی کۆمەڵگە گۆش دەکا بە جۆرێکی دیاری کراو لە ئەقڵ و بیر کردنەوە بەڵام ئەقڵی فاعل ئەو توانا زیهنیەیە کە مرۆڤ لەگەڵ لەدایکبونیدا هەیەتی واتا خۆرسکیە بەڵام دوای نەشونمای و تێکەڵ بوونی لەگەڵ کۆمەڵگەکەی ووردە ووردە ئەقڵی منفعل کەئامادەیە بۆ وەرگرتن جێگەی ئەقڵی فاعل دەگرێتەوە و ئەمەی دواییان دەپوکێتەوە. بەڵام لەلای هەندێک ئەقڵی فاعل دەمێنێتەوە ئەوەش پرسیاری لادروست دەکا ئایا ئەقڵی جەمعی واتا هەڵس وکەوت و نەریت و یاسا وعورفەکان چەن لەگەڵ ئەقلی فاعل دا دێنەوە بەوەش موناقەشەیەک لەنیوان ئەو دوو ئەقڵەدا دروست دەبێ ئایا ئەوەی کە ئەقڵی جەمعی بەسەریا دەیچەسپێنێ وەک بیرو باوەڕ نەریت چەن دەگونجێ لەگەڵ ئەقڵی فاعل و کۆمەڵگەیا؟ دەتوانین بیرمەندو فەیلەسوفەکان وەک نمونە بهێنینەوە بۆ گەشەسەندن و مانەوەی ئەو ئەقڵە.
ئیبن روشد دەڵێ ئەقڵی فاعل سەربەخۆیە لە تەنی (جسم) مرۆڤ وتێکەڵ بەمادە نابێت بەڵام عەقڵی منفعل ئەو ئەقڵە تایبەتەیە کە قابیلی (نەمان) فەنایە وەکو هەمو هێزەکانی تری نەفس .بەڵام عیلم ومەعریفەت بە یەکگرتنی ئەو دوعەقڵە دروست دەبن . چونکە عەقڵی منفعل ( کارتێکراو) بەردەوام ئامادەیە کە یەک بگرێت لەگەڵ ئەقڵی فاعل دا ، هەروەها هێزیش پێوسیتی بە مادە هەیە کە پیاتێپەر بێت مادەش شێوەیەکی ئەوێ کە تیا دابنرێت.یەکەمین ئەنجامی ئەو یەکگرتنە پێی دەوترێ عەقڵی وەرگیراو (دەست کەوتو) بەڵام رودەدات کە نەفسی بەشەر لەگەڵ ئەقڵی گشتیدا زۆر بەهێز تر یەک بگرن بەوە عەقڵی ئەزەلی پێک دێنن.ئەم یەکگرتنەش بە هۆی ئەو ئەقڵە دەست کەوتوەوە نایەتە دی کە باسمان کرد بەڵکو کاری ئەقڵی دەستکەوتو تەنها گەیاندنێتی بۆ حەرەمی خالقی ئەزەلی بەڵام بێ ئەوە پێکەوەیان ببەستێت .ئیبن روشد دەڵێ ئەو پێکەوە بەستنە تەنها لەرێگەی عیلمەوە دەبێ .کەواتە عیلم زانست هۆی بەیەک گەیشتنە ( الأتصال) لەنیوان خالق ومەخلوقدا .لەورێگەیەش زیاتر هیچ رێگەیەکی دیکە نییە . کەی مرۆڤ پەیوەندی بەخوداوە کرد خوداش پەیوەندی پێوە دەکات؟.کاتێک پەیوەندی پێوە دەکات کە مرۆڤ لەهەمو شتێک داببڕێت وتەنها خەریکی خوێندن ولێکۆڵینەوە بێت و بە چاوەکانی پەردە لەسەر سڕەکان هەڵبماڵێ هەرکاتێکیش توانی ئەوە بکات خۆی لەبەرانبەر حەقیقەتی ئەبەدیدا دەبینێتەوە.
بەڵام سۆفیەکان دەڵێن پەیوەندی (الأتصال) بەهۆی نوێژو رامان و خۆداماڵێن لەهەمو بیرکردنەوەیە تەنها زیکری خودا نەبێ دروست دەبێ واتا عیلم ( زانست) مەرج نییە .ئەوە جیاوازی ئین روشد و سۆفیەکانە.
بەم پێیە ئیبن روشد دادەنرێ بەخاوەنی مەزهەبێکی مادی کە بناغەکەی زانستە کەونیش بەرای ئەو بەهێزی پرنسپی کۆن و سەربەخۆ دروست بووە کە هەر بازنەیەک مەحکومە بەوی تریان هەروەکو لای سەروە باسمان کرد . ئەوانیش هەموو بەستراوەنەتەوە بەهێزکی باڵای نادیارەوە لەم بنەمایانەوە شتێک دەست بەسەر کەوندا دەگرێت و ئەقڵی پێ دەبەخشێت ئەویش عەقڵی مرۆڤایەتیە کەواتە نەمرە. ئەوشتەش کەبەئەقڵ ناو دەبرێت عەقڵێکی نەگۆڕە نەبەرەو پیش دەچێ ونەبەرەو دوا نەزیاد دەکاو نەکەم هەمو خەڵک بەشدارن تیادا و هەریەکەو بەگوێریەکی جیا لێی وەر دەگرێت. هەر کەسێک کە زیاتری وەرگرت ئەوە نزیک ترە لە کەماڵ و بەختەوەری.
ئایا نەفسی مرۆڤ نەمرە؟ ئیبن روشد دوو وەڵامی لەسەر ئەم مەسەلە هەستیارە هەیە دەڵێن ئەگەر سەیری نوسراوەکانی بکەین بۆمان دەر دەکەوێ کە ئەو فەیلەسوفە باوەڕی بە خەڵات وسزا هەیە ( سەواب وعیقاب) بەڵام ئەگەر بچینە لای مەزهەبە فەلسەفیەکەی و کە شوێن پێی ئەرستۆی لەمەسەلەی باوەڕی بە نەفس وخەلقی کەونەوە هەڵدەگرێ، رووی مەسەلەکە دەگۆڕێ . لەیەکەمیاندا ئیبن روشد وەکو پیاوێکی باوەڕدار و ملکەچی داب ونەریتی باب وباپیران لەدڵیەوە دەنوسێ نەوەک لەئەقڵیەوە بەڵام کاتێک کە لەروانگەی ئەقڵەوە دەنوسێ وەکو شێر دەچێتە ئەشکەوتی هەقیقەتەوە کە بەری گیراوە .

وەڵامی یەکەمیان وەکو ووتمان تەقلیدیەکەیە و لەروانگەی دڵیەوە وەڵامی داوەتەوە بەڵام وەڵامە فەلسەفیەکەی کە پەنای بۆ ئەقڵ بەم شێوەیە بردوە:
ئەو دەڵی ئەقڵی فاعل (بکەر)ی گشتی جیاو سەربەخۆیە لەمادە بۆیە قابیلی فەنا بوون نییە بەڵام ئەقڵی خاص تایبەت المنفعل لەگەڵ لەشی مرۆڤدا فانییە ،ئایا ئەقڵی گشی فاعل کە نەمرە بەپێی ئیبن روشد چییە؟ ئەو دەڵێ ئەو عەقڵە نەمرە ئەو ئەقڵەیە کە هاوبەشە لەنێوان مرۆڤایەتیدا ، کەوابێ مرۆڤایەتی نەمرە نەک تاک بەوپێیە دوای مردن ژیانێکی دیکە نییە .
لەسەردەمی عەباسیەکاندا بزوتنەوەی وەرگێرانی فکری یونانی گەشەی سەند دەرگای فکری ئیسلامی لەسەر فەلسەفەو مەنتیق کرایەوە سەرەتا وەکو ئاماژەمان پێدا
ئیمامی غەزالی بە کتێبی (تهافت الفلاسە) ویستی دەرگای فەلسەفە لەسەر فکری ئیسلامی دابخات دواتر ئیبن تەیمیەش بەهەمان مەبەست گوتی ( من تفلسف فقد تمنطق ومن تمنطق تزندق) واتا ئەوەی باسی فەلسەفەی کرد مەنتیق بەکار دێنێ ئەوەی مەنتیقی بەکار هێنا زەندیقە. بۆ نمونە فەرهەنگی عەرەبی عەرەبی کاتێک راڤەی دەستەواژەی یان ووشەی زەندیق دەکات دەڵێت: زەندیق ئەوکەسەیە کە دەڵێت دنیا لەئەزەلەوە هەر هەبووە بێگومان کەئەوە فکری ئیبن روشد بوو. میحنەتی ئیبن روشد لەهەوڵدان بۆ هاوئاهەنگی لەنێوان ئیسلام وفەلسەفەی یۆنانیدا وبەتایبەتی فەلسەفەی ئەرستۆدا دەست پێ دەکات . فەلسفەش وەیان فەیلەسوف مافی ئەوەی هەیە کە لەنێوان ئەقڵ ونەقڵدا لەنێوان رابردوو ئێستادا هاوئاهەنگیەک وەیان کۆکردنەوەیەک دروست بکات.
ووردەکاریەکانی ئەم میحنەتەی ئیبن روشد دەگەرێیەتەوە بۆ پیاوانی ئاینیی ئەو سەردەمەو میر لەلایەک .پیاوانی زانست وفکریش لەلایەک، لایەک دەیانویست پشتی فەلسەفەو فەیلەسوفەکان بگرن بەرەکەی دیکە دەیان ویست پشتی فەلسەفەو فەیلەسوفەکان بشکێنن. بێگومان گوتاری بەرەی دووەم سەرکەوت ئیبن روشد تۆمەت بار کرا بە ئیلحاد و زەندەقە و کوفر موحاکەمە کرا وحوکم درا بە سوتاندنی کتێبەکانی نەفی کرا بۆ دێیەکی جولەکە نشین کەئەوەیش واتایەکی رەمزیی هەبووە کە دەڵی جێگەت لەناو موسڵمانان دا نابێتەوە لە ئەندەلوس.
ئیبن روشد دەڵێ لەهەمو شتێ زیاتر کە ئازاری رۆحی دابم ئەوەبوو رۆژێک لەگەڵ عەبدولای کورم لە قورتبە چوین بۆ نوێژ لەمزگەوت عەوامەکە لێمان راپەرین ودەریان کردین .
کاتێک کە کتێبەکانی دەسوتێنن لەگەڵ خوێندکارەکانیا لای ئاگرەکەوە وەستاون یەکەێک لەخوێندکارەکانی دەگری ئیبن روشد دەڵێ: ئەگەر بۆ حاڵی موسڵمان دەگریت هەموو دەریاکانی دنیا بەشی فرمێسکەکانت ناکەن ئەگەر بۆ کتێبەکانیش دەگری بزانە کە فکر باڵی هەیە دەفڕێ.
ئیبن روشد دەڵێ : (گەورەترین دوژمنی ئیسلام ئەوجاهیلەیە کە تەکفیری خەڵک دەکا)
• تأریخ فلسفة الأسلام في المشرق والمغرب .. محمد لطفي جمعة
• عن فلسفة ابن رشد …سارة حجازی
• بحث المقولات في فلسفة ابن رشد ..عبدالعزيز لعمول
• فلسفة ابن رشد….. رجائي عطية
• د. محمد عابد الجابري، نحن والتراث، الطبعة السادسة، 1993م، المركز الثقافي
• د. عاطف العراقي، النزعة العقلية في فلسفة ابن رشد، الطبعة الرابعة، 1984م