عوسمان عومەر: گەلى کورد لەم سەردەمە چى بکڕێ باشە؟ ئایا مارتن لۆسەرێک پەیدا دەبێ؟

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

29 سالە ئیمەى کورد قەوارەیەکى سەربەخۆمان هەیە، لەو ماوەدا هەرخەریکى قین و بەزم و فیتنە بازیى ناوەخۆین. هەرخەریکى بەرژەوەندى تایبەت و بنەمالەیین. هەرچى خێروبێرو سەروەتى سەرزەوى و ژێر زەویی ئەم هەرێمە کە داهاتى نەوەکانى دواڕۆژمانە بەدوژمنێکمان فرۆشتوەو، ئەویش دەیکاتە ئاگرو ئاسن و پێاماندا دەکێشێ و سەرەڕاى ئەوەش پەلکێش دەکرێت بۆ داگیرکاریى خاکەکەمان. هەرچى کۆمپانیاو هەرچى زەوى باش و بەرژەوەندى باشە بۆ خۆیانە و لەخەلکى بەهەرزان دەکڕنەوە دواتر خەلک دەبێتە کرێچییان تا دوکانێکىان لێ دەستکەوێ. خۆپێشاندان بۆ مافێکى سادە ئەویش موچەیە، خەلک بەرشەق و زلە دەدرێ. دەروازەى برایم خەلیل و حاجى ئۆمەران و وەلید لە نێوان رۆژئاواو باشور بەتایبەت بۆ گیرفانى بنەمالەیە هیچ داهاتێکى بۆ حکومەت نییە.
ڕاگەیاندن بۆخۆیان مشەیەو هەرچى بیانەوێ لەدرۆ و دەلەسە دەگوترێ و پەخش دەکرێ، گەر یەکێکیش بابەتێکى راستى تالى نوسى یەکسەر پەلامار دەدرێ و تۆمەتى تەشهیرو فەرمانى زیندانى بۆ دەردەکرێ. بەکوردیەکەى لە هەموشتێ دەبێ هاوبەش و شەریک بن دەنا ناهێلن سەربگرێ و ئەنجام بدرێ . کۆفید 19 هاتە پیشەوە خۆیان حەشاردا و خەلک چی لێ بەسەردێ بابێ گەر رۆژى بەسەدان یاهەزارانیش بمرن گوێ نادەنێ….
کەنیسە لەسەدەکانى ناوەراست دەستى لەهەموو شتێک دا هەبوو، بکوژو ببڕ خۆیان بون، دەسەلات بەدەست ئەوانەوە بوو هەرپاشایەک بەدلێ ئەوان نەجولایەتەوە تۆمەتێکیان بۆ دروست دەکرد و لەتەخت بە سیناریۆیەک یادەخرایە زیندان یا لەناویان دەبرد.
لەسەدەکانى ناوەراست قەشەکان بەهەشتیان بەخەڵک دەفرۆشت, خەلکى گەمژەو نەزانیش بە پێدانى بڕێک پارە بەشێکیان لەبەهەشت دەکرێ, چۆن ئیستاى هەندێ مەلا بەمولحید و جهەننەم و عەزابى قەبر و مارو دوپشک و شیشى سورکراوە و کۆت زنجیر خەلک دەترسێنن تا بەدواى ئاوەزى ئەوان بکەون و بەکەیفى خۆیان هەلییان سوڕێنن.
کەسێکى ئاقل کە بەدەست گەمژەیی و جەهالەتى خەلکەوە دەینالاند و رەنجى دەکێشا, ئامادەبوو هەموو کارێک بکات بۆ ئەوەى ئەو خەلکە لە جەهل و گەمژەیی رزگار بکا…..بیرۆکەیەکى بۆ دێت و دەچێتە کلیسا بەو قەشەیەى بەرپرسى بەهەشت فرۆشتنە دەلێت:
نرخى جهەننەم چەند؟
قەشەکە سەرى لەقسەى کابرا سوڕ دەمێنێ و دەلێت:
جهەننەم …. بەلێ …جهەننەم
قەشە بێ ئەوەى بیربکاتەوە دەلێت 3 سککە …
پارەکە دەدات و دەلێت تاپۆى جهەننەمم پێ بدە..
قەشەکە لەسەر کاغەزێک بۆى دەنوسێت و دەیداتە دەستى.
پیاوەکە بەپێکەنینەوە کاغەزەکە وەردەگرێت و لە کلێسا دەردەکەوێ و ڕوو دەکاتە گۆڕەپانى سەرەکى شارەکەو دەچێتە شوێنێکى بەرز و بەدەنگى بەرز بەخەلکەکە دەلێت:
من هەموو جهەننەمم کڕیوەو ئەوەش تاپۆکەیەتى, چیتر پێویست ناکات ئێوە بەهەشت بکڕن، چونکە رێگە نادەم بەکەس بچێتە جهەننەمەوە.
ئەو پیاوە ژیرە ناوى مارتن لوسەرە کە لە 10ى تشرینى دووەمى ساڵى 1483 لەدایک بووەو لە 18ى شوباتى 1546 کۆچى دوایی کردوە. باش بوو 17ى شوبات نەبوو دەنا جەماعەت دەیانگوت ئیمە پەیرەوى مەبدەئى ئەومان کردووە بۆیە هەموو شتێکمان تیکداو ووروژاند …
مارتن لۆسەر خیزانەکەى ناوى کاترینا فۆن بۆرا و تاقە کوریکى هەبوو بەناوى پۆل ئارسەر, کاریگەرترین کەسایەتى ئەو سەردەمە بوو لە مێژووى ئاینى مەسیحى داو هاوکات دامەزرێنەرى مەزهەبی پڕۆتستانت بوو، یەکەم کەس بوو ئینجیلى وەرگێرایە سەر زمانى ئەلمانى. پلەى پرۆفیسۆرى هەبوو لە لاهوت دا, چاکسازێکى ئاینى مەسیحى بوو نەک چاکسازێک بۆ تێکدان. هەولى دەدا چاکسازى لە خراپەو کارە ناتەندروستەکانى ئاینى مەسیحىەت دا بکات بەهۆى کارو کردەوەکانى لە سەدەى شانزەهەم مەسیحیەتى خستە دوو بەرەوە، ئەویش کەنیسەى کاسۆلیکى رۆمانى و رەوتى پڕۆتستانتى وەک لۆتەرى, کالفینى, ئینجیلى ئەناباتى و یەکێک بوو لەوانەى کەپشتگیرى لە گەیاندنى ئینجیل دەکرد بەزمانى رەسەنى نەتەوەکان و داننان بە زمانە ناوخۆییەکان، زمانێکى سەربەخۆن و بابەتى گشتى قیزەون نین.
ئایا پیاوێکى ژیرى بەوشیوەیە لاى خۆمان پەیدا دەبێ و جهەننەم بۆ ئەو خەلکە بکڕێت و ئەو بەهشت فرۆشیەى ئەوان گەمژەکردنە کۆتایی پێ بهێنێ؟ تاکەى ئەم گەلە بەهۆش دێتەوە؟ ئەم ئازارەى گەل کۆتایی دێت؟