زەبەنگ بەهادین: تونی بابا و یاسای میدیای ئەلکترۆنی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەگەر پرۆژە یاسای میدیای ئەلکترۆنی ئیمزا کرا، ئەو کات لە دوای پەسەندکردنی یاساکە من ئاوا دەنوسم: ئەم دەسەڵاتە توانیویەتی دادپەروەر بێت، یەکسانی بە شێوەیەکی رەها بەرپا کردووە لە نێوان تاکەکانی کۆمەڵگا. هەموو دۆسیەکانی بەرێوەبردنی ووڵات شەفاف و روونن وەک دۆسیەی نەوت و دەروازە سنوریەکان و داهاتی ناوخۆ. لە هیچ شوێنێک دەرمانی خراپ و خواردنی ناتەندروست نابینیت رێگە بدرێت بە قاچاغ بێتە ناو هەرێمەوە. کارگەی هەموو بەرهەمە ناوخۆیەکانی دروستکردوە، بۆیە ناتوانین تەماتە یا هەنار رەوانەی دەرەوە بکەین. هێندەمان کارگە هەیە خۆمان فریای بەرهەمهێنانیان ناکەوین.
تاکە دەسەڵاتە لە رۆژهەڵاتی ناوەراست گەندەڵی تێدا نییە، ئەم دەسەڵاتە بەهۆی سیستمی تەلکترۆنی توانی بندیوار نەهێڵێت. لە ماوەیەکی زۆر کەمدا توانیویەتی چاکسازی سەرتا سەری جێبەجێبکات. هەرگیز جیاوازی بەدی ناکەیت لە نێوان مناڵانی خەڵکی هەژار و بەرپرسەکان لە رووی خوێندن و خوێندنگاکانەوە. گەورەترین بەرپرس لە خەستەخانەیەکی ئاسایی لا کۆڵاندا چارەسەر وەردەگرێت وەک خەڵکە ئاساییەکە. لە کاتی دامەزراندن و پۆست وەرگرتن و خوێندندا هیچ جیاوازییەک بەدی ناکەی لە نێوان مناڵی هەژارێک و مناڵی بەرپرسەکان، تەنانەت لە جل و بەرگ و شوێنی مانەوە و هۆکارەکانی هاتووچۆ هەموو وەک یەک یەکسانن.
برۆ سەیری شەقامەکان بکە بەئاستەم روداوێکی هاتوچۆ ببینیت بە تایبەت لە رێگای کەلار ، خەستەخانەکان پرن لە پێداویستی پزیشکی بە بێ بەرامبەر فەراهەمکراوە بۆ خەڵک ،ئەو کات دەنوسم زۆر زۆر سوپاس بۆئەم دەسەڵاتە کە توانییویەتی دوبەیەکی رازاوەو سویدێکی یەکسان وئەڵمانیایەکی دادپەروەری بۆ دابینکردوین لەم هەرێمە بچکۆلەیەدا، سوپاسیان دەکەین کە بەیەک چاو دەرواننە هەموان سوپاسی ماندو بوونیان دەکەین کە هەمیشە لە ناو خەڵکن، تێکەڵی ئازار و مەینەتیەکانی هەژارانن. سوپاس بۆ راستگۆی و شەفافیەتیان لەگەڵماندا. سوپاس بۆ ئەو ئازادیە رەهایەی بۆیان فەراهەم کردوین.
ئیتر خۆ بروا ناکەم لەسەر ئەم مەدح و سەنایە تورە بن لێمان و زلەیەکمان لێبدەن یا بمان خەنە ئاوی ئامان و تونی باباوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت