رەزا شـوان: بـووکە سەمـاکەرە (داوه‌ڵ).

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

لە کۆنەوە تا ئەمڕۆ پەیوەندی نێوان مرۆڤ باڵندەکان، لە نێوان شەڕ و ئاشتیدا جیاوازی هەیە، مرۆڤ حەزدەکا خۆی لە باڵندە دەنگخۆش و رووخـسار جـوان و پەڕ رەنگینەکان نزیک بکاتەوە، گوێ لە دەنگی خۆشیان بگـرێ و بە بینینیان دڵخۆش و چاومەست ببێ. وەکو: کەو، بولبول، کەناری، چۆلەکە، تووتی، تاوس، کەڵەشێر، قەتی، قوڵنگ و… هتد. هۆنراوەنووسان و چیرۆکنووسان بە سەدان هۆنراوەیان بەسەر جوانی و دەنگخۆشی و پەڕ رەنگینی و فڕینی ئەو باڵندانەدا هەڵداون، یا کردوویانن بە پاڵەوانی سەدان چیرۆکی خەیـاڵی بـۆ منـداڵان.. یا بەسەر ئازایـەتی و بـەرزی فـڕینیان، هـۆنـراوەیان هـەڵـداوە و کردوویانن بە پاڵەوانی چـیرۆکی خۆش بۆ منـداڵان، لەوانەش: هەڵـۆ و بـاز و شەهـێن. هەشیانە مـرۆڤ لە کاتی تۆوکـردن و بەرگـرتنی بـاخ و بێـستانـدا، خۆشیی پێـیان نایات، لەوانەش: قەلـەڕەش و کونـدەپـەپوو، کـۆلارە، ریشـۆڵە، داڵ.
مرۆڤ گەلێ باڵندەش بەخـێو دەکات لە پێناوی گۆشتەکەی و هـێلکەکەی و پەڕەکەشی، لەوانەش: مـریشـک، کەڵەشـێر، عـەلەشیش، قـاز، مـراوی، وشـترمل.
هەشیانە لە کاتی تـۆوکردنی دانەوێـڵە و بەروبووم و پێگەیشتنی بەری باخ و بێستان و رەزدا، زیـان بە جووتیـارەکان دەگەیەنن تـۆو و بەروبـوومی کشتوکـاڵەکانیان دەخـۆن، لەوانەش: قەلەڕەش و ریشـۆڵە و چۆلەکە.. بێجگە لە باڵندەش کوللـە زیانێکی زۆر بە دانـەوێڵـە و بەروبـوومی بـاخ و بێـستان دەگەیـەنێـت.
جووتیارانی بەرچاوتـێر و باڵندەدۆست، باڵندەکـان بە هاوباشیان دەزانـن، کە مافـیان بە زەوییەوە هەیە. لە کوردستان دا، جووتیارانمان بەرچـاوتەنگ و قـرچۆک نین، لە کاتی تۆوکـردنی دانەوێـڵەدا، بـڕێکی زیـادەش دەڕژێـنە سەر زەوی و دەڵـێن: ئەمەش بەشی باڵندەکـانە.. کە گـوزارشتە لە خۆشەویستییان بۆ باڵنـدەکان.
لە هـۆنراوەیەکی زۆر کۆنـدا، کە دەگەڕێتەوە بۆ چـاخی باوباپیرانمان، جووتیارەکان لە کاتی تۆوکردنی گەنـم و جـۆدا، بە گـۆرانی و بە زەردەخـەنە و رووخۆشییەوە، دەڵـێن:
چنگـێک بۆ کرمەکـان.. چـنگێ بۆ قەلەڕەشەکـان.. چـنگێ بۆ ریشۆڵە چۆلەکەکان، سێ چـنگـیش بـۆ شـین بـوون.
چـەکی مرۆڤـیش لە شەڕی دژ بە باڵـندەکان، چەکـێکی کوشندە نییە و هیچ ئەزێتێک بە باڵندەکان ناگەیەنێ، تەنیا بۆ ترسانـدن و دوورخستنەوەیانە، لە بـاخ و بێستان و رەز و مەرەزەی برنـج و گێڵگەکانیانە، واتا شەڕێکی بە قەستییە. ئەو چەکـەی کە مرۆڤ لە دژی باڵندەکان بەکـاری دەهـێنێت، بە کوردی پێی دەڵـێن (بـووکە سەمـاکەرە).
لە زمـانی کوردیـدا، ئەم وشانە هـاومانن (بـووكه‌ سه‌مـاكه‌ره‌، داوەڵ، داهـۆڵ، بـووکە تـرسێـنەر) لە زمانی ئینگـلیزی پێی دەڵێن (سـكـارۆ) لە زمانی عەرەبیش (الفـزاعـة).

بـووکە سەمـاکەرە چیـیە و لە چی دروست دەکـرێ؟
شێوە کلاسیکییەکەی بووکە سەماکەرە، کە تا ئەمڕۆش بەکاردەهێنرێ، بە تایبەتیش لە لادێیەکانی کوردستان دا بریتییە لە بووکەڵەیەکی باڵابەرز لە شێوەی بەژنی مرۆڤ دایە، کە لە دار، یا لە قامیش، یا چـیلکە و پـووش ق قەسەڵ، قەوارەکەی دروست دەکـرێت و لە شێوەی دەموچاوی مرۆڤیش دەموچاوی دەنەخشێنن. بە زۆری لە دوو دار لە شێوەی (خـاچ) بە یەکەوە دەبەسترێن، سەرێکی دارە درێـژەکە لە زەوی دەچەقـێنرێ، دارەکەی تر، کە لە شـێوەی باڵ کـراوەی مـرۆڤ دایـە. کراسـێکی کـۆنی رەنگـاوڕەنـگی کچـانەی لەبەردەکەن و بە پـەڕۆ و پـاڵ دەیـڕازێننەوە. دەسـماڵـێکی تەنکـیشی لەکـۆڵ دەکـەن، لە نـاوەڕاستی بـاخ و بێـستان و رەز و مـەرزە و کێـڵگـەدا دایـدەنـێن، لـە دوورەوە وەکـو شـێوەی کچـێکی باڵابـەرز دیـارە. کە بـا لـێی دەدا، دەکـەوێتە جـووڵە و دەسـماڵـەکەی و جلەکـانی دەشەکێنێتەوە، بە شێوەیەکیش دایـدەنێن کە بە هـەموو لایەکـدا بسـووڕێتەوە. کە باڵندەکـان دەیبـینن وا هـەست دەکـەن کە مـرۆڤـێکی راستیـیە، بـۆیـە لـێی دەتـرسن و دووردەکـەونەوە. بـەڵام قـەلـەڕەش و چـۆلەکـەکان زیـرەک و وریـان، زۆری پێـناچـێت، تێدەگەن کە بـووکە سەماکەرە، بووکێکی راستی نییە و قەستینەیە، ترسیان لێی دەشکێ و لەسەر سەری و باڵەکانی بووکە سەماکەرەکەدا دەنیشنەوە. مەرجێکی قورخکراویش نییە، کە بـووکە سەمـاکەرە، هـەر لە شـێوەی مێـینەدا بێت، دەشـێش لە شـێوەی کـوڕدا دروست بکـرێت و بە جلوبـەرگی کوردی کـوڕانە بـڕازێنرێتەوە.. شایەنی باسیشە هـەر نەتـەوەیـەک شـێوەی جـیاوازی بـووکە سەمـاکەرەی تایبـەت بـە خۆیـان هەیـە، کە بە جلوبـەرگی نەتەوایـەتی تایبەتی خۆیـان، بـووکە سەمـاکەرەکانیـان دەڕازێنـنەوە.
لە ئەمڕۆدا، بـووکە سەمـاکەرە، بووە بە هـێمایەکی گـرنگی کولتووری گەلێ لە گـەلان. لە بەشێکی زۆری وڵاتـان دا، ساڵانە لەژێـر ناوی (بـووکە سەماکەرە) دا، جـوانتریـن و خۆشترین کەڕنەڤـاڵی خـۆشی و شادی سازدەکەن و چەنـدین جـۆری جـوان و رازاوەی بـووکە سەماکەرە پێشاندەدەن. بووە بە بەشێک لە کولتوور و داب و نەریتیان. ئەوەش بە بیردێنـنەوە، کە مـرۆڤ ئازاری باڵندەکان نادات، بەڵکو تەنیا بۆ دوورخستنەوەیان لە بەرهـەمە کشتوکاڵیـیەکانیان بـووکە سەمـاکەرە بەکـاردەهـێنن.

مـێژووی دروستکـردنی بـووکە سەمـاکەرە:
دەڵـێن، بۆ یەکەمـین جار لە مێـژوودا، فەرعەونییەکان “میسرییە کۆنەکـان” چەند سەد ساڵێک لە پێش زاینیدا، بووکە سەماکەرەیان داهێنا. بەڵام من پێموایە کە گەلئ کوردمان یەکەمین گەلە لە جیهـانـدا کە بۆ یەکەمین جار، بـووکە سەماکەرەیان داهـێناوە. چونکە یەکەمین دێی کشتوکاڵی لە جیهانـدا کـورد دروستی کرد کە دێی (چه‌رمو)ە، کە دەکەوێتە باکـووری شاری (چەمچـەماڵ ) لە باشـووری کوردستان، کە تا ئەمـڕۆش شـوێنەواری ئەم دێیـە کوێـرەوە نەبـووە. مێـژووەکەشی بـۆ نـزیکەی دە هـەزار سـاڵ بـەر لە ئەمڕۆ دەگەڕێتەوە. دوور نییە کە بـۆ پاسکـردنی گەنـم و جۆیەکـانیان لە مەل و باڵنـدە، بووکە سەماکەریان داهـێناوە و بەکـاریان هـێناون. کە لە دار و قامیش و گەڵای دار دروستیان کردووبێ و پێـستی ئاژەڵـیان لەبـەر کـردووبێ.
گریکەکـانيش”یـۆنانیـیە کۆنـەکـان” لە داری ئەسـتوور، لـە شـێوەی پەیـکەری مـرۆڤی ئەفـسانەیی (پـریـاپـۆس) یان دروست کـردووە، کە بە شـێوەیەکی ناشیرین و بە رەنـگی سـوور بۆیـەیان دەکـرد، تێڵایـەکی داریشـیان بە دەستیـیەوە دەگـرت، تا زیاتـر باڵـندەکان لـێی بتـرس و لە کێڵگە و باخ و بێستانەکان دووربکـەونەوە.
ژاپۆنییەکانیش، بـووکە سەماکەریان بـۆ پاسکردنی مەرەزەکانی برنـج دروست کـرد، کە بـریتیـبوو لە راژەیـەکی دار یا لە قـامیشێکی درێـژ، کە لە نـاوەڕاستی مەرەزەی بـرنجـدا دەیانجەقـانـدن، بـە قـەدی راژەکـان و قـامیشەکانـدا، لاشـەی ئـاژەڵی تـۆپیـوی بـۆگـەن یا ماسی بـۆگەنکـردوویان هەڵـدەواسی، کە بـۆن بـۆگەنییەکی زۆریان لـێوە دەهـات، لەبەر بۆنی ناخۆشی بۆگەنی ئەو لاشانە، باڵندەکان لە مەرزەکان دوور دەکەوتنەوە. بە بـووکە سەماکەرەشیان دەوت ” کـاکـاشی” کە واتـاکەی بە ژاپـۆنی “بـۆن بۆگـەن” دەگـەیەنێت. بەڵام لە دوای سەردەمـانێک، لە شێوەی مـرۆڤ، لە دار و پـووش بـووکە سەماکەرەیان دروستکـرد و شەپـقـەیان لەسـەری دەکـرد، هـەر هەمـان نـاوی پێـشوویـان پێی دەوت، بـەڵام بـۆنی بـۆگەنیـیان لێـوە نەدەهـات.
جووتیارانی ئەوروپـاش، لە سەردەمەکانی ناوەڕاست دا، کە هێشتا فـێری دروستکردنی بـووکە سەماکەرە نەببوون. بۆ پاسکـردنی بـاخ و بێستان و کێڵگەکانیان، لە باڵـندەکان، منـداڵانیان بە کرێ دەگرتن، هەر منداڵێک تـوورەکەیەک بەردی لە مـل دەکرد، بە نـاو و بە قەراغی کێڵگەکاندا دەسووڕانەوە، هاواریان دەکرد و کشەیان دەکرد، هەر باڵندەیەک نزیک بوایەتەوە، بۆ دەرکردن و دوورخستنەوەی، بەردیان تێی دەگرت و دەیان ترساند.
بەو منـداڵە پاسکەرانەیـان دەوت” تـرسێـنەرانی باڵـندە”
لە ساڵی 1348 دا، کە پەتـای رشانەوە لە ئەوروپـادا بڵاوبـۆوە، ژمارەیـەکی زۆر لە منـداڵان بەو پەتایە مردن. ژمارەیەکی زۆر کەم لە “ترسێنەرانی باڵندە” رزگاریان بوو.
بۆیە جووتیارانی ئەوروپا، بیریان لە ئەڵتەرناتیڤێکی تر کردەوە بۆ پاسکـردنی کێڵگە و باخ و بێستانەکانیان. بووکە سەماکەریان دروستکرد، کە بریتی بوو لە جەواڵێک پڕیان لە پووش و قەسەڵ دەکـرد، و سەر و دەموچاوێکـیشیان لە شێوەی دەموچـاوی مرۆڤ پێوە قایمدەکرد و دەیان نەخـشانـد، لە ناوەڕاستی کێڵگەکانیان قـایمیان دەکرد، تا تـرس بخـەنە دەروونی باڵنـدەکـانەوە.
دانیشتوانی رەسەنی باکووری ئەمریکا، ئەوانیش فێری دروستکردنی بووکە سەماکەرە نەببـوون، بۆ پاسکردنی کێڵگە کشتوکاڵییەکانیان، پیاوێکی بە تەمەنیان بە کرێ دەگرت و لەسەر سەکـۆیـەکی بـەرزی ناوەڕاست کـێڵگەکەدا دەوەسـتا، دارێـکی درێـژیشی بە دەستەوە دەگرت، کە لە شێوەی ئاڵادا، پەڕۆی رەنگاوڕەنگی پێوە بەستبوو. هەر مەل و باڵندەیەکی بدیبایە کە لە کێڵگەکە نزیک بۆتەوە، هاواری دەکرد و دەیقـیژان و دارەکەی رادەوەشانـد و باڵـندەکەی دەتـرسانـد و دووری دەخـستەوە.
ئـەو ئەوروپاییـانەش، کە کـۆچـیان بۆ ئەمریکای باکـوور کرد و لـێی نیشـتەجێ بـوون، ئەوانیش هەر وەکو خەڵکی رەسەنی ئەمـریکا، نەیانـدەزانی بـووکە سەماکەرە دروست بکەن. ئەوانیش بە خـێزانی و بە نـۆرە، پاسی بـاخ و بێـستان و کـێڵگە تۆوکـراوەکانیان دەکرد. بەڵام هەندێ لەو ئەوروپاییانەی لە دواییدا کۆچیان بۆ ئەمریکا کرد، بە تایبەتیش ئەڵمانییەکـان، بیـرۆکەی دروستکـردنی بـووکە سەمـاکەریان لە ئەمـریکـای باکـووردا بڵاوکردەوە. کە بە دوو دار لە شـێوەی خاچـدا، کراسی کـۆن و پەڕۆیـان لەبەردەکـرد و ملپێچێکی تەنکی درێژیان لە مل دەکرد، دوو فەقـیانە یا هەموچکی تەنکی درێژیشیان لە قـۆڵ دەکردن، کە با لێیانی دەدا دەشەکانەوە. بۆ ترسانـدن و دوورخستنەوەی باڵنداکـان. بەم بـووکە سەمـاکەرەیـان دەوت (بـۆتسامـون) یا (بـۆگـیمان) زۆر جـاریش لە شـێوەی خـێزانێک درووستیان دەکـرد، ژن و پیـاوێک و منـداڵـێک لە نێوانیانـدا.. زۆربـەی ئەم داهـێنانـەش هـەر بـۆ پاسکـردن و ترسانـدنی باڵـندەکـان نەبـوون، بەڵکو بـۆ جـوانی و بۆ خۆشی دروستـیان دەکـردن و دایــان دەنـان.
چـینییەکان لە ساڵی 1958 دا لە سەردەمی شۆڕشی رۆشنبیری (ماوی) دا، شەڕێکی سەرتاسەریان لە دژی باڵندەی چـۆلەکە راگەیاند. وا لێکیان دایەوە کە هەر چۆلەکەیەک لە ماوەی ساڵێکدا، چوار کیلۆ گەنم و برج دەخوا، لە هەمان کاتدا، ژمارەی دانیشتووانی چـین لە زیادبوونـدا بوون. کە پێویستییەکی زیاتـریان بە خواردنی دانەوێڵە هەبـوو. ئەو دروشمەیان راگەیاند “نا بۆ بەشداریکردنی چۆلەکە و جرج و مشک لە خواردنەکانیان”
لەم شەڕەشدا، کریکاران و جووتیاران و قوتابیان بەشداریان کرد، هەریەکەش رۆڵێکی تایبەتییان پێ سپاردبـوون. هەموویان رژانـە سەر شەقـامەکـان و لە مەنجـەڵ و قـاپ و تەنەکەیـان دەدا و ئـاڵای سووریان بەرزدەکـردەوە و دەیـان شەکانـدەوە، بۆ ترسانـدن و دەرپەڕاندنی چۆلەکەکان لە هێلانەکانیان. لە ئەنجامی ئەم شەڕەدا زیاتر لە 10 ملیۆن چۆلەکە لە چـین تاران. بەڵام ئەم جەنـگە زوو کۆتایی هات.. کاتێک کە زاناکـانی چـین، لـە دوای هـەڵـدڕیـن و پشکـنیـنی سـکی چەنـد چـۆلـەکە و باڵـندەیـەک و چەنـد جـرج و مشکێک بۆیـان دەرکـەوت، (دوو لە سـێی) ئەو شتانەی وەکو خـۆراک لەنـاو سکـیانـدا بـوون، بریتیبوون لە مـێروو و کرم و گیانەوەری زیانگەیەنەر بە گەنم و جـۆ و برنج و بەرهەمە کشتوکـاڵییەکان، تەنیا (یەک لە سێی ) ئەو خواردنانەی لەناو سکـیانـدا بوون، بریتیـبوون لـەو خـواردنـانەی کە مـرۆڤ دەیخـواردن.
چـینییەکان باجـێکی زۆری ئەم هەڵەیەیـان دایـەوە، ناچاربوون بۆ لە ناوبردنی مـێروو و کرم و جانەوەری زیانبەخش لە ناو باخ و کێڵگەکانیاندا، بە دوای ئەڵتەرناتیڤێکی دیکەدا بگەڕێـن، بـۆ پاراستنی کـێڵگەکانیان، ئەوەبـوو لەنـاوبەری کـیمیاوییان بـۆ لەنـاوبـردنی ئەو کرم و مـێرووە زیانبەخشانە بەکارهـێنا. كە چەندین مليۆن دۆلار لەسەریـان کەوت.
سەرەڕای داهێنانی بووکە سەماکەرەی ئەلیکترۆنی تازە و بەکارهێنانی ماددەی کیمیاوی لەنـاوبەر. بەڵام تا ئەمـڕۆش بـووکە سەمـاکەرەی کلاسیکی بەکاردەهـێنرێ و خانەنشین نەکراوە.. بـووکە سەماکەرە بـووە بە هـێمای کەلەپووری یا گواستنەوەی داب و نەریتی جـووتیاران و باخـەوانان و رەزەوانان کە وەکو کۆتـەڵـێکی جـوان لە ناو کـێڵـگە و بـاخ و بێـستان و باخچەکـانـدا، دایـان دەنێـن. ـ
ئامانج هەرچـییەک بێت لە دروستکردن و دانانی بووکە سەماکەرە، لە راستیدا مەبەست تەنیا دوورخستنەوەی قەلـەڕەش و باڵندەکان نیـیە، بەڵکو بووکە سەماکەرەکان جـوان و رەنگاوڕەنگـن، خۆشی و شادی بە مرۆڤ دەبەخـشن، چونکە هەر زوو قەلەڕەشەکان و چۆلەکەکان بۆیان دەردەکەوێت، کە بووکە سەماکەرە، مرۆڤی راستی نییە و پەیکەرێکی دروستکراوە، ترسیان لێی نامێنێ و دەچـن لەسەر سەری و شان و باڵەکانیدا دەنیشنەوە و دەنـووکی لـێدەدەن و گاڵتەیـان پێی دێ.
ئەمریکییەکان بە هۆی بووکە سەماکەرەوە ژمارەیەکی زۆری قەلەڕەشەکانیان پاراست. چـونکە لـە نـاوەڕاستی نیـوەی سـەدەی نـۆزدەیەمیـندا، جـووتیارەکـان بـە تـاران و بـە کەمبـوونەوەی قەلەڕەشەکـان، سزای خۆیـان وەرگرت. بەروبـوومە کشتووکاڵییەکـانیان. کەوتنە ژێـر هەڕەشەی خـواردن لە لایـەن کـرم و مێـرووە زیانبەخـشەکـانەوە، زیاتـر لە هەڕەشەی باڵندەکـان. بۆیە وازیـان لە دوورخستنەوەی باڵندەکان هـێنا. بۆ ئەوەی کرم و مێـرووەکان بخـۆن. تەنیا لە ماوەیـەی پێگەییـنی بەروبـوومەکـانیان پـاسی کێڵگەکـانیـان دەکەن. لە راستیشدا قـەلەرەشەکـان زیـانـێکی ئەوتۆیـان نییە. چۆلەکەکانیش لە کۆنەوە تا ئەمڕۆ نزیکترین باڵدەن لە مرۆڤەوە. مرۆڤ لە هەرکوێ بێ چۆلەکەش لەوێ هەیە.
بووکە سەماکەرەی ئەلیکـترۆنی:
بـووکە سەماکەرەی ئەلیکترۆنی، لە شـێوەی دەزگایەکی قـەوارە گەورە دایە. لە شێوەی رادار دەچێت. بۆ دوورخستنەوەی باڵندەکان، لە سەر زەوی لە ناوەراست باخ و بێستان و رەز و کـێڵگە و باخچـە و شوێنە گەشتیارەکـاندا دادەنـرێت، نزیکەی مەتـر و نیـوێکی دووجا شـوێن دەگرێت.. ئەم دەزگایە پشت بە (لێـزەری تیشک سەوز) دەبەستێت، کە لە رەنگی گیا و گەڵا سەوزەکان دەچێت، باڵندەکان بە روونی لێکی ناکەنەوە. هەرکە مەل و باڵندە و چەقەڵ و رێـوی و بەراز و گیانلـەبەرێکی تر، گەر لە کێڵگەکـان نزیک ببـنەوە، تیـشکە سەوزەکە دوایـان دەکەوێ و بێـزار و ناچـاریان دەکات و لە کـێڵگەکە دووریان دەخاتەوە.. ئەمانـەش جـیاوازییەکانی بـووکە سەمـاکەرەی ئەلـیکـترۆنـی یە:
1- هـیچ زیانێک بە باڵنـدەکان ناگەیەنێـت، تەنیا ئاگـاداریان دەکـاتەوە و بە هـێواشی لە کێڵگـەکە دووریـان دەخـاتەوە.
2- پێویستی بە وزەی کـارەبا و هـیچ مادەیـەکی دیکە نییە، بە وزەی رۆژ کـاردەکات.
3- دەزگای لێزەرەکە تەنیا مەتر و نیوێکی چوار گۆشە جێ دەگرێ، بەڵام پاسی هەموو لایەنەکانی کێڵگەکە دەکا، تا ماوەیـەک دوای باڵندەکـان دەکەوێ و دووریان دەخـاتەوە.
4- هـیچ کارتێکـردن و زیـانێکی بـۆ ژینـگە نیـیە.
5- دەکرێت لەنـاو باخـچە و لەنـاو کـێڵگە و لە زۆر شـوێنی تـردا دابنـرێت.
چەندین جۆری جیاوازی تری بووکە سەماکەرەی ئەلیکترۆنی هەیە، بۆ نموونە، بووکە سەماکەرە هەیە، لە شێوەی (کونـدەپـەپـووی ئەلیکـترۆنی) قەوارە گەورە دایە، کە زۆر دەگـمـێنـێت و هـەمیشەش باڵەکـانی دەلـەرێنـێـتەوە.. باڵـندەکـان لـێی دەتـرسن.
لە هـەنـدێ لە سەربانەکـانی کارگەکان و فەرمانگاکـانی شار و شارۆچکەکـانی ئەوروپـا، بـووکە سەمـاکەرەی لـە شــێوەی قـەلـەڕەش، کـە لـە کـاغـەزی نایـلۆنی رەشـی تـەنـک دروستکراوە، تا باران تـەڕی نەکات، بە پـەتێکی درێـژ و بە دارێکـەوە دەیـبەسـتن، کە با لێی دەدات بـەرز و نـزم دەبێـتەوە.. کە بۆ جـوانی و بۆ خـۆشی دایـدەنـێن. لە هەمـان کاتیـشدا باڵندەکـان لێی دوور دەکـەونـەوە.