عیماد عه‌لی: كێ له‌و ده‌سته‌ پیلانگیڕه‌ی له‌ هه‌رێم به‌كاره‌ قازانج ده‌كات؟

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

بێگومان ماوه‌یه‌كه‌ به‌ خشكه‌یی و به‌ نهێنی و ئاشكرا ده‌ستی ناوه‌ند و به‌ تایبه‌تی موسته‌فا كازمی و هاوبه‌شه‌كانی خه‌ریكی داڕشتنی پیلانێكی سیاسی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی ترسناكن له‌ هه‌رێمی كوردستان و ئه‌وه‌ی زۆر كاریگه‌ری خۆی ده‌بێت و ئه‌گه‌ری سه‌ركه‌وتنی كار و نیازه‌كانیان زۆر ده‌كاته‌وه‌:

* ئابووری كوردستان داڕماوه‌ و خه‌ڵكی وه‌كو ئه‌وكه‌سه‌ی لێهاتوه‌ له‌ تاو خنكانی خۆیدا چاوی له‌ چڵه‌ پوشه‌كه‌یه‌.

* زۆر كه‌س و لایه‌ن و خه‌ڵكی بێ مۆڕأڵ و بنه‌ما و پره‌نسیپ له‌ پێناو گورزه‌یه‌ك پاره‌ و ده‌سه‌ڵاتێكی بچوك به‌ گوژمه‌وه‌ یارمه‌تیده‌ر و هاوكاری ده‌كه‌ن و ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌ش له‌ئارادایه‌ كه‌ به‌ هاوپه‌یمانیتی خه‌ڵكی بێ مۆڕاڵ و مه‌بده‌ءخودپه‌رست لیستی هه‌ڵبژاردنی تایبه‌تی له‌ كوردستانیش دابه‌زێنێت.

* ناكۆكی و نا یه‌كگرتوویی و ململانێی خۆفه‌وتێنی ده‌سه‌ڵاتی گه‌نده‌ڵ و حزب و بنه‌ماڵه‌كانیان زه‌مینه‌ی هانابردنی خه‌ڵك بۆ ده‌ستی ده‌ره‌كی بێ له‌به‌رچاو گرتنی دوارۆژێكی نزیكی ره‌شتر و  مه‌رامی ئه‌و كه‌سانه، زیاتر ده‌كات.

* خه‌ڵكی چاوچنۆك و سه‌رمایه‌دار و سیاسی مایه‌پوچ و بێ مۆراڵ و پاره‌په‌رست و بێ مێژوو له‌ ئێستاوه‌ هه‌ڵپه‌یانه‌ بۆ رازیكردنی كازمی و ده‌ستراكێشانی و یارمه‌تیدانی له‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا.

* ئه‌وه‌ی ترسناكه‌ ده‌ستی ده‌ره‌كی و رێنوێنی هه‌ندێك وڵاتی زلهێز و هاندانی سیاسی كازمیه‌ كه‌ ئه‌گه‌ری زۆری سه‌ركه‌وتنی ده‌خاته‌ روو، ئه‌گه‌ر میله‌تی كورد هۆشیار نه‌بێت.

  * هه‌ندێك  له‌و ولاتانه‌ی له‌ نسكۆكه‌ی پێشوو به‌شدار بوون، ئه‌مڕۆش له‌ قازانجیانه‌ ده‌وڵه‌تی عیراق به‌ ناوه‌ندێتی به‌هێز دروست بكه‌نه‌وه‌.

 ئه‌وه‌ی روونه‌ ئه‌مجاره‌ ئاشبه‌تاڵه‌كه‌ سه‌ربازی نابێت، به‌ڵكو هه‌وڵی دوورمه‌ودا هه‌یه‌ بۆ به‌ هێمنی و له‌سه‌رخۆ نه‌مانی ئه‌زمونه‌كه‌ به‌ رێگه‌ی  سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه‌ و كاریگه‌ریی له‌سه‌ر فكر و بۆچونی تاكی كورد ده‌بێت.

بۆیه‌ ئه‌ركی دڵسۆزان و خه‌مخۆرانی كورد و كوردستانی ئه‌مڕۆ ره‌فتاری عاقلانه‌ و كاری سیاسی و رێنمایی و ده‌رخستنی راستیه‌كانه‌ بۆ خه‌ڵكی ئاسایی و خێرله‌خۆنه‌دیو و سه‌رگه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان بۆ ده‌رخستنی راستیه‌كانی ئه‌وه‌ی له‌ ئارادایه‌، هه‌ر هیچ نه‌بێت بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی ئه‌م پیلانه‌ ترسناكه‌ یان بۆ ئه‌وه‌ی  بۆیان روون بێته‌وه‌ و  گه‌نده‌ڵی و نادادپه‌روه‌ری ده‌سه‌لاتی هه‌رێم وایان لێ نه‌كات به‌ بێ مه‌به‌ست فاكته‌ری یارمه‌تیدانی سه‌ركه‌وتنی دوژمنان بن یان هاوكاری هه‌وڵی گه‌ڕانه‌وه‌ی دوژمنی راسته‌قینه‌ی هه‌تاهه‌تایی كوردستان بكه‌ن و ده‌سه‌لاته‌ گه‌نده‌له‌كه‌ش كه‌ ئاینده‌ی په‌نجا نه‌وه‌ی خۆیان ده‌سته‌به‌ر كردووه‌ بێباك بێت له‌ ئاشبه‌تاڵێكی هێمنی ئه‌زمونێك كه‌ ده‌ریایه‌ك خوێنی هه‌ژار و سه‌رگه‌ردانی كوردی بۆ رژاوه‌ و وا ئێستا كۆمه‌ڵێك مافیا به‌ناحه‌ق ده‌ستی به‌سه‌ردا گرتووه.‌