تیشکۆ زەند: بۆچی کورد پشگیری کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە دەستدا؟

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ڕۆچونە نێو ئەم باس و تەوەرانە، دەبێت لە دەرگای چەندین ڕاستی هەیە بدرێت، کە هەر وەک لە وتارەکانی پێشومدا ئاماژەم پێداون، بە باسکردن و هەڵدانەوەی پەڕەی هەڵەی ئەو ڕوداو و بەسەرهاتانە هەرچەندە شەرمە و خەجاڵەتیە، بەس باس نەکردنیشی دەچێتە خانەی خیانەتی نەتەوایەتی و بێ هیوایەوە.
٭ یەکێ لەو وانانەی کە لە لایەن هێزی هاوپەیمان سەر بە یەکەی ناتۆ NATO بە ئەفسەرانی ستافی هێزی پێشمەرگەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە دەوترایەوە بەندە (من) پشکی شێرم بەردەکەوێت، چونکە بە جوانترین و بە دڵسۆزترین هەستی نەتەوایەتی و دسپلینیەوە دەمویست پەیامەکان بگات بە ئەفسەرە کوردەکان، تەنها لەبەر ئەوەی ئێمە هەموو کوردین و یەک کێشەی نەتەوایەتیمان هەیە کە کورد هەمیشە بۆتە قوربانی سیاسەتی چەپەڵی بەرژەوەند خوازەکانی ڕۆژگار و وانەیەکیش لە هەڵەی ڕابوردوی ڕەشی نەگریسیمان فێرنەبووین، ئێمە ئەو (دەرسانەمان) وانانەمان بەناوی (چۆن سەرکردەی تۆکمە دروست دەکرێت) کە دەبوایە لەماوەی 6 هەفتە بۆ 8 هەفتەدا لە خولێکی سەربازیدا بە ئەفسەرە کوردەکان تەواو بکردایە، خۆی لە ڕاستیدا ئەو وانە دیسپلینانە دەبوایە سیاسیە کوردەکان کە سەر بە حیزبەکانن بیان خوێندایە، بەڵام بە هۆی لوت بەرزی و گومڕابونی ئەوانەوە کە هەر خەریکی وێنە گرتنی سێلفی بون و کڵپەی شەڕی داعاشیش لە هەڵکشاندا بوو، ئەو وانانە بە ئەفسەرە کوردەکان خوێندرا، چونکە لە دنیای جیهانگیریدا سیاسیەکان بەرنامە دادەڕێژن و ئەفسەر و سەرباز جێبەجێی دەکەن، ئەوەی باشە هەزاران ساڵە کورد هەر لە دەربەدەری و ڕاکە ڕاکە و ماڵ وێرانیدا دەژیت و دەڵێن؛ خەتای ئەمریکای سەگبابە، ئەی بۆ ناڵێن خۆمان پیس و جروکین و قەت تەبا و یەکگرتو نەبوین، کورد ئەگەر نێوماڵی خۆیی ڕێک بخات ئیتر هیچ گارەگار و گلەیی و ماڵە باجێنەی پێ ناوێت.
٭ با بێینەوە سەر ناوەڕۆکی تەوەرەکەمان، سەرکردایەتی کورد قەت خاوەنی مۆڕاڵی ستراجیەت و تاکتیک نەبون و قەتیش نابن، چونکە پەروەردەکەیان سەقەتە. هەمیشە خۆیان و میللەتیان داوەتە دەست قەدەر، هەمیشەش خۆیان بێوەی لە هاوکێشە و تەنگژیەکان دەرچون و مێگەلیش کش مەلیکی لێکراوە، جا دەبێت کەڵبەی ددانی دوژمنانی کورد چەند تیژو هەبروناوی بێت، دەبێت ئەم دوژمنانە چەند تینوبن بە دیداری شەهوەتبازیان بەرامبەر جەستەی شەکەتی کچە کوردەکانمان کە دایک و خوشک و هاوژین و کچی ئێمەن.
سەدان هۆکاری نێگەتیڤم لەبەر دەستە، کە خۆم وەک شاهێد خاڵ یان بە هۆی نزیکیم لە ڕاستی سەرچاوەکانەوە دەزانم کە ڕەنگبێت بۆ ئەم وتارە کورتە نە دەست بدات و نە کاتیش بەش دەکات بۆ هەڵڕشتنی ئەم هەموو سکاڵاو سەرزەنشتانە.
٭ شەڕی داعاش دەرگای هەموو ڕاستیەکی کردووە کە سەرکردایەتی کوردی باشور هێندەی یەک نوکی دەرزی بەکەڵکی ڕابەرایەتی میللەتی زیندو نایەن، بۆیان بکرێت کل لە چاو دەفڕێنن، چونکە بە هیچ تێرنابن، بێچگە لە پارەی حکومەتی ناوەندی بەغداد کە ساڵانە لەسەروی 15 ملیار دۆلاری دەدا بە هەرێم، لە ڕاستیدا دەدرا بە هەردوو حیزبی حاکم و ساڵانەش هەردوو حیزب بە دەیان ملیار دۆلاریان لە نەوتی قاچاخ دەفرۆشت و چەندین ملیار دۆلاری تریشیان داهاتی سنورەکان بە دەست دەگەیشت، ساڵانە چەندین ملیۆن دۆلاری زەریبەی ناوخۆشیان بە دەست دەگەیشت، ئەمە بێجگە لە هاوکاری وڵاتانی هاوپەیمان کە ئەویش بە هاوکاری لۆجستیکی و پارەی کاش لە سەروی 10 ملیار دۆلارەوەیە.
٭ نمونەیەک وڵاتی ئەڵمانیا لە ساڵی کۆتای 2014 بۆ کۆتای ساڵی 2107 لەو سێ ساڵەدا تەنها ئەڵمانیا یەک ملیار یۆرۆی داوە بە کوردی باشور جا لە ژێر هەر ناوێکدابێت، وەک وەزارەتی پێشمەرگە، دەزگای خێرخوازی بارزانی و دروستکردنی شوێن بۆ پێداویستیەکانی پێشمەرگە، من دووجار کاربەدەستانی حکومەتی ئەڵمانیا کە لە بەرلینەوە هاتن بۆ هەولێر چوم لە گەڵیان و ئەو ڕاستیانەیان بە کورد وتووە و هەتاکو چەند جارێکیش لە خولی ستافی ئەفسەرانی پێشمەرگەدا لە سەربازگەی مەنێلادا کە بە ئەفسەرە کوردەکانیان ووت کە یارمەتی ئەڵمانیەکان لە سەروی یەک ملیار یۆرۆمان بۆ کورد سەرف کردووە و با ئەفسەرە کوردەکان بڵێن شتی وانیە.
٭ ئەگەر بهاتایە حکومەتی هەرێم موچەی فەرمانبەران و پێشمەرگەی بدایە، پێشمەرگە نەدەچو چەکەکەی سەر شانی بفرۆشێ کە ئەو چەکە ئەمریکیانە (ذمة) زمەتە لەسەریان، هەتا کار گەیشتە ئەوەی هەندێک لە بەرپرسەکان چەکی گەورەش بفرۆشن وەک میلان، M249 , M247 , M19 و چەندان چەک و پێداویستی گرنگی سەربازیەکانیتر کە هەندێک لەو چەکانە چپسیان تێدایە و وایان دەزانی وڵاتانی هاوپەیمان بە تایبەتی ئەمریکا هیچ نازانن.
٭ من لەوە تێناگەم کاتی شەڕی برا کوژی نێوان یەکێتی و پارتی و کە هەندێک جار لایەنەکانی تریشی تێوە دەگلان لە نێوان ساڵانی 1994 بۆ 1998 حکومەتە ماڵباتەکەی یەکێتی و پارتی تەنها دەستکەوتیان داهاتی کەمییەکی گومرگەکان بوو، خەڵکی کوردستانی باشوری هەردوو زۆنەکەش پێی دەژیا، ئێستا کە ئەم هەموو پارە ڕژاوە بێشومارە هەیە چۆن حکومەتی هەرێم 27 ملیار دۆلار قەرزارە.
٭ پارەیەکی زۆر لە لایەن سەرانی کوردوە برایە دەرەوەی وڵات بۆ سپی کردنەوە، کە هەندێکیان هێنراونەتە ئەمریکا و دراوە بە موڵک و شوێنی گرنگ، وەک Tyson Corner in Virginia لەگەڵ Wilshire Boulevard, Beverly Hills لە گەڵ چەند هوتێل و کارخانەیەکی گەورەی ناوداری پێکڕاوە لە ژێر ناوی نەخوازراودا، ئاخر سەرانی کورد تۆ لە کوردستان میللەتێکت برسی کردووە و تۆ دەتەوێت ئەمریکا بەم یاریە منداڵانەیەت نەزانێت.
٭ سەرانی کورد و بازرگانی کردن لە گەڵ داعاشدا، وەک نەوت، دەرمان، پێداویستی لۆجستیکی، سەیارات و مۆڵگە دانی ئەندامان و خێزانی داعاشەکان یان بەڕەڵاکردنی ئەندامانی داعاشی تێرۆریست کە ئەمەیان ڕووی هەموو جوانیەکانی کوردی ناشرینکرد و کە کەوتوشە لەسەر دۆزەکەمان بۆ هەتا هەتایە.
٭ 16ی ئۆکتۆبەری 2017 کە پەیامێکی ناخۆش بوو کە درا بە گوێی وڵاتانی هاوپیمان، لە زۆربەی شوێنە سەربازیەکاندا کە پێشمەرگە پاسەوانی هێزی هاوپەیمانی دەکرد، پێشمەرگەیان ئیزندا کە چیتر پێویستیان بە پێشمەرگە نەما بۆ پاسەوانیان، یان خۆیان هێزی هاوپەیمان فەرمانی دەرکردنی بڕیاری دەرکرد کە دەبێت خۆیان پاسەوانی خۆیان بکەن نەوەک هەر وەک ئەو ڕوداوە دڵتەزێنەی کە پێشمەرگە ڕێگایدا حەشدی شەعبی لە پشتەوەبێت و براکەی خۆی بکوژێت، بۆیە باوەڕیان کەم تا زۆر بە سەرکردایەتی کورد و پێشمەرگەش نەما.
٭ ئەمەی کە نوسیومە کورتە وتارێکە کە پێناسەی ئەو ڕاستیانەیە کە بۆتە مۆرکی بەک گراوندی ئێمە، ناشێ و ناشکرێ خێر و بێری کوردستان بۆ چەند کەسێکبێت و سەرگەردانی و ماڵوێرانی و ڕاکە ڕاکە و دەریای ئیجەش بۆ کۆمەڵگای بەدبەختی کوردبێت لە سایەی سەری سیاسەتی چاواشەی ئەوانەوە، من لە پەرتوک و کونیەی هیچ سەرکردەیەکدا نەم خوێندۆتەوە و نەشم بیستوە کە بێباکانە وەک سەرکردەی کورد بڵێت؛ بە خوێن هاتوین و بە خوێنیش دەڕۆین.
شۆڕشی ساندنستیەکان لە ساڵی کۆتای 70 و 80 کاندا بە سەرۆکایەتی دانیەڵ ئۆرتێگا لە سەلڤادۆر کراو سەرکەوتن بەسەر کۆنتراکتەکانی سەلڤادۆردا، دەسەڵاتیان گرتەدەست، بەڵام لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا سەرکەوت و نەبون، لە پرۆسەیەکی هەڵبژاردنی دیموکراسیدا دەسەڵاتیان دۆڕان و وازیان لە حوکم هێنا و چونەوە بۆ ماڵێ، کەچی لە کوردستان کولتوری بنەچەیی حوکمیان هێناوەتە گۆڕێ، بۆیە سیستەمی نوپۆتیزم بۆ کورد بەدەست ناخوات و پشتی گەندەڵی و دزی ئەستورتر دەکات و هەتا ماویشین هەر دەبێت دەف بە دەستبین و وەک بنێشتی خاوی کوردی هەر دەبێت زکری حەی سەرۆک بڵێینەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت