پشکۆ ناکام: قەوارەتان پیرۆز!.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەرێمێکی داتەپیو و دەسەڵاتێکی چەتە، مێش بە لایا بڕوا گیرفانی ئەگەڕێ شتێکی دەستکەوێ. حکومەتێکی دابەستە, بەس سەری رازی بوون رائەوەشێنێ و، بەرد قسە بکا وەزیرەکانی نوتق ناکەن، مەگەر لە مەتبەخەکانی ماڵەوەیان. پارلەمانێکی کارتۆنی بۆ دەستبەرزکردنەوە و معاشێکی چەور وەک چەوری سفرەکانیان، گەر جار و بار وورتە وورتێ یان بۆڵەبۆڵێکی لێوە بێ هەر رۆژێکە و لەگەڵ معاشا گلەیی و رەخنە، هەر لەبارەگای حیزبەکان ئەمێننەوە. ئابووریەک کەس نازانێ چ سیستەمێکە، رۆژێ سەربەخۆ، رۆژێ وابەستە، تاوێ فیدراڵی و دەمێکی تر هەرێمایەتی. کەرتی تەندروستی رووخاو، خوێندن و پەروەردە لەئاستی سەفر، گەر لە ژێرەوە نەبێ.. ئاست و ستانداری بژێوی خەڵک ناکرێ بەروارد بکرێ بە “سۆماڵ”، تویژێک مەمرەو مەژی و توێژێکی تر لەسەر قاسەی داهات و قووتی خەڵکی بێ دەرامەت ئەژین..جەندرمەی تورکی لە سەیتەرە لەگەڵ برا پاراستنەکانیان داوای هەویە لە خەڵک ئەکەن ……

ئەمانە و دەیان نمونەی تر دیمەنی ئەمڕۆی ئەوەیە کە پێی ئەڵێن” قەوارەی هەرێم”! کە جگە لە نەگبەتی و نەهامەتی چی تری بۆ ئەو خەڵکە ئاساییە داماوە نەبوە و نابێ، هەرێمێک بەناوی خەڵکی کوردەوە بودجەی ئەخورێ، دزی لێ ئەکرێ، سوپای داگیرکاریی وەک تورکیای لێ جێنشین ئەکرێ و خیانەتی نیشتمانی بە نوێژی نیوەڕۆ لێ ئەکرێ، مووچەی خەڵک ئەخرێتە بری قەرز و دزی بنەماڵەیەک هەردەم لە هەموو سەنگەرێکا بوون تەنها سەنگەری خەڵکی کورد و بەرگری لێی نەبێ. قەوارەیەک لە لایەن کۆمەڵێک مافیای خاوەن هەڵگری تاج و نەجمەی ئاش بەتاڵ وەک حەصانەیەک بەکار بێ بۆ برسی کردن خەڵک، دزینی بودجەی خەڵک، مەحروم کردنی خەڵک لە داهاتی خاک و نیشتمانی خۆی، لووش یانی ئەو پارەیەش کە لە بەغاوە بۆ خەڵک ئەنێردرێت، خەشنۆش کردنی هاوکاری بەغا و خێرخوازان لە بەرنگار بوونەوەی کۆرونای دووەم، چونکە لای بەندە دەسەڵاتی هەرێم کۆرونای یەکەمە…
ئیتر کاتی ئەوە هاتوە کە بپرسین: ئەم قەوارەیە شەڕ و لەعنەتی بۆ خەڵک زۆرترە یان خێر و بەرەکەت؟ بە بێ وەستان و بەبێ گومان شەڕ و نەگبەتی و هەژار بوون و سووکایەتی نەتەوەیی و هاووڵات بوونی ئەوەنە زیاترە کە ناپێورێ وەک شاخ و چاڵ، هەر رۆژێکی تەمەنی بوونی ئەم قەوارەیە خەڵک زیاتر ئەکەوێتە قوڵایی نەهامەتی و بێ ئومێدی لەسەر هەموو ئاست و بوارە جیاکانا و دەرباز بوون لێیان ئاسان نابێ و مەترسی ئەوەش هەیە کە بوونی ئەم قەوارەیە بەم میتودە مافیانەیەی ئێستای لەبەردەوام بوونی و درێژەیان بە تەمەنی بگەینە رێگەیەکی داخراو و مانەوەی رژێمەکەی هەولێر/ بارزان ببێ بە ئەمری واقیع و هەتا مابین بڵێین ئەم نانە بەو ڕۆنە!
بەڵام خۆشبەختانە ئێستاش نەچوە بچێ، سەرەڕای هەموو مەشەقەت و زەحمەتێ، سەرڕای هەموو دژایەتێکی دەسەڵات بەرامبەر بە خەڵک، ئێمەی خەڵکی سلێمانی پێویست ناکا چیتر باجی بێ ئەقڵی ژێر چەتری قەوارە بەین، جیتر دەستەوسان دانەنیشین چاوەرێ بین وەک خێر و سەدەقە لە لایەن ئەو بنەماڵەیەی بە” صۆرە” ناومان ئەبەن مافی بژێوی خۆمان لە داهاتی خۆمان وەربگرین، حیزب و پاشکۆکانی ئەو دەسەڵاتە کەیفی خۆیانە چۆن ئەڕواننە دەسەڵاتی مافیای کوردی، خەڵکی سلێمانی لەوەتەی هەیە باچی یاخی بوون و هەڵوێستی خۆی ئەیا ،ئەمجارە بە پرۆژەی” بە هەرێم کردنی سلێمانی” کە مافێکی هەم دەستووری و هەم ئیداری و هەم یاسایی خۆیەتی کە شارەکە بەیەک دەنگ و دەنگمان بخەینە سەر دەنگی یەکتر بۆ ئەوەی پایتەختەکەی بابان خۆی بڕیار و مافی چارەنووسی خۆی دیاری بکا کە بە هەرێم کردنی شارەکەیە، خۆمان خاوەنی داهات، بودجە، بژێوی خۆمان بین، بەمەش نە دستدرێژی ئەکەییە سەر کەس و نە مافی کەس ئەخۆین، بە پێچەوانەوە ئەمانەوێ مافی خۆمان لە شارەکەی خۆمانا پراکتیک و جێبەجێ ئەکەین، سەیرە بنەماڵەیەک ئەجیندا و مەرامی خۆی بسەپێنێ بەسەر هەموو هەرێما!! بەڵام ئێمە لەشارەکەی خۆمانا نەتوانین خۆمان ساحێبی خۆمان بین و قەتیس ماوی یاسا جەنگەڵیەکانی بنەماڵەیەک بین؟ بۆ؟بنەماڵەیەک ببڕ و بکوژی هەرێم و قەوارەیەک بێ، بەڵام ئێمە لە شارەکەی خۆمانا نەتوانین چۆنمان ئەوێ وا بژین کە ئەمەش خواست و هیوا و نهێنی دڵی نزیکەی یەک ملیۆن و پێنج سەدهەزار کەسە…
ئێمە نامانەوێ چیتر لە ژێر ناوی ئەمری واقیعی قەوارە و یەک پارچەیی هەرێم باجی کەساسی و بێ دەسەڵاتی بەین و خەڵکان و کەسانێکی تریش هەر بەناوی یەک پارچەیی هەرێمەوە پاشا ئاسا بژین و فەرموون ئەوەش مێژوو بزانین کاممان بۆ بەرنگاری لە کورد و مافی تاکی کورد زۆرتر زیاترمان کردوە،، کاممان لە سەنگەری نیشتمان پەروەریا خوێناوی ترین؟! وەڵامەکە قورس نیە، چەن رۆژێکی تر یادی 31/ی ئابە…………..قەوارەتان پیرۆز.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت