حەمەئازاد بەرزنجی: لەزمانی خۆتەوە تاوانبارت دەکەم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پاش ئەوەی زۆر لە ئەندامانی پارتە سەرەکییەکانی پەڕلەمانی کوردستان ئیمزایان کۆکردەوە و ویستیان یاسای میدیای ئەلەکترۆنی، لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان تێپەڕێنن، بەڵام لە ڕۆژی 8- 8- 2020 پاش فشارێکی هەمەلایەنە و، بەپەلە پڕوزێ، کارکردن بۆ دەرکردنی یاساکەیان هەڵپەساردو وەستانیان. نیمچە پەشێمان بونەوەیەک پەشیمان بونەوە. ئەوسا کەوتنە پاساو هێنانەوە، چ وەک قەوارەی سیاسی، چ وەک تاک. وە ئەوەندە بیانو و پاساوەکایان لاواز بو، لە ناوچەوانیاندا ( عوزر لە قەباحەت خراپتر )و لە ناخیاندا شەرمەزاریت دەخوێندەوە.
یەکیان دەیفەرمو خۆ بڕیارەکە 15 ساڵ زیندانی کردن نییە، تەنها 5 ساڵە و یان خەرامانکردن ( غەرامە ). وەک ئەوەی 5 ساڵ کردنە ژورەوە، تەنها هەر ئەو ژمارەیە بێت، کە لەسەر کاغەز دەنوسرێ و هیچی دی. خەڵک دابینکەری بژێوەکەی هەموکات لە دەرەوەیە و لە سەرشەقام بژێویی ڕۆژانەی پێمەیسەر نابێ و هیچی دەسناکەوێ، ئەوجا لە بەندییشی توند بکەیت و خەرجی هاتوچۆی بەندیخانەیشی بۆ زیاد بکەیت. بەمەرجێ ئەمانە کۆن خۆیان مەعاناتی شەهیدبون و بێ باوکی و دەربەدەریان چەشتبێ و پەروەردەی ناو نەهامەتییەکان بن. ئەبێ ئەمە لە بیرچونەوە و گواستنەوە نەبێ لە قۆناغی ستەملێکراوی و ژیان لەناو کڵۆڵان و چەوساوان بەسەربردن بۆ قۆناغی خۆشگوزەرانی و ستەمکاری و لەیادکردن و فەرامۆشکردنی بەها جوانەکانی ناو خەباتی ڕابردو نەبێ، ئەی ئەبێ چی بێت؟ بێجگە لە لەکونی خۆ هەڵگەڕانەوە نەبێ.
ئەوە یەکی دەیان لە ئیمزاکەران هەر پێویست ناکات باسی بکەین، خۆی بەزمانی خۆی دەڵێ من هەرچەندە بەربژێرێکی حزبێکی فول دیموکراتیم و لە هەولێریش دەنگی یەکەممان بەدەست هێناوە، بەخودای هەربۆ تاقیکردنەوەی گۆتم با پەڕلەمانیش تاقیبکەمەوە. نەدەزانم سیاسەت چییەو هەڕی لە بڕی ناکەمەوە، بابم دەزانی ئیشی من چییە! هەپەپە، هەتە تە، هێی گۆڵ!
یەکێ دیان لەو وانێکە، لەدوامۆدێلی گۆڕانخوازانی مەڕ خۆمان دەفەرموێ: بەخودای نەمزانیوە ئەم یاسایە دژی ئنتەرنێت و فەیسبوک و مەسنجەر و ئەوانیە، ئەگینا قەت ئەمنیش ئیمزام نەدەکرد. وەک عەرەب: دەڵی ( من فمک أدینک ). لە زمانی خۆتەوە تاوانبارت دەکەم. فیعلەن بەڕێزت هیچ نازانی، تادوێنێ بو بەمەبەستی دەنگکۆردنەوە بۆ خودی خۆت و خۆڵکردنە ناو چاو و قورگی دەنگدەرانەوە، بەناوی نوێنەری کورە هەژارو دەستگێڕانەوە لە ناو خەڵکدا بویت و کوڕی ئەوان بویت و دەنگی ناڕەزایی ئەوان بویت و دەنگی ناڕەزاکانت کۆدەکردەوە، وەلێ هەنوکە گەرەکتە کل بیت، بۆ ناو قوڕگیان و بە یاسا نوزەیان لەبەر بڕیت و بێ دەنگیان بکەیت و ئەو نازونیعمەتە لە خۆت تێک نەدەی کە ئێستا تێی کەوتوی. لەگەڵ ڕێزمان بۆ هەمو کارێک و هەمو کارکردنێکیش مایەی سەربەزییە بۆ کارکەرەکەی. کارکردن لە ناو کارێدا بەلایەک و کاری پەڕلەمانتاری بەلایەکی دی. چونکە مەرج نییە ئەوەی کرێکاری کردبێ و هەژاربوبێ و یان هەر پیشەگەرێکی دی بتوانێ دەربڕی مەعاناتی کرێکاران و هەژاران و پیشەکەی خۆی بێ و لە شوێنێکی وەک پەڕلەماندا بتوانێ ڕۆڵی هەبێ لە پیادەکردن و دەرکردنی یاسایەکدا کە لە بەرژەوەندی هاوپیشەکانیدا بیت، چونکە ئاستی ڕۆشنیری و قوڵبونەوە لەناو یاساکاندا ڕێگەی ئەوەی پێنادا.
جا بەڕێزان بێ عاجز بون، نە تۆ و تۆ کەی تر و، نە تۆیەکانی دیکەیش، هەموتان نا هەندێکتان، کە هەر یەکەی بەهۆی دەرکەوتویەکی کاتیەوە دەرکەوتون و، ئەو کورسیانەتان پڕکردۆتەوە، شایانی ئەوە نین ئەندامی پەڕلەمان بن. بە تایبەتیش لەم کاتە ناهەموارەی کە میلەتەکەمانی تێکەوتوە، کە پێویستی بەکاری هزریی باڵا و پسپۆڕی و قوڵبەنەوە لەکاری مەیدانی و، هەڵسەنگاندنی ڕوداوەکان و پێشنیارو پڕۆژە پێشکەشکردندا هەیە. چونکە بەداخەوەو زۆر بەداخیشەوە ئەو گۆڕانکارییە خێراو ترسناکانەی کە بەڕیوەن ڕوبدەن و هەندێکیشیان ڕویانداوە و لێی تێناگەن و جوڵەی سەردەمەکتان پێ هەرس ناکرێ. جارێکی دی بەداخەوە کە وا چاوەڕوان دەکرا گەنجی نوێ، نەوزادی نوێ، پەڕلەمانێکی پێشکەتوی خوێنگەرمی سەردەمیانەی نوێگەرامان پێشکەش بکات، مەخابن وا دەرنەچو. ئێمە چاوەڕوانمان دەکرد کە پەڕلەمان کۆنترۆڵی حکومەت بکات، کە چی نەک هەر نەیتوانی، بەڵکو خودی پەڕلەمانیش پێویستی بە دەزگایەکی دیکە هەیە کە ئەم کۆنتڕۆڵ بکات تا یاسای توندمان بەسەردا نەسەپێنێ. وا ئەمجارە وەستانیان ئەی جارێکی دی، خۆ گۆزە هەموکات بەساغی نایەتەوە لە کانی.
هەر بۆیە، دور لە هەمو بۆچونێک و مەبەستێکی سیاسی، نەک سەرم سوڕنەما، بەڵکو لایەنگیری بیرۆکەیەکم کەلەم ماوەیەشدا بەڕێزێکی پلە باڵا و قەڵەم بەدەستی دیاری ناو ( ی ن ک ) پێشنیاری پێکهێنانی ئەنجومەنی پیرانی هەرێمی کوردستان دەکات.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت